15 کاتژمێر پێش ئێستا
231 جار خوێنراوەتەوە
ئیخوان موسلیمین لەسەرهەڵدانەوە بۆ قەدەغەکردن
ئیرادە میدیا
ئوردن، بڕیاری قەدەغەكردنی سەرجەم چالاكییەكانی كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین و دەرکردو بڕیاریشیدا دەست بەسەر هەمو موڵك و ماڵی گواستراوەو نەگواستراوەی ئەو كۆمەڵەیەدا بگیرێت و هەمو ئۆفێسەكانی لەسەرتاسەری ئەوڵاتە دادەخرێن.
مازن فەرایە، وەزیری ناوخۆی شانشینی ئوردن، ئەمڕۆ چوارشەممە23ی نیسانی 2025، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم ڕۆژنامەنووساندا وتی، سەلمێندراوە ئەندامانی سەربە كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمینی هەڵوەشاوە، لەتاریكیدا هەندێك كاریان كردووە كە سەقامگیریی وڵات تێكدەدات و زیان بە ئاسایش و یەكێتیی نیشتمانی دەگەیەنێت و سیستەمی ئاسایش و نەزمی گشتی تێكدەدات، بۆیە بەردەوامی كاركردنی ئەم كۆمەڵە هەڕەشەیە بۆسەر ژیانی هاوڵاتیان.
بانگەشەکارانی ئیخوان چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت؟
وتیشی، لەمەودوا لەو وڵاتە بانگەشەكردن بۆ فیكری ئیخوان دەكەوێتە ژێر باری لێپرسینەوەی یاسایی و، قەدەغەیە كەس ببێت بە ئەندام لە كۆمەڵەدا یاخود بە هەر شێوەیەك لە شێوەكان مامەڵەی لەگەڵدا بكات.
رۆژی سیشەممە22ی نیسانی 2025، دەزگای هەواڵگریی گشتی ئوردن ئاشكرای كرد هێزەكانیان 16 كەسیان دەستگیر كردووە بە تۆمەتی ئەوەی خەریكی دروستكردنی مووشەك و درۆن و تەقەمەنیی دیکە بوو و بەنیازی كاری گەورەی تێكدەرانە بوون لە وڵاتەكەدا.
لەماوەی ڕابردوودا، رۆژنامەی (ئیندیپێندت)ی بەریتانی، لە زاری سەرچاوەیەكی تایبەتەوە ئاشكرای كرد، كە ئەندامانی ئەنجوومەنی شورای ئیخوان موسلیمین لەو وڵاتە، دەستیان لەو پیلانە تیرۆریستییەی ئوردندا هەبووە و هەر 16 دەستگیركراوەكە رەگەزنامەی ئوردنییان هەیە و هاوڵاتیی ئوردنین.
تۆمەتەکانی سەر ئیخوان موسلیمین چین؟
دەزگای هەواڵگریی گشتی ئوردن لەراگەیەندراوەکەیدا ئاشکرایکردووە، ئەو گروپە بۆ ماوەی چوار ساڵ، واتە لە ساڵی 2021ەوە لەژێر چاودێریی دەزگا ئەمنیەكاندا بوون، جیا لە هێنانی چەك و پارچەی یەدەگی مووشەك و درۆن لە دەرەوەی وڵات بەنهێنی، كارێكی تریان چەكداركردنی گەنجان و ناردنیان بووە بۆ راهێنانی سەربازی لە دەرەوەی وڵات.
لەگەڵ ئاشكراكردنی دەستگیركردنی ئەو گروپە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی گشتی ئوردن ،میدیاكانی ئوردن پەنجەی تۆمەتیان بۆ كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین راكێشا، بەڵام كۆمەڵەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، ئەوەی هەیە كردەوەی تاكەكەسی چەند كەسێكەو ئیخوان ئاگاداری نییە.
