6 کاتژمێر پێش ئێستا
82 جار خوێنراوەتەوە
لە گەرووی هورمزەوە تا بۆریی جەیهان؛ نەخشەڕێگەی نەوتیی عێراق و هەوڵەکان بۆ چارەسەری کورتهێنانی دارایی
حکومەتی عێراق زنجیرەیەک هەنگاوی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی دەستپێکردووە؛ لە لایەک ڕێککەوتنی نەوتیی لەگەڵ تورکیا و لێکتێگەیشتنی لەگەڵ ئێران بۆ درێژکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت ئامادە کردووە، و لە لایەکی دیکەشەوە پلانێک بۆ فرۆشتنی موڵکەکانی دەوڵەت بە بەهای زیاتر لە ١٥٠ ملیار دۆلار تاوتوێ دەکات، ئەوەش لە کاتێکدا کە بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی شەر و ئاڵۆزییەکانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
باسم محەمەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند کە رێککەوتنێکی گرنگ لەگەڵ لایەنی تورکیا ئەنجامدراوە کە لە یەکەمی ئابدا واژۆ کراوە و بەپێی ئەوەش لێکتێگەیشتنە نەوتییەکانی نێوان هەردوولا بۆ ماوەی ساڵێک درێژکراوەتەوە. لەم ماوەیەدا کار دەکرێت بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی درێژخایەن کە ئامانجی سەرەکیی دەستەبەرکردنی بەردەوامی هەناردەکردنی نەوتی خاوە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە، لەگەڵ داڕشتنی پلانێکی گەورە بۆ گواستنەوەی نەوتی بەشێک لە کێڵگەکانی باشوور لە ڕێگەی بۆرییەوە تا ئاستی هەناردەکردن بگەیەنرێتە 700 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.
هەروەها شاندی عێراقی لە وتووێژەکانیاندا لەگەڵ لایەنی ئێرانی باسیان لە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە کردووە بە ئامانجی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک کە بەشدار بێت لە پاراستن و ئاسانکاریی تێپەڕینی بار و تانكەرەکاندا. لە هەمان کاتدا، عەلی نزار بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ئاشکرای کرد کە هاوکاریی بەرهەمداری نێوان عێراق و تورکیا هۆکار بووە بۆ بەردەوامی ناردنی نەوت لە ڕێگەی هێڵی جەیهانەوە کە توانای ڕۆژانەی دەگاتە ملیۆنێک و پێنجسەد هەزار بەرمیل، و ئاماژەی بەوەش دا کە نەوتی بەسرە پاڵپشتی هەناردەی کەرکووک دەکات بۆ زیادکردنی ئاستی ناردن بۆ 750 هەزار بەرمیل، جگه لەوەی ڕۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بێ هیچ داشکاندنێک بە تورکیا دەدرێت چونکە فرۆشتنی نەوت بە تورکیا لە ڕێگەی بۆرییە ئامادەکانەوە تێچووی گواستنەوەی کەمترە کە لە دۆلارێک و شەست و دوو سەنت تێپەڕ ناکات.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی و بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری سۆمۆ ئاشکرای کرد کە بەهۆی جەنگ و بەئامانجگرتنی کێڵگەکانەوە، بەرهەمی نەوتی هەرێم لە 230 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە بۆ 20هەزار بەرمیل دابەزیوە و هەناردەی عێراقیش لە ڕێگەی بۆریی جەیهانەوە بۆ شەست هەزار بەرمیل کەمی کردووە، سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیا بیانییەکان ئامادەییان نیشانداوە بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە بەرزترین ئاستدا.
بەپێی وتەی بەرپرسەکەی سۆمۆ، هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکان لە ڕێگەی سوریاوە گەیشتووەتە یەک ملیۆن تۆنی ڕۆژانە کە داهاتەکەی لە داهاتی پێش قەیرانی هورمز زیاترە، هەروەها تێکڕای نرخی فرۆشتنی نەوتی عێراق لە مانگی تەمووزدا بەرزبووەتەوە بۆ 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیا کەشتیوانییەکانی توانای پەڕینەوەیان لە گەرووی هورمز هەیە پێشنیازی کڕینی نەوت بە بەرزترین نرخ پێشکەشی عێراق دەکەن.
لە لایەکی ترەوە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان لە زاری سەرچاوە فەرمییەکانەوە ئاشکرایان کردووە کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پلانێکی پێشنیاز کردووە بۆ فرۆشتنی بەشێک لە موڵکەکانی دەوڵەت و دوورکەوتنەوە لە ئابووریی سۆسیالیستی تاوەکو بارگرانیی دارایی کەم بێتەوە.

خەملاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەوڵەت خاوەنی نزیکەی 600 هەزار موڵکی حکومییە، لەوانەش هەزار کۆشک و دامەزراوەی سەرپەرشتیکراوی ڕژێمی پێشوو کە بەهایان بە زیاتر لە 150 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت و دەتوانێت مووچەی زیاتر لە ساڵێکی وڵات دابین بکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە 20 هەزار موڵکی دەوڵەت بە شێوەی نایاسایی داگیر کراون و هێزە سیاسییەکان و گرووپە چەکدارەکان بە دەستبەسەرداگرتنیان تۆمەتبار دەکرێن، هاوکات خەمڵاندنە پەرلەمانییەکان باس لەوە دەکەن کە نزیکەی حەفتا لە سەدی موڵکەکانی دەوڵەت لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوازی ناڕوون فرۆشراون. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە نزیکەی200 ملیار دۆلار لای تۆمەتبارانی گەندەڵییە، لە کاتێکدا ئەو بڕەی بە ڕەسمی وەرگیراوەتەوە تا ئێستا زۆر کەمترە و تەنها 400 گرام زێڕ و 80 موڵک دەگرێتەوە.
-
قەیرانی مووچەی هەرێمی کوردستان قووڵتر دەبێتەوە؛ نەناردنی ١٢٠ ملیار دینارەکە و دواکەوتنی پارەی بەغدا لەبەر نەبوونی نەختینە
|
-
هەموان چاویان بڕیوەتە گیرفانی هاووڵاتیان؛ نرخی بەنزین لە نێوان کۆمپانیا و بەنزینخانە و بڕیارەکانی حکومەتدا
|
-
پارتە سیاسیەکانی رۆژهەڵات هۆشداری دەدەن؛ ئێران بۆ ترس و تۆقاندن لەسێدارەدانی زیاد کردووە
|
-
ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز لە نێوان لێدوانەکانی ئێران و ترەمپدا؛ دانوستانی ئاشکرا و هەڕەشەی سەربازی
|
-
لە گەرووی هورمزەوە تا بۆریی جەیهان؛ نەخشەڕێگەی نەوتیی عێراق و هەوڵەکان بۆ چارەسەری کورتهێنانی دارایی
|
-
نێچیرڤان بارزانی بۆچی سەردانی دیمەشقی کرد؟
|
-
جوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان ئیمراڵی و ئەنقەرە؛ نوێترین پەیامی ئۆجەلان لە بارەی پرۆژەیاسای چوارچێوە لە پەرلەمانی تورکیا
|
-
ڕووفاتەکان دەگەڕێنەوە و برینەکان دەکولێنەوە؛ شنگال لە سایەی 12 ساڵ شوێنەواری داعشدا
|
-
موجتەبا خامنەیی زیندووە؛ ئەمریکا و ئیسرائیل بۆچی نەیانتوانیوە شوێنی بدۆزنەوە؟
|
|
|
|