هەریەک لە پارتی، یەکێتی و گۆڕان سێ کەناڵی نوێی میدیایی دەکەنەوە و بەپێی بەدواداچوونەکان؛ تێچووی مانگانەی هەریەک لەو کەناڵانە زیاتر لە ٣١٠ هەزار دۆلارە.
کەناڵە نوێکەی پارتی ناوی (ئاڤا میادیا)یە، لەلایەن ئارین مەسرور بارزانییەوە خاوەندارێتیی دەکرێت، بەڕێوەبەرەکەی ناوی بەهێز شێخ کامیلە، ئێستا کەناڵەکە لە قۆناغی راهێنانی تیمەکانیدایە، بڕیار وایە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەست بە پەخش بکات.
کەناڵە نوێکەی یەکێتی ناوی (کەناڵ هەشت)ە، لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە خاوەندارێتیی دەکرێت و ئەحمەد نەجم کراوە بە بەڕێوەبەر، تائێستا نزیکەی ٣٠٠ کەسی وەرگرتووە و بڕیارە پێش مانگی ١٢ دەست بە پەخش بکات.
کەناڵە نوێکەی گۆڕان، ناوی (سبەی)یە لەلایەن چیا نەوشیروان مستەفاوە خاوەندارێتیی دەکرێت، توانا عوسمان بەڕێوەبەری کەناڵەکەیە و تائێستا نزیکەی ٣٠ کەس لە تیمەکەی وەرگرتووە و بڕیار وایە لە بەهاری ساڵی داهاتوودا دەست بە پەخش بکات.
بەپێی بەدواداچوونەکانی دەزگای میدیایی ئیرادە؛ دامەزراندنی هەریەک لەو کەناڵانە، زیاتر لە ملیۆنێک دۆلاری تێچووە، هاوکات خەرجیی مانگانەی هەریەکێکیان زیاترە لە ٣١٠ (٣١ دەفتەر دۆلار).
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەریەک لە پارتی و یەکێتی و گۆڕان، چەندین دەزگای میدیای دیکەیان هەیە و هەریەکەشیان خاوەندارێتی لە چەندین کەناڵی ئاسمانیی دیکە دەکەن، بۆ نموونە پارتی خاوەندارێتی لە کەناڵەکانی؛ رووداو، کوردستان٢٤ و کوردستان تیڤی و زاگرۆس تیڤی دەکات. یەکێتی چەندین کەناڵی هەیە وەکو؛ کوردسات، کوردسات نیوز، گەلی کوردستان و کەرکوک تیڤی، گۆڕانیش کەناڵیکی ئاسمانیی هەیە بەناوی کەی ئێن ئێن.
کردنەوەی بەردەوامی کەناڵ و میدیای نوێ لەلایەن ئەو حزبانەی بەشدارن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە کە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تائێستا کە کۆتایی مانگی دەیە مووچەی مانگی هەشتیان وەرنەگرتووە. بەرپرسانی ئەو حزبانە بەردەوام باس لە بوونی قەیرانی دارایی و کێشەی پارە دەکەن، بەڵام بۆ ئۆرگان و میدیا حزبییەکانیان هیچ کێشەیەکی دارایی لە ئارادا نییە.
دەزگای میدیایی ئیرادە زانیویەتی؛ بەشێکی زۆر لە میدیاکانی یەکێتی مووچەکانیان لەسەر یەکەی حەفتای هێزەکانی پێشمەرگەیە و بەشێک لە میدیاکانی پارتییش لەسەر هێزەکانی هەشتایە و دوو کەناڵە گەورەکەی پارتیش بە داهاتی نەوت و هەردوو پاڵاوگەی کار و لانیاز بەڕێوەدەبرێن.