کۆبوونەوەی لایەنە سوننەکان
2025-01-13
77 جار خوێنراوەتەوە
لەچوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی سوریا؛ كورد و سوننە فشار دەكەن و بەنیازی دەستكەوتی زیاترن
ناوەندی هەواڵ
گۆڕانكارییەكانی
سوریا لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو، شیعە و سوننەكانی زیاتر دەست واڵا كردووە كە دۆخی عێراق
بقۆزنەوە و فشاری سیاسی بكەن بۆ جێبەجێكردنی ئەو داواكارییانەی هەیانە، لەئێستادا
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە كۆمەڵێك داواكارییەوە چووەتە بەغداد و
سوننەكانیش خۆیان ڕێكدەخەنەوە و نایانەوێت ئەم هەلە لەدەست بدەن.
چوارچێوەی
هەماهەنگی شیعەی دەسەڵاتدار لە عێراق لە دوو بەرەوە روبەڕووی فشار دەبێتەوە بۆ جێبەجێكردنی
رێككەوتنی تایبەت بە پێكهێنانی كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی، هەریەكە لە كورد و
سوننە جموجۆڵیان لەو بارەیەوە دەستپێكردووە، لەكاتێكدا چوارچێوە كاتەكە بە "نەگونجاو"
دادەنێت، جەختدەكاتەوە كە بەرپرسیارێتی هەر شكستێك لەئەستۆی هەموو لایەنەكاندایە.
لەكاتێكدا
سەركردە سوننەكانی عێراق بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ یەكخستنی هەڵوێستەكانیان بە
ئاڕاستەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی سیاسی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی كابینەكەی محەمەد شیاع
سودانی، كوردیش جموجۆڵی دەستپێكردووە بە ئاڕاستەی كشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی ئەگەر
داواكارییەكانی جێبەجێ نەكرێت.
رێككەوتنی
سیاسی لەلایەن كورد و سوننەوە ڕەزامەندی لەسەردرا
رێككەوتنی
سیاسی بۆ پێكهێنانی هەشتەم كابینەی حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی
كە ساڵی 2022 لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەی دەسەڵاتدارەوە رەزامەندی لەسەر
درا، جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كورد و سوننەكان لەخۆدەگرێت لەبەرامبەر متمانەدانیان
بە كابینەكە.
كورد دەستی
بە جوڵە كردووە
دەسەڵاتدارانی
هەرێمی كوردستان بەغداد تۆمەتبار دەكەن بەوەی رێككەوتنی سیاسی پێكهێنانی حكومەتی جێبەجێنەكردووە،
بەو هۆیەشەوە جموجۆڵیان بەئاڕاستەی فشار
دروستكردن بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكان تا ئاستی كشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی دەستپێكردووە.
لە رێككەوتنی
سیاسی پێكهێنانی حكومەتدا چەندین داواكاری تایبەت بە هەرێمی كوردستان جێگیركراون،
كە پەیوەندیدارن بە پەسەندكردنی یاسای نەوت و گاز دوای شەش مانگ لە پێكهێنانی حكومەتەكەی
سودانی، پرسەكانی پەیوەندیدار بە پشكی بودجە ودەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان و پڕكردنەوەی
بۆشایی ئەمنیی لەناوچە جێناكۆكەكان و چەندین پرسی دیكە.
لایەنە
كوردییەكانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسی عێراق و كابینەكەی سودانی بەتایبەتی پارتی دیموكراتی
كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رۆژی شەممە وەفدێكی هاوبەشیان پێكهێنا بۆ سەردانیكردنی
بەغداد تا دوو داوكاری بگەیەننە دەسەڵاتدارانی حكومەتی عێراق بە پێچەوانەوە هەڕەشەی
كشانەوە دەكەن لە پڕۆسەی سیاسی.
داواكارییەكان
كە پەیوەستن بە پرسی موچە و هەمواری یاسای بودجە لەكۆبوونەوەیەكدا بریاری لێدرا كە
لەنێوان ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و وەزیر و بەشێكی زۆری نوێنەرانی كورد
لە بەغدا بەڕێوەچوو جگە لە پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ، كۆمەڵ و یەكگرتوو لە پەرلەمانی
عێراق.
پێشەوا
هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا
رایگەیاند:"ئەگەر بەمشێوەیە بەغداد مافەكانی خەڵكی كوردستان پێشێل بكات، بڕیاری
كشانەوە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق یان هەر بڕیارێكی دیكە، لەلایەن لایەنە سیاسییەكانەوە
تاوتوێ دەكرێت".
رۆژێك
دوای كۆبوونەوەكە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغداد، بۆ بەشداریكردن
لەكۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی
باڵای لایەنە سیاسییەكان لەبەغداد.
