وێنەی کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی
2025-01-18 251 جار خوێنراوەتەوە

پارتی و یەكێتی نزیكن لەوەی لەسەر پێكهێنانی حكومەت ڕێكبكەون

ناوەندی هەواڵ

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گفتوگۆكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان پارتی و یەكێتی نزیكن لەوەی بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی لەبارەی پێكهێنانی حكومەت، بەڵام وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەت ڕەتیدەکاتەوە پۆستەکان لەنێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستەکان کرابێت.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گفتوگۆكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ "ئیرادە میدیا" ئەوەی ئاشكراكرد گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی 10 ی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە، پارتی و یەكێتی نزیكن لەوەی بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی".

بەوتەی سەرچاوەكە، لە كۆبوونەوەی نێوان بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ڕۆژی پێنجشەممە 16 ی كانونی دووەمی 2025 بەڕێوەچوو، بافڵ تاڵەبانی لاری نەبوونی خۆی نیشانداوە كە مەسرور بارزانی ببێتەوە بە سەرۆكی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانیش ڕێككەوتوون".

بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، بڕیارە بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی چاویان بەیەكتر بكەوێت و ڕێككەوتنی كۆتایی لەبارەی پۆستەكانی كابینەی 10 ی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت.

لەلایەكی دیكەوە، بەوتەی سەرچاوەیەكی بەشدار لە كۆبوونەوەكانی پارتی و یەكێتی، سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم، لەگەڵ وەزارەتەكانی سامانە سروشتییەكان و تەندروستی و پەروەردە بۆ پارتی یەكلابووەتەوە، پارتی نەرمی نواندووە وەزارەتی ناوخۆ ڕادەستی یەكێتی بكات لەگەڵ وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا و پلاندانان و چەند وەزارەتێکیش ماوە یەکلاببێتەوە، لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی حكومەت بە دەسەڵاتی زیاترەوە.

بەڵام سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئیرادە میدیای وت:"لە هەندێک کەناڵ باسی دابەشکردنی پۆستەکان لەنێوان یەکێتی و پارتی کراوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک و لە هیچ کۆبوونەوەیەک باسی ئەو بابەتە نەکراوە".

وتیشی "ئەوەی باسکراوە تا ئێستا ئەوەیە لیژنەی تەکنیکی هەردوولا نوسراوێکیان سەبارەت بە داڕشتنی شێوازی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان ئامادەکردووە".

بە وتەی سەمیر هەورامی "دوای پەسەندکردنی نوسراوەکە لەلایەن لیژنەی باڵای یەکێتی و پارتی باس لە پۆستەکان دەکرێت".

لەدوای كەمتر لە مانگێك لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، رۆژی 30 ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو پارتی یەكێتی یەكەم كۆبوونەوەیان لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە سلێمانی ئەنجامدا و جەختیان كردەوە كە كۆبوونەوەكە ئەرێنی بووە و قۆناغی پاش هەڵبژاردنیان تاوتوێكردووە و ئامادەییان دەربڕیوە بۆ درێژەدان بەكۆبوونەوەكانیان.

لە هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، كە لە 20ی تشرینی یەكەمی 2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموكراتی كوردستان 39 كورسی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 23 كورسی بەدەستهَنا.

لە هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمان، پارتی دیموكراتی كوردستان 45 كورسی، یەكێتی نیشتمانیی كوردستان 21 كورسی، بەدەستهێنا و بەهاوبەشی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كە 12 كورسی پەرلەمانی هەبوو، هەروەها سۆسیالست و پێكهاتەكانی توركمان و مەسیحی، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمیان پێكهینا، پۆستی سەرۆك وەزیران لەلای پارتی و جێگری سەرۆك وەزیران لای یەكێتی بوو، هەروەها نۆ وەزارەت لای پارتی، پێنج وەزارەت یەكێتی و چوار وەزارەتیش لای بزووتنەوەی گۆڕان بوو، مەسیحییەكان   و پارتی سۆسیالستیش هەریەكە و وەزارەتێكیان بەركەوتبوو.

 

  • باسی مووچەیەكی ساڵی ڕابردووی نەكرد

  • "بەرپرسان جیاوازیی لەنێوان كەناڵەكان دەكەن"

  • ڕێككەوتنی پێشوەخت بۆ پەسەندكردنی

  • نهێنی كۆبوونەوە بەپەلەكانی نێوان شاندی هەرێم و بەغداد بۆ پرسی مووچە و بودجە ئاشكرابوو

  • زانیاریی له‌باره‌ى كۆبوونه‌وه‌كان؛ به‌غداد نه‌رمى نواندووه‌ و هه‌رێم ڕه‌تیكردووه‌ته‌وه‌

  • ئەردۆغان چۆن دەیەوێت ترەمپ وا لێبكات پشت بكاتە كوردانی ڕۆژئاوا؟

  • یەكێتی و پارتی كۆبوونەوەكانیان خێراتر دەكەن

  • چی لە پشت پەردە دەگوزەرێت؟

  • ڕۆژئاوا بەرەیەكی دیكەی شەڕی بۆ زیادبوو

سەرەکی