ژمارەیەک رۆژنامەنوس لەکاتی روماڵدا
4   کاتژمێر پێش ئێستا 41 جار خوێنراوەتەوە

"بەرپرسان جیاوازیی لەنێوان كەناڵەكان دەكەن"

ناوەندی هەواڵ

بەپێی ئامارەكانی رێكخراوێكی بەرگری لە رۆژنامەنووسان، ساڵی رابردوو 116 پێشێلكاریی بەرامبەر رۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە، زۆرترین پێشێلكاریی لە هەولێر تۆماركراوە كە 44 حاڵەتە و كەمترینیش لە سلێمانی بووە.

هۆزان قادر، سەرۆكی رێكخراوی پەیامنێران لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بەپێی داتاكان و راپۆرتی ئەمساڵ كۆی گشتی پێشێلكارییەكان بەرامبەر رۆژنامەنوسان گەیشتوەتە 116 حاڵەت بەرامبەر 175 رۆژنامەنوس و دەزگای راگەیاندن.

بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی پەیامنێران بۆ ساڵی 2024 ئەو پێشێلكاریانە بەرامبەر رۆژنامەنوسان تۆماركراوە، پەرلەمان بەپلەی دوەم دێت بۆ رێگریی كردن لە رۆژنامەنوسان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكاندا، دوای دەزگا ئەمنییەكان دێت كە ئەوان زۆرترین پیشێلكارییان لەكاتی روماڵكردنەكاندا ئەنجامداوە، كە دەستبەسەرداگرتنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی و رێگریكردن بووە لە روماڵی رۆژنامەوانی.

هۆزان قادر ئاماژەی بەوەكرد؛ رێگەنەدان بە بەشێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن بۆ روماڵی كۆنگرەی رۆژنامەوانی سەرۆكایەتی حكومەت، هەروەها پێنەدانی زانیاریی بە رۆژنامەنوسان لەلایەن فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، یەكێكی تر بووە لە پێشێلكارییەكان كە جیاكاریی كردنە لەنێوان رۆژنامەنووساندا.

بەپێی راپۆرتی رێكخراوی پەیامنێران، كۆی گشتی 116 پێشێلكاریی بەرامبەر 175رۆژنامەنوس و دەزگای راگەیاندن تۆماركراوە، ئەوانیش دەستگیركردنی رۆژنامەنوس 7 حاڵەت، رێگەنەدان بە روماڵكردن77 حاڵەت، هێرش و سوكایەتی پێكردن بەرامبەر رۆژنامەنوسان 11، لێدان 2، تۆماركردنی سكاڵای رۆژنامەنوس دوو حاڵەت، هێرشكردن و سوكایەتی پێكردن دوو حاڵەت، هەرەشەكردن دوو حاڵەت، شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەنوسی یەك حاڵەت، هەڵكوتانە سەر دەزگای راگەیاندن یەك حاڵەت هەبوە، دەستبەسەراگرتنی كەلوپەلی رۆژنامەنوسان یەك حاڵەت، ‌هێرشی ئەلیكترۆنی 3 حاڵەت بوون.

ئاستی پێشێلكاریی بەپێی پارێزگاكان

لە راپۆرتەكەدا هاتووە زۆرترین پێشێلكاریی لە هەولێر بوە 44 حاڵەت و كەمترین پێشێلكاریی بەرامبەر رۆژنامەنوسان لە سلێمانی بووە كە 13 حاڵەت تۆماركراوە.

لە دیاریترین پێشێلكارییە تۆماركراوەكانی هەولێر؛ یەك دەستگیركردن، رێگەنەدان بەروماڵكردن 27 حاڵەت، هێرش و سوكایەتی حەوت حالەت، لێدان یەك حاڵەت، تۆماركردنی سكاڵا دژی رۆژنامەنوسان یەك، هەڕەشەكردن لە رۆژنامەنووسان  دوو حاڵەت، شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەنووسان یەك، هێرشی ئەلیكترۆنی دوو حاڵەت، دەستبەسەرداگرتنی كەلوپەلی رۆژنامەنووسان دوو حاڵەت بووە.

