×

2025-01-05 269 جار خوێنراوەتەوە

ڕۆژئاوای کوردستان لەنێوان خاوەنە بنەڕەتیی و ساختەکانیدا

ناوەندی هەواڵ

لە ڕۆژئاوای كوردستان شەڕی سەخت لەنێوان شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزە تیرۆریستە بەكرێگیراوەكانی سەر بە توركیا بە پشتیوانی سوپای توركیا بەڕێوەدەچێت، ئەوان شەری مان و نەمان دەكەن، كەسانێكیش لە هەولێرەوە بە پشتیوانی پارتی و توركیا دەیانەوێت بڕیار لە چارەنوسی كوڕ و كچ و ژن و پیاوە شەڕڤانە گیان لەسەر دەستەكانی رۆژئاوا بدەن.

توركیا هێرشە داگیركارییەكانی لە ڕۆژئاوای كوردستان چڕكردووەتەوە، دەیەوێت هەرچی كردووە ڕێگربێت لە دروستبوونی ئەو ستاتۆیەی كورد دەیەوێت لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بۆ پێكەوەژیانی گەلان و ئاینەكان بنیاتی بنێن، جگە لە هەوڵی سەربازی هەوڵە سیاسییەكانیشی لەڕێگەی ئەنەكەسەوە خستووەتەكار و دەیەوێت ڕێگربێت لە دروستبوونی ستاتۆیەك لە ڕۆژئاوا كە بەدڵی نەبێت.

ئەوانەی لە هۆتێل و شوقە گرانبەهاكانی هەولێر نیشتەجێن و خۆیان بە نوێنەری ڕۆژئاوای كوردستان دەزانن لە ساڵی 2011 ەوە كە شەڕ لە سوریا سەریهەڵداوە لەهیچ شوێنێكەوە دیار نەبوون و نەیانتوانی بستێك خاكی ڕۆژئاوای كوردستان ئازاد بكەن، ئێستاش دەیانەوێت بەری ڕەنجی خەبات و ماندووبوونی كوڕان و كچانی شەڕڤان و خەڵكە شۆڕشگێڕەكەی ڕۆژئاوای كوردستان بخۆن و لەڕێگەی میدیاكانی پارتی و بەشێك لە میدیا عەرەبییەكانەوە كەوتوونەتە دژایەتی هەسەدە و پەیەدە و بەرپرسانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوای كوردستان.

چیرۆكی ڕزگاركردنی ڕۆژئاوای كوردستان

هەسەدە و پێشتریش یەكینەكانی پاراستنی گەل لە ساڵی 2011 ەوە توانیویانە شەڕی دژ بە داعش و توركیا و حكومەتی سوریا بكەن و ئێستاش ڕووبەڕووی چەتە و بەكرێگیراوەكانی توركیا دەبنەوە و لە 26% ی خاكی رۆژئاوای كوردستان و سوریایان لەژێر دەسەڵاتدایە، لە هەرێمی كوردستانیش پارتی وەك فشارێك ڕێگەنادات دەروازەكانیان بەڕوودا بكرێتەوە، ئەمەش وەك فشارێك تا ئەنەكەسە وەك نوێنەر قبوڵ بكەن و ئەو هێزەش كە لەسەر قوتی خەڵكی كوردستان بەناوی ڕۆژئاوای كوردستانەوە دروستیان كردووە بینێرنەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان و ئەو بەشەی كوردستانیش بەدەردی هەرێمی كوردستان ببەن كە دوای زیاتر لە 30 ساڵ حكومڕانی تائێستا دوو ئیدارەیە و دەستی حزب لەبری حكومەت زاڵە و كارەبا و خزمەتگوزارییەكان وەك پێویست نین و فەرمانبەر و مووچەخۆرەكانیشی دوو مانگ جارێك مووچەیەك وەردەگرن.

