توڵای هاتیمۆغولاری
7 کاتژمێر پێش ئێستا
69 جار خوێنراوەتەوە
هاوسەرۆكی دەم پارتی: راپۆرتەكەی كۆمسیۆن پرسی كوردی خستۆتە چوارچێوەی تیرۆرەوە
ناوەندی هەواڵ
هاوسەرۆكی دەم پارتی دەڵێت راپۆرتەكەی كۆمسیۆنی پەرلەمانی توركیا، پرسی كوردی لە چوارچێوەی تیرۆردا داناوە، سەرۆكی پارتی نەتەوەیی توركیاش داوای هەڵوەشاندنەوەی كەجەكە دەكات.
تولای هاتیمۆغولاری، هاوسەرۆكی گشتیی دەم پارتی ڕایگەیاند: ڕاپۆرتەكەی كۆمسیۆن پرسی كوردی خستووەتە چوارچێوەی تیرۆرەوە، وتیشی: بێگومان چارەسەری درێژخایەن پێویستی بە هەمواری یاسایی و جێبەجێكردنی مافی هیوا هەیە.
پێشنیازی بەرچاو بۆ چارەسەری پرسی كورد نییە
تولای هاتیمۆغولاری، هاوسەرۆكی گشتیی دەم پارتی دەربارەی كۆمیسیۆنەكەی پەرلەمان، كە 27ـی شوبات لەسەر بانگەوازی ‘ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیكی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكەدامەزرا، لەگەڵ ئەنجامی ڕاپۆرتەكە، ڕایگەیاند: لە ڕاپۆرتەكەدا پێشنیازی بەرچاو بۆ چارەسەری پرسی كورد نییە و زیاتر بەرهەمی زیهنیەتی دەوڵەتی كۆنە، ڕای گشتی توركیا چاوەڕوانییەكی گەورەی لە ڕاپۆرتەكە هەبوو، بەڵام ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكە هیواكانی شكاند.
هاوسەرۆكی گشتیی دەم پارتی ئاماژەی بەوەكرد، دەبوو لە ڕاپۆرتەكەدا باس لە هەبوونی پرسی كورد لە توركیا بكرایە و ئەم پرسە ناوبنرایە، دەسەڵات و هاوكارەكانی لەبری ناونانی ئەم پرسە، بە زیهنییەتی كلاسیكی دەوڵەتپارێزەوە، ئەم پرسەی لە چوارچێوەی تیرۆردا لەقاڵبدا.
هاتیمۆغولاری وتیشی: پرسی كورد پرسی تیرۆر نییە، پرسێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كولتووری و زمان و ئابوورییە، پێویستە لە هەموو ڕوویەكەوە چارەسەربكرێت.
لەبارەی مافی هیواوە هاوسەرۆكی دەم پارتی ڕایگەیاند: ئێمە دەزانین كە مافی هیوا لە چوارچێوەی بڕیارەكانی دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەورووپادایە و دەبێت لەم ڕووەوە هەمواری تایبەت هەبێت، بۆچی ئەمە گرنگە؟ بەڕێز ئۆجەلان ئەكتەرێكی گرنگی ئەم پڕۆسەیە و دانووستانكاری ڕاستەوخۆیە، بۆ ئەوەی ئەم پڕۆسەیە بەشێوەیەكی تەندرووست بەڕێوەبچێت، دەبێت بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان بتوانێت لە هەلومەرجی ئازاددا كار بكات.
"ئێمە لەو باوەڕداین لە نێو كورددا پرسی زمانی دایك پرسێكی بنچینەییە، هەربۆیە دەكرا لەم ڕاپۆرتەدا لەسەر پرسی زمانی دایك بەڕوونی هەڵوەستە بكرایە، ئێمە پێداگریمان لەسەر ئەوە كرد و نە قسەكردن لەسەر پرسی كورد و نە زمانی دایك وڵات دابەش ناكات و ڕەخنەمان لە بەشێكی زۆر لە زمان و چەمكە بەكارهێنراوەكان هەیە." تولای هاتیمۆغولاری، هاوسەرۆكی گشتیی دەم پارتی وای وت.
تولای هاتیمۆغولاری وتیشی: دەبێت دوای ڕاپۆرتەكە هەنگاوی یاسایی و سیاسیی بەرچاو بگیرێنە بەر، یەكەم شت باسی مافی زمان دەكەن و دەڵێین: با بەڕێز ئۆجالان ئازاد ببێت، دەڵێین: با منداڵان لە چیاكان بگەڕێنەوە و بەشداری لە سیاسەتی دیموكراتیك بكەن، دەڵێین: منداڵەكانمان وەك دیلێكی سیاسی لە زیندان ڕاگیراوە، با ئازاد ببن، هەربۆیە دەبێت داواكارییەكانی گەل جێبەجێ بكرێن و هەنگاوی كۆنكرێتی لەسەر ئەو پرسانە بنرێت.