بەپێی ریزبەندی پێشێلكارییەكان؛ دهۆك بە پلەی دووەم دێت بە 41 پێشێلكاریی، كە دەستگیركردن پێنج حاڵەت بووە، رێگەنەدان  بە روماڵكردن 20 حاڵەت، هێرشكردن و سوكایەتی دوو حاڵەت، شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی یەك حاڵەت، هەڵكوتانە سەر دەزگای راگەیاندن دوو حاڵەت.

بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی پەیامنێران لە هەڵەبجە 18 پێشێلكاریی تۆماركراوە، رێگەنەدان بە روماڵكردن 16 حاڵەت، دەستبەسەراگرتنی كەلوپولی رۆژنامەوانی یەك حاڵەت، دەستگیركردنی هیچ رۆژنامەنوسێكیش تۆمارنەكراوە.

بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی پەیامنێران، لە سلێمانی كەمترین پێشێلكاریی بەرامبەر رۆژنامەنوسان تێدا تۆماركراوە، كە  یەك حاڵەتی دەستگیر كردن و چوار حاڵەتی رێگەنەدان بە روماڵكردن، یەك حاڵەتی هێرشكردن و سوكایەتی بەرامبەر رۆژنامەنوسان، تۆماركردنی سكاڵا دژی رۆژنامەنوسان دوو حاڵەت، هێرشی ئەلیكترۆنی یەك حاڵەت، دەستبەسەراگرتنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی چوار حاڵەت.

رێكخراوی پەیامنێران دەڵێت رەوشی رادەربرین لە هەرێمی كوردستان باش نییە، بەپێی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریی لە هەرێمی كوردستان رۆژنامەنوسان مافی بەدەستهێنانی زانیارییان هەیە، بەڵام دەستخستنی زانیاریی كێشەیەكی دیاری رۆژنامەوانییە، بەرپرسان جیاوازیی لەنێوان كەناڵەكان دەكەن لە پێدانی زانیاریی بەرۆژنامەنوسان.

دوو هەفتە لەمەوبەریش سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی كردن لە مافی رۆژنامەنووسان راپۆرتی ساڵانەی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەریی لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2024 بڵاوكردەوە و ئاشكرای كرد تەنها ساڵی رابردوو 182 پێشێلكاریی بەرامبەر رۆژنامەنوسان كراوە، پشكی شێر بە رۆژنامەنووسان نێر كەوتووە و 90%ی پێشێلكارییەكانیان بەردەكەوێت.

بەپێی راپۆرتەكە بۆ یەكەمجار لە مێژوودا سێ رۆژنامەنووسی كورد بە درۆن كوژراون، 27 هێرش و لێدان و هەڕەشە و 103 رێگریی لە رۆژنامەنووسان و 24 دەستبەسەركردنی رۆژنامەنووسان بەبێ بڕیاری دادگای تۆماركراون.

بەپێ راپۆرتەكەی سەنتەری میترۆ بێت 90%ـی پێشێلكارییەكانی بەرامبەر رۆژنامەنووسانی نێر و 10% بەرامبەر رۆژنامەنوسانی مێ تۆماركراون.

هەروەها، بەراورد بە ساڵی 2023 كە 231 پێشێلكاریی لەو ساڵەدا تۆماركرابوو، پێشێلكارییەكانی بەرامبەر رۆژنامەنووسان بە رێژەی 22% كەمیكردووە.
 

 

  • "بەرپرسان جیاوازیی لەنێوان كەناڵەكان دەكەن"

  • ڕێككەوتنی پێشوەخت بۆ پەسەندكردنی

  • نهێنی كۆبوونەوە بەپەلەكانی نێوان شاندی هەرێم و بەغداد بۆ پرسی مووچە و بودجە ئاشكرابوو

  • زانیاریی له‌باره‌ى كۆبوونه‌وه‌كان؛ به‌غداد نه‌رمى نواندووه‌ و هه‌رێم ڕه‌تیكردووه‌ته‌وه‌

  • ئەردۆغان چۆن دەیەوێت ترەمپ وا لێبكات پشت بكاتە كوردانی ڕۆژئاوا؟

  • یەكێتی و پارتی كۆبوونەوەكانیان خێراتر دەكەن

  • چی لە پشت پەردە دەگوزەرێت؟

  • ڕۆژئاوا بەرەیەكی دیكەی شەڕی بۆ زیادبوو

  • دەستێوەردان لەپێكهێنانی كابینەی 10 ی حكومەت دەكات

سەرەکی