بەڵێ توركیا و پارتی و ئەنەكەسە دەیانەوێت چارەنوسی زیاتر لە چوار ملیۆن كوردی ڕۆژئاوای كوردستانیش بەدەردی خەڵكی هەرێمی كوردستان ببەن، لەكاتێكدا بەشێك لەو هێزانەی لەناو ئەنەكەسەدا جێیان گرتووە زۆر پێش پەیەدە و هەسەدە دروستبوون بەڵام نەك كاریگەرییان نەبووە بەڵكو لەسەردەمی ڕژێمی بەعسی سوریادا هەر نەیانتوانیوە بچنەوە سوریا، لەكاتێكدا پەیەدە كە ساڵی 2003 دروستبوو لە 2011 بە قۆستنەوەی خۆپیشاندانەكانی سوریا توانی بەشێكی زۆری خاكی ڕۆژئاوای كوردستان ڕزگار بكات.

چالاكی و ڕێكخراوەیی پەیەدە و دواتریش یەپەگە و ئێستاش هەسەدە وایكردووە هەر لەسەرەتای ڕووداوەكانی سوریاوە ئەمریكا و فەرەنسا و وڵاتانی رۆژئاوا پەیوەندییان لەگەڵ دروستبكەن و متمانەیان پێیان هەبێت.

دروستكردنی هەسەدە 

 لە ساڵی 2015 ەوە هێزە كوردییەكانی سوریا دنیابینیان فراوانتركرد و توانییان هێزێك دروستبكەن كە عەرەب و پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی دیكەش لەخۆبگرێت، ئەویش هەسەدە بوو، كە مەزڵوم عەبدی فەرماندەیی دەكات و ئێستا كەسێكی ناسراوی جیهان و متمانەپێكراوە لە سوریا.

خۆپیشاندانەكانی سوریا چۆن سەریانهەڵدا

  لە نۆی ئاداری 2011 بەهۆی گرتنی ژمارەیەك مێرد منداڵ بەهۆی نوسین لەسەر دیواری خوێندنگەكەیان لەشاری دەرعای باشوری سوریا، بڵێسەی ناڕەزایەتی دژی رژێمی ئەسەد دەستی پێكرد، لەبەرامبەردا رژێمی ئەسەد دڕندانە رووبەرووی كەسوكاری ئەو خوێندكارانە بووەوەو بووەهۆی كوژرانی ژمارەیەك هاوڵاتیی، ئەم رووبەرووبونەوانە بووە هۆی كڵپەی بەهاری عەرەبی لەسوریا. 

رۆژانی یەكەم خۆپێشاندەران داوای چاكسازیی لەحوكمڕانیی دەكرد، بەڵام زۆر خێرا گروپی چەكداریی دروستبوون و ئیدی دروشمی خۆپێشاندانەكان گۆڕا بۆ رووخان و رۆیشتنی رژێمی ئەسەد، دوای ماوەیەكی كەم خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیەكان شارە كوردستانیەكانیشی گرتەوە.

دوای چەنێك گەیشتە ڕۆژئاوای كوردستان

بڵێسەی ئەو خۆپێشاندانانە دوای چەند هەفتەیەك گەیشتە رۆژئاوای كوردستان و لەیەك كاتدا لەشاری قامیشلۆو عامودا سەریهەڵدا.

ڕۆژنامەنوس سەرتیپ جەوهەر دەڵێت:" بەماوەیەكی زۆر كەم دوای خۆپێشاندانەكان توركیا چوارچێوەیەكی سیاسی و چەندین گروپی تیرۆرستی بەناوی ئۆپۆزسیۆن دروستكرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچە كوردستانیەكانی سوریا، هاوكات چوارچێوەیەكی سیاسیشی بەناوی هاوپەیمانێتی ئیئتیلافی سوریا لەناوەڕاستی 2011 بۆ دروستكردن گوایە ژمارەیەك حزب و لایەنی ئۆپۆزسیۆنن كار بۆ رووخاندنی رژێمی سوریا دەكەن".

ئەو ڕۆژنامەنوسە دەشڵێت:"لەگەڵ دروستكردنی ئەو چوارچێوەیە لەلایەن توركیا، چوارچێوەیەكی دیكە لەهەولێر بەناوی ئەنجومەنی نیشتیمانیی كورد لەسوریا (ئەنەكەسە) لە 26 ئۆكتۆبەری 2011 لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیەنرا كە ژمارەیەك حزب و لایەنی رۆژئاوای كوردستانی لەخۆدەگرت كە نزیكی پارتی بوون. ئەو ئەنجومەنە بووە ئەندام لەو هاوپەیمانێتیەی كە توركیا پێشتر دروستیكردبوو بەناوی ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریا".

