×

2024-04-23 162 جار خوێنراوەتەوە

هەڵوێست کاردانەوەکان لەبارەی بۆردوومانی فڕۆکەخانەی عەربەت

دۆسیەی تایبەت


پاشنیوەڕۆی دوێنێ دووشەممە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی لە ناحیەی عەربەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی کردە ئامانج و بەهۆیەوە چەند ئەندامێکی هێزەکانی دژەتیرۆری سلێمانی کە لەو شوێنە راهێنانیان دەکرد، بوونە قوربانیی.

رووداوەکە بەشێکە لەو زنجیرە چڕە درێژخایەنەی هێرشی ئاسمانیی کە ساڵانێکە لەلایەن تورکیاوە بەردەوامیی پێ دەدرێت و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان لە زاخۆ هەتا گەرمیانی کردووەتە ئامانج.

لەبارەی رووداوەکەوە، دابان عارف بەڕێوەبەری ناحیەی تانجەرۆ، زانیاری پەیامنێر و میدیاکانی پشتڕاستکردەوە کە شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و سێی دیکەش بریندار بوون، سەرجەم قوربانییەکانیش لەکاتی رووداوەکەدا لەناو ئەو فڕۆکەخانەیەدا سەرقاڵی راهێنانی سەربازیی بوون.

لایەنە فەرمییەکان چیان وت؟

چەند کاتژمێرێک لەدوای رووداوەکە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری (سەر بە یەکێتی) راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردوە “رووداوەکە کە بەچاوساغی نۆکەرانی بێگانەو سیخوڕانی ناوخۆیی ئەنجام درا بێ سزا تێناپەڕێت و هەر لایەن و جاسوسێک هاوکاربووبیت رووبەڕووی سزاو یاساو ویژدانی نەتەوەکەمانی دەکەینەوەو  تۆڵەی شەهیدەکانمان لە ئەستۆی ئێمەیە و ناهێڵین خوێنی گەشیان  بەهەدەربڕوات.” به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی دژه‌ تیرۆر وای وتوه‌.”

دواتر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند “ئەمە پێشێلکردنێکی دیکەی سەروەری خاکی عیراقە کە لەڕێی فرۆکەی بێ فرۆکەوانەوە ئەنجامدراوە بۆ سەر هێزەکانی دژە تیرۆر، لە کاتێکدا ئەو هێزە سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنانی ئاسایی و رۆژانەی خۆیان بوون”.

تاڵەبانی داواش دەکات لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی عێراق بێنە سەرخەت و کار بکەن بۆ رێگریکردن لەوەی جارێکیتر ئەو پێشێلکارییانە دووبارە نەبنەوە.

لەبارەی رووداوەکەوە جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ” بۆ هەموو لایەکمان ڕوونە کە ئامانج لەو کردەوە پڕ لە شەرمەزاری و ترسنۆکانەدا تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستانە “.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت “داوا لە وڵاتانی ناوچەکە دەکەین ڕێز لە سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عیراق بگرن، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتحادیی و هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەین کۆتایی بە ناکۆکییە ناوخۆییەکان بهێنن و، خۆیان و وڵاتەکەمان لە هەر ململانێیەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بەدوربگرن و شکۆو سەروەریی نیشتمانیی وڵات؛ بپارێزن.”

“دەبینە دەستی پۆڵایین”

لە دوو راگەیەنراوی جیاوازدا ئاساییشی گشتی سلێمانی و فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆ، باسیان لەوەکردوە دەبنە دەستی پۆڵایین بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکان.

فەرماندەیی کۆماندۆ لە راگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە “بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییەكە دەكەین، كە لە چوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە، كە ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنووری سلێمانییە، ماوەیەكە هەر جارە و بە بیانویەك ئەم سنورە دەكرێتە ئامانج.”.

“براكانمان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر دڵنیا دەكەینەوە، كە پێكەوە دەبینە دەستێكی پۆڵاین بۆ ڕیسواكردنی بەكرێگیراوان و خاك فرۆشان و چاوساغانی بێگانە و ناهێڵین خوێنی گەشی شەهیدانمان بە هەدەر بڕوات، كە مەرامیان وەك ڕۆژی ڕووناك دیارە.” راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كۆماندۆی كوردستان وای وتوه‌.