ئیخوان موسلمین کۆمەڵەیەکی ئیسلامیە، خۆیان بە چاکسازو پەروەردەکار ناو دەبەن، لە زۆرینەی دەوڵەتە عەرەبیەکان وەک ئۆپۆزسیۆن دەردەکەون، هەوڵەکانیان بۆ ئەوەیە کە دەیانەوێت بگەنە دەسەڵات و حوکم بکەن، وەک هەر گروپێکی دیکەی ئیسلامی باوەڕیان وایە دەبێت حوکمی جیهان بکەن و ئاینی ئیسلام لە بری دەوڵەتی مەدەنی حوکم بکات، بەڵام، ئیخوانەکان رێگایەکی نەرمتر و گوتاری مەدەنیانەیان کردووەتە رووخساری گشتی رێکخراوەکەیان جیاواز لە گروپەکانی دیکە.
زۆربەی جار جەخت لە چاکسازی کۆمەڵایەتی و ئیداری و ئابووری و سیاسی دەکەنەوە، لە هەندێک دەوڵەتیش گەیشتوونەتە دەسەڵات، لەوانە ئەردەن و میسر و تونس و فەلەستین و تورکیا، کە لە هەندێک لەو وڵاتانە نمونەیەکی تەواو دیکتاتۆر و خۆسەپێنیان نیشانداوە.
ئیخوان موسلیمین کەی سەریهەڵدا؟
ئیخوان لە ساڵی 1928 و لە سەر دەستی کەسایەتیەکی بانگخوازی ئیسلامی بەناوی "حەسەن بەننا" لە میسر سەریهەڵداوە، دواتر گەشەی کرد بۆ دەوڵەتانی دیکەی جیهان، ئێستا لە 72 دەوڵەت بوونی هەیە، لە شەش کیشوەر رێکخراوەکە کار دەکات، لە هەرێمی کوردستانیش بە درێژایی جوڵانەوەی هێز و گروپە ئیسلامیەکان سەرسامی و بگرە شوێن پێهەڵگرتنی ئیخوان بینراوەو بەشێک لە حزبە ئیسلامیەکان لە قۆناغێکی تەمەنی کاریاندا وەک لقێکی ئەو ڕێکخراوە لە کوردستان کاریان کردوە، ئێستاش بەشێکیان لەبەر بارودۆخی ئیخوان خۆیان لێ بێبەری کردون و بەشیکی دیکەیشیان بەردەوامن لە شوێن پێکەوتنی ئیخوان ئەگەربە شێوەیەکی ناراستەوخۆش بێت.
ئیخوان لە ژمارەیەک وڵاتی جیهانیدا وەک گروپێکی تیرۆرستی ناسراون، وەک روسیا و کازاخستان، لە میسریش پاش ئەوەی لە سەر حوکم لابران وەک تیرۆرست ناسێنران، لە سعودیەو ئیماراتی عەرەبیش ناوی ئەم ڕێکخراوە لە لیستی تیرۆردایە.
وێڕای فشارە ناوخۆییاکان بۆ بە تیرۆرست ناساندنی کۆمەڵەکە، بەرتیانیا و ئەمریکا رەزامەندنین ناوی ئیخوان بخرێتە لیستی تیرۆرەوە هەرچەندە بەشێک لە دەوڵەتە عەرەبیەکان هەوڵی ئەوە دەدەن بڕوا بەو دوو وڵاتە بهێنن ئەو کارە بکەن.
ئیخوان موسلمین لە نیشتیمانەکەی خۆیاندا
لە پاش گەشەکردن و گەورەبوونی و لە ساڵی 1948 حکومەتی میسر دەستی کرد بە داپڵۆسین و دەستگیرکردنیان، لەبەر ئەوەی تۆمەتی تێوەگلان لە پلانی تیرۆرکردن و گەلەکۆمەکێیان لەسەر بوو، تا بەهاری عەرەبی رێکخراوەکە لە تەمەنی سڕبوونیدا بوو، لە بەهاری عەرەبی، ئیخوانەکان سەرکەوتن و توانیان لە ساڵی 2011 هەڵبژاردنێک لە میسر ببەنەوە و دەسەڵات بگرنە دەست و سەرۆکێکی ئیخوان بەناوی (موحمەد مورسی ) ببێتە سەرۆکی وڵاتی میسری عەرەبی، ئەویش یەک ساڵ بەردەوام بوو، سووپا کودەتایەکی ئەنجامدا و دەسەڵاتیان لێ سەندەوە و خرایە زیندانەوە، تا رۆژی مردنی لە زیندان و پرۆسەی دادگایکردندا بوو.
