2025-02-19 176 جار خوێنراوەتەوە

پارتی ده‌مێكه‌ پرسی كوردی له‌پێناوی پاڕه‌و نه‌وتدا له‌بیركردووه‌

ڕۆژی ( ١٧ ) شوباتی ( ٢٠٢٥ ) كۆمه‌ڵێك له‌ جوتیارانی كورد له‌ ناوچه‌ی شه‌ناغه‌ و سه‌رگه‌ڕان له‌ پارێزگای كه‌ركوك دوای بێومێدبوون له‌ چاوه‌ڕوانییه‌ بێوه‌ڵامه‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی مافه‌كانیان هه‌وڵیان دا زه‌وییه‌كانیان بكێڵێن، به‌ڵام سوپای عێراق و پۆلیسی چالاكییه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی كه‌ركوك ڕێگری لێكردن .
 کێشە و هێرشە بەردەوامەکانی سوپای عێراق و ڕێگریکردن لە جوتیارانی کورد لەکاتێکدایە بەرله‌ مانگێك په‌رله‌مانی عێراق پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان په‌سه‌ند كردووه و دوێنێ سێشەممە ( 18 - 2 - 2024 ) پرۆژە یاساکە لە وەقائیقی عێراق بڵاو کرایەوە .‌. 
په‌رله‌مانی عێراق تایبەت بەپرسی چارەسەری گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان، پرۆژه‌ "یاسای دەسەڵاتی داواکاری خانووبەرە"ی به‌ ژمارە (13)ی ساڵی ( 2010 )ی ده‌ركردووه‌، کە ئامانجی لێی گەڕاندنەوەی مافی خانووبەرەیە بۆ خاوەن شەرعیەکانیان کە لە نێوان ( 13 )ی تەمموزی ( 1968 ) تا ( 9 )ی نیسانی ( 2003 ) بە هۆکاری سیاسی، نەتەوەیی، ئایینی یان تائیفی لەدەستیان داوە. 
ده‌ستووری عێراق له‌ مادده‌ی ( 140 )دا ڕێگه‌ چاره‌ی ڕیشه‌ی پێشنیازكردووه‌، لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی ( 140 )ی دەستووری کۆماری عێراق ناوچە جێناکۆکەکانی عێراق بەو ناوچانە پێناسە دەکات کە گۆڕانکاری دیمۆگرافی و سیاسەتی بەعەرەبکردنی لەسەر دەستی ڕژێمی سەدام حوسێنی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ له‌ ساڵی( 1968 ) بۆ ( 2003 ) و لە ماددەکەدا میکانیزمێکی دیاریکردووە کە سێ قۆناغ لەخۆدەگرێت:
 یەکەم - ئاساییکردنەوەیە: واتە "چارەسەرکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی لە پێکهاتەی دیمۆگرافی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکاندا ڕوویانداوە لە سەردەمی ڕژێمی سەدام .
 دووەم - سەرژمێری دانیشتوانی ئەو ناوچانە .
سێیەم - ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە بۆ دیاریکردنی ئەوەی دانیشتووانیان چییان دەوێت، پێش ( 31 )ی کانوونی دووەمی ( 2007 ) .

ئێستا ( 18 ) ساڵ به‌سه‌ر واده‌ی كۆتایی چاره‌سه‌ركردنی ڕیشه‌یی كێشه‌ی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان تێده‌په‌ڕێت كه‌ ده‌ستووری عێراق به‌ ده‌نگدانی گشتی خه‌ڵكی كوردستان و عێراق په‌سه‌ندیان كردبوو، له‌ماوه‌ی نزیكه‌ی ( 20 ) ساڵی دوای په‌سه‌ندكردنی ئه‌و ده‌ستووره‌، خه‌ڵكی كوردستان ده‌زانن حزبه‌ كوردییه‌كان له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا له‌بری چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو ئه‌و گرفتانه‌ی ده‌بوو چاره‌سه‌ری بكه‌ن، بەردەوام وەک کارتێکی گەرم و بەبازاڕکردن و بانگەشەی خۆیان ناوچەکانیان بەکارهێناوە .‌

هاوڵاتی کورد سته‌م و زوڵمی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتدار و كلاسیكییه‌كانی كوردییان ئه‌زموون كردووە

