2025-05-31 439 جار خوێنراوەتەوە

مه‌سرور به‌رزانی ئه‌ندازیاری كێشه‌كان

ناوەندی هەواڵ

قوڵبوونه‌وه‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بۆته‌ ڕۆژه‌ڤی سه‌ره‌كی لێدوانی به‌رپرسانی جیاوازی عێراقی و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و هه‌واڵی كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن، له‌مڕوه‌وه‌ چه‌ندین ڕاپۆرتی جیاوازی له‌باره‌وه‌ نووسراوه‌،  به‌شی هه‌ره‌زۆری ڕاگه‌یاندنه‌كان جه‌خت له‌سه‌ر ڕۆڵی سه‌ره‌كی مه‌سرور بارزانی ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ گه‌وره‌كردنی كێشه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا و دروستكردنی په‌یوه‌ندی ده‌ره‌كی له‌بری په‌نابردن بۆ به‌غدا. 

له‌ لای عێراقییه‌كان مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی داده‌نرێت له‌ ئاڵۆزكردنی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، هه‌مووان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ناوبراو ڕۆڵێكی نه‌رێنی ده‌گێڕێت. له‌وه‌ته‌ی ئه‌و بووه‌ به‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ ساڵی 2019 ، هه‌موو سیاسه‌ته‌كانی له‌ بواره‌كانی ئابووری و دارایی، و په‌یوه‌ندییه‌ دبلۆماتییه‌كانی بوونه‌ته‌ هۆی دروستكردنی كێشه‌ له‌گه‌ڵ به‌غداد .

ململانێ له‌سه‌ر نه‌وت و بودجه‌ :
مامه‌ڵه‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ پرسی نه‌وتدا یه‌كێكه‌ له‌ دیارترین خاڵه‌كانی ناكۆكی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، به‌و پێیه‌ی سیاسه‌ته‌كانی مشتومڕی ده‌ستووری گه‌وره‌ی دروست كردووه‌ له‌ فه‌زای عه‌ره‌بی عێراقیدا.

ڕێكه‌وتننامه‌ نه‌وتییه‌ سه‌ربه‌خۆكان:
په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ساڵی 2007 یاسای سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانی خۆی ده‌رچواند، و له‌و به‌رواره‌ به‌دواوه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ندین كۆمپانیای بیانی گرێبه‌ستی وه‌به‌رهێنان و ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی واژۆ كردووه‌.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی هه‌رێم، له‌ لایه‌ن به‌غدا و زۆرینه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی به‌غداوه‌ ڕه‌ت كراوه‌ته‌وه‌ و به‌ ناده‌ستووری دانراوه‌، به‌ پشت به‌ستن به‌ مادده‌ی ١٣ی ده‌ستووری عێراقی، به‌و پێیه‌ی ده‌سه‌ڵاتی په‌ره‌پێدان و به‌ بازاركردنی نه‌وتی داوه‌ به‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی حكومه‌تی ناوه‌ندی، گه‌رچی ئه‌م سیاسه‌ته‌ به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا به‌تایبه‌ت دوای ده‌رچوونی بڕیاری دادگای نێوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ پاریس و ڕاگرتنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم له‌ ڕێگه‌ی بۆرییه‌وه‌، به‌ڵام واژۆكردنی دوو ڕێكه‌وتننامه‌ی دیكه‌ له‌گه‌ڵ دوو كۆمپانیای ئه‌مریكیدا له‌ ئایاری ئه‌مساڵدا دووباره‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدای ئاڵۆزتر كرده‌وه‌.

ڕاده‌ستنه‌كردنی داهاته‌ نه‌وتییه‌كان:
هه‌رچه‌نده‌ هه‌ردوو حكومه‌ت ڕێكه‌وتن كه‌ هه‌رێم داهاته‌ نه‌وتییه‌كانی خۆی ڕاده‌ست بكات و له‌به‌رامبه‌ردا پشكی خۆی له‌ بودجه‌ی نیشتمانی وه‌ربگرێت، به‌ڵام هه‌رێم پابه‌ندی ئه‌م ڕێكه‌وتننامه‌یه‌ش نه‌بوو.
هه‌روه‌ك وه‌زاره‌تی دارایی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا دوپاتیكرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێم نه‌ك ته‌نیا داهاته‌ نه‌وتییه‌كان، به‌ڵكو داهاته‌كانی تری باجی ناوخۆ و گومرگیشی ڕاده‌ست نه‌كردووه‌، ئه‌مه‌ش وای له‌ وه‌زاره‌تی دارایی كرد كه‌ هۆشدارییه‌ك بداته‌ حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ به‌شی خۆی له‌ بودجه‌ی نیشتمانی ته‌واو و بووه‌، و چیتر ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بۆ 8 مانگی ئاینده‌ی ئه‌مساڵ نانێرێت.

