چێللی کیتڵسن
2   کاتژمێر پێش ئێستا 39 جار خوێنراوەتەوە

كاریگەری و هۆشدارییەكان؛ بەڵگەكان پشت پەردەی رفاندنی رۆژنامەنوسە ئەمریكیەكە ئاشكرادەكەن

ناوەندی هەواڵ

رۆژنامەنوس و هونەرمەندی فەڕەنسی لویس سیبرۆ، وردەكاری زیاتری لەبارەی ڕفاندنی چیللی كیتلسن رۆژنامەنوسی ئەمریكی لە ناوەڕاستی بەغداد لەلایەن گروپێكی چەكدارەوە ئاشكرا كردووە.

ئەو رۆژنامەنوسە فەڕەنسییە دەڵێت، چیللی دەموچاوێكی میدیایی دیار و ناسراو بووە كە ساڵانێكە لە عێراق كاریكردووە.

دیداری لەگەڵ چەندین فەرماندەی ئەمنیی و سەربازیی ئەنجامداوە

بەوتەی سیبرۆ، كیتلسن یەكێك بووە لە دیارترین پشتیوانەكانی هێزە ئەمنیەكان لەكاتی شەڕی داعش، چەندین دیداری لەگەڵ سەركردە باڵاكان ئەنجامداوە، لەوانەش محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، بۆیە ڕفاندنی بەشێوەیەكی كتوپڕ بووە و بێ پاساوە.

بەپێی زانیارییەكان ئەو رۆژنامەنوسە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمریكایە، بەڵام زیاتر لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا ماوەتەوە، چونكە لەهەمانكاتدا ڕەگەزنامەی ئیتاڵیای هەبووە، بەڵام بۆ ماوەیەكی درێژیش لە عێراق ماوەتەوە و ژیاوە، بەشێوەیەك تێكەڵ بە كۆمەڵگەی عێراق بووە.

بەپێچەوانەی ڕفاندنی ئیلیزابێز چۆركۆف، چیللی لەلایەن رۆژنامەنوسانی عێراقەوە بە هەڵوێستە پیشەییەكانی ناسراوە و پشتیوانی سەقامگیری عێراقی كردووە، ئەمە وتەی رۆژنامەنوسە فەڕەنسیەكەیە.

بەپێی زانیاریی میدیا عێراقیەكان، چیللی كیتلسۆن لە هۆتێل فەڵەستین لە شەقامی سەعدون لە ناوەڕاستی بەغداد ماوەتەوە، هەرچەندە هەوڵدراوە زانیاریی لە خاوەن هۆتێلەكە وەربگیردرێت بەڵام رێگەی لێدوانی پێنەدراوە، جگە لەوەی رێگە نادرێت رۆژنامەنوسان بچن وتەی كارمەندانی هۆتێلەكە وەربگرن و لەبەردەمیدا ڕوماڵی ڕاستەوخۆ بكەن.

بەوتەی چاودێران، بە ئامانجگرتنی ئەم رۆژنامەنوسە و ڕفاندنی، دەبێتە هۆی كاریگەری خراپ لەسەر عێراق.

هەرچەندە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاندووە دوای یەكێك لە ڕفێنەرەكانی كەوتوون و گرتوویانە، بەڵام هێشتا دەستگیركردنی ئەو ڕفێنەرە نەیگەیاندوونەتە ڕفێنراوەكە، دوو ڕفێنەری دیكەش دەستگیرنەكراون.

بەپێی سەرچاوە ئەمنیەكان، ئەو ڕۆژنامەنوسە ئەمریكییە لە بەغدادەوە بۆ پارێزگای بابل براوە، بۆ شوێنێك كە لە ژێر دەسەڵاتی گروپە چەكدارەكاندایە، ئەمەش نێوانە خراپەكەی گروپە چەكدارەكان و ئەمریكا ئەوەندەی تر خراپ دەكات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش ڕایگەیاندووە بەوردی چاودێری دۆسیەی ڕفاندنی ئەو رۆژنامەنوسە دەكەن.

سەرەتای چیرۆكەكە

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 31-3-2026، ڕۆژنامەنووس چێللی كیتڵسن لە شەقامی سەعدوون و لە نزیك هۆتێل فەڵەستین لە ناوەڕاستی بەغداد ڕفێنرا، دواتر وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیركردنی یەكێك لە ڕفێنەرەكانی ڕایگەیاند و ئاماژەی بەوەدا هەوڵەكان بۆ ڕزگاركردنی ڕفێنراوەكە بەردەوامن.

گومان دەكرێت یەكێك لە ڕفێنەرەكان خۆی كارمەندی دەزگای ئەمنیی بووبێت

سەرچاوەیەكی ئەمنی بۆ میدیا عێراقییەكان زانیاریی نوێی لەبارەی ڕفاندنی چێللی كیتڵسنی ڕۆژنامەنووسی ئەمریكی ئاشكرا دەكات و ئاماژە بەوە دەدات، ئەو كەسەی بە تۆمەتی ڕفاندنەكە دەستگیركراوە، خۆی كارمەندی دەزگایەكی ئەمنییە و پێدەچێت پاسەوانی تایبەتی ڕۆژنامەنووسەكە بووبێت.

بەپێی دانپێدانانە سەرەتاییەكان، ئەو ئۆتۆمبێلەی كیتڵسنی پێ ڕفێندراوە، لە كاتی ڕووداوەكەدا تووشی پێكدادان بووە، هەر بۆیە لە ناوەڕاستی ڕێگەكەدا ئۆتۆمبێلەكەیان گۆڕیوە و ڕۆژنامەنووسەكەیان بۆ ناوچەیەكی پارێزگای بابل گواستووەتەوە. هەروەها ئاماژە بەوە كراوە كە بەهۆی ڕووداوەكەوە، شوێنەواری برین و شینبوونەوە بە جەستەی كیتڵسنەوە دیارە.

لەبەر ئەوەی تۆمەتبارەكە لە سنووری پارێزگای بابل دەستگیركراوە، سەرەتا پۆلیسی بابل دۆسیەكەی گرتە ئەستۆ، بەڵام دواتر دەزگای هەواڵگریی عێراق بەرپرسیارێتیی لێكۆڵینەوەكەی وەرگرت و تۆمەتبارەكە بۆ لای ئەوان گواستراوەتەوە.

  • هێرشەكان بۆسەر هەرێمی كوردستان چڕبوونەتەوە؛ كۆگایەكی رۆنی بەریتانی ئامانجی ئەم بەیانییەی درۆنێك بوو

  • كاریگەری و هۆشدارییەكان؛ بەڵگەكان پشت پەردەی رفاندنی رۆژنامەنوسە ئەمریكیەكە ئاشكرادەكەن

  • کۆڕەو ترس بوو لە مردن یان عەشق بۆ ئازادی؟

  • حەوت گرێ پێكهێنانی حكومەت ئاڵۆز دەكەن؛ كێبڕكێی زۆرینە و سێیەكی پەكخەر

  • ئۆجەلان: ئەم پرسە گەورەیە نابێت بە بیرێكی بچوك لێی بڕوانرێت

  • ئێران هۆشداری دەدات؛ ئیسرائیل گەورەترین بودجەی سەربازیی پەسەند دەكات و ئەمریكاش هێزی زەمینیی زیاتر دەنێرێت

  • توركیا هەڕەشەی دەستێوەردان لە هەرێمی كوردستان دەكات؛ ئەگەر كورد بەشداری جەنگی ئێران بكات

  • ئایا سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێردرێت؟

  • دۆخی زیندانیی عەبدوڵا ئۆجەلان دەگۆڕێت

سەرەکی