پەیەدە چۆن سودی لە دەرفەتەكە بینی

سەرتیپ جەوهەر دەڵێت:"سەرەتای دروستبوونی ئاڵۆزییەكانی سوریا، پارتی یەكێتیی دیموكرات (پەیەدە) كە لەكۆتایی 2003 و سەرەتای 2004 لەلایەن پەكەكەوە بۆ سوریا دروستكرابوو، گروپی گەنجان و رێكخستنی لەشارەكانی رۆژئاڤا دروستكردبوو بۆ خۆپێشاندان و كۆنترۆڵكردنی ناوچە كوردستانیەكان. واتە پێشوەختە رێكخستنەكانی پەیەدە دەستیان بەجموجۆڵ كردبوو، بەفیعلیش دەستیانكرد بەخۆپێشاندان و جوڵاندنی خەڵك، ئامادەبوون بۆ رزگاركردنی ناوچە كوردستانیەكان". 

حكومەتی سوریا بۆ دوورخستنەوەی مەترسی توركیاو داگیركردنی سنورەكان و كەمكردنەوەی فشاری داواكاری خەڵك بۆ رووخانی رژێمی ئەسەد، سەرەتا لەڕێی ئێران گفتوگۆی لەگەڵ پارتی و یەكێتیی كرد بۆ ئەوەی 10 بۆ 15 هەزار پێشمەرگەی باشوری بهێننە شارە كوردستانیەكان بۆ پاراستنی ئەمنیەت و دوای ماوەیەك بگەڕێنەوە، بەڵام توركیا بەو پلانەی زانی و رێگری لەو پلانەكرد.

توركیا و شۆڤێنییە عەرەبەكان چییان ویست و چییان كرد؟

سەرەتای خۆپێشاندانەكان گروپە نزیكەكانی توركیا واتە گروپە عەرەبییە شۆڤینیەكان لە قامیشلۆو شارە كوردیەكان جگە لەبەرزكردنەوەی دروشمی رووخاندنی رژێمی ئەسەد دەیانویست پشێوی لەگەڵ كورد بنێنەوە، خۆپێشاندەرانی كوردیش جگە لەداواكاری چاكسازیی لەحوكمڕانیی، داواكاری گەیشتن بەمافی نەتەوەییان دەكرد ئەمەش جیاواز بوو لەدروشمی گروپەكانی نزیك توركیا.

سەرەتا ئەو رێكخستنەكانی پەیەدە چەكی سوكیان بەردەست بوو، رێكخستنەكانیان ناونابوو ئەنجومەنی لاوان و گەنجان كە ئەوكاتە ئەوان پێیان دەوتن (تنسیقیات). دوای زیادبوونی فشاری توركیاو زیادبوونی ناڕەزایەتیەكان و گەشەكردنی گروپە ئیسلامیی و عەرەبیە شۆڤینیە توندڕەوەكان حكومەتی سوریا لەناوچە سنوریەكان كشایەوە، دواتر چەندین ناوچەی دیكەی بەبێ‌ شەڕ و بەڕێككەوتنی رانەگەیەنراو رادەستی ئەو رێكخستن و هێزەكرد كە پەیەدە دروستیكردبوو دواتر ناونرا یەكینەی پاراستنی گەل (یەپەگە).

جگە لەچەند ناوچەیەك لەناوەڕاستی قامیشلۆو ناوەڕاستیی حەسەكە كە ناونرابوون (مربع الامنی) كەرژێم تێیاندا مایەوە. ئیدی ئەو هێزەی كورد بووە هێزی سەردەست لەرۆژئاوای كوردستان و ئاسایشی هەموو ناوچەكانی گرتە دەست، ئەمەش ترسێكی زۆری لای توركیا دروستكرد.

