2025-08-13
7494 جار خوێنراوەتەوە
ئیرادە داتاى زیندانەكانى عێراق دەخاتە ژێر مایكرۆسكۆپەوە
پوختە
زیندانەکانی عێراق لە چاکسازییەوە گۆڕاون بۆ سەرچاوەی نیگەرانیی مافەکانی مرۆڤ، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشێلکارییەکان زیاتر دەبن و بارودۆخی دەستبەسەرکردنیان تێکدەچێت. لە ساڵی 2003 وە عێراق گۆڕانکاریی گەورەى لە کێشەی قوڵ لە سیستمی گرتن و لێکۆڵینەوە و دادگاییکردندا بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی هەزاران زیندانی و بارودۆخی دەستبەسەرکردنیان دروستكردوە.
ژمارەیەکی زۆر لە ڕاپۆرتەکان؛ ناتەبایی ڕون لە ژمارەی زیندانییەکان و کەسانی بێسەروشوێنکراوی زۆرەملێ ئاشکرا دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەڵگەنامەی ورد و سەختیی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە فەرمییە شەفافەکان، هەروا ئاسان نییە. هاوكات، سەرەڕای هەستیاریی ئەم پرسە، بەڵام دەوڵەت بەردەوامە لە پشتگوێخستنی دۆخەكە، ئەمەش ئەگەری ئیستغلالکردنی زیندانەکان لە مەبەستی دەرەوەی چوارچێوەی دادپەروەریی زیاد دەکات.
ئیفادەى مافەكانى مرۆڤ و پزیشك و دادوەرەكان چى تێدایە؟
ئیفادەی مافەکانی مرۆڤ، پزیشکی و دادوەری، لەگەڵ ئیفادەی ژمارەیەک قوربانی، پشتڕاستی دەکەنەوە کە کارە جدییەکان لە پشت دیوارەکانی زیندانەوە ڕودەدەن، لەوانە ئەشکەنجەدان، مامەڵەی خراپ و زەوتکردن بۆ دەرهێنانی دانپێدانانی زۆرەملێ. ئەمەش پێویستی بە لێکۆڵینەوەی جیددی و ڕێکاری توند هەیە بۆ ڕاگرتنی ئەو پێشێلکارییانە.
ژمارەی زیندانییەکان چۆن دابەشبون؟
ژمارەی زیندانیان لە عێراقدا بە نادڵنیایی و ئامارە ناکۆکەکانەوە داپۆشراوە، كە ئەو ئامارانەش لەلایەن دەزگا فەرمییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە دەردەچن. وەزارەتی دادی عێراق لە 9ی ئازاری 2025 ڕایگەیاند، ژمارەی زیندانیان 67 هەزار زیندانی بوە، کە بەسەر 30 بەندیخانەى سەرتاسەری وڵاتدا دابەشکراوە، لەنێویاندا هەزار و 600 زیندانی بیانی و 85 منداڵ لەگەڵ دایکیان لەو زیندانانەدا دەژین. هاوکات کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق ژمارەی زیندانییەکانی بە 73 هەزار و 715 زیندانی تا ساڵی 2021 خەمڵاندوە.
ئیرادە لەرێى ئەم وردەكارییەى خوارەوە داتاى وردى زیندانەكانى عێراقی دەستكەوتوەو بەمشێوەیە دەیخاتەڕو:
زیندانى " الحمایە القصـوى- الرجال"، تواناى لە خۆگرتنى 300 زیندانییە، بەڵام 848 بەندكراوى تێدایە.
زیندانى "الكرخ المركزي"، تواناى لە خۆگرتنى 2200 زیندانییە، بەڵام 4180 بەندكراوى تێدایە.
زیندانى "التاجی"، تواناى لە خۆگرتنى 5000 زیندانییە، بەڵام 8891 بەندكراوى تێدایە.
زیندانى "العدالة الاولى"، تواناى لە خۆگرتنى 400 زیندانییە، بەڵام 87 بەندكراوى تێدایە.
زیندانى "العدالة الثانية"، تواناى لە خۆگرتنى 1000 زیندانییە، بەڵام 1663 بەندكراوى تێدایە.
زیندانى "النساء المركزي- قسم العراقيات"، تواناى لە خۆگرتنى 250 زیندانییە، بەڵام 541 بەندكراوى تێدایە.
