21   کاتژمێر پێش ئێستا 25308 جار خوێنراوەتەوە

بازرگانه‌ عێراقیه‌كه‌ چۆن ویستى فێڵ له‌ئه‌مریكا بكات؟ ئه‌مریكا سزایه‌كى توندیدا

ئه‌مریكا زانیاریی له‌باره‌ى مامه‌ڵه‌یه‌كى بازرگانى نه‌وت ئاشكراده‌كات كه‌ له‌لایه‌ن بازرگانێكى عێراقیه‌وه‌، نه‌وتى ئێران تێكه‌ڵ به‌نه‌وتى عێراق كراوه‌و ڕه‌وانه‌ى بازاڕه‌كانى جیهان كراوه‌، دواتر پاره‌كه‌شى بۆ ئێران ڕه‌وانه‌ كراوه‌ته‌وه‌، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ ئه‌مریكا توڕه‌یه‌و بازرگانه‌ عێراقیه‌كه‌ى به‌توندى سزاداوه‌.

كه‌رتی نه‌وت له‌عێراق یه‌كێكه‌ له‌و كه‌رت‌و بوارانه‌ی له‌ساڵانی ڕابردودا زۆرترین ئابڕوچونی له‌سه‌ر ئاشكرابوه‌؛ یه‌كێك له‌دۆسیه‌ ئابڕوبه‌رانه‌كانیشی تێوه‌گلانی بازرگانانی به‌ناوبانگیی عێراق بوه‌ له‌زۆربه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌كان به‌تایبه‌تی به‌قاچاغبردنی نه‌وتی ئێران‌و تێكه‌ڵكردنی به‌نه‌وتی ناوخۆو سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ی ئه‌و وڵاته‌ بوه‌ بۆ دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌سزاكانی سه‌ری.

وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاندوه‌، سزای دارایی به‌سه‌ر بازرگانێكی عێراقیدا سه‌پاند كه‌ لای ئه‌مریكا به‌به‌قاچاغبردنی نه‌وتی ئێران‌و تێكه‌ڵكردنی به‌نه‌وتی عێراق تۆمه‌تباره‌.

وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا ده‌ڵێت:"وه‌لید خالید حه‌مید سامه‌ڕائی بازرگانیی عێراقی كه‌ له‌دوبه‌ی نیشته‌جێیه‌و به‌ به‌قاچاغبردنی نه‌وتی ئێران‌و سپیکردنەوەی پارەی ئه‌و وڵاته‌ تۆمه‌تباره‌و یه‌كێكه‌ له‌وكه‌سانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌تۆڕی "له‌شكری سێبه‌ر"ی ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌، سزای داراییان به‌سه‌ردا سه‌پاندوه‌ كه‌ ئه‌و سزایه‌ چه‌ند كۆمپانیایه‌كی تایبه‌ت به‌خۆیشی گرتوه‌ته‌وه‌".

گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا ڕونكردنه‌وه‌ى زیاترى خستوه‌ته‌ڕوو وتویه‌تى، "سزاكان هه‌ریه‌ك له‌کۆمپانیاکانی بابل‌و گالاكسی کە سامه‌ڕائی خاوه‌نیانه‌و له‌گه‌ڵ كه‌شتی‌و بارهه‌ڵگره‌ نه‌وتییه‌كان كه‌ به‌تۆڕی "له‌شكری سێبه‌ر"ی ئێران ناسراون‌و ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبوە لەئاسانکاریکردن بۆ به‌قاچاغبردنی نەوتی ئێران لەڕێگەی کەناڵە نایاساییەکانەوە، ده‌گرێته‌وه‌".

به‌گوێره‌ى خەمڵاندنە فەرمییەکانی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا، ئەو تۆڕە ساڵانە زیاتر لە300 ملیۆن دۆلاری بۆ ئێران‌و هاوبەشەکانی دەستکەوتوە، ئەوەش لەڕێگەی تێکەڵکردنی نەوتی ئێران لەگەڵ نەوتی عێراق‌و هەناردەکردنی بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان وەک نەوتی پاکی عێراق.