 حزب و حکومەتی هەرێم بە پێی لێدوان و شرۆڤەی چالاکوان و تەنانەت هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە لە موسڵەوە بۆ كه‌ركوك و خانه‌قین و شه‌نگال و ناوچه‌كانی تر( 12) ساڵ ڕه‌فتاری پڕ سته‌م و زوڵمی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتدار و كلاسیكییه‌كانی كوردییان ئه‌زموون كردووە ..
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە:  پارته‌ كوردییه‌كان له‌ماوه‌ی نه‌ك ( 20 ) ساڵی ڕابردوودا، به‌ڵكو ( 34 ) ساڵی ڕابردوودا سه‌رقاڵی به‌دیهێنانی ژیانێكی شاییسته‌ و ئازادانه‌ نه‌بوون بۆ مرۆڤی كورد، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌ی دروشمه‌كانی سه‌رده‌می شۆڕشی شاخه‌وه‌، خۆیان بوون به‌‌ سه‌ربارێكی تر، كه‌ سته‌م و زوڵم و سیاسه‌تی گه‌نده‌ڵانه‌ی ناوه‌نده‌كانی حوكمڕانیان له‌ سلێمانی و هه‌ولێر هه‌میشه‌ به‌غدای سه‌د ساڵی ڕابردووی وه‌بیری پیر و جه‌وانی كورد هێناو‌ته‌وه .
ئەو کاتەی کورد نیوەی خاکەکەی لەدەستدا بەشێک لە هاوڵاتیان وه‌ك هه‌لێك بۆ ڕزگاربوونی خۆیان له‌ سته‌م و ململانێی هه‌رزانه‌ی پارته‌ كوردییه‌كان ته‌ماشای لەدەستچوونی خاکەکەیان ده‌كرد ‌.
شرۆڤەکاران پییان وایە پارتە کوردیەکان بە دەسەڵات و بەناوئۆپۆزسیۆنەوە ئەوەی  ەرهەم هێناوە کە ئێستا و داهاتوو لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان ڕوودەدەن، هاوکات پییان وایە  لەو ٣٤ساڵەدا کە کورد دەسەڵاتی هەبووە چ لە هەرێم یان لە عێراق،نەیانتوانیوە نه‌ك مرۆڤی كوردی ئازاد بكەن و مافه‌كانی بۆ بگه‌ڕێننەوە‌، به‌ڵكو له‌سته‌مێكه‌وه‌ گواستویانەتەوە بۆ سته‌مێكی تر، به‌جۆرێك ئه‌و ڕۆژه‌ی ( 16 )ی ئۆكتۆبه‌ری ( 2017 ) وه‌ك دوانه‌ و ده‌رئه‌نجامێكی سیاسه‌تی نادانایانه‌ی ڕیفراندۆم ڕویاندا و تێیدا كورد نزیكه‌ی نیوه‌ی ئه‌و خاكاکەی لەدەستدا به‌شێكی گه‌وره‌ له‌ خه‌ڵكی كورد له‌و ناوچانه‌دا‌ وه‌ك هه‌لێك بۆ ڕزگاربوونی خۆیان له‌ سته‌م و ململانێی هه‌رزانه‌ی پارته‌ كوردییه‌كان ته‌ماشایان ده‌كرد
پارتی ده‌مێكه‌ پرسی كوردی له‌پێناوی پاڕه‌و نه‌وتدا له‌بیركردووه‌
 دیمه‌نی په‌لاماری سوپای عێراق بۆسه‌ر جوتیارانی كورد بەرچاوی دنیاوە لەکاتێکدایە،( 22 ) ساڵه‌ كورد به‌شدارێكی كارایه‌ له‌ بونیادنانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی تازه‌ی عێراقدا، كورد سه‌رۆك كۆمار و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و ده‌یه‌ها په‌رله‌مانتار و پۆستگه‌لێكی فره‌ی دیكه‌ی سەربازی و ئیداری له‌ عێراقی نوێدا هه‌یه‌ و هەربۆخۆیان کۆڵەکەی ڕاگرتن و دروستکردنەوەی عێراق بوون .
روداوی ڕاکێشانی جامانەی ملی جوتیارەکەی کەرکوک و ئه‌وه‌ی له‌ناوچه‌ جێناكۆكان ڕوو ده‌دات ڕوداوێکی تەواو ڕاسته‌قینه‌یه‌،  ئەو ڕووداوە پێش ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی شۆڤێنی یان ئایدۆلۆجیای عه‌ره‌بیی عێراق بێت له‌ دژی كورد، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌ حزبه‌ كوردییه‌كانی باشوور نه‌ك ته‌نیا به‌ ئه‌ركی خۆیان هه‌ڵنه‌ستاون له‌چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفتانه‌دا، به‌ڵكو له‌ پێناوی ئامانجگه‌لێكی تری كه‌سی و حزبی هه‌موو ئه‌و پرسانه‌یان له‌بیر كردووه .‌‌