زیندانى "النساء المركزي- قسم الاجنبيات"، تواناى لە خۆگرتنى 400 زیندانییە، بەڵام 552 بەندكراوى تێدایە، لەگەڵ 286 منداڵ.
زیندانى "الحماية القصـوى- النساء"، تواناى لە خۆگرتنى 150 زیندانییە، بەڵام 216 بەندكراوى تێدایە، لەگەڵ 21 منداڵ.
زیندانى "بغداد المركزي"، تواناى لە خۆگرتنى 2500 زیندانییە، بەڵام 1095 بەندكراوى تێدایە.
زیندانى "قسم ابن هيثم"، تواناى لە خۆگرتنى 30 زیندانییە، بەڵام 208 بەندكراوى تێدایە.
زیندانى "الناصرية الجديدة"، تواناى لە خۆگرتنى 4000 زیندانییە، بەڵام 10921 بەندكراوى تێدایە.
زیندانى "الناصرية القديمة"، تواناى لە خۆگرتنى 300 زیندانییە، بەڵام 836 بەندكراوى تێدایە.
زیندانى "البصـرة"، تواناى لە خۆگرتنى 1200 زیندانییە، بەڵام 4145 بەندكراوى تێدایە.
زیندانى "العمارة المركزية"، تواناى لە خۆگرتنى 510 زیندانییە، بەڵام 998 بەندكراوى تێدایە.
زیندانى "الحلة المركزية- الرجال"، تواناى لە خۆگرتنى 700 زیندانییە، بەڵام 1283 بەندكراوى تێدایە.
زیندانى "الحلة المركزية- النساء"، تواناى لە خۆگرتنى 399 زیندانییە، بەڵام 360 بەندكراوى تێدایە.
ئەم ناتەباییە دەرخەری سەختيی بەدەستهێنانی ئاماری ورد و شەفافە، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە بەردەوامانەی کە لە ئەنجامی جێبەجێکردنی یاساکانی لێبوردنی گشتی و تایبەتەوە هاتونەتە ئاراوە، ئەمە جگە لە پرسی زیندانە نهێنییەکان و ئەو كەسانەى بێ فەرمانی دادوەر دەستگیركراون.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تەنانەت دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و لیژنەکانی پەرلەمانیش جەخت لەسەر ئەو تەحەددا بەرچاوانە دەکەنەوە کە ڕوبەڕوی پرۆسەی ژماردنەوە و بەڵگەنامەکردنی ژمارەی ڕاستەقینەی دەستگیرکراوەکان لە عێراق دەبێتەوە.
زیندانەکان وەک ناوەندێكى گەرمی گرژیی تائیفی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ
جگە لە تەحەدداكانی پەیوەست بە بەڕێوەبردن و قەرەباڵغی، زیندانەکانی عێراق لە کاتە جیاوازەکاندا گۆڕاون بۆ ژینگەیەک کە سوتەمەنی گرژی تائیفییە و شایەتحاڵی پێشێلکارییە گەورەکانی مافەکانی مرۆڤن. ئیرادە لەم چەند خاڵەدا ئەو ئاماژانە دەخاتەڕو:
یەكەم: دەستگیرکردنەکان بە پاڵنەری تائیفی
لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا زیندانەکانی عێراق شاهیدی دەستگیرکردنێكی بەرفراوان بون بە بیانوی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و لەو پێناوەشدا هەزاران کەسیان کردە ئامانج. ئەمەش بە پشتبەستنێکی بەرفراوان بە هەواڵدەرەكان ئەنجامدراوە، كە ئەو بابەتەش مشتومڕی بەرفراوانی لەسەردەمی حکومەتی نوری مالیکی دا هەبوە.
بەگوێرەی ئیفادەی دەستبەسەرکراوان و ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ، ئەم سیستەمە بۆتە هۆی بێسەروشوێنکردنی سەدان هاوڵاتی بەبێ بەڵگەی تاوانکاری ڕون، لەئەنجامی زانیاریدەرانی بەدخوازی پاڵنەری مەزهەبی یان کەسی. دواتر ژمارەیەک زانیاریدەر بە تۆمەتی پەیوەست بە پێدانی زانیاری چەواشەکارانە ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کران.
