هێزێکی ئەمریکا لە عێراق
2025-01-13
107 جار خوێنراوەتەوە
ژمارەی هێزەكان لەماوەی 21 ساڵدا؛ ئایا كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق ڕوودەدات؟
ناوەندی هەواڵ
لێكتێگەیشتنەكانی بەغداد و واشنتن لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەماوەی ئەمساڵدا لەژێر هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەدایە، بەهۆی پێشهاتە هەرێمایەتییەكان و گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆشكی سپی، زۆرێك لە عێراقییەكان هێشتا سورن لەسەر كشانەوەی ئەمریكا بەشێكیشیان بێدەنگەیان لێكردووە.
ئەیلولی ساڵی رابردوو، ئاژانسی رۆیتەرز لێكتێگەیشتنی ئەمریكا و عێراقی ئاشكراكرد لەبارەی پلانی كۆتایی هێنان بە بوونی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق، بەپێی پلانەكە سەدان سەربازی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە ساڵی 2025 دەكشێنەوە و ئەوەی دیكەی كە دەمێنێتەوە ساڵی داهاتوو دەكشێنەوە.
ئەمریكا بەشێوەیەكی كۆتایی سەرجەم هێزەكانی لە عێراق ناكشێنێتەوە و بوونی پلانی تایبەت بە كشانەوە لەساڵی 2025 تەنها بۆ برەوپێدانە بەو پرسە لەرووی میدیاییەوە. ئەمەش بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی ستمیسونی ئەمریكی بۆ توێژینەوە كە رۆژی شەممە بڵاویكردەوە.
ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لە 2003-2024
لەدوای روخانی رژێمی سەدام حوسەینەوە لە عێراق لەلایەن هاوپەیمانانەوە بەسەرۆكایەتی ئەمریكا، ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان گۆڕانكاریی زۆری بەخۆوە بینیوە بەجۆرێك لەساڵی 2003 دا 130 هەزار سەربازی ئەمەریكا بۆ روخانی رژێمی سەدام رەوانەی عێراق كران، بەڵام ساڵی 2007 لەگەڵ زیادبوونی توندوتیژی مەزهەبی ژمارەكە بۆ 170 هەزار سەرباز بەرزكرایەوە.
لەكۆتایی ساڵی 2011 و لەسەردەمی ئیدارەی باراك ئۆبامادا، ئەمریكا لە عێراق كشایەوە جگە لە ژمارەیەكی كەم لە راوێژكارە سەربازییەكانی، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵی 2008 بەغداد و واشنتۆن رێككەوتن لەسەر رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا.
هێرشی داعش
لە ساڵی 2014 و لەگەڵ هێرشی داعش و دەستبەسەرداگرتنی ناوچەیەكی بەرفراوان لە سوریا و عێراق، لەسەر داوای فەرمی عێراق، ئەمریكا و هاوپەیمانان گەڕانەوە و ئەمریكا زیاتر لە پێنج هەزار سەربازی رەوانەی عێراق كرد بۆ یارمەتیدانی هێزە عێراقییەكان و پێشمەرگە و تێكشكاندنی رێكخراوی داعش.
ساڵی 2020 ئەمریكا ژمارەی هێزەكانی بۆ سێ هەزار سەرباز كەمكردەوە، دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق داوای لە حكومەتی عێراق كرد كاربكات بۆ كۆتایی هێنان بە بوونی هێزە بیانییەكان، ئەوەش دوای دوو رۆژ لە كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، بەهۆی هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمریكاوە لە فڕۆكەخانەی بەغداد.
ژمارەی ئێستای هێزەكانی ئەمریكا
لەئێستاشدا 2500 سەرباز و راوێژكاری سەربازی ئەمریكا لە چەند بنكەیەك لە عێراق جێگیركراون.
ئایا دەكشێنەوە؟
بەپێی راپۆرتی رێكخراوی ستمیسونی ئەمریكی، روخانی رژێمی ئەسەد لە سوریا گورزێكی كوشندەیە لە بەرەی ئێران، ئەوەش وادەكات كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق ببێتە كارێكی مەحاڵ.
غازی فەیسەڵ بەڕێوەبەری ناوەندی عێراقی بۆ توێژینەوەی ستراتیژی پێیوایە، ئەمریكا نایەوێت لە ئێستا و داهاتوودا لە عێراق بكشێتەوە، ئەوەش بەهۆی سروشتی بەرژەوەندییە ئەمنی و سیاسی و ئابورییەكانی و پشتیوانیكردنی هاوپەیمانەكانی لەكەنداوی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ بوونی هەڕەشەی ئێران لەناوچەكە.
ئەمریكا لەدوای ساڵی 2003ـەوە زیاتر لە 3.5 ترلیۆن دۆلاری لە عێراق خەرجكردووە، بەوتەی غازی فەیسەڵ بۆیە ئەو وڵاتە هێزەكانی ناكشێنێتەوە و دەیەوێت بوونی سەربازیی بۆ پتەوكردنی هەژموونی سیاسی و ئابوری و سەربازیی بەكاربهێنێت، تا ئاسایش و بەرژەوەندییەكانی خۆی و هاوپەیمانەكانی لەناوچەكە بپارێزێت.
پلانەكە چۆنە؟
بەپێی پلانی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق، قۆناغی یەكەمی پڕۆسەی كشانەوە مانگێك پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە تشرینی یەكەمی 2025 كۆتایی دێت، بەڵام پێشبینی دەكرێت هێزێكی ئەمریكی و هاوپەیمانان لە هەولێر تا كۆتایی 2026 بمێننەوە، بۆ بەردەوامی یارمەتیدانی پڕۆسە سەربازییەكان دژی داعش لە سوریا.
لەدواین هەڵوێستیدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە ئەیلولی ساڵی رابردوودا جەختیكردەوە، راگەیاندنی خشتەی كاتی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان نزیكە و پاساوی مانەوەی هێزە بیانییەكان لە وڵاتەكەی كۆتاییان هاتووە.
|