باخچەلی داوای هەڵوەشاندنەوەی كەجەكەش دەكات
لەكاتێكدا لەسەر داوای ئۆجەلان پەكەكە ساڵی رابردوو كۆنگرەی ئەنجامدا و خۆی هەڵوەشاندەوە، دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا رایگەیاند راپۆرتی كۆمیسیۆنی پرۆسەكە پەسەند كراوە و ئێستا نۆرەی رێكخستنی یاساییە. وتیشی: "پێویستە دەستبەجێ كەجەكە هەڵبوەشێنرێتەوە".
دەوڵەت باخچەلی، رۆژی سێشەممە 24 ـی شوباتی 2026 لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا رایگەیاند: لە وڵاتەكەماندا تورك چی بێت، كوردیش هەر ئەوەیە. ئابڕووی تورك، ئابڕووی كوردە. نامووسی كورد، نامووسی توركە. شەرەفی تورك، شەرەفی كوردە.
باخچەلی، وتیشی: رەنگە لە هەندێك قۆناغی مێژووی كۆماردا بەهۆی هەڵوێستی ئایدیۆلۆژییەوە هەڵە كرابێت، بەڵام بنەمای سەرەكیی دەوڵەت، هاووڵاتیبوونی یەكسانە.
كۆمیسیۆنی پرۆسەكە تابۆكانی شكاند
باخچەلی، باسی كارەكانی كۆمیسیۆنی یەكڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموكراسی كرد و وتی: كۆمیسیۆن 20 كۆبوونەوەی كردووە، راپۆرتە ئامادەكراوەكە پەسەند كراوە كۆمیسیۆنەكە بە تێگەیشتنێكی دیموكراتی و بەشداریكەرانە كاری كردووە.
باخچەلی باسی لەوەش كرد، راپۆرتەكە گرنگترین بەشی پرۆسەكە پێكدەهێنێت، نابێت هیچ كەسێك بە كەم سەیری ئەو كارانەی كۆمیسیۆن بكات كە كردوونی.
سەرۆكی مەهەپە دەشڵێت نەخشەڕێگەی پەیوەست بە پرۆسەكە روون بووەتەوە، جەختی لەوە كردەوە كە قۆناغی داهاتوو رێكخستنی سیاسی و یاسایی دەبێت و وتی " بە بێدەنگبوونی چەكەكان، سیاسەت دێتە گۆ".
سەبارەت بە چەكدانانی پەكەكە، باخچەلی وتی: گەڕاندنەوەی ئەو كەسانەی كە واز لە چەك دەهێنن بۆ نێو كۆمەڵگە، بە شێوەیەكی قۆناخبەندی و بەبێ زیانگەیاندن بە هەستی دادپەروەری، جێبەجێ دەكرێت.

"پێویستە دەستبەجێ كەجەكە هەڵبوەشێنرێتەوە"
باخچەلی، كە پێشتر داوای هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و هەندێكجار هەسەدەی دەكرد، ئەمڕۆ داواكارییەكی نوێی هەبوو و وتی: پێویستە دەستبەجێ كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) هەڵبوەشێنرێتەوە، دەبێت ئەم هەنگاوە بەبێ دواكەوتن بنرێت.
سەرۆكی مەهەپە وتیشی: پێویستە لە چوارچێوەی سنوورەكانی دیموكراسیدا پێداچوونەوە بە دانانی قەییومەكاندا بكرێتەوە، دڵنیایی بدرێت كە هەردوو ئەحمەدەكە (ئەحمەد تورك، سەرۆكی شارەوانیی مێردن و ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆكی شارەوانیی ئەسەنیورت) لە پۆستەكانیان دابنرێنەوە.
لە كۆتایی قسەكانیدا باخچەلی وتی "كاتێك دەرەوەمان دەكوڵێت، نابێت ناوخۆمان بكوڵێنین".
-
هاوسەرۆكی دەم پارتی: راپۆرتەكەی كۆمسیۆن پرسی كوردی خستۆتە چوارچێوەی تیرۆرەوە
|
-
پشت پەردەی سەردانەكەی تۆم باراك بۆ عێراق
|
-
سیناریۆکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و ئێران
|
-
|
-
كردارێك سیناریۆی 2014 بە بیر دەهێنێتەوە
|
-
پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کورستان هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا
|
-
"مێتا" ئەپڵیكەیشنی "مەسنجەر" دادەخات
|
-
"ماڵ لە خاوەن ماڵ حەرامە"
|
-
ئۆجەلان بۆ تورکیا: لە پرۆسەی ئاشتی دەکشێمەوە
|
|
|
|