1 کاتژمێر پێش ئێستا
84 جار خوێنراوەتەوە
"هەڕەشەکانی پاسداران و کۆتایی مۆڵەتی گرووپەکان؛ وەفدێکی باڵای پێشمەرگە لە ئوردن بەشداریی کۆبوونەوەیەکی هەستیار دەکات
لە کاتێکدا سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریی لێدانی هێڵەکانی وزە و ژێرخانی ئینتەرنێتی جیهانی دەدات و هاوکات لەگەڵ دیاریکردنی وادەی ڕادەستکردنی چەکی گرووپەکان، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە ئوردن بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکی هەستیاری سەربازیی هاوبەشدا کرد بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان و ئاڵوگۆڕی فەرماندەیی هێزەکانی هاوپەیمانان."
هەڕەشەکانی سوپای پاسداران
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر جارێکی تر هەڕەشە لە دژی ئێران ڕووبداتەوە، سەدان هەزار میل هێڵی گواستنەوەی وزە، هەزاران وێستگەی کارەبا، هەموو سیستەمە ئەمریکی و نائەمریکییەکان و تەنانەت ژێرخانی جیهانیش کە بە ئینتەرنێتەوە بەستراوەتەوە، لەژێر مەترسی و هەڕەشەدا دەبن. سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا پێش شەڕی ڕەمەزان ٣٠ بۆ ٤٠ کەشتیی جەنگی لە ناوچەکەدا هەبووە، بەڵام ئەمڕۆ یەک کەشتیی جەنگیی ئەمریکا لە کەنداوی فارسدا نییە. هەروەها جەختی کردەوە کەمبوونەوەی چەک مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئەمریکا لە دڵی زەریای هێمن، دژی ڕووسیا و چین، و لەسەر ئەو بەرانەی کە ئەمریکا بە هەڕەشەی دەزانێت، دروست دەکات.

دۆخی ئەمنی و سەردانەکەی قائانی
لە کاتێکدا کۆتایی مانگی ئەیلول وەک دوایین وادە بۆ ڕادەستکردنی چەکی گرووپە عێراقییەکان بە حکومەت دیاری کراوە و ئەمریکا و ئێران لە سەروبەندی یەکلاکردنەوەی لێکتێگەیشتنەکانیاندان، دۆخی ئەمنی ناوچەکە گۆڕانکاریی خێرای بەخۆوە بینیوە. سەردانەکەی ئەم دواییەی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بۆ بەغداد و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکان، لە کاتێکدا دێت کە مەترسیی پێكدادانی چەکداری لە نێوان سوپای عێراق و ئەو گرووپانەدا سەریهەڵداوە کە ئامادە نین چەکەکانیان ڕادەست بکەن.
بەشداریی شاندی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە لە ئوردن
لەو چوارچێوەیەدا، بەشداریپێکردنی وەفدێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری پێشمەرگە لە کۆبوونەوەیەکی سەربازیی هەستیاردا لە عەممانی پایتەختی ئوردن گرنگییەکی تایبەتی هەیە؛ کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) و بە بەشداریی فەرماندە سەربازییەکانی ئوردن، سوریا و عێراق بەڕێوەچوو. سوپای ئوردن ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر بەهێزکردنی چوارچێوەکانی هاوکاریی سەربازی و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان کردووەتەوە، لە سایەی ئەو هەڕەشە و مەترسییە سنووربەزێنەرانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە، کە ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەستیارترین قۆناغی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەکە کە پێویستی بە یەکخستنی هەڵوێستەکان هەیە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، بە بانگهێشتنامەیەکی فەرمیی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM)، رۆژی ١١ی ئابی ٢٠٢٦، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بەشدارییان لە مەراسیمی ئاڵوگۆڕی فەرماندەیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد کە لە بنکەی سەرەکیی هاوپەیمانان لە وڵاتی ئوردن بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەکەدا، کە بە سەرپەرشتیی ئەدمیراڵ براد کۆپەر، فەرماندەی CENTCOM بەڕێوەچوو، فەرماندەیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا لە مەیجەر جەنەڕاڵ کیڤن لامبێرتەوە ڕادەستی ئەدمیراڵ لیام ئێم هولین کرا. لە پەراوێزی مەراسیمەکەدا، وەزیری پێشمەرگە ستایشی هەوڵەکانی ساڵانی ڕابردووی هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد، بەتایبەتی ڕۆڵی بەرچاوی مەیجەر جەنەڕاڵ کیڤن لامبێرت لە پرۆسەی ریفۆرمی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگەدا، هەروەها هیوای سەرکەوتنی بۆ جەنەڕاڵ لامبێرت خواست و پیرۆزبایی لە فەرماندەی نوێ (ئەدمیراڵ هولین) کرد و ئامادەییی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ بەردەوامیدان بە هەماهەنگییە هاوبەشەکان دووپات کردەوە.

کۆبوونەوەی هاوبەشی سەربازی لە عەممان
هەر لە پەراوێزی ئەو سەردانەی شاندی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەدا، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی بەرگریی ئوردن، وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەدا بەڕێوەچوو. لەو کۆبوونەوەیەدا شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق، لیوا ڕوکن یوسف ئەحمەد ئەلحنێتی، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئوردن، هەروەها فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی ئوردن و سەرۆکی دەستەی ئەرکانی گشتیی سوپا و هێزە چەکدارەکانی سوریا بەشدارییان تێدا کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان لایەنە بەشداربووەکان کرا لەپێناو پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و سنووری هاوبەش، و جەخت کرایەوە لەسەر بەردەوامیدان بە کاری هاوبەش بۆ پاراستنی ئاسایشی یەکتر. لە کۆتاییشدا، ئامادەبووان جەختیان کردەوە کە پێشهاتەکانی ناوچەکە پێویستیان بە هەماهەنگیی زیاتر و تەواوکاریی هەوڵەکان هەیە، بە جۆرێک کە توانای وڵاتانی ناوچەکە بۆ پاراستنی ئاسایش، سەروەری و سەقامگیرییان بەهێز بکات.
-
"هەڕەشەکانی پاسداران و کۆتایی مۆڵەتی گرووپەکان؛ وەفدێکی باڵای پێشمەرگە لە ئوردن بەشداریی کۆبوونەوەیەکی هەستیار دەکات
|
-
"لە هێڵی سووری 'جورفلسەخر'ەوە تا پەرلەمان؛ ئایا زەیدی کۆتایی بە چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت دێنێت؟"
|
-
ململانێکان لە هورمزەوە بۆ کوردستان؛ مووشەک و درۆنەکانی ئێران ڕوویان کردووەتەوە هەرێم
|
-
"ململانێی پێکهێنانی حکومەت؛ چۆن یاری بە چارەنووسی دەرچووان کرد؟
|
-
دەیەیەک بەسەر بێدەنگکردنی پێنووسێکدا تێپەڕی؛ ساڵیادی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس وەدات حسێن
|
-
میلیشیاكان چۆن و بۆچی كۆگاى سوپاى عێراقیان كردووهته ئامانج؟
|
-
چرای سەوزی پەرلەمانی تورکیا بۆ 'یاسای چوارچێوە'؛ گواستنەوەی ئۆجەلان بۆ شوێنی نوێ و گۆڕانکاری لە پرۆسەکەدا
|
-
لەنێوان هیوای گەڕانەوە و ئاڵۆزیدا؛بۆچی لە سهرێكانێ هێرشکرایە سەر یەکەم کاروانی ئاوارە کوردەکان؟
|
-
قائانى بۆچى له بهغداد بوو؟
|
|
|
|