×

ئەردۆغان
2025-01-12 151 جار خوێنراوەتەوە

پێویستی بە كوردە؛ ئەردۆغان نیازی خۆی بۆ سێیەم خولی سەرۆكایەتی توركیا ئاشكراكرد

ناوەندی هەواڵ

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا نیازی خۆی بۆ سێیەم خولی سەرۆكایەتی توركیا ئاشكراكرد، ئەوەش لەمیانی وتەیەكدا بۆ لایەنگرانی پارتەكەی لە باكوری كوردستان.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، دانی بەوەدا دەنا كە دەیەوێت بۆ سێیەمین خولی سەرۆكایەتی خۆی كاندید بكات. ئەمەش ئەو سیناریۆیە زەقدەكاتەوە كە ئامانجی دەستپێشخەرییەكەی مەهەپە بۆ ئاشتی لەگەڵ كورد و ئازادكردنی  عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، بەدەستهێنانی پشتیوانیی كوردە بۆ ئەوەی ئەردۆغان ببێتەوە بە سەرۆك.

لە هەشتەمین كۆنگرەی هەرێمیی پارتی داد و گەشەپێداندا كە لە شاری ڕهای باكوری كوردستان بەڕێوەچوو، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا ئامادەبوو، یەكێك لە میوانەكانیش ئیبراهیم تاتڵیسەسی گۆرانیبێژ بوو كە لە ئەردۆغانی پرسی لە خولی داهاتووی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا خۆی كاندید دەكاتەوە؟ لە وەڵامدا ئەردۆغان وتی، "گەر تۆ لەگەڵ ئەوەدایت، منیش پەسەندی دەكەم".

ئەردۆغان كە لە ساڵی 2023ـەوە دووەم خولی سەرۆكایەتییەكەی بەڕێدەكات و پێشتریش  2014   2018) سەرۆك كۆمار بووە.

دەستور ڕێگە نادات

دەستوور ڕێگەی پێنادات بۆ سێیەمین خولی سەرۆكایەتی خۆی كاندیدبكاتەوە، بەو پێیەی لە هەموارەكەی ساڵی 2017ـی دەستووری توركیادا كە لەسەر ویستی خودی ئەردۆغان كرا بۆ ئەوەی سیستمی سیاسیی توركیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی بگۆڕدرێت، سەرۆك كۆمار دەتوانێت تەنها بۆ دوو خولی سەرۆكایەتی خۆی كاندید بكات.

پێویستیی بە كورد هەیە

بۆ ئەوەی ئەردۆغان بتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە سەرۆك كۆماری توركیا، تەنها یەكێك لەم دوو ڕێگەیەی لە بەردەمدایە: دەستوور هەمواربكرێتەوە، یاخود پەرلەمان بڕیاربدات هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت. لە هەردوو بارەكەشدا پێویستیی بە دەنگی پەرلەمانتارانی كوردە، هەر ئەوەش بە هۆكاری سەرەكیی ئەم دەستپێشخەرییە دەزانرێت كە بەمدواییانە دەوڵەتی توركیا بۆ ئاشتی لەگەڵ كوردانی باكور ڕایگەیاندووە.

چی ڕوودەدات ؟

ڕۆژی 22ـی تشرینی یەكەمی 2024 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی گشتیی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا (مەهەپە)‌ كە هاوپەیمانی ئەردۆغانە ڕایگەیاند، "ئەگەر گۆشەگیرییەكەی سەری هەڵبگیرێت، با ئۆجالان بێت لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا كۆتایی بە تیرۆر بهێنێت و پەكەكە هەڵبووەشێنێتەوە، ئەوكات با یاساكان بە جۆرێك ڕێكبخرێنەوە، ئۆجالان بتوانێت داوای مافی هیوا (ئازادكردنی مەرجدار) بكات و ئێمەش ئامادەین زەمینە بۆ ئەوە بڕەخسێنین".

لە دوای ئەو دەستپێشخەرییەی باخچەلییەوە،‌ شاندی دەم پارتی سەردانەكانی بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سەڵاحەدین دەمیرتاش و پارتەكانی توركیا دەستپێكردووە و هەوڵی گەیشتن بە ڕێككەوتن دەدرێت.