بۆ سەرەتای 2012 پەیەدە لەڕێی ئەو هێزەی دروستیكردبوو زۆربەی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستانی كۆنترۆڵكرد كە زۆرینەی كوردنشین بوون، بەڵام ئەو ناوچانەی عەرەبنشین یان زۆرینەی عەرەب بوون كەوتە دەست هێزەكانی بەناو ئۆپۆزسیۆن، لە سەرێ‌كانیەوە تا دەگاتە گرێ سپی بەرەو كۆبانیی كە لێوارو لێواری سنوری كوردستانی باكورە، لە ساڵی 2012 بەپیشتیوانی توركیا، هێزێكی ئۆپۆزسیۆن هەوڵیاندا پەلاماری چەند شارۆچكەو گوندێك لە سەرێكانیەوە بدەن، بەڵام خێرا بەرپەرچ درانەوەو سەركەوتوو نەبوون.

لەپاڵ بوونی ئیدارەی دەوڵەت كە سەر بەرژێمی سوریابوو، لە 21ی كانونی دووەمی 2012 پەیەدە ئیدارەی رۆژئاوای كوردستانی بەناوی رێڤەبەری خۆسەر راگەیاند، واتە هەم دامودەزگاكانی دەوڵەتی دیمەشق هەبوون و هەمیش ئەو رێڤەبەرایەتیەی كورد هەبوو. 

لە 2013 بەرەی تیرۆرخوازی نوسرە لەڕێگەی چەند هۆزێكی عەرەبیی بەتایبەت هۆزی (تەی) هەوڵیدا پەلاماری چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستان بدەن، هێزەكانی یەپەگە روبەڕویان بونەوەو رێگەیان لەو هەوڵە گرت.

لە 2014 هێرش و پەلاماری یەپەگە بەرەو كۆبانی دەستی پێكردو توانیان لەسەرێكانیەوە تا كۆبانیی ئازاد بكەن و دەریان بكەن.  دواتر ئاراستەی پەلامارەكانیان بەرەو باشوری قامیشلۆ گۆڕی و توانییان چیای كەزوان كە عەرەب كردبوویان بە جەبەل عەبدولعەزیز بەرەو رۆژهەڵات تا سنوری باشوری كوردستان ئازاد بكەن. 

ئەو ناوچانە لەژێر هەژموونی هێزەكانی كورد (یەپەگە) مانەوە، دواتر گروپی تیرۆرستی داعش دروست بوو، دەستیگرت بەسەر رووبەرێكی بەرفراوانی سوریا، بەڵام ئەو هێزانەی یەپەگە رووبەروویان بوونەوەو هێدی هێدی ناوچەی جیاوازیان لێ دەستاندن و كۆنترۆڵیان دەكرد. 

سەرەتای راپەڕینەكان، لەرۆژئاوای كوردستان چوارچێوەیەكی دەستوریی دانپێدانراو نەبوو، هەروەك سازانی نیشتیمانیی و چوارچێوەیەكی سیاسی بۆ لەخۆگرتنی حزب و لایەنە سیاسیە كوردییەكانیش نەبوو. ململانێی پەیەدەو ئەنەكەسە بووە دەستپێكی كێشەوململانێی سیاسی رۆژئاوای كوردستان. لە 2012 بۆ 2014 چەندین دیدارو رێككەوتننامەكران، بەڵام هیچی سەرینەگرت و جێبەجێی نەبوون.

دوای چەند ساڵێك ئەو هێزەی رۆژئاوای كوردستان (یەپەگە) پەیوەندی لەگەڵ دامودەزگا هەواڵگرییەكانی فەرەنساو ئەمریكاو ئەڵمانیا چەند وڵاتێكی دیكەی عەرەبی و ناوچەكە بۆ دروستبوو. فەرەنسیەكان لەكۆتایی 2014 یەكەم تیمی پشكنین و بەدواداچوونیان رەوانەی رۆژئاوای كوردستان كرد، ئەمە سەرەتایەك بوو بۆ پەیوەندی پەیەدەو رێڤەبەری خۆسەر لەگەڵ وڵاتان لەسەر ئاستی ئەمنی دژ بەداعش و گروپە چەكدارە تیرۆرستەكان.

