2025-05-04 168 جار خوێنراوەتەوە

سەردەمی دەسەڵاتداریی دوو پارتە ناسراوەکەی بەریتانیای کۆتاییهات

ناوەندی هەواڵ

هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی بەریتانیا سەردەمی دەسەڵاتداریی دوو پارتە ناسراوەکەی بەریتانیای کۆتایی پێهێنا و ئێستا پارتێکی نوێ، بە دیدگایەکی توند بەرامبەر پەنابەر و کۆچبەران پێشەنگە و پێدەچێت چوار ساڵی داهاتوو بۆ پەنابەرانی بەریتانیا ئاڵۆز و پڕ لە ئاڵنگاری و دەردەسەری بێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەڵبژاردنی ناوخۆیی شارەوانییەکانی بەریتانیا و هەڵبژاردنە لاوەکییەکانی پەرلەمان بەڕێوەچوو، بەپێچەوانەی ئەوەی زۆرینە چاوەڕێی بوون کە جارێکی دیکە پارتی کرێکاران کە ئێستا سەرۆکوەزیرانی بەدەستە سەرکەوتن بەدەستبهێنێتەوە،  پارتی ڕیفۆرم بە سەرۆکایەتی "نایجێل فاراج" توانی زیاتر لە 30٪  دەنگەکان بەدەستبهێنێت و دەیان کورسی شارەوانییەکان بۆخۆی مسۆگەر بکات.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا هاتنە پێشەوەی ڕاست ڕەوە توندڕەوەکان بەدیدەکرا، ئەوانەی کە سیاسەتی دژە کۆچبەریان پەیڕەو دەکرد، بەڵام لەناو بەریتانیا ئەمە یەکەمجارە شتێکی وەها ڕووبدات.

پارتی ڕیفۆرم  بە سەرۆکایەتی "نایجێل فاراج" بە باڵێکی جیابووەوەی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا دادەنرێن، کەسایەتییەکانی ناو ئەم پارتە لە ڕابردوودا پشتگیری هاتنەدەرەوەی بەریتانیایان دەکرد لەناو یەکێتی ئەوروپا، ئێستاش لە ڕێی ئەم حزبەوە سیاسەتەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن کە گرنگترینیان"سیاسەتی دژە کۆچبەرییە"کە لەناو کەسانی پارێزگارە سپی پێستەکان ڕەواجێکی زۆریان هەیە.

ئەوان دەیانەوێت نەک هەر کۆتایی بە کۆچی نایاسایی بهێنن بۆ بەریتانیا، بەڵکو ئامانجیشیان ئەوەیە سەرجەم کۆچبەرانی ناو وڵات دووبارە فلتەربکرێنەوە و زۆرینەی هەرە زۆریان دیپۆرت بکرێنەوە کە لەوانەیە کورد لەمەدا پشکی شێری بەرکەوێت.

نایجێل فاراج لە سیاسەتکردندا دەیەوێت لاسایی دۆناڵ ترەمپ بکاتەوە و ئەوەشی نەشاردووەتەوە، جیا لەوەی سیاسەتی کارکردنیان نزیکە لەیەکەوە، لە شێوازی قسەکردن و هەڵبژاردنی وشە و دەستەواژە و ئەو بابەتانەی سەرنجی خەڵک ڕادەکێشن، دەقا و دەق ترەمپە بەس بە تامی کەسێکی بەڕیتانی.

شتەکە هەر تەنها لە قاڵبی سیاسەت و لێکچوون نەماوەتەوە، بەڵکو باس لەوە دەکرێت کە ئەوە دۆناڵد ترەمپە، پارەی پێویستی دابینکردووە بۆیان تا بە کەیفی خۆیان لە بانگەشەدا خەرجی بکەن، هەر ئەوەندە نا بەڵکو بە تەنها باس لە ترەمپ ناکرێت بۆ خەرجکردنی پارە بۆیان، بەڵکو ناوی ئیلۆن مەسک دەبرێت کە پارەی بۆ ئەم حزبە نوێیەی بەریتانیا دابینکردبێت، تا ئەویش لە داهاتووی بەریتانیادا شوێنێک بۆ بازرگانیەکەی خۆی بکاتەوە.

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی سەبارەت بەو هەڵبژاردنە دەنوسێت "دوای سەددەیەک، بۆ یەکەمجار دیمەنێکی نوێی سیاسی دەبینن کە کۆتایی بە دیمەنی سیاسیی دوو حیزبیی فەرمانڕەوا هێنا. "

ساڵی ڕابردوو پارتی کرێکارانی بەریتانیا بە بەدەستهێنانی 33٪ ی دەنگەکان توانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بباتەوە، کە لاوازترین بردنەوە بووە لە مێژووی وڵاتەداکەدا ئێستا کە پارتە نوێکە پشتیوانی 30٪خەڵکی بەریتانیای لەگەڵە و ڕۆژانەش ئەم پشتیوانییە زیاد دەکات، بە دوور نازانرێت لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا و لە هەڵبژاردنەکانی ئایندە بتوانێت  داهاتووی وڵاتەکە و پۆستی سەرۆکوەزیران بۆخۆی مسۆگەر نەکات.

  • روسيا ئاگربەستی راگەیاند، ئۆكرانیاش رەتیدەكاتەوە

  • پاپای نوێی ڤاتیكان هەڵدەبژێردرێت

  • سبەى ئەحمەد شەرع دەچێتە فەرەنسا و کۆشکی ئیلیزێش دەڵێت: پشتگیری سوریایەکی ئازاد و سەقامگیر و فرە پێکهاتە دەکەین

  • سەردەمی دەسەڵاتداریی دوو پارتە ناسراوەکەی بەریتانیای کۆتاییهات

  • وەزیری بەرگریی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیل دەکات

  • نامانەوێت ململانێیەکی نوێ لەناوچەکەدا سەرهەڵبدات

  • بەتەمەنترین کەسی جیهان کۆچی دواییکرد

  • دیمەشق و درووزەکان گەیشتنە رێککەوتن

  • پەرلەمانتارێكی ئێران: ئیسرائیل لەپشت تەقینەوەكەی بەندەر عەباسەوەیە

سەرەکی