ئیخوان موسلیمین و ئیسرائیل
هەرچەندە لە میسر نەیارەکانی ئیخوان موسلیمن دەڵێن "حەسەن بەننا"، دەستی لەگەڵ جووەکان تێکەڵکردووە بۆ ئەوەی دینی موسوڵمانان بەلاڕێدا ببات، بەڵام، ئیخوانەکان دووژمنی سەرسەختی ئیسرائیلیەکانن بە وتار و کردارەکانیشیانەوە.
سەرکردەکانی ئیخوان لە فەلەستین تاکە نەیاری بەهێزی ئیسرائیلیەکانن، لە چوارچێوەی گروپە چەکدارە دۆستەکانیاندا و لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا توانیان کڵاوەی پۆڵاینی ئیسرائیل بە مووشەکەکانیان تێکبشکێنن و شەڕی راستەوخۆ لەگەڵ ئەو وڵاتە ڕابگەیەنن بەڵام ئەو دژایەتیە نەیتوانیوە ئەو تۆمەتانە بڕەوێنێتەوە لەسەر ڕێکخراوەکەو سەرکردەکانیدا.
شێوازی کارکردنی موسوڵمان یان ئیخوان موسلیمین
پەروەردەکردن وەک بنەمایەکی کاری ئیخوان ناودەبرێت و شانازی گەورەی ئەو گروپە ناوهێنانی خۆیانە وەک پەروەرەدەکاری توێژەکانی کۆمەڵگە، هەرچەندە ڕەخنەگرانیان پێیان وایە ئەو پەروەردەیە لە کۆتاییدا بۆ هاندانی شەر و کوشتن و جیهادی ناڕەوا سەردەکێشێت و نمونەی چالاکیەکانی ئەو ڕێکخراوەش لە چەند ولاتێک دەهێننەوە، بەڵام ئیخوانەکان ئەو قسانە ڕەتدەکەنەوەو بانگەشەی ئەوە دەکەن ئەوان لەسەر ڕێڕەوێکی نەرم و میانرەو کارەکانیان دەکەن و دەیانەوێت بە هێمنی بگەنە لوتکەی دەسەڵات و هەموو ئەو گروپ و تاقمانەی لەوان جیابونەتەوە یان بەناوی ئەوانەوە کاری توندو تیژی و تیرۆر دەکەن بە ئاراستەکردن و لەسەر داوای ئەوان نییە.
توێژەرانی فیکری ئیخوان پێیان وایە هەرچەندە لە دوو توێی کتێب و پەیڕەو و پەیامەکانی ئیخواندا ڕستەگەلێکی جوان و بێ کێشە بونی هەیە، بەڵام کاروکردەوەکانی بەشیکی زۆر لە ئیخوانەکان لە وڵاتانی عەرەبی و جیهانیدا ئەوەی سەلماندووە کە ئەو دێڕانەی ناو نوسراو و پەیرەوەکەیان جگە لە هەوڵێک بۆ جوانکردنی سیمای کۆمەڵەکە هیچی تر نییە.
-
ئیخوان موسلیمین لەسەرهەڵدانەوە بۆ قەدەغەکردن
|
-
|
-
فیل و کەر؛ هێمای سەرەکی دوو حزبە سیاسییەکەی ئەمریکا
|
-
ئیسرائیل رێگەی نەدا توركیا سیستمی بەرگری ئاسمانی لە فرۆکەخانەی T4 لە سوریا جێگیر بكات
|
-
پێكهێنانهوهی حكومهت یان دوبارەکردنەوەی ڕێكهوتننامهی ستراتیژی
|
-
كیمیابارانی ههڵهبجه ئهڵقهیهك بۆ پاكتاوی كورد
|
-
ژیری دهستكرد بیركردنهوهی ڕهخنهیی دهكوژێت و مرۆڤ تهمهڵ دهكات
|
-
وتهبێژی كۆشكی سپی: مۆڵهتی كڕینی كارهبای ئێرانمان بۆ عێراق نوێ نهكردووەتهوه
|
-
تارمایی شهڕی ناوخۆ به ئاسمانی سوریاوه
|
|
|