لەبارەی دەستپێشخەرییەكەی باخچەلییەوە، تورهان چۆزمەز، بریكاری سەرۆكی فراكسیۆنی ئیی پارتی لە پەرلەمانی توركیا كە لە مەهەپە جیابووەتەوە و خاوەنی 29 كورسییە، هۆكاری دەستپێشخەرییەكە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی كە "دەیانەوێت ئەردۆغان ببێتەوە بە سەرۆك كۆمار".

تورهان چۆزمەز دەڵێت، ئەوەی بووەتە جێی پرسیار لای ئەوان ئەوەیە بۆچی ئاك پارتی كە 22 ساڵە حوكمڕانی توركیایە و سەرجەم جومگەكانی دەوڵەتی بەدەستەوەیە، كێشەی كوردی چارەسەر نەكردووە و تازە بیری دەكەوێتەوە؟

ناوبراو جەخت لەوە دەكاتەوە كە مەهەپەی هاوپەیمانی ئاك پارتی، بۆ درێژكردنەوەی ماوەی حوكمڕانیی ئەردۆغان ئەو دەستپێشخەرییەی كردووە، چونكە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ناتوانێت جارێكی دیكە خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار كاندید بكاتەوە، بۆیە ئاك پارتی و مەهەپە دەیانەوێت دەستووری توركیا هەمواربكەنەوە.

لەو بارەیەوە تورهان چۆزمەز ڕایگەیاند، "ئەردۆغان و باخچەلی دەزانن ئەگەر هەمواری دەستوور بخرێتە گشتپرسییەوە، زۆرینە بە بەڵێ دەنگی پێنادات، بۆیە بوێریی ئەوەیان نییە بیخەنە دەنگدانەوە و دەیانەوێت لە ڕێگای ڕاكێشانی پەرلەمانتارانی دەم پارتی بۆ بەرەی خۆیان، هەمواركردنەوەی دەستوورەكە لە پەرلەمان تێبپەڕێنن".

بەپێی وتەی تورهان چۆزمەز، بەرپرسانی دەم پارتی دەیانەوێت لە هەمواركردنەوەی دەستووری توركیادا و لە بەرامبەر پشتیوانیكردنیان لە بوونەوەی ئەردۆغان بە سەرۆك كۆمار، دەستكەوت بۆ كورد مسۆگەر بكەن، لەوانە لەبری "گەلی تورك"، دەربڕینی "گەلانی توركیا" لە دەستووردا جێگیر بكەن، ڕێگە بە خوێندن بە زمانی كوردیی بدرێت و جۆرێك لە خۆبەڕێوەبەریی و فیدراڵی بە كورد بدرێت.


  • پەنابەرانیش دەگرێتەوە؛ سەرۆكوەزیرانی عێراق هاوبەشیی ستراتیژی و ڕێككەوتنی ئەمنیی لەگەڵ بەریتانیا واژۆ دەكات

  • ئەنجامی سەرەتایی ئەو لیژنەیەی بۆ یەكلاكردنەوەی مشتومڕی نێوان هەرێم و بەغداد پێكهێنراوە

  • نەوت جارێكی دیكە گڕ لە پەیوەندییەكانی هەرێم وبەغدا بەردەدات؛ سودانی بۆ نەوتی كەركوك دەچێتە بەریتانیا

  • لەكاتێكدا باسی پرۆسەی ئاشتی دەكات؛ توركیا قەییومی بۆ شارەوانییەكەی دیكەی سەر بە دەم پارتی دانا

  • لەچوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی سوریا؛ كورد و سوننە فشار دەكەن و بەنیازی دەستكەوتی زیاترن

  • داعش نیازی شكاندنی زیندانەكانی هەیە؛ مەزڵوم عەبدی هۆشداری دەدات

  • ژمارەی هێزەكان لەماوەی 21 ساڵدا؛ ئایا كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق ڕوودەدات؟

  • پێویستی بە كوردە؛ ئەردۆغان نیازی خۆی بۆ سێیەم خولی سەرۆكایەتی توركیا ئاشكراكرد

  • ڕۆژئاوای كوردستان لەنێوان هەڕەشەی توركیا و دڵنیایی ئەمریكا و ئەوروپا

سەرەکی