دوەم: پشتگوێخستنی تۆمەتەکانی ئەشکەنجەدان و پشت بەستن بە دانپێدانانی زۆرەملێ
ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، وەک ئەوانەی کە هیومان ڕایتس وۆچ ئاماژەی پێکردوە، پشتگوێخستنی ڕونی تۆمەتەکانی ئەشکەنجەدانیان لە کەیسەکانی پەیوەست بە تیرۆر لەلایەن دادگاکانی تەمیزى تایبەت بە تیرۆرەوە نیشانداوە، هەروەها پشتبەستن بە دانپێدانانی بێ پشتیوانی تەنانەت دوای ئەوەی پشکنینی پزیشکی کەیسەکانی ئەشکەنجەدانیان سەلماندوە.
سێهەم: بەردەوامیی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و سەرهەڵدانی زیندانە نهێنییەکان
دیارنەمانی زۆرەملێ و زیندانە نهێنییەکان تا ئێستاش پرسێکی پڕ لە ئازارە. پرسى ئەوان لە ساڵی 2014ەوە بە هێزەوە لە نێوان گروپ و کوتلە چەکدارەکاندا سەریان هەڵداوەتەوە، کە پاڵنەری تائیفی و تۆڵەسەندنەوە بوە، وەک ئەوەی لە ناوچەکانی سەقڵاوییە و ڕەزازە ڕویدا.
خەمڵاندنە نێودەوڵەتییەکان و ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بە زۆرەملێ لەلایەن ئەو گروپە چەكدارانەوە بێسەروشوێنکراون و لە زیندانە نهێنییەکان ڕاگیراون؛ و تەنانەت لەلایەن لیواکانی ناو سوپا و پۆلیسەوە بەڕێوەدەبرێن، بە مەبەستی تائیفی و زەوتکردنى مافەكانیان.
چوارەم: ژینگەی زیندانە تائیفیەکان و پێشێلکارییە ترسناکەکان
ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بە کەلتورێکی تائیفیی بەربڵاو لە ناو زیندانەکاندا دەکەن، کە دەیان هەزار کەس توشی سوکایەتی تائیفی دەبن. لێکۆڵینەوەیەک لە ساڵی 2021دا دەستدرێژی سێکسی ترسناک لەناو زیندانەکاندا ئاشکرا دەکات، لەوانە بازرگانی سێکسی لەنێو زیندانییەکان بە تێوەگلانی بەرپرسان و فرۆشتن و دەستدرێژیکردنە سەر زیندانیانی نەوجەوان بە ئاگاداری بەڕێوەبەرانی زیندانەکان.
پێنجەم: دەستبەسەرکردنی منداڵان بە تۆمەتی تیرۆر و هاوشێوەیی و لێكچونى ناوەکان
هیومان ڕایتس وۆچ لە ساڵانی ڕابردودا زیاتر لە هەزار منداڵیان لە لایەن دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆرەوە بەڵگە کردوە.
خەمڵاندنەکان ئاماژە بە زیادبونی بەرچاوی ژمارەی گومانلێکراوەکانی داعش دەکەن، ئەمەش نیگەرانی لەبارەی دەستگیرکردنی ئارەزومەندانە دروست دەکات.
شەشەم: ژێرخانی وێرانە و نەگونجاوییەکەی بۆ نیشتەجێکردنی مرۆڤ
لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی کە لە کۆتایی ساڵی 2014دا 32 شوێنی زیندانەکانی عێراقی گرتەوە، دەرکەوت زیاتر لە نیوەی باڵەخانەکانی زیندانەکان لە دۆخێکی خراپتردان لەوەى پێشبینى دەكرێت، باڵەخانەكان بەم شێوەیە پۆلێنکراون:
زۆر باشە: 15.06%
باشە: 28%
وێرانە: 56%
ئەم ئاشكراكردنەى ئامارەكان، لەگەڵ ڕاپۆرتەکانی پێشودا یەکدەگرێتەوە کە ئاماژەیان بەوە کردوە 83%ی زیندانەکان شیاوی نیشتەجێبونی مرۆڤ نین، ئەویش لەبەر ئەم هۆكارانەى خوارەوە:
نەبونی هەواگۆڕکێ و قەرەباڵغی، دەبێتە هۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشى پێست و نەخۆشییە درمییەکان.
50%ى زیندانەکان لە ناوچەی نیشتەجێبونی نائارامدان.
33%ى تەوالێت و گەرماوەكان، كەڵكى بەکارناهێنانیان نییە.
60%ى زیندانەكان سابون و پاککەرەوەی سەرەتایییان نییە.
100% ئاسانکاری بۆ ئەو کەسانە نەكراوە كە خاوەن پێداویستى تایبەتن.
