2   کاتژمێر پێش ئێستا 85 جار خوێنراوەتەوە

قەیرانی مووچەی هەرێمی کوردستان قووڵتر دەبێتەوە؛ نەناردنی ١٢٠ ملیار دینارەکە و دواکەوتنی پارەی بەغدا لەبەر نەبوونی نەختینە

لە لێبڕینی بەغداوە تا کێشەی نەختینەی ناوخۆ؛ وردەکاریی نوێ لەسەر ناردنی مووچەی مانگی حەوت و داهاتی هەرێمی کوردستان

دواکەوتنی دووبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و قەیرانی لێبڕینی ڕاستەوخۆی ١٢٠ ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ لەلایەن بەغداوە، جێگەی سەرنجی سەرەکیی خەڵکن؛ لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشکرای دەکات بە ئەگەری ٨٠٪ ئەم مانگە هیچ پارەیەک لە داهاتی ناوخۆ نانێردرێت بۆ بەغدا چونکە نەختینە لەبەردەستدا نییە، هاوكات بەهۆی کورتهێنانی سێ تریلیۆن دیناریی لە عێراقدا، ناردنی مووچەی مانگی حەوت کەوتووەتە هەفتەی داهاتوو.

لە کاتێکدا دوو پرسی گرنگ کە بریتیین لە کاتی دابەشکردنی مووچە و ناردنی ۱۲۰ ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ بوونەتە جێگەی سەرنج و نیگەرانیی سەرەکیی خەڵک، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان زانیاریی نوێ لەبارەی قەیرانی مووچە دەخاتە ڕوو.

ماوەی دوو مانگە بەهۆی لێبڕینی ڕاستەوخۆی ۱۲۰ ملیار دینار لە پشکی مووچەی هەرێم لەلایەن بەغداوە، کێشەیەکی زۆر قووڵ بۆ هەرێمی کوردستان دروست بووە؛ بەو هۆیەوە بە زەحمەت توانراوە مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش بکرێت و ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن بۆ ئەم مانگە گرفتەکان زیاتر سەرهەڵبدەنەوە، سەرەڕای ئەوەی سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی پشتڕاستی کردووەتەوە کە دابەشکردنی مووچەی گرێبەستەکانی مانگی ڕابردوو تەواو بووە و هەمووان مووچەکەیان وەرگرتووە.

سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتن و وادەی ناردنی مووچەی ئەم مانگە، سەرچاوە باڵاکەی وەزارەتی دارایی بە میدیای پارتی ڕاگەیاند، چاوەڕێ دەکەن هەفتەی داهاتوو پارەی مووچە لە بەغداوە بنێردرێت، بەو مەرجەی کێشەی نەبوونی پارەی کاش گرفت دروست نەکات، جەختیشی کردەوە کە هەرکاتێک پارەکە بگات ئامادەکارییەکانیان بۆ دابەشکردنی تەواو کردووە.

 لە لایەکی دیکەوە و لە بارەی پرسی ۱۲۰ ملیار دینارەکەی داهاتی ناوخۆوە، هەمان سەرچاوە ئاشکرای کرد کە بە ئەگەری هەشتا لە سەد (٨٠٪)، ئەم مانگە هیچ پارەیەک لە پشکی گەنجینەی فیدراڵی نانێرن بۆ بەغدا، چونکە بەهۆی کەمیی نەختینەوە پارەیان لەبەردەستدا نییە تاوەکو ڕەوانەی بکەن.

لەم چوارچێوەیەدا، لە ئەمڕۆ سێشەممەوە وەزارەتی دارایی دەست دەکات بە کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆیی و ئەو پارەیەی لەم هەفتەیەدا کۆدەکرێتەوە، دابین دەکرێت بۆ نەسریەی مانگی پێنجی وەزارەتەکان، کە ڕەنگە پارەکە بەشی هەموویان نەکات. هاوکات خەرجیی وەزارەتە خزمەتگوزارییەکانی وەک شارەوانییەکان، نەخۆشخانەکان و ئەو دامەزراوانەی ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارن بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە، لە ڕێگەی ئەو داهاتە ناوخۆییەی کۆکراوەتەوە تەرخان دەکرێت.

