2025-04-12 139 جار خوێنراوەتەوە

جەمیل بایك: دانانى چەک بەبێ مەرج خۆکوژییە

هاوسەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)  رایگەیاند، ئامانج لە چەكداماڵین دیاریكراوە،  ئەگەر بەبێ مەرج چەك دابنێین واتا بەدەوڵەتی توركیا دەڵێن، بێن ئێمە لەناوببەن و بمانكوژن، ئەمە خۆكوژییە، هیچ كەسێك ئەم جۆرە خۆكوژییە قبوڵ ناكات،  لە ناوەڕۆكی گفتوگۆ و دەرەنجامی دانوستانی نێوان رێبەر ئا*پۆو نوێنەرانی دەوڵەت لە زیندانی ئیمراڵی بێخەبەرین.

جەمیل بایك هاوسەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە میانى دیمانەیەكدا لەگەڵ كەناڵی (بی بی سی فارسی) رایگەیاندووە، رێبەری ئێمە ئاپۆ لە 27ی شوباتی 2025دا مانفێستێكی راگەیاندو داوای ئاشتی و دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی دیموكراتی كرد، لەسەر ئەم بنەمایە داوای راگرتنی چالاكییە سەربازییەكان و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكەی كرد، كۆمیتەی ناوەندیی پەكەكە وەڵامی ئەرێنیی ئەم داواكارییەی رێبەر ئاپۆی دایەوەو رایگەیاند ئامادەیە بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی.

دەشڵێت، توركیا تائێستا هێرشەكانی رانەگرتووەو رۆژانە بە درۆن و فڕۆكەو تانك و تۆبخانە ئێمە بۆردومان دەكات، لەم بارودۆخەدا توانای جێبەجێكردنی بڕیاری كۆمیتەی ناوەندیی پەكەكە نییە، دەوڵەتی توركیا دەبێت ئەم هێرشانە رابگرێت بۆ ئەوەی كۆنگرە ببەسترێت و لەبارەی داواكارییەكانی رێبەرمان گفتوگۆو بڕیاری پێویست بدرێت، بۆ بەدیهێنانی ئەم بڕیارانە دەبێت دۆخی ژیانی رێبەری ئاپۆش باشتر بكرێت و زەمینەی گونجاو بۆ چالاكی ئەو بڕەخسێت.

بایک وتى، ئێمەین جددین، دەمانەوێت رێگەچارەی سەربازیی بۆ چارەسەری دۆزی كورد بخەینەلاو، لەرێگەی سیاسی و یاسایی چارەسەری بكەین، دەمانەوێت توركیا ناچار بكەین كە چەند هەنگاوێك هەڵگرێت، ئەمە ئەو شتەیە كە ئەمڕۆ هەوڵی بۆ دەدەین. تائێستا هیچ جۆرە پەیوەندیی، دانوستان یان گفتوگۆیەك لەنێوان ئێمەو دەوڵەتی توركیادا نەكراوە. رێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمرالی لەگەڵ ئەواندا گفتوگۆ دەكات؛ لە دەقی پەیوەندی و خواستەكانی رێبەر ئاپۆوە روونە كە ئەو لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەت لە زیندانی ئیمرالی دانوستانی كردووە، ئێمە لە ناوەڕۆكی ئەو گفتوگۆیانەو دەرەنجامی دانوستان بێخەبەرین، ئەوەی كە دەبوو لەرێگەی خەباتی چەكدارییەوە بەدەستبهاتایە، بەدەستهاتووە، خەباتی چەكداری ئەوكات.

بایک لەوەڵامى ئەو پرسیارەى کە ئاخۆ بەر لە بڵاوكردنەوەی بانگەوازەكەی ئۆجەلان، رێبەرانی پەكەكە ئاگاداری گفتوگۆی ئۆجەلان و دەوڵەتی توركیا بوون، ئاماژەى بەوە کردووە، ئاپۆ لەبارەی پێشنیاری چەكدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە هەرگیز لەگەڵ كەس مامەڵە یان سازشێكی نەكردووە، ئەو باوەڕی بەخۆی هەیەو بەتەنیایی بڕیاریداوە كە ئەو بابەتە بەرەو پێش ببات، چونكە دەیەوێت دۆزی كورد بەرەو ئاڕاستەی سیاسی و یاسایی ببات و بەمشێوەیە پرسی كورد چارەسەر بكات، بۆ بەدیهێنانی ئەمە دەبێت دەوڵەتی توركیاش بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵگرێت و هەنگاوی پێویست بگرێتەبەر. 

بەوتەى بایک، چەكداماڵین واتا ئامادەبوون بۆ مەرگ، ئێمە هێشتا نەمردووین، دەوڵەتی توركیا دەیەوێت كورد لەناو ببات، ئێمەش لەبەرامبەر ئەم سیاسەتەدا راوەستاوین و رادەوەستین، ئەگەر بەبێ مەرج چەك دابنێین واتا بەدەوڵەتی توركیا دەڵێن بێن ئێمە لەناوببەن و بمانكوژن، ئەمە خۆكوژییە، هیچ كەسێك ئەم جۆرە خۆكوژییە قبوڵ ناكات، ئامانج لە چەكداماڵین دیاریكراوە، ئەگەر مەرجەكان فەراهەم نەبن ئێمە بەردەوامین دەبین لە بەرگریكردن لە خۆمان و بەردەوامی دەدەین بە تێكۆشینی خۆمان.

 

  • کەسوکاری ئەنفالکراوان داوای دادگاییکردنی جاش و موستەشارەکان دەکەن

  • پارتى لەڕێگەى تورکیاوە نەوتى بە قاچاغ براو بە ئیسرائیل دەفرۆشێت و پەرلەمانتارێکیش وردەکارییەکانى ئاشکرایدەکات

  • سوودانی: ئەنفال روخساری ناشرین و رەگەزپەرستانەی رژێمی بەعسی لە دژی گەلەكەمان و ئاشكرا كرد

  • سبەی دەنگ لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەدرێت

  • جەمیل بایك: دانانى چەک بەبێ مەرج خۆکوژییە

  • پەروین بوڵدان: پرۆسەی چارەسەری بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت

  • نۆیەمین دیدارى سلێمانى دەستپێدەکات

  • پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە یەکلادەکرێتەوە

  • سودانی سەردانی هەرێم دەکات

سەرەکی