1     کاتژمێر پێش ئێستا 26 جار خوێنراوەتەوە

هێرشەكان بۆسەر هەرێمی كوردستان چڕبوونەتەوە؛ كۆگایەكی رۆنی بەریتانی ئامانجی ئەم بەیانییەی درۆنێك بوو

ناوەندی هەواڵ

هێرشەكان بۆسەر هەرێمی كوردستان چڕبوونەتەوە، كۆگایەكی رۆنی بەریتانی لە هەولێر چەند جارێك لەسەر یەك هێرشی كرایەسەر، ئەمەش وایكرد تیمەكانی بەرگریی شارستانی نەتوانن ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكەن.

چڕبوونەوەی هێرشەكان بۆسەر هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە، ئەمریكا و ئیسرائیل هێرشەكانیان بە بۆمبی قورس و پێشكەوتوو بۆ سەر ئێران زیادكردووە و ناوەندە پیشەسازیی و ژێرخانییەكانی ئەو وڵاتە دەكەنە ئامانج، ئێرانیش لەبەرامبەردا وڵاتانی كەنداو و ئیسرائیل و هەرێمی كوردستان دەكاتە ئامانج، لە شەوی ڕابردوەوە تا ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆتە، زیاتر لە 20 هێرشی درۆنیی موشەكی بۆسەر هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە.

لە دەستپێكی جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران كە 28 ی شوباتی ئەمساڵ بە كوشتنی عەلی خامنەیی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران و ژمارەیەك سەركردەی باڵای ئەو وڵاتە دەستیپێكرد، هەرێمی كوردستان بە درۆن و مووشەك هێرش دەكرێتە سەری. بەگوێرەی بەدواداچوونەكان، هەرێمی كوردستان بە نزیكەی 550 درۆن و مووشەك هێرش كراوەتە سەری و زۆرینەیان بۆ سەر هەولێر بووە.

بەگوێرەی بەدواداچوونەكان، لە دەستپێكی جەنگەكەوە لە 28ـی شوباتەوە تاوەكو كاتژمێر 11:00ـی ئەمڕۆ 1ـی نیسان، هێرشەكان بۆسەر هەولێر گەیشتوونەتە زیاتر لە 425 درۆن و مووشەك. هێرشەكانی سەر سلێمانی 100 درۆن و مووشەكی تێپەڕاندووە. هەروەها بە 18 درۆن و مووشەك هێرش كراوەتە سەر دهۆك و لە یەك هێرشدا دوو درۆن بۆسەر هەڵەبجە بەكارهێندراون.

وردەكاری هێرشەكان

شەوی رابردوو تاوەكو بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بە 21 درۆن هێرش كراوەتە سەر هەولێر، نوێترین شەپۆل بۆسەر هەولێر كاتژمێر 11:20ـی شەوی رابردوو دەستیپێكرد و تەنیا لە 10 خولەكدا، هەشت درۆن لە ئاسمانی هەولێر تەقێندرانەوە.

كاتژمێر 12:24ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو درۆنی دیكە لە ئاسمانی هەولێر تەقێندرانەوە، درۆنەكانی دیكە لە كاتژمێر 12:30 بۆ رۆژهەڵاتنی ئەمڕۆ لە ئاسمانی هەولێر تەقێندرانەوە و زیانی مادییان بە چەند ماڵێك و كۆگایەكی هاونیشتمانیان گەیاند.

بەرەبەیانی ئەمڕۆش لە كاتژمێر 07:00ـی بەیانی بۆ 10:30، بە چوار درۆنی دیكە هێرش كراوەتە سەر هەولێر و درۆنەكان لە ئاسمان تێكشكێندران.

كۆی ئامارەكان

بەگوێرەی بەدواداچوونەكان، لە 28ی شوباتەوە تاوەكو نیوەڕۆی ئەمڕۆ 1ـی نسیان، بە نزیكەی 550 درۆن و مووشەك هێرش كراوەتە سەر هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان.

بەگوێرەی بەدواداچوونەكە، لەو ماوەیەدا 428 درۆن و مووشەك ئاراستەی پارێزگای هەولێر كراون؛ 101 درۆن و مووشەك ئاراستەی پارێزگای سلێمانی كراون؛ 18 درۆن ئاراستەی پارێزگای دهۆك و دوو درۆنیش لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە كەوتوونەتە خوارەوە.

