سودانی و بارزانی
2025-01-12 181 جار خوێنراوەتەوە

سیاسەتی هەرێم بەرامبەر بەغداد؛ ئایا دەستبەرداری پۆست و بەرژەوەندییەكانی دەبێت؟

ناوەندی هەواڵ

لەگەڵ ئەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمرۆ سەردانی بەغداد دەكات، بەڵام ئامۆزاكەی كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمە لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ نوێنەرانی هەرێم لەبەغداد ڕایگەیاند "مامەڵەی بەغداد لەگەڵ هەرێم قبوڵكراو نییە".

دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند:"نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان  ڕۆژی 12 ی ئەم مانگە سەردانی بەغداد دەكات وبەشداری لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەكات".

هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت كوتلەیەكی سیاسیی و پەرلەمانییە، كە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكانیش لەخۆدەگرێت، لەگەڵ هێزە كوردی و سوننییەكانی بەشدار لە حكومەت بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، هاوپەیمانییەكە كورد و سوننە بەخواستی خۆیان بەشدارییان تێداكردووە و حكومەتی عێراقیان پێكهێناوە بەڵام ئێستا دەڵێت پابەندی ئەو ڕێككەوتنە نەبوون كە واژۆیان كردووە.

عەرەبی سوننە تائێستا گلەییان لە دواكەوتنی دەرچوونی یاسای لێبوردنی گشتیی هەیە كە بەشێك لە ڕێككەوتنی سیاسییان بۆ چوونە حكومەت ناوی دەبەن، هێزە شیعەكان ئەو یاسایەیان بەستووەتەوە بە یاسای باری كەسیی كە ناكۆكی دروستكردووە، كوردیش تێپەراندنی یاسای موڵك و ماڵی گشتیی بەلاوە گرنگە و لەگەڵ جێبەجێكردنی بودجەش كێشەی هەیە.

قەیرانێكی خنكێنەر

ئەو قەیرانەی حكومەتی هەرێم بەدەستیەوە دەناڵێنێت و بووەتەهۆی شەرمەزاری لەلای هاوڵاتیانی هەرێم، كێشەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانە، هەرێم بەغداد بە نەناردنی شایستە داراییەكانی تۆمەتبار دەكات و بەغداش دەڵێت پارەی تەواویان بۆ هەرێم ناردووە و جگە لەوەش هەرێم داهاتی نەوتی و نانەوتی ڕادەستی بەغداد نەكردووە.

بەرپرسانی هەرێمی كوردستان خۆیان زۆر حكومەتەكەی و خودی سودانییان بەدڵ بوو، سودانی لە كۆتایی ساڵی رابردوودا سێ مووچەی مانگەكانی 10 و 11 و 12 ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی نارد، بەڵام هەرێم دوو مووچەی پێدابەش كرد و ئێستا مووچەی مانگی 12 ی خستووەتە ئەستۆی بەغداد و دەڵێت داهاتی ناوخۆی نییە بیخاتەسەر و تەواوكاری مووچەی پێدابەش بكات.

سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ پرسی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمە لەبەغداد، بەڵام ئەو ناكۆییە قوڵەی لەنێوان لایەنەكانی هەرێم هەیە پێناچێت قورسایی زۆر بە سەردانەكەی بدات و هەرێمی كوردستانیش هیچ كارتێكی فشاری نییە لە ئەگەری كشانەوە، هیچ بەدیلێكیشی نییە تا بتوانێت بەبێ بەغداد مووچەی فەرمانبەرانی دابەش بكات و خۆی بەڕێوەببات، ئەو نەوتەی پاش زیاتر لە 10 ساڵ بە سەربەخۆ فرۆشتی و قازانجی بۆ خەڵكەكەی نەبوو ئێستا ئەویشی لەژێر دەسەڵاتدا نەماوە و زیاتر لە ساڵێكە هەناردەكردنی بەپێی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی پاریس ڕاگیراوە.

ڕۆژی شەممە 11-1-2025 حكومەتی هەرێم كۆبوونەوەیەكی نائاسایی لەگەڵ نوێنەرانی كورد لەبەغداد بە پەرلەمانتار و وەزیرەوە ئەنجامدا، ویستی هەڵوێستێكی یەكگرتوو بەرامبەر بەغداد نیشان بدات، ئەو هەڵوێستانەشی لە كۆبوونەوەكە وەرگیران بڕیارە نێچیرڤان بارزانی بیگەیەنێتە بەرپرسانی حكومەتی عێراق لە ئیدارەی هاوپەیمانی دەوڵەت.

لە ساڵی 2005 ەوە هەرێمی كوردستان لە حكومەتی عێراق بەشدارە، چەندین جار هەڕەشەی هەڵوێست وەرگرتن و كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی و حكومداری لەبەغداد كردووە، بەڵام هیچ جارێك جێبەجێی نەكردووە.

كورد لەبەغداد نۆ پۆستی باڵا و دەیان پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی هەیە، لەگەڵ 63 پەرلەمانتار، بەڕای چاودێران ئیمتیازات و بەرژەوەندی حزبە سەرەكییەكان كە پۆستیان لە بەغداد هەیە ڕێگەنادات هەڵوێست وەربگرن و دەستبەرداری بەرژەوەندییەكانیان بن، ئەو هەڵوێستەشیان كە دژی بەغداد نواندوویانە تەنها بۆ ئەوەیە پشكی زیاتریان لە پۆست و پلە بەربكەوێت.


  • باسی مووچەیەكی ساڵی ڕابردووی نەكرد

  • "بەرپرسان جیاوازیی لەنێوان كەناڵەكان دەكەن"

  • ڕێككەوتنی پێشوەخت بۆ پەسەندكردنی

  • نهێنی كۆبوونەوە بەپەلەكانی نێوان شاندی هەرێم و بەغداد بۆ پرسی مووچە و بودجە ئاشكرابوو

  • زانیاریی له‌باره‌ى كۆبوونه‌وه‌كان؛ به‌غداد نه‌رمى نواندووه‌ و هه‌رێم ڕه‌تیكردووه‌ته‌وه‌

  • ئەردۆغان چۆن دەیەوێت ترەمپ وا لێبكات پشت بكاتە كوردانی ڕۆژئاوا؟

  • یەكێتی و پارتی كۆبوونەوەكانیان خێراتر دەكەن

  • چی لە پشت پەردە دەگوزەرێت؟

  • ڕۆژئاوا بەرەیەكی دیكەی شەڕی بۆ زیادبوو

سەرەکی