کوڕان و کچانی ڕۆژئاوا چەکیان هەڵگرتووە
2025-01-12
159 جار خوێنراوەتەوە
ڕۆژئاوای كوردستان لەنێوان هەڕەشەی توركیا و دڵنیایی ئەمریكا و ئەوروپا
ناوەندی هەواڵ
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا هەڕەشەی وەشاندنی گورزی گەورە لە هێزە كوردییەكانی سوریا دەكات، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای كوردستانیش هۆشداری لە ڕووخانی بەنداوی تشرین دەدات، فەرەنساش لەوتەكانی وەزیری دەرەوەی توركیا نیگەرانە.
توركیا جەخت دەكاتەوە بەردەوام دەبێت لە پرۆسەكانی لە باكوری سوریا، تا ئەوكاتەی بەوتەی خۆیان بەسەر هێزە كوردییەكاندا سەردەكەون، هەرچەندە ئەمریكا تێگەیشتنی خۆی بۆترسەكانی توركیا دەربڕیوە.
لەبەرامبەردا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای كوردستان داوا دەكات كار بۆ ڕاگرتنی هێرشەكانی توركیا بۆسەر بەنداوی تشرین بكرێت و هۆشداریش دەدات كە ئەو هێرشانە دەبێتەهۆی ڕووخانی بەنداوەكە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، ڕایگەیاند:"ستراتیژیەتی توركیا سەركەوتنە بەسەر تیرۆر لە سەرچاوەكەیەوە و گورزێكی گەورە لە ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان دەدەن". وەك ئاماژەیەك بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان و یەكینەكانی پاراستنی گەل كە پێكهێنەری سەرەكیی هێزەكانی سوریای دیموكراتە.
ئەردۆغان لە وتەیەكدا لەمیانی كۆنگرەی هەرێمی پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتدار لە شاری ئامەدی باكوری كوردستانەوە ڕایگەیاند:"ئێمە لە قۆناغی تێكشكاندنی دوای ئەڵقەی یاریی ئیمپریالیستەكانداین، هیچ كەس ناتوانێت نەوەكانی سەڵاحەدینی ئەیوبی بكاتە خزمەتكار و كۆیلەی بەردەرگای زایۆنیستەكان".
سەرۆك كۆماری توركیا وتیشی:"توركیا توانی پشتێنەی تیرۆر كە لە باكوری سوریا پێكهاتووە بدڕێنێت، ئەویش لەمیانی ئەو پرۆسە سەربازییەی لە دەرەوەی سنور ئەنجامیدا، لەگەڵ ڕزگاركردنی دیمەشق لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە پشتێنەكە لەسەر تیرۆریستەكان تەسكتر بوەوە، ئێستا بەدوای گەورەیەكی دیكەدا دەگەڕێن، لەبەردەمیشیان دوو بژاردە هەیە و سێیەم نییە، یان تەوبەكردن لە تیرۆر و دانانی چەك بەبێ مەرج، یان لەناوبردنیان".
هەڵوێستی ئەمریكا
جۆن باس، بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری سیاسی ڕایگەیاند:" ڕۆژی پێنجشەممە و هەینی لەگەڵ توركیا گفتوگۆمان كرد سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانی سوریا، پرسی سەرەكیی گفتوگۆكانیش سەبارەت بە پرۆسەی ڕاگوزەری سیاسی بوو، هەنگاوی كردەییش بۆ بەجێهێنانی ئەوە، ئەمریكا هەوڵدەدات ئەوەی لەدەستی بێت هاوكاری بكات، كاریش دەكات بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێن بۆ زیاتركردنی ئاسایش و ئارامی لەسەرتاسەری سوریا بۆ باشتركردنی دۆخی هەموو سورییەكان".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەشڵێت "ئێمە لەگەڵ حكومەتی توركیا و زۆرێك لە حكومەتەكانی دیكە هاوڕاین، كە نابێت سوریا لەداهاتوودا ببێتە پێگەیەكی ئارام بۆ ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان و تیرۆریستە بیانییەكان".
"پێویستە هەر تیرۆریستێكی بیانی لە سوریا وڵاتەكە جێبهێڵێت، لەڕێگەی هاوكاریكردنی دەوڵەتەكانیانەوە دەبێت ئەو تیرۆریستانە بگەڕێنەوە وڵاتەكانیان و لەبەر كردەوەكانیشیان بچنە بەردەم دادگا". جۆن باس، بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری سیاسی وای وت.
بەوتەی باس، بوونی سەربازیی ئەمریكا لە سوریا ئامانج لێی ڕێگرتنە لە دەركەوتنەوەی داعش، كە ئەو بە هەڕەشەیەكی هەرێمیی ناوی برد، جەختیشیكردەوە "هاوكاری ئەمریكا لەگەڵ هێزە كوردییەكان لەچوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعشە".
بەرپرسەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئەوەشی خستەڕوو "ئەندامانی رێكخراوە تیرۆریستییەكان دۆخی سوریایان قۆستووەتەوە". دووپاتیشی كردەوە كە نابێت ئەو دۆخە ببێتە هەڕەشە بۆ توركیا و هیچ دراوسێیەكی دیكەی سوریا".
بەڵام بەرپرسەكەی ئەمریكا بەدیاریكراوی باسی لە بیانییەكانی ناو "یەكینەكانی پاراستنی گەل" ی ناو هێزەكانی سوریای دیموكرات نەكرد، كە توركیا داوا دەكات لە سوریا بچنە دەرەوە و ئەمەریكاش پشتیوانییان بۆ ڕابگرێت. ئەوەش هەمان ئەو پرسەیە كە بەهۆیەوە ناكۆكیی لەنێوان ئەنقەرە و واشنتن دروستبووە.
شەوی هەینی، جۆن كێربی راِوێژكاری پەیوەندییەكانی ئاسایشی نەتەوەیی كۆشكی سپی لێدوانێكی هاوشێوەیدا، جەختیكردەوە واشنتن لە ترسە ئەمنییەكانی توركیا لە باكوری سوریا تێدەگات، ئامانجی سەرەكیی بوونی سەربازیی ئەمەریكاش لە باكوری سوریا بەرەنگاربوونەوەی داعشە.
ئەو بەرپرسەی ئەمریكا وتیشی:"گفتوگۆكانی نێوان ئەمەریكا و توركیا سەبارەت بە هێزە كوردییەكان بەردەوامن".
وەڵامی فەرەنسا بۆ لێدوانی وەزیری دەرەوەی توركیا
ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا وەڵامی لێدوانی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیای دایەوە، كە ڕۆڵی هێزەكانی فەرەنسای لە سوریا ڕەتكردەوە، وتی:"تەنها شت كە فەڕەنسا بیكات ئەوەیە كە ئەو ئەندامانەی داعش كە خەڵكی فەرەنسان بیانگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەكەی".
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا وتی:"ئەو كەسانەی لە زیندانەكانی سوریان و ئەندامی داعش بوون دەبێت لەو شوێنەی تاوانەكانیان ئەنجامداوە بمێننەوە، لەژێر چاودێری كوردەكاندا، بەڵام منداڵەكانیان هیچ بەشدار نین لەو تاوانەی دایك و باوكیان ئەنجامیانداوە".
ئەم وتانە لەكاتێكدان، هێرشی توركیا و گروپەچەكدارەكانی بۆسەر بەنداوی تشرین و چەند ناوچەیەكی دەوروبەری مەنبج و كۆبانێ بەردەوامە، زیاتر لە مانگێكە ئەو هێزانە بە پشتیوانی ئاسمانیی توركیا دەیانەوێت دەست بەسەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق دا بگرن.
پێكدادانەكان لەكاتێكدایە تادێت پشتیوانی جەماوەری بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات لە باكور و رۆهەڵاتی سوریا زیاتر دەبێت، خەڵكی ئەو ناوچانە داوای دەستێوەردانی نێودەوڵەتی دەكەن، بۆ سەپاندنی ناوچەی دژەفڕین و پاراستنی ناوچەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەهێرشەكانی توركیا.
لەلایەن خۆشیەوە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای كوردستان) داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات، هێرشەكانی توركیا بۆسەر دەوروبەری بەنداوی تشرین ڕابگرێت. هۆشداریش دەدات كە دەبێتەهۆی دروستبوونی كارەساتێكی مرۆیی ئەگەر بڕوخێت.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەڵێت "لەوكاتەوەی ڕژێمی ئەسەد لە هەشتی كانوونی یەكەمی ڕابردوەوە ڕووخاوە، گروپەكانی پشتبەستوو بە توركیا هێرشیان بۆسەر بەنداوی تشرین و دەوروبەری دەستپێكردووە، فرۆكەی جەنگیی و درۆنی توركیاش بەردەوامن لە بۆردومانی ناوچەكانی دەوروبەری بەنداوەكە".
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری جەخت دەكاتەوە، ڕووخانی بەنداوەكە تەنها كاریگەریی لەسەر دانیشتوان نییە، بەڵكو سەدان كەسیش بەهۆیەوە دەمرن، بە گشتیش كاریگەری وێرانكەری لەسەر ناوچەكە بە گشتیی دەبێت، كاریگەریی درێژخایەنی لەسەر ژێرخانی خزمەتگوزاری دەبێت و ژینگەش زیانی پێدەگات.
|