×

2024-04-23 150 جار خوێنراوەتەوە

بەشێک لە حزبەکانی رۆژهەڵات بارەگاکانیان لە هەرێم چۆڵکردووە

دۆسیەی تایبەت


حزبی دیموکراتی بارەگاکەی خۆی لە کۆیە کە بە قەڵای دیموکرات ناسراوە چۆڵکرد، لەجێگەی ئەو هێزێکی ئاساییشی سەر بە پارتی جێگیرکراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆیە، بە دەزگای میدیایی ئیرادەی راگەیاند؛ حزبی دیموکرات ماوەی سێ رۆژە سەرقاڵی چۆڵکردنی بارەگاکەیانن و ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە بەتەواوەتی قەڵای دیموکرات چۆڵکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد؛ لەدوای چۆڵکردنی ئەو بارەگایە، هێزێکی ئاساییشی رۆژهەڵاتی هەولێر کە دەوترێت سەر بە پارتین هاتەنەتە ناوچەکە و لە بارەگاکەی دیموکرات جێگیرکراون.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشکرا کرد؛ حزبی دیموکرات بەنیازی چۆڵکردنی بارەگاکەی نەبووە، تا ئەو کاتەی بافڵ تاڵەبانیی سەرۆکی یەکێتی نامەیەکی فەرمیی ئاراستە کردوون و چەند بەڵێنێکی پێداون و داوای چۆڵکردنی بارەگاکەی لێکردوون.

چۆڵکردنی ئەو بارەگایە لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان عێراق و ئێراندایە، کە حکومەتی ئێران بەم دواییانە رایگەیاند تا ١٩ی ئەیلول واتە سبەی سێشەممە چاوەڕێی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەکەن و دواتر هێرش دەکەنە سەر ئەو ناوچانەی پارتە کەردییەکانی تێدا جێگیرکراون.

بەپێی رێککەوتنەکە دەبێت پارتییە کوردییە چەکدارەکانی رۆژهەڵات کە لەناو هەرێمی کوردستاندان، لە شوێنێکدا جێگیر بکرێن کە لانیکەم ١٠٠ کیلۆمەتر لە سنووری ئێرانەوە دووربێت.

محەمەد شەیاع سوودانی رۆژی هەشتی ئەیلوول رایگەیاند؛ عێراق بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە و سێ هەزار سەربازی ئامادەکردووە.

زیاتر لە شەش حزبی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری هەرێمی کوردستان بارەگا و چالاکییان هەیە، مێژووی هەندێکیان لە هەرێمی کوردستان نیو سەدەی تێپەڕاندووە.

پێش چۆڵکردنی بارەگاکەی دیموکرات لە کۆیە، پارتی ئازادی کوردستان بارەگاکانی خۆی لە پردێ چۆڵکرد و هێزەکانی گواستەوە بۆ شوێنێکی دیکە.

لە سنوری سیدەکان و باڵەکایەتیش، چەند هێزێکی حزبەکانی رۆژهەڵات هەبوون، ئەوانیش شوێنەکانی خۆیان بەجێهێشت، بەڵام پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان ئامادەنین لەژێر هیچ فشارێکدا بارەگا و سەنگەرەکانیان رادەست بکەن.

زاگرۆز هیوا وتەبێژی کۆما جڤاکێ کوردسان بە دەزگای میدیایی ئیرادەی راگەیاند: پارتی هێزی ناردووەتە ناوچەکە و دەیەوێت دەست بەسەر ئەو شوێنانەدا بگرێت کە حزبەکانی رۆژهەڵات لێی کشاونەتەوە، بەو شێوەیەش مەترسیی بۆسەر گەریلاکان دروستدەکات.

وتەبێژەکە وتیشی: پارتی لەژێر ناوی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق ئەو کارە دەکات و دەیەوێت وا پیشان بدات کە پلانەکە عێراق جێبەجێی دەکات، بەڵام لە راستیدا پلانەکە هی دەزگای میتە و پارتی دەیەوێت پێکدادان لەنێوان گەریلا و هێزەکەیدا دروستبێت بۆئەوەی بە جیهان بڵێت گەریلا شەڕ لە دژی سوپای عێراق دەکات، بەوەش بیانووی بە تیرۆرستناساندنی دەتسبکەوێت.

هەر دوێنێش هەڵگورد نەجیب، سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بەدەم دۆخی ناوچەکەوە بێن و رێگە بە روودانی شەڕ نەدەن.
وتیشی “چەند رۆژێکە ئاڵۆزییەکی زۆر لەنێوان هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق و هێزەکانی پەکەکە لە سنوری سیدەکان هەیە و ئەگەری پێکدادانی فراوانی سەربازیی لەئارادایە”.

پێشتریش فەریق جەبار یاوەر، بریکاری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم رایگەیاندبوو؛ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکەی نێوان تاران و بەغداد بۆ چەککردنی حزبەکانی رۆژهەڵات کارێکی ئەستەمە و بەدیریدەزانێت وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە؛ بەشێک لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئامادە نین چەک دابنێن و تەنانەت ئامادەیی ئەوەشیان تێدا نییە شوێنەکانیان بگۆڕن.

لەدوای هەڕەشەکەی ئێرانەوە، شەش حزبی کوردیی رۆژهەڵات، بەیەکەوە راگەیەنراوێکیان بلاوکردەوە  وداوایان لە خەڵکی رۆژهەڵات کردبوو لە یادی شەهیدکردنی ژینا ئەمینیدا کە دەکەوێتە ١٩ی ئەیلول، خۆپیشاندان و مانگرتنی سەرتاسەری ئەنجام بدەن.

ئەوەش وەکو دروستکردنی فشارێکی مەدەنیی توند لەسەر حکومەتی ئێران لێکدەدرێتەوە بۆئەوەی لە هەنگاوەکانی بۆ بۆردوومانکردنی بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵات پاشگەز ببێتەوە.

  • ساڵیادی کۆمەڵکوژیی دێرسیم

  • ڕێگای گەشەپێدانی تورکیا عێراق ئێران پرۆژەیەک کە کورد بۆ ١٠٠سالی ڕابردوو دەگێڕێتەوە

  • سێ مووچە دەفەوتێت؛ کێشە داراییەکانی هەولێر و بەغداد قوڵتر دەبنەوە

  • ئێن ئاڕ تی تێکەوت؛ وردەکاریی رێککەوتنی نێوان پارتی و نەوەی نوێ ئاشکرا بوو

  • زیندان و راوەدوونان؛ دوو دیارییەکەی دەستی کابینەی نۆیەم بۆ رۆژنامەنووسان

  • کۆتای ئێزدییەکان؛ 29 کاندید شەڕ لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەک دەکەن

  • سێ شار و سێ دیداری نێودەوڵەتیی؛ خەرجکردنی دەیان ملیار دینار بەبێ هیچ سوودێک

  • پاکتاوکردنی نەیارەکانی مالیکی؛ سەدر و حەلبووسی پاشان بارزانی

  • وردەکاری و هۆکاری دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا بوو

سەرەکی