80%ى زیندانەكان دۆشەک و جلوبەرگی پیسبو بۆ زیندانییە نوێیەکان بەکاردەهێننەوە، ئەمەش بەشدارە لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی.
ناتەواوی لە بڕى خۆراک و گەندەڵی دارایی
سەرەڕای بودجەی تا 8 دۆلار بۆ هەر زیندانییەک بۆ دابینکردنی سێ ژەم لە ڕۆژێکدا تەرخانكراوە، بەڵام زیندانەکانی عێراق ڕوبەڕوی کێشەی گەورە دەبنەوە لەوانە:
77%ى زیندانەکان هۆڵی نانخواردنی دیاریکراویان نییە، ئەمەش ناچاریان دەكات لە شوێنی نوستنیاندا نان بخۆن.
تەنها 53%ی زیندانەکان، حانوتیان هەیە کە تێیدا پێداویستییەکان دەفرۆشرێت، بەڵام بە دو هێندەی نرخی بازاڕ و زۆرجار کاڵاکان بەسەردەچن.
کوالیتی ژەمەکان سەرەڕای بودجەی تەرخانکراو خراپە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گەندەڵی دارایی و خراپ بەڕێوەبردن.
قەیرانی تەندروستی و کەمیی توندی خزمەتگوزاری پزیشکی، زیندانەکانی عێراق بەدەست کەمیی چاودێری تەندروستییەوە دەناڵێنن و ئەمانەی خوارەوە تۆمارکراون:
73%ى بنکە تەندروستییەکان پزیشکی پسپۆڕیان نییە.
93%ى زیندانەکان بەدەست کەمیی دەرمان و پێداویستی پزیشکییەوە دەناڵێنن.
100%ى زیندانەکانی ژنان پزیشکی ئافرەتانیان تێدا نییە، سەرەڕای بونی زیندانی دوگیان.
70%ى زیندانەکان چاودێری تەندروستی گونجاو بۆ ئەو منداڵانەی کە یاوەری دایکیانن دابین ناکەن.
باوترین جۆرى نەخۆشی لە زیندانەکاندا چین؟
بەپێى ئەو داتایانەى ئیرادە دەستيكەوتوە، دیارترین نەخۆشییە باوەكانى نێو زیندانەكانى عێراق، ئەم نەخۆشییانەى خوارەوەن، كە هاوكات رێژەى توشبونەكەى لەنێو زۆرینەى بەندیخانەكاندا خراونەتەڕو:
هەستیارى و نەخۆشى پێست، رێژەكەى بە100 % تۆماركراوە.
نەخۆشیى تایبەت بە ئێسقان و جومگەكان، رێژەكەى بە 87% تۆماركراوە.
نەخۆشییە دەرونییەكان، رێژەكەى بە 80% تۆماركراوە.
نەخۆشییە فەڕەنگییەكانى تایبەت بە كۆئەندامى زاوزێ، رێژەكەى بە 73% تۆماركراوە.
نەخۆشییەكانى تایبەت بە بۆرى میزو میزەڕۆ، رێژەكەى بە 70% تۆماركراوە.
كۆرۆنا و پەتا درمییەكان، رێژەكەى بە 10% تۆماركراوە.
سیل و ڤایرۆسى جگەرو خودكوژیى تۆمار نەكراون.
-
هەرێم چاوى لە واشنتۆنە بۆ پاراستنى كێڵگە نەوتییەكانى
|
-
دەوڵەتی یاسا: دواخستنی هەڵبژاردن بە ڕەنگی ئیسرائیل نوسراوە
|
-
داتاى وشكەساڵیى؛ كۆچى عەرەب بۆ كوردستان زیاددەكات
|
-
کۆمەڵکوژیی و تەوریسى باڵیۆز لە فەیلەقی دیپلۆماسیى دا
|
-
فۆرن پۆڵسی: ئێران چەقی ململانێی چینو ئەمریکا لەجەنگی ساردی نوێدا
|
-
عێراق لهكهوتن ئاگاداردهكرێتهوه.. لاریجانى سیناریۆكانى بهبهغدا گهیاند
|
-
عێراق.. ئەزمونى حەشدى شەعبى هەناردەى بەیروت دەكرێت
|
-
حكومەت پێكنایەت و پەیوەندییەكانى یەكێتى و پارتيش سڕ دەبن
|
-
تەیف سامى توڕەیە لە پرسى ناردنى موچەى هەرێم
|
|
|