بەگوێرەی ئامارەكان، لە ئەنجامی هێرشەكان لە 28ی شوباتەوە 14 كەس گیانیان لەدەستداوە و 91 كەسیش بریندار بوون.

ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، شەشیان پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەك بوون لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر شەهید بوون، یەكێكیان كارمەندێكی ئاسایش بوو لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر شەهید بوو، شەشیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی كوردستان بوون كە دووانیان لە هەولێر و دووانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەكەی دیكەش لە سنووری باشیك لە دەشتی نەینەوا شەهید بوون؛ هەروەها 12ـی ئادار سەربازێكی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.

بەشێكی بریندارەكان بریتین لە 30ـی پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەك لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ كارمەندی ئاسایش لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەكگرتووەكان لە سلێمانی، پاسەوانێكی هۆتێل تایتانیك لە سلێمانی، هەروەها دوو كارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەكانی 70ـی پێشمەرگە و یەك پۆلیس هەن.

هەر لەنێو بریندارەكان 18 سڤیل هەن، یەكێكیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەك بریندار لە كەمپی باجد كەنداڵ لە زاخۆ، پەرستارێك لە كەمپی ئازادی لە كۆیە، سێ سڤیلی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان لە كەمپی زەوی سپی لە كۆیە و یەك منداڵیش لە گەڕەكی قالاوە لە سلێمانی، هەروەها دوو هاونیشتمانی لە كەمپی جەژنیكانی سنووری هەولێر و چوار هاونیشتمانی لە گەڕەكێكی هەولێر بریندار بوون؛ هەروەها دوو قوتابی لە سنووری قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر بریندار بوون و 31ـی ئادار سێ مێردمنداڵی دیكە لە هەولێر بریندار بوون.

بریندارەكانی دیكە پێشمەرگەی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.

ئەو ناوچانەی بۆردوومان كراون

لە هەولێر، درۆن و مووشەك لەم ناوچە و گەڕەكانە كەوتوونەتە خوارەوە: كانی قرژاڵە، بالیسان، خەبات، ناحیەی رزگاری، سپیلك، مەلا قەرە، كارێزان، كەمپی زەوی سپی، كەمپی جەژنیكان، كانی قرژاڵە، دریم سیتی، كەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، كوردستان، نەورۆز، گوندی كۆری، گەزنە، بەحركە، عەنكاوە، خەلیفان، فڕۆكەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، كەمپی ئازادی، چۆمان، سۆران و بارەگای یەكەكانی پێشمەرگە.

لە پارێزگای سلێمانی، لە گردی ریعایە، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەكی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەكانی 70ـی پێشمەرگە، گەڕەكی تاسڵوجە، چیای زمناكۆ و بارگەی یەكەكانی پێشمەرگە.

لە پارێزگای دهۆك، كێڵگەی نەوتی سەرسنگ، كەمپی باجد كەنداڵ، سنووری ئاكرێ، سنووری ناحیەی بجیل، سنووری قەزای بەردەڕەش و گەڕەكی ماڵتا لە شارەكە.

لە پارێزگای هەڵەبجە، چیای شنروێ لەو شوێنانە بوون كە بۆردوومان كراون.

  • هێرشەكان بۆسەر هەرێمی كوردستان چڕبوونەتەوە؛ كۆگایەكی رۆنی بەریتانی ئامانجی ئەم بەیانییەی درۆنێك بوو

  • كاریگەری و هۆشدارییەكان؛ بەڵگەكان پشت پەردەی رفاندنی رۆژنامەنوسە ئەمریكیەكە ئاشكرادەكەن

  • کۆڕەو ترس بوو لە مردن یان عەشق بۆ ئازادی؟

  • حەوت گرێ پێكهێنانی حكومەت ئاڵۆز دەكەن؛ كێبڕكێی زۆرینە و سێیەكی پەكخەر

  • ئۆجەلان: ئەم پرسە گەورەیە نابێت بە بیرێكی بچوك لێی بڕوانرێت

  • ئێران هۆشداری دەدات؛ ئیسرائیل گەورەترین بودجەی سەربازیی پەسەند دەكات و ئەمریكاش هێزی زەمینیی زیاتر دەنێرێت

  • توركیا هەڕەشەی دەستێوەردان لە هەرێمی كوردستان دەكات؛ ئەگەر كورد بەشداری جەنگی ئێران بكات

  • ئایا سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێردرێت؟

  • دۆخی زیندانیی عەبدوڵا ئۆجەلان دەگۆڕێت

سەرەکی