ڕۆنووس
2024-08-23
173 جار خوێنراوەتەوە
ڕۆنووس: بە ئامانجکردنی ڕۆژنامەنووسان ئەوپەڕی شکستە و نابێت لێی بێدەنگ بین
ناوەندی هەواڵ
فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ “ڕۆنووس” لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، بەداخەوە بەیانیی ئەمڕۆ 23ی ئاب2024 لە نزیک قەزای سەیدسادق لە بۆردومانێکی درۆنییدا سێ ڕۆژنامەنووسی کەناڵی ستێرک کرانە ئامانج و لە ئەنجامدا دوو ڕۆژنامەنووسیان گیانیان لە دەستدا و ئەوی تریشیان بە سەختی برینداربوو.
دەقی ڕاگەیەندراوی فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ “ ڕۆنووس”.
بەداخەوە بەیانیی ئەمڕۆ 23 ئاب لە نزیک قەزای سەیدسادق لە بۆردومانێکی درۆنییدا سێ ڕۆژنامەنووسی کەناڵی ستێرک کرانە ئامانج و لە ئەنجامدا دوو ژنە ڕۆژنامەنووس گیانیان لە دەستدا و یەکێکی تریشیان بە سەختی برینداربوو.
ئێمە لە فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ“ ڕۆنووس” وێڕای بە توندی ئیدانەکردنی هێرشەکە، کارەکە بە هەوڵێکی ترسنۆکانە و پێشێلکردنی سەرجەم بنەما و بەندەکانی مافی مرۆڤ دەزانین و پێمان وایە دەستبردن بۆ ژیان و گیانی ڕۆژنامەنووسان لە ململانێ سەربازیی و ئەمنیەکاندا کارێکی زۆر نامرۆڤانە و شەرمهێنەرە بۆ ئەنجامدەرانی.
هێڕش وپەلاماری تیمی ڕۆژنامەنووسان لەژێر هیچ ناوێکدا جێگەی نابێتەوە لە یاسا نێودەوڵەتیەکاندا بە تاوانی جەنگ هەژمار دەکرێت و ئەنجامدەرانی سەرکۆنە دەکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
ئێمە لە ڕۆنووس داوا دەکەین فشارێکی ناوخۆیی و دەرەکی بەرفراوان دروستبکرێت بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرش و پەلامارانەی کە ژیان و گیانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی خستۆتە مەترسیەوە و داگیرکارانی خاکەکەمان بەناوی ڕووبەڕووبونەوەی دوژمنەوە هەر ڕۆژە و لە شوێنیکی ئەم نیشتمانەوە گیانی هاونیشتمانیەکانمان دەکەنە قوربانی و ئێستا کار گەشتۆتە ئەوەی دەست ببرێت بۆ ژیانی ڕۆژنامەنووسانیش.
داوا لە حکومەتی هەرێم و عێراق و دەزگا فەرمیەکان دەکەین خۆیان بە بەرپرسیار بزانن بەرامبەر ئەو هێرش و پەلامار و داگیرکایە بەردەوامانەی کە ڕۆژانە لە هەرێمی کوردستان دوژمنانی گەلی کورد ئەنجامی دەدەن و چیدی تەنها تەماشاکاری کوشتنی ڕۆڵەکانی کورد نەبن.
داواکارین لە کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان هەنگاوی جدی بنێن بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە و هەموان پابەند بکەن بە پاراستنی گیانی ڕۆژنامەنووسان لە ململانێ سەربازی و ئەمنیەکاندا.
پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانیەکان و تەواوی ڕۆژنامەنووسان و کەناڵی ستێرک و هاوڕێیانی هەردوو ڕۆژنامەنووس دەکەین و دەخواین خوێنی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە ببێتە هەوێنی کۆتاییهاتنی هێرش و پەلاماری دوژمنانی نەتەوەی کورد و کۆتاییهێنان بە ستەم و داگیرکاری دوژمنان.
فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ “ ڕۆنووس”.
23ی ئابی 2024
|