پەیدابوونی هەسەدە و دەركەوتنی كاریزمای مەزڵوم عەبدی

  لە 2015 هێزێكی نوێ‌ بەناوی هێزەكانی سوریای دیموكرات دروستكرا، ئەم هێزە سەربازییە جگە لەكورد عەرەب و پێكهاتەكانی دیكەشی لەخۆگرت بەفەرماندەیی مەزلوم عەبدی، دروستكردنی ئەم هێزە، سەرەتایەكی نوێ‌ بوو بۆ رۆژئاوای كوردستان، چونكە هێزەكە رۆڵی هێزێكی سەربازیی یەكگرتووی بینی و فەرماندەكەشی (مەزلوم عەبدێ) جگە لەرۆڵی فەرماندەیەكی سەربازیی سەربازیی، هاوكات رۆڵی رابەرێكی سیاسیشی بینی، ئەمەش وەك دیفاكتۆ باری رۆژئاوای كوردستانی كەمێك سوككرد.

بەهۆی نەبوونی چوارچێوەیەكی سیاسی و نیشتیمانیی كە لایەنەكان كۆبكاتەوە، دوای ئەوە ئەمریكاو وڵاتان وەك دیفاكتۆ لەغیابی هەڵبژاردن و چوارچێوەیەكی سیاسی، مامەڵەیان لەگەڵ مەزلوم عەبدی كرد وەك مەرجەع و رێبەری رۆژئاوای كوردستان.

ئەو هێزەی چەكدارەی كورد  رۆڵی زۆر كاریگەری بینی لەرزگاركردنی شاری كۆبانیی لەناوەڕاستی 2015 كە ببووە تەحەدایەكی گەورە بەرامبەر توركیاو تیرۆرستان. ڕزگاركردنی كۆبانیی سەرەتایەك بوو بۆ لەناوبردنی قۆناغ بەقۆناغی داعش و بەرفراوانبوونی سنوری جوگرافی رۆژئاوای كوردستان تا لەئازاری 2019 گەیشتنە شارۆچكەی باغۆز لەباشوری رۆژهەڵاتی فورات. 

بەرزگاركردنی باغۆز لەتیرۆرستانی داعش، نزیكەی تەواوی رۆژهەڵاتی فورات كەوتە دەست هێزەكانی سوریای دیموكرات.

لەماوەی 12 ساڵی رزگاركردنی رۆژئاوای كوردستان، سەرەتا ناوی ئەو رێڤەبەرییە (رۆژئاوای كوردستان) بوو، دواتر رێڤەبەری خۆسەر گۆڕی بۆ (ئەنجومەنی فیدرالی رۆژئاوا/ باكوری سوریا) دواتر لە لە شەشی ئەیلولی 2018 بەڕێوبەرانی ئەو ناوچەیە دروشمێكی نوێیان بەرزكردەوەو ناوی ناوچەكەیان كردە (رێڤەبەری خۆسەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا) هەردوو وشەی (فیدرالیی و رۆژئاڤا)یان هەڵگرت.
دوای زیاتر لە 13 ساڵ بەردەوامبوون لەدۆخی دیفاكتۆی سوریا، بەڕێككەوتنی وڵاتانی زلهێزو ناوچەكە، دەستەی تەحریری شام بەسەرۆكایەتی محەمەد جۆلانیی (ئەحمەد شەرع) دەستیكرد بەپەلاماردنی رژێمی ئەسەدو لە هەشتی كانونی یەكەمی 2024 رژێمی بەعس روخاو بەشار ئەسەدی سەرۆكی رژێمەكە بەرەو روسیا هەڵات، هێزەكانی سوریای دیموكراتیش تەواوی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فوراتیان خستە ژێر كۆنترۆڵی خۆیان و ئازادیان كرد. 

رووبەروو ژمارەی دانیشتووانی رۆژئاوای كوردستان

  ئێستا ئەو رووبەرەی لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتە لەنێوان 45 بۆ 48 هەزار كیلۆمەترە كە دەكاتە نزیكەی 26% خاكی سوریا، ئەو ناوچانەی لەژێر كۆنترۆڵی جۆلانیدایە بە ناوچەی سوەیداوە 127 هەزار كیلۆمەترە واتە نزیكەی لە 69%ی خاكی سوریا، ئەمە لەكاتێكدا پێشتر هێزەكانی جۆلانی (دەستەی تەحریری شام) لەنێوان 4 بۆ 4.5 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشەیان لەژێر كۆنترۆڵ بوو كە دەیكردە نزیكەی 2.5%ی خاكی سوریا، هاوكات ئەو ناوچانەی ئێستا لەلایەن توركیاو گروپە تیرۆرستەكانی سەربە توركیا لەناو سوریا داگیركراوە دەگاتە 9 بۆ 10 هەزار كیلۆمەتر كە دەكاتە نزیكەی 5.5% رووبەری سوریا.

