هێزێکی هەسەدە
2025-01-27
132 جار خوێنراوەتەوە
ڕۆژئاوا بەرەیەكی دیكەی شەڕی بۆ زیادبوو
هێزەكانی سوریای دیموكرات لە سنوری دێرەزوور روبەڕووی بەرەیەكی دیكەی شەڕ بوونەتەوە، لەكاتێكدا نزیكەی دوو مانگە لە بەنداوی تشرین و لەباشوری مەنبج روبەڕووی هێرشی گروپەچەكدارەكانی سەر بە توركیا بوونەتەوە و بەرگریی توند دەكەن.
لەدێرەزوور چی ڕوودەدات؟
ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی هەسەدە لەپارێزگای دێرەزوو، ماوەیەكە روبەڕووی هێرشی پاشماوەكانی سەر بە رژێمی ئەسەد بوونەتەوە و لەلایەن شەڕڤانانی هەسەدەوە وەڵامدراونەتەوە، هێرشەكان لەم رۆژانەدا بۆ سەر خاڵە سەربازی و ئەمنییەكان لە شارۆچكەی زیبان لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزۆر چڕكراونەتەوە.
شارۆچكەی زیبان لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزۆر یەكێكە لەو ناوچانەی پاشماوەكانی ڕژێمی پێشوو كە پێشتر چەكداربوون لەناو هێزەكانی بەرگریی نیشتمانی جموجۆڵیان تێدا هەیە و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هێرشیان دەكردە سەر خاڵەكانی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزور و هێزەكانی سوریای دیموكرات.
بەپێی میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان، ئەو چەكدارانە لەناو هێزەكانی بەرگریی نیشتمانی سەر بە هێزەكانی ڕژێمی پێشووی بەشار ئەسەد لە سنوری مەیادین و عەشارە لە ڕۆژئاوای فورات جێگیر بوون و هێرشیانكردە سەر پێگەكانی هەسەدە، بەڵام لەلایەن شەڕڤانانەوە وەڵامدرانەوە و هێرشەكانیان تێكشكێندران.
لە 18ی ئەم مانگەشدا چەكدارەكان هێرشیان كردە سەر خاڵ و بەربەستەكانی هێزەكانی هەسەدە و هێرشەكان بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوون و بەهۆیەوە منداڵێكی تەمەن نۆ ساڵان گیانی لەدەستدا و دواتر هەسەدە قەدەغەی هاتوچۆی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ڕاگەیاند بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە.
لە بەرامبەردا هێزەكانی سوریای دیموكرات پرۆسەی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارۆچكەكە و گوندەكانی سەر بە شارۆچكەكەیان ئەنجامدا و لە میانی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا توانیان 33 چەكداری پاشماوەكانی ڕژێمی پێشوو دەستگیربكەن.
لە 25 ی كانونی دووەمی 2025 هێزەكانی هەسەدە درێژكردنەوەی ئەو وادەیەی ڕاگەیاند كە بۆ پاشماوەكانی ڕژێمی پێشوو، پاشماوەی هێزەكانی بەرگری نیشتمانی دیاریكردبوو بۆ ڕادەستكردنی چەكەكانیان لە بەرواری دەرچوونی بڕیارەكەوە تا 10ی شوباتی داهاتوو.
هێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ جەختدەكەنەوە بەردەوام دەبن لە گەڕان بەدوای پاشماوەكانی ڕژێمی پێشوو كە هەوڵی ناسەقامگیریی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە دەدەن لە سەرجەم شارۆچكە و ناوچەكانی پارێزگای دێرەزۆر.
دێرەزوور بۆچی گرنگە؟
پارێزگاری دێرەزوور دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕووباری فورات پێیدا تێدەپەڕێت و گرنگترین كێڵگە نەوتییەكان و گازییەكانی وڵاتەكە لەخۆدەگرێت. ڕووبەرەكەی 33 هەزار و 60 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
كێڵگەی نەوتی عومەر دەكەوێتە رۆژهەڵاتی پارێزگاكە، كە یەكێكە لە گەورەترین كێڵگە نەوتییەكانی سوریا و لە ساڵی 2017 ەوە لەژێر كۆنتڕۆڵی هەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدایە، كە پێشتر لەلایەن داعشەوە دەستی بەسەرداگیرابوو.
تەنها پاشماوەكانی ئەسەد نین، داعش هەڕەشەیەكی بەردەوامە
سەرەڕای بەرەنگاربوونەوەی هێرشی پاشماوەكانی رژێمی پێشوو، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی ئیدارەی خۆبەرێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، رۆژی 24 ی كانونی دووەمی 2025، ئۆپراسیۆنێكی لەناوچەی خەشام لە دەوروبەری دێرەزوور ئەنجامدا و دوو چەكداری رێكخراوی داعشی دەستگیركرد، كە یەكێكیان پلەی ئەمیری هەبوو.
بەپێی ئامارەكانی روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ، لە چواری كانونی دووەمەوە تا ئێستا هەسەدە حەوت چەكداری بەتۆمەتی بوونی پەیوەندیان بە داعشەوە دەستگیركردووە لە سنوری دێرەزور كە لە سنوری سەرێكانییەوە دزەیانكردبووە ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی هەسەدە.
پێكدادانەكانی بەنداوی تشرین
لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە، هێزەكانی سوریای دیموكرات لەژێر هێرش و بۆردومانی توركیا و گروپە چەكدارەكانی نزیك لەو وڵاتەدایە لەسنوری بەنداوی تشرین لەمەنبج و تا ئێستاش هێرشەكان بەردەوامن.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (26 ی كانونی دووەمی 2025) بێدەنگیی نێودەوڵەتی لەبارەی هێرشەكانی توركیا و گروپەكانی سەر بەو وڵاتە بە نیشانەی ڕەزامەندی ناوبرد و جەختیكردەوە "ئەو بێدەنگییە دەبێتە پشتیوانی بۆ بەردەوامبوونی پێشێلكارییەكان بەرامبەر خەڵكی سڤیل و گەمارۆدانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و زیادبوونی نەهامەتییەكانی خەڵكی ناوچەكە".
ئەو لێدوانەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دوای ئەوەدێت، كە سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكان چەند جارێك بۆردومانی خەڵكی سڤیلیان لە باشوری كۆبانێ و بەنداوی تشرین كرد.
دەشڵێت: "ئەو دەستدرێژییانە نمونەی پێشێلكاری ئاشكرای سەرجەم یاسا نێودەوڵەتیی و مرۆییەكانە، سوربوونی توركیا دووپات دەكاتەوە لە بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ژیانیی و ئیفلیجكردنی ژیانی دانیشتوانی ناوچەكە".
ئیدارەی خۆبەرێوەبەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا "ئاگادارییەكی بەپەلە ئاراستەی ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی و مرۆیی و مافی مرۆڤ دەكات دەستێوەردانی خێرا بكەن، تا سنورێك بۆ تاوانەكانی توركیا دابنێن كە ئامانج لێی خەڵكی سڤیل و ژێرخانی ناوچەكەیە".
|