2025-06-04 148 جار خوێنراوەتەوە

یسرائیل كاتس: شەرع بەرپرسی ڕاسته‌وخۆیه‌ لە ھەر ھێرشێک بکرێتە سەرمان

ناوه‌ندی هه‌واڵ

یسرائیل کاتس وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند: ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا، بەرپرسی ڕاستەوخۆیە لەو ھێرشە موشەکییەی کە لە خاکی سوریاوە بە ئاراستەی جۆلان کراوەتە سەر وڵاتەکەیان، و ھەڕەشەی ئەوەشی کرد بەزووترین کات وەڵامیان ده‌بێت.

کاتس لە بەیانێکی فەرمیدا وتی: "ئەحمەد شەرع، لێپرسراوێتی ڕاستەوخۆی ھەیە لە ھەر ھێرش و پەلامارێک بکرێتە سەر ئەوان، و بۆ ئەم ھێرشەش بەمزوانە وەڵامێکی توندمان دەبێت".

ئەمشەو لە ڕێگەی دوو موشەکی جۆری "گراد"ەوە، ناوچەی جۆلان کرایە ئامانج، پاشان گروپێکی چەکداری بەناوی "کەتائیبی شەھید محەمەد زێف" بەرپرسیارێتی ئەو ھێرشەی گرتە ئەستۆ.

جۆلان ناوچەیەکی سوورییە، کە ئیسرائیل لە جەنگی ساڵی 1967ی نێوان سوریا و میسر و ئوردون لە لایەک و ئیسرائیل لە لایەکی ترەوە، داگیری کردووە، زۆرینەی دانیشتوانی جۆلان لە دروزەکان پێک دێت، و بەشێکیان لە ساڵانی دواتردا ڕەگەزنامەی ئیسرائیلییان وەرگرتووە، بەڵام بەشێکی تریان ڕەتیان کردۆتەوە، و هێشتا خۆیان بە سوری دەزانن.

لەدوای ڕوخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە لە دیسمەمبەری 2024، و ھاتنە سەرکاری ئەحمەد شەرعی سەرۆکی ھەئیەی تەحریری شام، و گروپە چەکدارییە ھاوپەیمانەکانی، ئیسرائیل چەندین جار ھۆشداریداوە بە دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا کە ڕێگە نادەن ئەو گروپە جیھادیانە بێنە نزیکی سنوورەکانیەوە، ھەروەک ھەڕەشەی ئەوەشی کرد کە دەبێت باشووری سوریا بەتەواوەتی لە چەکدابماڵرێت و ھیچ گروپێکی چەکداری تێدا نەمێنت، چونکە ئەو متمانەی بەو گروپە چەکدارییە توندڕەوانە نییە، لەو چوارچێوەیەشدا لەماوەی چەند مانگێکدا لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە زۆرینەی توانا سەربازییەکان و جبەخانە و ژێرخانی سەربازی سوریای لەناوبرد.

ھەرچەندە ئەحمەد شەرع و دەسەڵاتدارانی تری سوریا، چەندین جار بۆ ڕەواندنەوەی مەترسییەکانی ئیسرائیل پەیامی نەرمیان داوە، تەنانەت لە دوا لێدوانید ئەحمەد شەرع گوتبووی: "ئەوان و ئیسرائیل دوژمنی ھاوبەشیان ھەیە"، بەڵام ئەم ھێرشە موشەکییەی ئەمشەو کرایە سەر ئیسرائیل دەشێت پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە بە ئاڵۆزی بھێڵێتەوە، پاساوێکیش بێت بۆ ئیسرائیل تا بەتەواوەتی ڕژدبێت لەسەر ئەوەی دەبێت ھێزە چەکدارەکانی سوریا لەسەر سنوورەکانی خۆی دوور بخاتەوە.

  • حاجییه‌كان به‌رده‌وامن له‌ كۆكردنه‌وه‌ی به‌رد، بۆ ئه‌وه‌ی سبه‌ی ڕه‌جم بكه‌ن

  • ترمپ گەشتکردن بۆ ئەمریکا لە ھاوڵاتیانی چەند وڵاتێک قەدەغە دەکات

  • ئیسرائیل زیاتر له‌ 20 پێگه‌ی سه‌ربازی سوریای كرده‌ ئامانج

  • یسرائیل كاتس: شەرع بەرپرسی ڕاسته‌وخۆیه‌ لە ھەر ھێرشێک بکرێتە سەرمان

  • دەوڵەت باخچەلی: جەژنی راستەقینە لە تورکیا سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتییە

  • لەماوەی جەنگدا روسیا 19%ی خاکی ئۆکرانیای کۆنترۆڵکردووە

  • پنتاگۆن 500 سەرباز لە سووریا دەکشێنێتەوە و دوو بنکەى سەربازیش دادەخات

  • پرسى كۆچبەران حكومەتى هۆڵەندا هەڵدەوەشێنێتەوە

  • لە بومەلەرزەكەى توركیادا منداڵێك گیانى لەدەستدا

سەرەکی