هەروەها سەبارەت بەوەی ئەگەر داهات کەم بێت چۆن کورتهێنان و لێبڕینی ۱۲۰ ملیار دیناری مووچەی مانگی حەوت پڕ دەکرێتەوە، سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی ئاشکرای کرد، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دەست دەکەن بە کۆکردنەوەی پارەی زیادە بۆ تەواوکاریی مووچە تا بتوانرێت بە هەموو هەوڵێک ئەو کورتهێنانەی دروست دەبێت بپۆشرێت.

لە ڕەهەندێکی گشتگیرترەوە، عێراق مانگانە پێویستی بە حەوت تریلیۆن و هەشت سەد ملیار دینارە بۆ خەرجیی مووچە، بەڵام تەنیا نزیکەی پێنج تریلیۆن دیناری لەبەردەستدایە، ئەمەش وای کردووە زیاتر لە سێ تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەبێت و ئەم کێشەی نەختینەیەی بەغدا ڕاستەوخۆ کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر دواکەوتنی ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان هەبووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕێککەوتی (۲۲-۷-۲٠۲٦) وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مانگی حەوت لەگەڵ ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی شەشی ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە و لە ماوەی هەفتەیەکدا وردبینییەکەی تەواو بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری خەرجکردنی نەدراوە.

ئەگەرچی هیچ کێشەیەکی سیاسی یان ئیداری لە نێوان هەولێر و بەغدا نەماوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕێککەوتنێکی نوێ نەکراوە، بڕی ۱۲۰ ملیار دینارەکە دووبارە لە پشکی هەرێم دەبڕدرێت و گرفت بۆ دابەشکردنی مووچەی هەزاران مووچەخۆر دروست دەکات، بە شێوەیەک تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆری مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست مووچەی مانگی حەوتیان وەرنەگرتووە و لەبەر نەبوونی سیولە کەوتوونەتە نۆرەوە.

 

  • قەیرانی مووچەی هەرێمی کوردستان قووڵتر دەبێتەوە؛ نەناردنی ١٢٠ ملیار دینارەکە و دواکەوتنی پارەی بەغدا لەبەر نەبوونی نەختینە

  • هەموان چاویان بڕیوەتە گیرفانی هاووڵاتیان؛ نرخی بەنزین لە نێوان کۆمپانیا و بەنزینخانە و بڕیارەکانی حکومەتدا

  • پارتە سیاسیەکانی رۆژهەڵات هۆشداری دەدەن؛ ئێران بۆ ترس و تۆقاندن لەسێدارەدانی زیاد کردووە

  • ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز لە نێوان لێدوانەکانی ئێران و ترەمپدا؛ دانوستانی ئاشکرا و هەڕەشەی سەربازی

  • لە گەرووی هورمزەوە تا بۆریی جەیهان؛ نەخشەڕێگەی نەوتیی عێراق و هەوڵەکان بۆ چارەسەری کورتهێنانی دارایی

  • نێچیرڤان بارزانی بۆچی سەردانی دیمەشقی کرد؟

  • جوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان ئیمراڵی و ئەنقەرە؛ نوێترین پەیامی ئۆجەلان لە بارەی پرۆژەیاسای چوارچێوە لە پەرلەمانی تورکیا

  • ڕووفاتەکان دەگەڕێنەوە و برینەکان دەکولێنەوە؛ شنگال لە سایەی 12 ساڵ شوێنەواری داعشدا

  • موجتەبا خامنەیی زیندووە؛ ئەمریکا و ئیسرائیل بۆچی نەیانتوانیوە شوێنی بدۆزنەوە؟

سەرەکی