بەپێی ئاماری ناڕەسمیی، ئێستا ژمارەی دانیشتوانیی سوریا سەرو 25 ملیۆن كەسە، ژمارەی دانیشتوانیی رۆژئاوای كوردستان لەنێوان 4.5 ملیۆن بۆ 4.8 ملیۆن كەس دەبێت واتە لەنێوان 18% بۆ 19%ی دانیشتوانی سوریا.

كورد لەسوریا، بەشێوەیەكی سەرەكیی لەناوچە سنورییەكانی نێوان باكورو رۆژئاوای كوردستانن كە لەمێژوودا پێی گوتراوە (بن خەت) لەشاری دێركەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە رۆژئاوای عەفرین. زۆربەی شارەكان بەسنورەكانەوە نوساون یاخود چەند كیلۆمەترێك لەسنورەكانەوە دوورن بەتایبەتیش حەسەكە.

ژمارەی دانیشتوانی كورد لەسوریا بەتەواوی دیار نییە، بەڵام دابەشبوون بەسەر سێ‌ ناوچە:
یەكەم: سنوری رۆژئاوای كوردستان، واتە ئەو سنورەی كە لەدێركەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە شاری كۆبانیی و گەورەترین شاریش حەسەكەیە كە ناوەندی پارێزگای حەسەكەیە.

ژمارەی دانیشتوانی كورد لەوناوچەیە نزیكەی دوو ملیۆن كەس دەبێت، بەهۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زۆری كوردی عەفرین و ناوچەكانی رۆژهەڵاتی عەفرین، كورد لەرۆژئاوای كوردستان لەوە زیاترە كە دەخەمڵێنرێت بۆیە بەپێی خەمڵاندنی ناڕەسمیی ژمارەی كورد لەنێوان 28% بۆ 33% باكوری رۆژهەڵاتی فورات دەبێت. 

دووەم: كورد لەشام. لەوێش ژمارەی كورد روون نییە، بەڵام باس لەوەدەكرێت كە ژمارەی كورد دەگاتە نزیكەی یەك ملیۆن. لەشام دوو دانیشتوانیی كورد هەن. یەكەمیان ئەوانەن كە لەمێژە لەشام نیشتەجێن و مێژووی نیشتەجێبوونیان دەگەڕێتەوە سەردەمی سەڵاحەدینی ئەیوبیی و كۆنتر. ئەوانە لەگەڕەكی كوردان (روكنەدین) نشتەجێن، ئەوانە زۆربەیان زمان و فەرهەنگی كوردییان لەبیرچۆتەوە تەنها ناوی خێزان و باوانیان بەكوردی ماوەتەوە. بەشەكەی دیكەیان ئەو كوردانەن كە مێژووی نیشتەجێبوونیان دەگەڕێتەوە بۆ ماوەی بەر لە 70 ساڵێك.

ئەو كوردانە بەهۆی راگوێزانی بەزۆر لەسەردەمی بەعس و بەهۆی نەبوونی و كاركردن و خوێندن هاتوونەتە شام، ئەوانە زمان و فەرهەنگی كوردەوارییان بیرنەچووەتەوەو پەیوەندییەكی توندیان لەگەڵ شارە كوردستانیەكان هەیە هاتوچۆی كەسوكاریان هەیە لەشارە كوردستانیەكان.

سێیەم: حەلەب و باكوری حەلەب، ئەو كوردانەی لەهەردوو گەڕەكی گەورەی حەلەب (شێخ مەقسودو ئەشرەفیە) نیشتەجێن، هاوكات ئەو كوردانەی لە عەفرین و دەوروبەری و بەشێكیشیان لەرۆژئاوای عەفرین لەچیای كوردان (جەبەل ئەكراد) نیشتەجێن، بەپێی خەمڵاندن ژمارەی كورد لەو ناوچەیە دەگاتە نزیكەی یەك ملیۆن.