 دواتر ئاساییشی گشتی سلێمانیش لە راگەیەنراوێکی هاوشێوەدا ئەوەی خستوەتەڕوو؛ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی کوردستان هیچ پاساواێکی نیە، دوپاتیشدەکەینەوە هەمووان پێکەوە دەستێکی پۆڵاین دەبین بۆ لەگۆڕنانی مەرامی دوژمنان و هەموو ئەوانەی چاویان بە ئارامی کوردستان هەڵنایەت.

هەڵوێستی لاوازیی سیاسییەکان

هەرچەندە رووداوەکە شەهید و برینداری لێکەوتەوە، بەڵام زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان تائێستاش خۆیان بێدەنگکردووە لەوەی هیچ قسەیەک لەبارەی رووداوەکەوە بکەن.

تائیستا هیچیەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان، نەوەی نوێ، یەکگرتوی ئیسلامیی و چەند حزبێکی دیکە ئامادە نەبوون هیچ قسەیەک لەبارەی رووداوەکەوە بکەن.

ئەو حزب و لایەنانەی کە راگەیەنراویان لەبارەی رووداوەکە بڵاوکردوەتەوە، هاوشێوەی رووداوەکانی دیکە مامەڵەیان لەگەڵکردووە و تەنها سەرکۆنەیان کردووە و هیچ قسە و هەڵوێستێکی نوێ لە راگەیەنراوەکانیاندا بەدیناکرێت.

پەیامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لەبارەی رووداوەکە، توندترین پەیام بوو، ئاماژەی بەوەکردووە؛ ئەم جۆرە پەلاماردانە دوژمنكاریانەی سەر هەر بستێكی هەرێمی كوردستان بە پەلاماردان بۆ سەر بەشێكی جوگرافیای عیراقیش دەزانین، پەلاماردانی هەر یەكەیەكی هێزەكانی هەرێمی  كوردستان كە لە پێكهاتەی هێزە  چەكدارەكانی عیراق و لە دەستوری هەمیشەییدا بە رەسمی  ناسێندرابێت، مانای  پەلاماردانە بۆ سەر مەنزومەی ئەمنی و سەربازی عیراقیش، بۆیە جارێكی تر داوا و تەئكید لە حكومەتی فیدراڵی عیراق دەكەینەوە كە چیتر نابێت لە ئاست ئەم پەلاماردانە ترسنۆك و دوژمنكاریانەی داگیركەراندا بێدەنگی هەڵبژێرن و دوژمنان بە وڵاتەكەمان خۆش بكەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە؛ داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوەندە ئازادیخوازەكانی دونیا دەكەین كە هاودەنگمان بن لە گەیاندنی پەیامی ریسواكردنی  ئەم جۆرە تاوانانە و بكەرەكانیان كە بوونەتە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر تێكرای مرۆڤایەتی.

محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆشیال دیموکراتی کوردسیان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە؛ “ئەم هێرشە و کۆی پەلامارە ناڕەواکانی سەر هەرێمی کوردستان پێماندەڵێن، دوژمنانی گەلەکەمان سەرخان و ژێرخانی ئابوری، هاووڵاتی سڤیل، سیاسەتمەدار، جوتیار، پێشمەرگە و ڕەز و باخەکانی کوردستان بە دوژمنی خۆیان دەزانن و هەرکات دەرفەتیان هەبێت کەمتەرخەمی ناکەن لە کاولکردنی”.

لەبارەی هەمان رووداوەوە بزوتنەوەی گۆڕان لەرێگەی وتەبێژەکەیەوە ئەوەی خسوتوەتەڕو “ئەم ڕوداو و پێشهاتانە، زەنگێکی مەترسیدارن بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان، لەبەرئەوە ئەرکی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادییە، لێکۆڵینەوەی ڕژد بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی هێرشەکان و سنوردانان بۆ ئەم جۆرە دەستدرێژییە بکەن، بێئەوەی تەنیا وەک ڕوداوێکی ئاسایی و دوبارەوەبو وەربگیرێت و تێپەڕێت.”

