7 کاتژمێر پێش ئێستا
415 جار خوێنراوەتەوە
ناکۆکیی لەسەر بودجە؛هەڕەشە لە لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دەکات
لە کاتێکدا ئاماژەکانی لێکتێگەیشتنی ئەرێنی نێوان هەولێر و بەغداد دەرکەوتبوون بۆ ئیدارەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام جارێکی تر پشکۆی ناکۆکییەکان لە دەرگای بودجەی فیدراڵییەوە گەشایەوە
ناوەندی هەواڵ
سەرهەڵدانی ناکۆکیی لەسەر بودجە، هەڕەشە لە لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دەکات، حکومەتی هەرێم، بەغداد بەوە تۆمەتبار دەکات کە 36.6 ملیار دۆلاری لە شایستەکانی نەناردووە.
لە کاتێکدا ئاماژەکانی لێکتێگەیشتنی ئەرێنی نێوان هەولێر و بەغداد دەرکەوتبوون بۆ ئیدارەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام جارێکی تر پشکۆی ناکۆکییەکان لە دەرگای بودجەی فیدراڵییەوە گەشایەوە، هەردوولا یەکتر بەوە تۆمەتبار دەکەن پابەندییەکانیان جێبەجێ نەکردووە، بەتایبەت کە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە زمانێکی توند رەخنەی لە شەرعیەت و یاساییبوونی داوای بەغداد بە رادەستکردنی 120 ملیار دینار گرت کە داهاتی ناوخۆیە و بەغداد مانگانە داوای دەکات، بەڵام لە چەند مانگی رابردوودا هەرێم پابەند نەبووە بە پێدانی ئەو بڕە بە پاساوی ئەوەی داهاتیان کەمیکردووە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیش باس لەوە دەکات حکومەتی فیدراڵی نزیکەی 48 ترلیۆن دینار شایستەی دارایی بۆ هەرێم نەناردووە کە 36.6 ملیار دۆلار دەکات، لە پشکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا.
ئەو گۆڕانکارییانە لە کاتێکدان، جوڵەیەکی دیپلۆماسی چڕی ئەمریکیەکان هەیە، بەرپرسە کوردەکان باسیان لەوە کردووە، تۆم باراک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق، لە دواین سەردانیدا بۆ بەغداد و هەولێر کە حوزەیرانی ئەمساڵ ئەنجامیدا، جەختی کردووەتەوە پێویستە ناکۆکیەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی بەتایبەت لەبارەی نەوت سفر بکرێنەوە، لەکاتێکدا گەشبینییەکی نێودەوڵەتی هەیە کە ئیدارەی نوێی حکومەتی عێراق دەتوانێت گرێ کلاسیکیەکان تێکبشکێنێت، هەرچەندە بە دوور دەزانرێت لە داهاتوویەکی دیاریکراودا پرۆژە یاسایەکی فیدراڵی دابڕێژرێت تایبەت بە رێکخستنی سامانە سروشتییەکان.

مشتومڕی بەردەوامی ژمارەکان
لە وردەکاری ئەو قەیرانە یاساییەی لە دەوری 120 ملیارەکە کۆبووەتەوە، هاوڕێ کەمال راوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە شەرقولئەوسەتی راگەیاندووە، مامەڵەکانی ئەمدواییەی بەغداد ناکۆکییەکانی قوڵ کردووەتەوە و قەیرانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراقیش کردووەتە دوو هێندە.
ئەو راوێژکارەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، داوای لە حکومەتەکەی عەلی زەیدی کردووە، چاو بە کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا بخشێنێتەوە و بەپێی دەستوور چارەسەریان بکات.
لە دواین لێدوانیدا لەبارەی 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ کە بەغداد مانگانە لە هەرێمی داوا دەکات، مەسرور بارزانی رایگەیاندووە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، بەڵکو دەڵێت "ئەوەی لە یاسادا هاتووە ڕادەستکردنی نیوەی داهاتە نانەوتییەکانە بە حکومەتی فیدراڵی". ئەو بڕەش لەلایەن کابینەی پێشووی حکومەتی عێراقەوە دیاریکراوە.
سەرۆکی کاربەڕێکەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت "ئێستا چاو بەو پرسەدا دەگێڕینەوە، هیوادارین داهاتی ناوخۆ لەسەر ئاستی عێراق بە گشتی بەرز ببێتەوە، بەتایبەتیش لە هەرێمی کوردستان".
بە وتەی راوێژکارە یاساییەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، ماددەی 29 ی یاسای ئیدارەی دارایی حکومەتی فیدراڵ ژمارە شەشی ساڵی 2019 بە تەواوەتی ڕوونە، ئاماژەی بەوە کردووە نیوەی داهاتە فیدراڵییە نانەوتییەکان (گومرک و دەروازەکان و بەندەرەکان) بۆ حکومەتی فیدراڵی دەبێت ئەم رێژەیەش بەپێی داهاتی راستەقینە دەگۆڕێت و ژمارەیەکی جێگیر نییە.
وەک هاوڕێ کەمال باسی کردووە، دوو جۆر داهات هەیە لە هەرێمی کوردستان کە بەتەواوەتی ناوخۆیین و لە 100٪ بۆ هەرێمی کوردستانن، بەڵام نیوەی داهاتە فیدراڵییەکان بۆ حکومەتی فیدراڵ دەبن.