به‌بۆچونى شارەزایان، ئەو کۆمپانیایانەی لەلایەن سامه‌ڕائییه‌وه‌ بەڕێوەدەبرێن، شێوازی ئاڵۆزی خۆدزینەوەیان گرتوه‌ته‌بەر، دیارترینیشیان بەکارهێنانی بەڵگەنامەی ساختەیه‌ بۆ كه‌شتی‌و تانكه‌ره‌ بارهه‌ڵگره‌كان به‌مه‌به‌ستی شاردنەوەی سەرچاوەی ڕاستەقینەی نەوت‌و تێکەڵکردنی‌ نەوتی ئێران لەگەڵ نەوتی خاوی عێراقی لەبەندەرەکان‌و سەکۆکانی بارکردن، کە دواتر لەبازاڕە نێودەوڵەتییەکان لەژێر بەرگێکی یاسایی ساختەدا ده‌فرۆشرێته‌وه‌.

ئه‌وه‌ش ده‌ڵێن، "بابه‌ته‌كه‌ تەنها پەیوەندیی بە به‌قاچاغبردنی نه‌وت‌و سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌وه‌ نییه‌، بەڵکو بۆ کاریگەریی قووڵی ئابوریی‌و ئەمنیش درێژدەبێتەوە، هاوكات ناوبانگی عێراقیان له‌كه‌داركردوه‌و عێراقی خستوه‌ته‌سه‌ر هێڵ، بەوپێیەی تێکەڵکردنی نەوتی ئێران لەگەڵ نەوتی ناوخۆ دەتوانێت دەرگای کێشە یاسایی‌و بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانی هاوردەکارو کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بکاتەوە".

هه‌روه‌ك واش لێكده‌درێته‌وه‌، سزاکانی ئەمریکا بۆسەر سامه‌ڕائی، ڕه‌نگه‌ پەیامێکی ڕاستەوخۆبێت بۆ بەغداو داوای لێدەکات دەروازەو بۆرییەکانی هەناردەکردنی نەوت به‌باشتر كۆنترۆڵ بکات، هەروەها ڕێگریی لەبەکارهێنانی خاک‌و بەندەرەکانی عێراق بکات وەک بەرگێک بۆ گواستنەوەی نەوتی خاوی ئێران.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا له‌كۆتاییه‌كانی مانگی ته‌مموزی ئه‌مساڵدا، سزای ئابوریی‌و دارایی به‌سه‌ر 115 كه‌س، كۆمپانیاو كه‌شیتیدا کە تۆمەتبارن بەئاسانکاریی بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران، سه‌پاند.

پێشتریش وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا له‌ڕاپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دابوو، ئه‌و تۆڕه‌ له‌لایه‌ن محه‌ممه‌د حوسێن شه‌مخانی كوڕی عه‌لی شه‌مخانی ڕاوێژكاری باڵای عه‌لی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتیده‌كرا.

3ی ته‌مموزی 2025، سکۆت بێسنت وەزیری گه‌نجینه‌ی ئەمریکا ڕایگه‌یاندبوو‌، وەزارەته‌كه‌یان بەردەوامدەبێت لەبه‌ئامانجگرتنى سەرچاوەکانی داهاتی ئێران‌و فشارە ئابورییەکان‌و ڕێگرتن له‌وه‌ی تاران ده‌ستی به‌سه‌رچاوه‌ داراییه‌كان بگات.

  • سلێمانى؛ رێساى پێشهاتە سیاسییەكان دەگۆڕێت

  • هێرشى ئەمریكاو ئیسرائیل بۆسەر میلیشیاكان بەنهێنى دەستیپێكرد

  • هێرشى ئه‌مریكاو ئیسرائیل بۆسه‌ر عێراق ده‌ستیپێكرد.. ورده‌كارییه‌كه‌ى ئاشكراده‌كرێت

  • بازرگانه‌ عێراقیه‌كه‌ چۆن ویستى فێڵ له‌ئه‌مریكا بكات؟ ئه‌مریكا سزایه‌كى توندیدا

  • ئێران نزیكه‌ له‌چه‌كه‌ مه‌ترسیداره‌كه‌.. نزیكه‌ له‌دروستكردنى 10 بۆمى ئه‌تۆمیى

  • دیمەشق دەرگاى دۆزەخى هۆل بە روى عێراق دا دەكاتەوە

  • وەزارەتی دارایی کاتی فرۆشتنی موڵکەکانی چاڤیلاندى ئاشکراکرد

  • نهێنى پشت كشانەوەى یاساى حەشدى شەعبى ئاشكرادەبێت

  • هێمن مامه‌ند ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسه‌ى به‌دواى ئارامیدا وێڵبوو

سەرەکی