سەرئەنجام ژمارەی كورد لە سوریا بەپێی خەمڵاندنی ناڕەسمیی، بەهەر سێ‌ ناوچە دەگاتە نزیكەی چوار ملیۆن كورد لە سوریا واتە ژمارەی كورد لەسوریا دەگاتە نزیكەی 12%ی دانیشتوانی سوریا. 

چارەنوسی رۆژئاوای كوردستان دوای رووخانی ئەسەد

  بەدڵنیاییەوە گرنگترین پرسیار هەموومان بیكەین چارەنوسی رۆژئاوای كوردستانە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، وەڵامی ئەم پرسیارە زووەو زەحمەتە، بەڵام دەكرێت كورتەی شیكارییەك بخەینە روو، واتە ئەگەرو پێشیهاتەكان بخەینە روو.

بەپێی ئەو بارودۆخ و گۆڕانانەی دەیبینین، رێكخستنەوەی سوریا زۆر زەحمەتترە لەوەی پێشبینی دەكرا. ئەو گرفتانەی بەردەم سوریای دوای ئەسەدو حوكمڕانانی نوێی ئەو وڵاتەن بریتیە لە:
یەكەم: چارەسەركردنی گرفتی ناوچە داگیركراوەكانی توركیا. ئاسان نییە توركیا بەمزوانە دەستبەرداری ئەو گروپە چەكدارانە بێت كە نزیكەی لە 5.5% خاكی سوریایان بەدەستە.

دووەم: چارەسەركردنی پرسی كورد كە ئێستا زیاتر لە چارەكی خاكی سوریای بەدەستەو خاوەنی هێزێكی 120 هەزار چەكدارییەو پشتیوانییەكی گەورەی ئەمریكاو ئەوروپای هەیە.

سێیەم: چارەسەركردنی گرفت و داخوازیی دروزەكان كە نزیكەی لە 5%ی سوریا پێكدێنن، ئێستا هێزی چەكدارو ناوچەی جوگرافیی و رابەرێكیان هەیە بەناوی شێخ حیكمەت هیجری.

چوارەم: چارەسەركردنی  گرفتی عەلەوییەكان دوای رووخانی ئەسەد، ئەو پێكهاتەیە كە نزیكەی لە 11% بۆ 12%ی دانیشتوانی سوریا پێكدێنن، هەم ئێران پشتیوانیان دەكات و هەمیش خاوەنی مەرجەعیەتێكی داخراوی عەلەوین.

پێنجەم: پرسی نوسینەوەی دەستور یەكێك دەبێت لەكێشە زۆر ئاڵۆزەكانی داهاتووی ئەو وڵاتە، چونكە پێویستی بەلێزانیی و وردەكاریی زۆر هەیە، بەتایبەتیش ئەو گروپەی ئێستا سەردەستن، ئیسلامیی رادیكاڵن، رێككەوتن لەسەر شێوەی بەیەكەوە ژیانی گروپە ئیتنی و سیاسیەكان زۆر زەحمەت دەبێت.

سەرباری ئەو گرفتانەی بەردەم سوریا بەگشتیی و حوكمڕانانی ئێستای دیمەشق، بەڵام گەشبینیەك سەبارەت بەداهاتووی كوردستان هەستی پێدەكرێت لەبەر ئەم هۆكارانە:

یەكەم: رووخانی ئەسەد بەپێی رێككەوتنێكی پێشوەختە بوو، دوای رووخانی ئەسەدیش هەڵسوكەوتی جۆلانیی و گروپی تەحریری شام گۆڕانی زۆر گەورەی بەسەردا هاتووە، پێدەچێت سنورێكیان بۆ دانرابێت و رێنەدرێـت دەربازی ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكرات بن.

هەرچەندە هەموو چاودێران پێیانوایە جۆلانیی گورگە لەپێستی مەڕ، نایەوێ ئێستا هیچ لێدوانێك یان جموجۆڵێك بكات دەرگای كێشەی زیاتر لەخۆی بكاتەوە، بەڵام ئەگەر هێزی هاتەوە بەر ئەوا دەیەوێت هەموو سوریا بخاتە ژێر ركێفی خۆی و ئایدۆلۆژیای رادیكاڵانەی خۆی جێبەجێبكات. 