پابه‌ندنه‌بوون به‌ شه‌فافیه‌تی دارایی:
به‌ پێی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی كه‌ وه‌زاره‌تی دارایی فیدڕاڵ و دیوانی چاودێری دارایی له‌به‌رده‌ستیاندایه‌، داهاته‌ نه‌وتی و نانه‌وتییه‌كان كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستكه‌وتووه‌ و له‌به‌رده‌ستیدایه‌ بۆ هه‌ردوو ساڵی 2023 و 2024 زیاتره‌ له‌ 19 ترلیۆن و 938 ملیار دیناری عێراقی، له‌گه‌ڵ ئه‌م بڕه‌ گه‌وره‌یه‌شدا حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نیا 3% كۆی ئه‌و داهاته‌ ناوخۆیانه‌ی ڕاده‌ستی به‌غدا كردووه‌، ئه‌مه‌ش واته‌ ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێمدا ماوه‌ته‌وه‌ 19 ترلیۆن و 339 ملیار دیناره‌.
ئه‌م هه‌موو داهاته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم هه‌یه‌تی به‌ڵام حزبه‌ كوردییه‌كانی دیكه‌ش ڕایان گه‌یاندوو هیچ چاودێری و شه‌فافیه‌تێك له‌م ڕووه‌وه‌ له‌ ئارادا نییه‌ و كه‌س نازانێت ئه‌م بڕه‌ كه‌وره‌ی پاره‌ كێ ده‌بات و له‌كوێ هه‌ڵگه‌گیرێت و له‌ چ حسابێكی بانكیدایه‌؟

پشت به‌ستن به‌ په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كییه‌كان:
پشت به‌ستن به‌ تركیا له‌بری به‌غدا: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی بارزانیدا، پشت به‌ستنی به‌ توركیا زیاتر كردووه‌ و ئه‌و وڵاته‌ی كردووه‌ به‌ هاوبه‌شێكی بازرگانی خۆی، بۆ نموونه‌ ته‌نیا له‌ ساڵی ٢٠١٧دا په‌یوه‌ندی بازرگانی نێوان توركیا و هه‌رێم زیاتر بوو له‌ دوو ملیار و نیو، هه‌روه‌ك هه‌رێم تا ده‌رچوونی بڕیاری دادگای نێوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تی پاریس، سه‌رجه‌می نه‌وته‌كه‌ی له‌ ڕێگای توركیاوه‌ هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ ده‌كرد.

لۆبیكردن و چالاكییه‌ دبلۆماسییه‌ زیاده‌ڕۆكان:
له‌ ڕێگه‌ی دامه‌زراندن و به‌رده‌وامیدان به‌ لۆبیكردن له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و چه‌ندین ده‌وڵه‌تی ئه‌وروپی، هه‌روه‌ها سه‌ردانیكردنی به‌رده‌وامی بۆ چه‌ندین ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی، مه‌سرور بارزانی هه‌وڵیداوه‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی هه‌رێم زیاتر بكات، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی لای به‌غدا و هێزه‌ سه‌ركییه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق دروست كردووه‌، و به‌شێكیان پێیان وایه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی ده‌رچوونه‌ له‌ ده‌ستووری عێراق كه‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌كی وڵاتی په‌یوه‌ست كردووه‌ به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌.

هه‌وڵدان بۆ جوانكردنی وێنه‌ی هه‌رێم به‌ به‌راورد به‌ به‌غدا:

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی مه‌سرور بارزانی كوڕدا، هه‌وڵده‌دات وێنه‌یه‌ك بۆ هه‌رێم دروست بكات كه‌ "عێراقه‌كه‌ی دی"یه‌، له‌ ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ دبلۆماسییه‌كانی و دامه‌زراندنی چه‌ندین كه‌ناڵی ڕاگه‌یاندن و ڕاسپاردنی چه‌ندین ڕۆژنامه‌نووس و كه‌ناڵی دیكه‌ تا هه‌ولێر وه‌ك مێرگێكی دیموكراتی بنه‌خشێنن له‌به‌رامبه‌ر (ده‌سه‌ڵاتدارێتی شكستخواردووی به‌غدادا)، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانییه‌كی تری سه‌رباری نیگه‌رانییه‌كانی تر بۆ سیاسییه‌كانی عێراق دروست كردووه‌ و پێیان وایه‌ ئه‌م لێدانه‌ له‌ سه‌روه‌ری نیشتمانی.

پێشێلكردنی ده‌ستووری عێراق:
ده‌ستووری 2005 عێراق سیسته‌می حوكمڕانی عێراقی كردووه‌ به‌ فیدڕاڵی و ده‌سه‌ڵاتێكی زۆری داوه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام هه‌ندێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانیشی ته‌نیا په‌یوستكردووه‌ به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌. به‌ڵام سیاسییه‌كانی عێراق پێیان وایه‌ مه‌سرور بارزانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ش موماره‌سه‌ ده‌كات كه‌ ته‌نیا په‌یوه‌ستن به‌ حكومه‌تی فیدڕاڵه‌وه‌، پێیان وایه‌ ئه‌م پێشپلكردنی ده‌ستووری عێراقه‌، له‌وانه‌:

مادده‌ی 130: به‌ پێی ئه‌م مادده‌ی به‌ڕێوه‌بردنی پرسی نه‌وت به‌ هه‌ماهه‌نگی نێوان حكومه‌تی ناوه‌ندی و حكومه‌تی هه‌رێمه‌كان ده‌بێت، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئه‌نجامدانی گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی به‌ته‌نیا و بێ ئاگاداری ناوه‌ند پێشێلی ئه‌م مادده‌ ده‌ستووره‌یه‌ی كردووه‌‌.
مادده‌ی 110: به‌ پێی ئه‌م مادده‌یه‌، سیاسه‌تی ده‌ره‌كی له‌ ڕێگه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌ ده‌بێت، كۆبوونه‌وه‌ دبلۆماسییه‌كان كه‌ مه‌سرور بارزانی ئه‌نجامی ده‌دات پێشێلی ئه‌م مادده‌یه‌.
مادده‌ی 114 و 115: به‌ پێی ئه‌م دوو مادده‌یه‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كان و گومرگ به‌ هه‌ماهه‌نگی نێوان ناوه‌ند و هه‌رێمه‌كان ده‌بێت، به‌ڵام له‌ هه‌ندێك له‌ سه‌ڵاحیه‌ته‌كاندا مافی هه‌رێمه‌كان له‌ پێشتر دانراوه‌، له‌م ڕووه‌شه‌وه‌ هه‌رێم به‌ ڕاده‌ستنه‌كردنه‌وه‌ی داهاتی گومرگی و باجی ناوخۆیی، پێشێلی ده‌ستووری كردووه‌.

كاردانه‌وه‌كانی به‌غدا و قوڵبوونه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان:
حكومه‌تی عێراقی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م سیاسه‌تانه‌ی بارزانی كوڕدا هه‌ندێك ڕێوشوێنی توندی گرتۆته‌به‌ر، له‌وانه‌:
ئاگادارییه‌كی بۆ هه‌رێم ناردووه‌ و ئه‌وه‌ی تێدا ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ چیتر ته‌مویلی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ناكات، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ڕاده‌ستنه‌كردنی داهاتی ناوخۆ و ته‌وتین نه‌كردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.

سكاڵا یاساییه‌كان: وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق سكاڵایه‌كی یاسایی له‌ دژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، به‌هۆی ئه‌نجامدانی گرێبه‌سته‌ تاكلایه‌نه‌كانییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان، به‌و پێیه‌ی به‌غدا به‌ پێشێلكردنی ده‌ستووری ناوزه‌دی كردووه‌.
سیاسه‌ته‌كانی مه‌سرور بارزانی نه‌ك بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كێشه‌ی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ به‌غدادا دروست بكات به‌ڵكو له‌نێوخۆی هه‌رێمیشدا بۆته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ناڕازایه‌تی زۆر، له‌وانه‌:

ناڕه‌زایه‌تی گشتی دانیشتوانی هه‌رێم: خراپ به‌ڕێوه‌بردنی ئابووری و كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاتی نه‌وت وای كرد كه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دوابكه‌وێت، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایه‌تی زۆری لێكه‌وتۆته‌وه‌. 
سووربوون و عینادیكردن له‌ جێبه‌جێكردنی هه‌ندێك به‌رنامه‌ی ئابووریدا كه‌ خه‌ڵكی پێی ناڕازین وه‌ك پرۆژه‌ی "هه‌ژماری من" و به‌تایبه‌تكردنی كاره‌با به‌ناوی كاره‌بای 24 كاتژمێرییه‌وه‌.

دابه‌شبوونی سیاسی: ناكۆكییه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی و ده‌ستیده‌ستیكردن و دواخستنی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕبوونی 7 مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان، هه‌روه‌ك پیشاندانی سته‌می سه‌ر فه‌رمانبه‌رانی كوردستان وه‌ك هه‌ڵه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندی و خۆبێبه‌ریكردن لێیان.
هه‌موو ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی مه‌سرور بارزانی وای كردووه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاڵۆزتر بێت، له‌گه‌ڵیدا ئابووری كوردستان زیاتر دابڕوخێت و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیشی كێشه‌ی بۆ دروست ببێت، بێ ئه‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی هیچ چاوپیاخشاندنه‌وه‌یه‌ك به‌ سیاسه‌ته‌كانیدا بكات.
 

 

  • دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕی دیل و زیندانییەکان لەنێوان ھەسەدە و حکومەتی ڕاگوزەری سوریا

  • حکومەتی هەرێمی کوردستان لێبڕینی خانەنشینی دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە

  • بە فەرمى.. هەڵەبجە كرا بە پارێزگا

  • رێبوار هادى: نەوت و بانكەكانى هەرێم بەشێكن لە عێراق

  • بۆ چارەسەرى موچە؛ كورد گرەو لەسەر گۆچانى ئەمریكا دەكات

  • دادگای باڵای فیدڕاڵی ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌

  • بۆ لەمەودوا ڤیزاى ئەمریكا بە پلانى پێشوەختە دەدرێت

  • تاقیکردنەوە گشتییەکانی بەكالۆریا دەستیانپێکرد

  • زمانى كوردى دەبێت بە بەشێك لە پەخشى تەلەفزیۆنى فەرمیى سوریا

سەرەکی