داهاتە فیدراڵییە نانەوتییەکان کە بە سیادیش ناودەبرێن، مەبەست لێی داهاتی گومرگ و بەندەرەکان و دەروازە سنوورییەکانە لەگەڵ ئەو داهاتانەی پەیوەندییان بە حکومەتی فیدراڵەوە هەیە، بەڵام داهاتەکانی باج و رسومات و داهاتی شارەوانییەکان بەتەواوەتی ناوخۆیین.
بنەڕەتی ئەو داهاتەی ئێستا لە نێوان هەولێر و بەغداد بووەتە کێشە و حکومەتی فیدراڵی لە ماوەی رابردوودا داوای 120 ملیار دیناری مانگانەی دەکرد، دەگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنێکی دوو ساڵ لەمەوبەر، کە ئەوکات لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بووە، بە وتەی بەرپرسانی هەرێم ئەو کاتە 120 ملیارەکە نیوەی داهاتی نانەوتی راستەقینەی هەرێم بووە، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن بەهۆی گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکانی ئەمدواییەی ناوچەکە، بەشێوەیەکی بەرچاو داهاتی نانەوتی هەرێم کەمیکردووە، کە ئەمە لەسەر ئاستی عێراقیش روویداوە، هەولێر دەڵێت مانگی رابردوو نیوەی داهاتە راستەقینەکەیان ناردووە، بەڵام بەغداد دەڵێت بۆ ئەم مانگە ئەو بڕە دەبرێت کە پێشتر لە هەرێم داوای کردووە، واتە 120 ملیار دینار لەو پارەیە دەبڕێت کە مانگانە بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت.ئەمەش بنەڕەتی کێشەکەیە.

خەرجی راستەقینە "تەڵەکە"
هەر لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان چەند رۆژێک لەمەوبەر ئامارێکی بڵاوکردەوە، باس لەوە دەکات حکومەتی فیدراڵی تەنها 42٪ ی پشکی راستەقینەی هەرێمی کوردستانی لەماوەی حەوت ساڵی رابردوودا ناردووە.
بە وتەی وەزارەتەکە، پشکی هەرێمی کوردستان پاش جیاکردنەوەی جەرجی سیادی و حاکیمە، زیاتر لە 79 ترلیۆن دینار بووە کە نزیکەی 60.3 ملیار دۆلار دەکات،بەڵام بەغداد تەنها 33 ترلیۆن دیناری لێ ناردووە کە 25.2 ملیار دۆلار دەکات کە تەنها لە مووچەدا کورت کراوەتەوە، لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵی زیاتر لە 48 ترلیۆن دیناری دەست بەسەردا گرتووە، کە دەکاتە 36.6 ملیار دۆلار لە شایستە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها حکومەتی فیدراڵ لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە خۆی بەدوور گرتووە لە پێدانی خەرجی بەکارخستن و وەبەرهێنان بە درێژایی ئەو حەوت ساڵە، هەرئەوەشنا ئەو پارانەی وەک قەرز خستووەتە سەرشانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

قەرزەکانی عێراق لەسەر شانی هەرێم
ڕاپۆرتێکی حکومەت دەریدەخات، تا ئێستا هەرێمی کوردستان ساڵانە 8.7 تریلیۆن دینار (6.59 ملیار دۆلار) لە خەرجییە سەروەرییەکانی حکومەتی عێراقدا بەشداری دەکات، ئەویش بەهۆی هەڵاوسانی ئەو خەرجییانەوە. هەروەها پێویستە ساڵانە 1.6 تریلیۆن دینار (1.21 ملیار دۆلار) بدات وەک پشکی 12.67%ی قەرزە سەروەرییەکانی عێراق. لەبەرامبەردا هەرێمی کوردستان تەنها 62.4 ملیار دینار (47.2 ملیۆن دۆلار) لە قەرزی دەرەکی وەردەگرێت، ئەم جیاوازییە گەورەیە بەو مانایەیە کە بۆ هەر دۆلارێک کە هەرێمی کوردستان بە قەرز وەریدەگرێت، 26 دۆلار دەدات بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکانی حکومەتی فیدراڵی لە ناوچەو پارێزگاکانی تر.
-
ماڵ لە خاوەن ماڵ حەرامە؛ تورکیا مەرج بۆ گەڕانەوەی گوندنشینانی کوردستان دادەنێت
|
-
ماسکی چاکسازی و دووڕوویی; ململانێی گەندەڵی لە نێوان بەغداد و هەولێردا
|
-
ناکۆکیی لەسەر بودجە؛هەڕەشە لە لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دەکات
|
-
شەوی ڕاوکردنی دزەکان؛ لە سەرەتاوە چەند کەس دەستگیرکراون؟
|
-
هاوپەیمانێتی یەکێتی و نەوەی نوێ؛ نەخشەی ململانێ و ئایندەی پێکهێنانی حکومەت
|
-
زانکۆی سلێمانی پێشنیاری دوورخستنەوەی د. عەبدوللەتیف سەلەفی ئاراستەی وەزارەت دەکات
|
-
بومەلەرزەی دژە گەندەڵی لە عێراق؛ ٧٤ بەرپرسی باڵا دەستگیرکران و لێکەوتەکانی دەگەنە هەرێم
|
-
لێکۆڵینەوەکان بە نهێنی دەکرێن و فراوانتر دەبن؛ شەوی رابردوو بۆ "دزەکان" لە عێراق نەهات بوو
|
-
نەوەی نوێ وەک مقاش؛پارتی بە نیازی چییە و یەکێتی چی دەوێت؟
|
|
|
|