پارتی و سەرۆکایەتییەکانی هەرێم بێدەنگن

تائێستا نە هیچ بەرپرسێکی پارتی، نە هیچ یەک لەو دەزگا و دامەزراوانەی بەدەست بەرپرسانی پارتییەوەن هیچ هەڵوێست و راگەیەنراوێکیان لەبارەی هێرشەکەوە نەبووە.

سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی حکومەت و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی دادوەری، لەژێر هەژموونی پارتیدان، ئەو سێ سەرۆکایەتییە تائێستا بە یەک وشەش باسیان لە رووداوەکە نەکردووە.

ئەو بێدەنگییەی پاەتی و بەرپرسانی لەکاتێکدایە کە زۆرێک لە چاودێران و لایەنە سیاسییەکان، پارتی تۆمەتبار دەکەن بە هاوکاریکردنی کردنی تورکیا لە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستاندا.

هەڵوێستی عێراق لەبارەی رووداوەکە

یه‌حیا ڕه‌سوڵ وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی خستوەتەڕوو؛ كاتژمێر 5:00ی ئێواره‌ی ڕۆژی دوشه‌ممه‌ 18ی‌ ئه‌یلول، فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وان له‌ودیو سنوری توركیاوه‌ هاتۆته‌ ناو خاكی عێراق‌ و فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌تی له ‌پارێزگای سلێمانی بۆردومانكردوه‌، به‌هۆیه‌وه‌ سێ قاره‌مانی ده‌زگای دژه‌تیرۆر شه‌هیدبون ‌و سێ قاره‌مانی تریش برینداربون.

ئاماژەی بەوەشکردووە؛ ئه‌م ده‌ستدرێژییه‌ پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی ‌و ئاسایش ‌و یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراقه‌ و پێشێلكاریی ‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاشتی ‌و ئاسایش له‌ ناوچه‌كه ‌و جیهان ‌و پێشێلكردنی بڕگه‌كانی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ‌و بنه‌ماكان ‌و ئامانجه‌كانی جاڕنامه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانه‌.

وتەبێژە عێراقییەکە دەشڵێت “ئه‌م هێرشه‌ دوباره‌بوانه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌مای په‌یوه‌ندیی باشی دراوسێیه‌تی نێوان وڵاتان ناگونجێن‌و هه‌ڕه‌شه‌ن بۆسه‌ر هه‌وڵه‌كانی عێراق بۆ بونیادنانی په‌یوه‌ندییه‌كی باش‌و هاوسه‌نگی سیاسی‌و ئابوری‌و ئه‌منی‌و هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ دراوسێكانیدا”.

وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان دووپاتیدەکاتەوە “عێراق مافی خۆیه‌تی كۆتایی به‌م پێشێلكارییانه‌ بهێنێت”.

  • ساڵیادی کۆمەڵکوژیی دێرسیم

  • ڕێگای گەشەپێدانی تورکیا عێراق ئێران پرۆژەیەک کە کورد بۆ ١٠٠سالی ڕابردوو دەگێڕێتەوە

  • سێ مووچە دەفەوتێت؛ کێشە داراییەکانی هەولێر و بەغداد قوڵتر دەبنەوە

  • ئێن ئاڕ تی تێکەوت؛ وردەکاریی رێککەوتنی نێوان پارتی و نەوەی نوێ ئاشکرا بوو

  • زیندان و راوەدوونان؛ دوو دیارییەکەی دەستی کابینەی نۆیەم بۆ رۆژنامەنووسان

  • کۆتای ئێزدییەکان؛ 29 کاندید شەڕ لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەک دەکەن

  • سێ شار و سێ دیداری نێودەوڵەتیی؛ خەرجکردنی دەیان ملیار دینار بەبێ هیچ سوودێک

  • پاکتاوکردنی نەیارەکانی مالیکی؛ سەدر و حەلبووسی پاشان بارزانی

  • وردەکاری و هۆکاری دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا بوو

سەرەکی