جموجوڵی
سوننە
پێش
جموجۆڵی كورد بۆ فشارخستنە سەر بەغداد تا داواكارییەكانی جێبەجێ بكرێت، زۆربەی سەركردە
سوننەكانی عێراق دوای ساڵانێكی زۆر لە دابەشبوون لەژێر چەتری هاوپەیمانێتییەكدا كۆبوونەوە
بە ئاڕاستەی یەكخستنی هەڵوێستەكانیان و جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان لە چوارچێوەی
رێككەوتنی سیاسی تایبەت بە پێكهێنانی حكومەتدا.
هاوپەیمانێتییەكە
رۆژی حەوتی كانونی یەكەمی 2025 دوای كۆبوونەوەیەكی داخراو لە بەغداد پێكهێنرا، كە
هەریەكە لە مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی
سیادە، موسەننا سامەرائی سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم، ئەحمەد جبوری ناسراو بە ئەبو مازن
سەرۆكی پارتی جەماهیر، زیاد جەنابی سەرۆكی كوتلەی موبادەرە. لە هاوپەیمانێتییەكەدا
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراقی تێدا نییە.
لایەنە
سوننەكان ئێوارەی رۆژی شەممە لەبارەگای خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی سیادە كۆبوونەوە
و جەختیان لە هەوڵەكانیان كردەوە بۆ یەكخستنی هەڵوێستەكانیان لەبارەی داواكارییەكانی
پێكهاتەی سوننە، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوی كۆتایی كۆبوونەوەكە كە دەست سبەی كەوتووە.
داواكاری
سوننەكان
لە
چوارچێوەی رێككەوتنی سیاسی تایبەت بە پێكهێنانی حكومەتدا دیارترین داواكارییەكانی
پێكهاتەی سوننە كە رەزامەندی لەسەر جیبەجێكردنیان دراون بریتین لە هەمواری یاسای لێبوردنی
گشتی و پێداچوونەوە بە پرۆسەی دادگاییكردنی ئەو زیندانیانەی كە لەژێر ئەشكەنجەدا
دانپێدانیان لێوەرگیراوە، گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەكان بۆ ناوچەكەكانیان و كۆتایی هێنان
بە دەستبەسەرداگرتنی ناوچەكان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە كە دیاترینیان جورف سەخر و
عۆجە و عویساتە، لەگەڵ دادپەروەری لە تەرخانكردنی بودجە بۆ پارێزگاكان و دابەشكردنی
پۆستە سەربازی و ئەمنییەكان بەپێی ژمارەی دانیشتوان.
كاتەكەی
گونجاو نییە
لەگەڵ
جموجۆڵی كورد و سوننە بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان، بەشێك لە سەركردەكانی
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان پێیانوایە هەرچەندە داواكارییەكان رەوا بن بەڵام كاتەكە
گونجاو نییە و هەمووان لێپرسراون لەهەر شكستێك نەك تەنها لایەنە شیعەكان.
سەركردەیەكی
شیعە كە ناوی نەهێنراوە بە رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ی راگەیاند "كێشەكە
لە داواكارییەكاندا نییە كە رەوان یاخود نا، بەڵكو لەكاتی خستنەرووی داواكارییەكاندایە،
بەهۆی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كە هەمووانی خستووەتە بەردەم مەترسی چاوەڕوانكراوەوە،
سەرەڕای تیرۆر كە جیاوازی لەنێوان ئاین و مەزهەب و نەتەوەدا ناكات".
ئەو سەركردەیەی
شیعە دەشڵێت"حكومەت لەسەر بنەمای رێككەوتنی سیاسی پێكهێنراوە كە كارنامەی خۆی
هەیە و هەموان بەشدارن لە جێبەجێكردنیدا، لەناویاندا شیعە و سوننە و كورد و لە پەرلەمان
كوتلەی سەرەكییان هەیە، لە حكومەتیش وەزارەتی سیادیان هەیە، ئەمەش مانای ئەوەیە دەبێت
هەمووان بەرپرسیارێتی شكست لەئەستۆ بگرن، نەك تەنها شیعەكان كە زۆرینەن لە حكومەت
و پەرلەمان".
وادەی
حكومەتەكەی سودانی كۆتایی دێت
جموجۆڵی
كورد و سوننە بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان لە چوارچێوەی رێككەوتنی پێكهێنانی
حكومەت لەكاتێكدایە، وادەی حكومەتەكەی سودانی لە 25 ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ كۆتایی
دێت، بەو پێیەی بەپێی دەستوری عێراق، پێویستە هەڵبژاردنی گشتی چوار ساڵ جارێك دوای
بەڕێوەچوونی یەكەم دانیشتی خولی نوێی پەرلەمان ئەنجام بدرێت.
|