دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
2 کاتژمێر پێش ئێستا
31 جار خوێنراوەتەوە
ڕێككەوتنی پێشوەخت بۆ پەسەندكردنی
ناوەندی هەواڵ
لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە زۆرینەی دەنگ هەمواری پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی پەسەندكرا، بەوەش رێگە لەبەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە دەكرێتەوە کە نزیکەی دوو ساڵە ڕاگیراوە.
دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەكشەممە 2-2-2025 بە سەرۆكایەتی موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بە ئامادەبوونی 176 پەرلەمانتار دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوی كردەوە؛ لە دانیشتنەكەدا، دەنگ لەسەر پڕۆژەی هەمواری یەكەمی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی كۆماری عێراق بۆ ساڵانی دارایی (2023 - 2024 - 2025 ) ژمارە 13ـی ساڵی 2013 دراوە.
هەمواری یاسای بودجە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كراوە و تایبەتە بە مادەی 12ـی یاساكە، تیایدا تێچووی بەرهەمهێنانی یەك بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان بە 16 دۆلار دیاریكراوە، تا نەوتی هەرێم لە رێگەی كۆمپانیای نەوتی سۆمۆوە هەناردەی دەرەوە بكرێت.
ڕێككەوتنی پێشوەخت بۆ پەسەندكردنی
پێش بەڕێكەوتنی بۆ تاران، سەرلەبەیانی ڕۆژی یەكشەممە 2-2-2025 مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەراندا پڕۆژەی هەمواری یاسای بودجەی گشتی پەسەند دەكرێت، بەوشێوەیەی ئەنجومەنی وەزیران ناردویەتی.
وتیشی:دوای گفتوگۆیەكی چڕوپڕ، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆكی فراكسیۆنەكان و لیژنەكان رێككەوتوون لەسەر تێپەڕاندنی ئەو دەقەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە نێردراوە، لەبارەی هەمواری یاسای بودجەی گشتی، ئەوەش بە چەندین هۆكاری هونەری و یاسایی باوەڕپێهێنەر.
رێككەوتنی سودانی و پەرلەمان لەسەر هەمواری بودجە دوای كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان
رۆژی چوارشەممە 29ـی كانوونی دووەمی 2025 محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان جەختی لە پابەندبوون بەو دەقەی هەمواری یاسای بودجە كردەوە كە ئەنجومەنی وەزیران ناردوویەتی بۆ پەرلەمان و تیایدا 16 دۆلار بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێم دیاریكراوە.
ماددەی 12 چی تێدایە و پێویستە هەرێم چی بكات؟
بەپێی ماددەی 12 پێویستە هەرێم و بەغداد، پرسە داراییەكانیان لە ساڵانی 2004-2022 پاكتاوبكرێت دوای وردبینیكردنیان لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە، لەگەڵ پابەندبوونی هەرێم بە رادەستكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەسۆمۆ.
هەمواری بودجە لە پێنجـی تشرینی دووەمی 2024ـەوە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە رەوانەی پەرلەمان كراوە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی فراكسیۆنەكانەوە لەسەر ماددەی 12 كە تایبەتە بە دەستپێكردنەوەی نەوتی هەرێم، هەموارەكە بەپەسەندنەكراوی ماوەتەوە.
هەمواری بودجە و هەناردەی نەوت و سێ هۆكار
بەپێی زانیارییەكان، لەكۆبوونەوەكەی رۆژی چوارشەممە 29ـی ئەم مانگە، سودانی جەختی لە پەسەندكردنی بودجە كردووەتەوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئەوەش بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەی عێراق كە ساڵی 2024 بڕەكەی نزیكەی 50 ملیار دۆلار بوو، ئەگەریش هەیە بەهۆی مەترسی دابەزینی نرخی نەوت بڕەكەی زیاتر بێت.
سودانی هەروەها هۆكارێكی دیكەی پەلەكردن لە تێپەڕاندنی هەموارەكەی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی كە عێراق بەپێی رێككەوتنی لەگەڵ توركیا پێویستە رۆژانە 24 ملیۆن دۆلار بۆ تێچووی گواستنەوەی نەوت بداتە ئەو وڵاتە، لەكاتێكدا هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوە، سەرەڕای ئەوەش بەغداد دەیەوێت لەرێگەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و كەركوكەوە خۆی لەهەر مەترسییەكی ئابوری بپارێزێت لەئەگەری دروستبوونی گرفت بۆ هەناردەی نەوت لە بەندەری فاو كە لەئێستادا تاكە دەروازەی هەناردەكردنی نەوتەكەیەتی.
عێراق سودی چی دەبینێت؟
بە تێپەڕاندنی هەمواری بودجە، عێراق دەروازەیەكی دیكەی هەناردەكردنی نەوتی بۆ دەكرێتەوە و نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركوك لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە دەگەیەنێتە بازاڕەكانی جیهان، بەو پێیەی لە ئێستادا یەك دەروازەی هەناردەكردنی نەوتی هەیە لە بەندەری فاو، لەئەگەری روودانی هەر كێشەیەكیشدا مەترسی هەیە وڵات بكەوێتە بەردەم كارەساتی ئابوریی.
دۆسیەی نەوتی هەرێم
مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2014 بۆ یەكەمین جار نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بۆرییەوە هەناردەی دەرەوە كرا، نەوتەكە بۆ ماوەی نۆ ساڵ و سێ مانگ دەگەیەندرایە بەندەری جەیهانی توركیا و لەوێوە ڕەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكرا كە لە ساڵانی كۆتایی پرۆسەكەدا، ئەو نەوتەی هەناردە دەكرا بڕەكەی 400 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بوو، بەڵام سكاڵایەكی حكومەتی عێراق، كۆتایی پێهێنا.
ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم
رۆژی 25ـی ئازاری ساڵی 2023، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس ڕاگیرا، بەو پێیەی عێراق لە سكاڵایەكیدا لەو دادگایە، توركیای تۆمەتباركردبوو بە پێشێلكردنی "ڕێككەوتننامەی هێڵی گواستنەوەی نەوت"ـی ناسراو بە (كەركوك – جەیهان) كە ساڵی 1973 لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژوكراوە.
بە جۆرێك وەك حكومەتی عێراق لە دادگای ناوبژیوانیی پاریس ڕایگەیاندبوو، توركیا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد، نەوتی هەرێمی كوردستانی گواستووەتەوە بۆ بەندەری جەیهان و لەوێوە نەوتەكە بە كەمتر لە نرخی خۆی (كە بە تێكڕا 10 دۆلار كەمتر بوو بۆ هەر بەرمیلێك) فرۆشراوە. جگە لە ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوت، عێراق داوای قەرەبووكردنەوەی لە توركیا دەكرد، دادگاش ئەنكەرەی پابەندكرد 1.5 ملیار دۆلار بدات بە بەغداد.
|