دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتیی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق محەمەد حەلبوسی هێنا، ئەوەش دوای ئەوەی کە دەرکەوت ناوبراو نووسراوێکی فەرمیی ساختەکردووە.
لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبەردەم دادگای باڵای فیدراڵییەوە قسەی بۆ میدیا عێراقییەکان کرد و باسی لەوە کرد کەیسەکەی لە دادگا لە محەمەد حەلبوسی بردووەتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد “دادگا منی بە دەست لەکارکێشاوە دانا، ئەمە ئاساییە و سپاسیان دەکەم، بەڵام هەواڵە گرنگەکە ئەوەیە بەهۆی ساختەکردنی نووسراوی فەرمییەوە محەمەد حەلبووسی لە ئەندامێتی و سەرۆکایەتی پەرلەمان دوورخرایەوە”.
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی، دانیشتنەکەی ئەمڕۆ پەیوەستبووە بەو سکاڵایەی کە لەلایەن لەیس دلێمییەوە تۆمار کراوە، سکاڵاکەش داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری نیابیی ژمارە پێنجی رۆژی ١٥ی مانگی یەکی ئەمساڵە، کە تێیدا دەستلەکارکێشانەوەی لەیس دلێمی راگەیەنراوە و لەلایەن محەمەد حەلبووسییەوە واژۆکراوە.
نووسراوەکەی حەلبووسی پشتی بە مادەی ١٢ی یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (پەیڕەوی ناوخۆ) بەستووە، لەو ماددەیەشدا باس لە هۆکارەکانی دوورخستنەوەی ئەندامی پەرلەمان کراوە.
بەڵام لەیس دلێمی دەڵێت “گونجاندنی دۆخی من لەگەڵ یەکێک لە بڕگەکانی ئەو مادەیە بەشێوەیەکی ساختە بووە و لەراستیدا ئەو مادەیە بۆ دەکردنی من بەکارهێناوە و بڕیارەکە سیاسیی بووە بۆیە داوای مافی خۆم دەکەم و دەبێت هەمووان بزانن حەلبوسی ساختەکاریی کردووە”.
لەیس دەشڵێت: نووسراوی دەستلەکارکێشانەوە بەناوی منەوە پڕکراوەتەوە و واژۆی کراوە، من هەرگیز ئەو کارەم نەکردووە، ئەوە ساختەکراوە.
لەیس یەکێک بوو لە کادیرە دیارەکانی حزبی تەقەدوم کە لەلایەن حەلبووسییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، پێش ئەوەی کێشەکەیان بگاتە ناو هۆڵی پەرلەمان و بگوازرێتەوە بۆ دادگا، حەلبووسی لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوو لەیسی لە حزبەکەی دەرکرد.
ئەم پرسە هاوکاتە لەگەڵ قووڵبوونەوەی ناکۆکیی لایەنە جیاوازەکانی ناو پێکهاتەی سوونە، بەشێوەیەک کە لە ماوەی رابردوودا، چەندین جار لایەنە سووننەکان هەوڵی دوورخستنەوەی محەمەد حەلبووسیان داوە و سەرکەوتوو نەبوون.
دیارترین سەرکردەی سیاسیی سووننە کە دژی حەلبوسی کار دەکات بریتییە لە خەمیس خەنجەر، ناوبراو چەندین جار لەگەڵ هۆزە عەرەبەکان کۆبووەتەوە و لەگەڵیان رێککەوتوە کە دژی حەلبووسی کار بکەن و هەوڵی بێڕۆڵکردنی بدەن.