كۆبوونەوەی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع

  لەچەند رۆژی رابردوو لەفرۆكەخانەی زومێر لەگوندەواری دیمەشق كۆبونەوەیەكی رانەگەیەنراو لەنێوان مەزلوم كۆبانیی و جۆلانیی بەئامادەبوونی ئەمریكاییەكان ببوو، بەڵام بەوتەی ڕۆژنامەنوس سەرتیپ جەوهەر "ئەنجامەكەی باش نەبوو، چونكە لەلایەك جۆلانی بڕوانەبوونی خۆی بەفیدرالیی بەئاشكرا دەربڕی بوو، لەلایەكی دیكە بەعەقڵیەتی دەوڵەتێكی مەركەزیی تێروانینی خۆی بۆ ئایندەی سوریا دەربڕیبوو".

دووەم: ئەو هێزەی كۆنترۆڵی دیمەشقیكردووە هێزێكی ئیسلامیی سیاسیی رادیكاڵە، وڵاتانی ئەمریكاو ناوچەكە بەتایبەت ئیسرائیل لێی دڵنیا نین بۆیە پێویستیان بەهێزێكی دیكەی هەیە لەناو سوریا بۆ پارسەنگكردنی هێزو دڵنیایی لەهەڵسوكەوتی تاكڕەوی دەسەڵات لەدیمەشق، بۆیە بەهەموو ئەگەرێك دەست بەكورد یان هێزەكانی سوریای دیموكرات دەگرن كە هێزێكی علمانی چەپە.

سێیەم: رێگریكردن لەتوركیاو ناردنی هێز بۆ كۆبانیی تا توركیا لەرووباری فورات نەپەڕێتەوە، ئاماژەیەكی روونە كە سنوری ئێستای رێڤەبەری خۆسەر، ناوچەیەكی فیدراڵیی یان رێڤەبەری خۆسەرەو سنورەكەشی رۆژهەڵاتی فوراتە. خستنەخوارەوەی فرۆكەی بێفرۆكەوانی بەیرەقداری تورك لەماوەی چەند رۆژی  رابردوو لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات و گواستنەوەی هاوكاریی سەربازیی لەڕێی دەروازەی قائیم لەعیراقەوە ئاماژەیەكی روونە كە ئەمریكا رێگا بەتوركیا نادات سنوری روباری فورات ببەزێنێت و ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان داگیربكات.

چوارەم: هێزەكانی سوریای دیموكرات وەك باشترین هێزی هاوبەش و شەریكی ئەمریكا دەبینرێن، ئەمریكا پێویستی بەو هێزە هەیە تاوەكو لانیكەم بەشێكی سوریا لەهەژموونی توركیا بپارێزێت كە ئێستا خەریكە دەست بەسەر دیمەشقدا بگرێت.

پێنجەم: بەنزیكەی لە 90%ی نەوت و گازی یەدەگ و دۆزراوەی سوریا دەكەوێتە رۆژهەڵاتی فورات كە ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایە، بۆیە ئەمریكا هەم بۆخۆی و هەمیش بۆ ئەوەی نەكەوێتە ژێر دەستی دیمەشق پێویستی بەپاراستنی ئەو ناوچەیە هەیە.

 

  • ڕۆژئاوای کوردستان لەنێوان خاوەنە بنەڕەتیی و ساختەکانیدا

  • 2024 ساڵی ڕووداوە کتوپڕ و سەرنجڕاکێشەکان

  • ئەو کەسەى هوجام سورچی سەربڕی کوژرایەوە

  • سعودیە ووڵاتی لە سێدارەدان

  • زۆرێك لە وڵاتان داوای پاراستنی كوردانی ڕۆژئاوا دەكەن؛ بەڵام حكومەتی هەرێم بێدەنگە

  • زیندانی ئاكرێ میراتێك لە بەعسەوە بۆ پارتی

  • ئێران؛ کۆچکردنی گەنجان لە ئەنجامی سەرکوتکاری دەسەڵات

  • پلانی توركیا بۆ سوریا چییە؛ كێ لە ڕووداوەكانی سوریا زیان دەكات؟

  • ژیاننامه‌ى به‌شار ئه‌سه‌د له‌ پزیشكى چاوه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تى سوریا تا ساتى هه‌ڵاتنى

سەرەکی