2025-05-08 191 جار خوێنراوەتەوە

نەتەوە یەکگرتووەکان: لە تورکیا پێشکەوتن نییە، پێشێلکاری بەردەوامە!

ئیرادە میدیا

لە دانیشتنی پێداچوونەوەی خولی جیهانی (UPR)ی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان، ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا تاوتوێ کرا.

49هەمین دانیشتنی گرووپی پێداچوونەوەی خولی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 28 ی نیسان لە ئۆفیسی ژنێڤ دەستی پێ کرد و تا 9ی ئایار بەردەوام دەبێت،لە دانیشتنەکەدا  ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا تاوتوێ کرا.

نوێنەری 193 وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداری دانیشتنەکە بوون، لە دانیشتنەکەدا پێشنیارییەکانی ساڵی 2020 بۆ تورکیا، هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا.

ڕەخنەکان لە سەر پێشێلکردنی مافەکان

نوێنەرانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایانگەیاند، تورکیا لە بواری مافەکانی مرۆڤدا زۆر پاشەکشەی کردووە، بە توندیش ڕەخنەیان لە تورکیا گرت کە پێشنیارەکانی پێشووی جێبەجێ نەکردووە و یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری هەموار نەکردووەتەوە و ئەو یاسایانە بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزیسیۆن بەکارهێناوە، هاوکات ئەندامانی بەشداربوو داوایان کرد یاساکان بەگوێرەی پێوەرە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ هەموار بکرێنەوە.

لای خۆیەوە، باڵیۆز محەمەد کەمال بۆزای، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا لەدانیشتنەکەدا بانگەشەی ئەوەی کرد لە چەند ڕووییەکەوە، بەتایبەت لەڕووی دادوەرییەوە ڕیفۆرمی جددییان کردووە.

ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان: لە چەند بوارێکدا پێشێلکاری بەردەوامە

ڕاپۆرتی پسپۆڕانی کۆنسەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا، لە ڕاپۆرتەکەدا جەختکراوەتەوە، لەڕووی سەربەخۆی دادوەری و ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی گردبوونەوە و ڕێکخستن و هەلومەرجی زیندانەکان و تێکۆشان دژی جیاکاری، لە چەندین بواردا پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەردەوامە.

گۆشەگیری قبوڵ ناکرێت

لە ڕاپۆرتەکەدا بەبێ ناوهێنانی ئۆجەلان، باس لە هەلومەرجی گۆشەگیری کراو ڕاگەیەندرا کە لە تورکیا جیاکاری لەسەر بنەمای زمان و ئینتیک و ئایین دژی کەمینەکان بەردەوامە، کۆمەڵگەکانی وەک کورد و عەلەوی و ڕۆمان بەزەحمەت دەستیان دەگات بە خزمەتگوزاری گشتی و پەروەردە و کار بۆیە دووپاتکرایەوە دەبێت ئەو جیاکارییە کۆتایی بێت، داواش لە دەوڵەتی تورکیا کرا کە یاسا کاریگەرییەکان دژی جیاکاری قبووڵ بکات، مافی کەمینەکان بپارێزێت و مافە کەلتوورییەنیان قبووڵ بکات.

گفتوگۆ لەسەر پێشێلکردنی ماف و توندوتیژی دژی ژنان لە تورکیا و پێشێلکردنی مافەکانی منداڵان و پەنابەران و ئاوارەکان و ڕەفتارە نایاسایی و ناهەقییەکان لەڕووی کۆمەڵایەتی و کەلتووری و پەروەردەوە کرا.

ڕاپۆرتەکەی گرووپی پێداچوونەوەی خولی جیهانی  ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی تورکیا، لە چەند ڕۆژی ئایندە بڵاودەکرێتەوە.

  • رۆژهەڵات..لەحوكمڕانى سەفەوییەكانەوە بۆ كۆمارى ئیسلاميى ئێستا

  • ئایا عێراق دەبێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ حوسییەکان؟

  • رایخى سێهەم.. ناسراوترین لۆگۆى جیهان

  • نێڵسۆن ماندێلا.. ئەو پیاوە لێبوردەیەى سەرەتا ناوى گێرەشێوین بو

  • جۆزیف گۆبڵز.. ئەو وەزیرەى تەنها رۆژێك راوێژكارى ئەڵمانیا بو

  • ئەو سەرۆكەى رۆژێك پێش مردنى وتارێكى نوسى و تەنها خۆى بینى

  • هۆچی منە.. چێشتلێنەرێك دەرگاى دۆزەخ بۆ ئەمریكییەكان دەكاتەوە

  • عیدی ئەمین..لە نێوان ستەم و پرتەقاڵ خواردن و رەفتاری نامۆدا

  • ناپلیۆن..ئەو ئیمپراتۆرەى لە پشیلە دەترسا و دەنگى زۆر ناخۆشبو

سەرەکی