شرۆڤەکارانی سیاسی ترسیان هەیە 
هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان پێیان وایە : دیمه‌نی په‌لاماری سوپای عێراق بۆ سه‌ر جوتیارانی كورد له‌ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی هه‌رێم، ده‌بێت له‌ هه‌ڵچوونی سۆزدارانه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رستی‌ دەربچێت نەکرێتە کارتی بانگەشە و نەکرێتە هەلی زێڕین بۆ پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان، لە سەرویانەوە پارتی دیموکراتی کوردستان كه‌ ده‌مێكه‌ پرسی كوردی له‌پێناوی پاڕه‌و نه‌وتدا له‌بیركردووه‌ و ڕێگە نەدرێت ئەو حزبە و میدیاکانیان به‌ گوتاری نه‌ته‌وه‌یی بێکردار میلله‌ت جارێکی دیکە له‌ خشته‌ بباته‌وه، هاوکات ناکرێت و نابێت  .‌.
به‌یاننامه‌ به‌ په‌له‌كانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و نوسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حزبە دەسەڵاتدارەکان و ئه‌وانی دیکەش بۆ ئیدانه‌كرنی ڕه‌فتاری ناپه‌سه‌ندی سوپای عێراق له‌به‌رامبه‌ر جوتیاری خاوه‌ن مافی كورددا ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی كۆی دیمه‌نه‌كه‌مان له‌بیر بباته‌وه‌.
شرۆڤەکارانی سیاسی ترسیان هەیە لەوەی ئەم کێشە و شەڕفرۆشتنە بەردەوامانەی سوپای عێراق و هاوردەی عەرەب بۆ ناوچەکان و بیڕێزیکردن بە مرۆڤی کورد بکرێنە کارتی بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردن و پارتە کوردییەکانیش هەروا تەماشای بکەن و لێگەڕێن کێشەکان لەوە قورستر و مەترسیدارتر بن بەو پێیەی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری ( 2025 ) عێراق له‌پێشن و حزبه‌ كلاسیكییه‌كانی كوردستان تینووی ڕووداوگه‌لێكی له‌و چه‌شنه‌ن تا بازاڕی ناسیۆنالیستی خۆیان پێ گه‌رم بكه‌ن، له‌بەرامبەردا چاره‌سه‌رنه‌بوونی گرفته‌كانی جوتیارانی شه‌ناغه‌ و سه‌رگه‌ڕان و هه‌موو ناوچه‌ دابڕاوه‌كان، ده‌بێت وه‌ك شكست و وه‌ك هه‌لێك بۆ لۆمه‌كردن و سزادانیان ته‌ماشا بكرێت.
هەر وەک ئەوەی دڵداری شاعیر دەڵێت پێش ئەوەی ئه‌ی ڕه‌قیب به‌زارماندا بێت وا باشتره‌ له‌گه‌ڵ "پیره‌مێرد"دا بڵێین
وه‌فدی کوردستان میلله‌تفرۆشان
هه‌رزه‌وه‌کیلی شاری خامۆشان
ده‌سکێ له‌ گوڵه‌که‌ی باخه‌که‌ی سه‌را
که‌ به‌ خوێناوی میلله‌ت ئاو درا
بیبه‌نه‌ به‌رده‌م عه‌رشی عێراقی
بڵێن یار باقی، هه‌م سوحبه‌ت باقی
په‌رده‌ و تارای سوور به‌رن بۆ ئه‌میر
بڵێن دوای کوشتار، هێشتا تۆی دڵگیر
ده‌ک خه‌جاڵه‌ت بن له‌ ڕووی مه‌حشه‌را
ئێمه‌ خاکی خه‌م ئه‌که‌ین به‌ سه‌را
ئێوه‌ش ئه‌و عه‌رشه‌ی به‌ خوێن گوڵڕه‌نگه‌
سه‌جده‌ی بۆ ئه‌به‌ن، هیچ ناڵێن نه‌نگه‌
یان وه‌ك "شێركۆ بێكه‌س" باشتره‌ وه‌ك ته‌عبیرێك بۆ كۆی دیمه‌نه‌كه و بۆ فه‌لسه‌فه‌ی حوكمڕانی حزبه‌ ناسیۆنالیسته‌ كلاسیكییه‌كانی كورد له‌ هه‌رێم‌ بڵێین:
من گوێم لێیە
لێرە خاک
نرکە نرکێتی و ئەناڵێنێ و
ئەوەندەیان لێ دزیوە
لەمسەرەوە هەتا ئەوسەری فیدڕاڵی
هەموو جەستەی کوناودەرە !

 

  • پارتی ده‌مێكه‌ پرسی كوردی له‌پێناوی پاڕه‌و نه‌وتدا له‌بیركردووه‌

  • دانانای قه‌یوم له‌ ئانوساتی دیالۆگی ئاشتی ڕووی ڕاستی بیركردنه‌وه‌ی توركی له‌به‌رامبه‌ر دیالۆگی ئاشتی ئاشكرا ده‌كات

  • لەبەرامبەر سوتانی هۆتێلێك لەتوركیا دێنە دەنگ

  • لە بایكۆتەوە بۆ مانگرتن

  • ​قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان كۆتاییان نایەت؛ یاسای خانەنشینی قەیرانە نوێیەكە

  • ناوه‌ڕۆكى ڕێككه‌وتنه‌كه‌ چییه‌؟

  • ڕۆژئاوای کوردستان لەنێوان خاوەنە بنەڕەتیی و ساختەکانیدا

  • 2024 ساڵی ڕووداوە کتوپڕ و سەرنجڕاکێشەکان

  • ئەو کەسەى هوجام سورچی سەربڕی کوژرایەوە

سەرەکی