2025-08-27
6689 جار خوێنراوەتەوە
کۆمەڵکوژیی و تەوریسى باڵیۆز لە فەیلەقی دیپلۆماسیى دا
پوختە
دوای دەنگدان به لیستی باڵیۆزه نوێیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران که لەلایەن حکومەتى ناوەندییەوە ليستى ناوەكان نێردرابو، دەنگدانەكە زریانێک لە توڕەیى و مشتومڕى لێكەوتەوە، هاوکات زۆرینەى لیستەكان تۆمەتباركران بەوەى بە رێككەوتنى حزبى و خێزانى و خزم خزمێنەو لادان لە پێوەرە پیشەییە دەستورییەكانەوە ئەو ناوانەیان دانانەوەو لە پەرلەمان تێیدەپەڕێنن.
لە کاتێکدا هەندێک لە ئەندامانى پەرلەمان بڕیارەکەیان بە "لادانێکی یاسایی" و "کۆمەڵکوژییەک لە دژی فەیلەقی دیپلۆماسی" زانی، چاودێران پێیانوابو بڕیارەکە ڕەنگدانەوەی کەلتورێکی بەردەوامی پشک پشكێنەو نابەرپرسیارێتی سیاسییە.
هاوکات چاودێران هۆشداریى دەدەن لە "کارەساتەکانی داهاتو" کە لە ئەنجامی ئەم كۆمەڵكوژییە تەوریسییەدا ڕەنگە بەسەر دیپلۆماسیەتی عێراقدا بکەوێت.
پەرلەمانتارانى عێراق چى سەبارەت بەو گاڵتەجاڕییە دەڵێن؟
محەمەد ئەلخەفاجی ئەندامی ئەنجومەنى نوێنەران، لە لێدوانێكى تایبەت دا بۆ ماڵپەڕى "ئەلعالەم ئەلجەدید" ڕایگەیاند، "ئەوەی لە دانیشتنی پەرلەماندا ڕویدا، بەداخەوە، شەرمەزارکەر و قبوڵکراو نییە، دەتوانرێت بەلایەنی کەمەوە، وەک لادانێکی یاسادانان و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات وەسف بکرێت، دوای ئەوەی بەرژەوەندییە حزبی و بنەماڵەیی و سیاسییەکانی ئەو لیستانەى بەشدارن لە دۆسیەی باڵیۆزەکاندا، لە پێشینەی بەرژەوەندییەکان خراونەتەڕو.
ئەلخەفاجی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو لیستی باڵیۆزانەی کە بۆ دەنگدان دانرابون، 93 کاندیدی ئەم پۆستە سەروەرییەی لەخۆگرتبو، کە نوێنەرایەتی وێنەی عێراق و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی دەرەوە دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە تیمى دیپلۆماسی عێراق لە ئێستاوە توشی کێشەی زۆربوە، بەڵام ئەم لیستە بە شێوەیەکی بێباكانە تێپەڕێندرا، بەوپێیەی سەرۆکایەتی پەرلەمان چەندینجار ڕەتیکردەوە ئەو لیستە بخرێتە دەنگدانەوە كە چەندین تێبینى و ئیشكالیەتى لەسەرە.
میكانیزمى دەنگدان لەسەر كۆمەڵكوژییەكە چۆن بو؟
ئەلخەفاجی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: میکانیزمی دەنگدان بەشێوەیەکی زۆر ناشیرین خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەو بڕگەیە تەنانەت لە بەرنامەی کاردا نەبو، هەروەها دەنگدان لەسەر خستنەڕوی نەبو. ئێمە، شەڕێکی ڕاستەقینەمان کرد و توانیمان ئەو بڕگەیە لاببەین دوای شکاندنی نیسابی یاسایی لە کاتی دەنگدانەکەدا، بەڵام بەهۆى ئەوەى پێداگريی و ڕێککەوتن لەنێوان لیستەكاندا هەبو بۆ تێپەڕاندنی، هەر لیستێكى سیاسی نوێنەر و ئەندامانی خۆی بانگهێشتکرد بۆ ئەوەی دەنگدانەكە سەربگرێت، ئەمەش وایکرد ڕێژەی یاسایی زیاتر بێت، بۆیە بڕگەکە تێپەڕێندرا.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوە دوپاتدەکاتەوە کە پرۆسەی تێپەڕاندنی لیستەکە بە شێوەیەک بەڕێوەچوە کە پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆ و یاسا و دەستوری کردبو. دەنگدانەکە بە بەکارهێنانی شێوازێکی نهێنی و خوێندنەوەی خێرا بەڕێوەچو، لەگەڵ داواکارییەکی کتوپڕ بۆ دەنگدان و ڕاگەیاندنی دەستبەجێی "پەسەندکردن"، بەبێ ژماردن یان پشتڕاستکردنەوەی نیسابی ڕاستەقینەی دانیشتنەکە یان دەنگدانەکە.
هاوكات ئەلخەفاجى ئەوەش دەخاتەڕو كە ئەم بابەتە نوێنەرایەتی کۆمەڵکوژییەکی ڕاستەقینە دەکات دژی تيمى دیپلۆماسی، دەبو ناوەکان بە شێوەیەکی شەفافانە بخرێنەڕو، ئەگەر هەمویان باشن، وەک ئیدیعا دەکرێت، بۆچی بە نهێنی و ناڕونی و شاردنەوە مامەڵەیان لەگەڵدا کرا؟ ناوبراو جەخت لەوەشدەکاتەوە کە نیسابی یاسایی نە بۆ دانیشتنەکە و نە بۆ دەنگدانەکە بەدەستنەهات.
ئەو پەرلەمانتارە لە درێژەى لێدوانەكەى دا وتیشى: ئێمە لە کاتی دەنگدانەکەدا کشاینەوە و دەنگەکانمان هەژمار نەکرا، سەرەڕای ئەوەش لیستەکە بە پەسەندکراو دانرا، ئەمەش تۆمارێکی پڕ لە هەڵە و لادان له یاسادانان زیاد دەکات، لەبەرئەوە هیوادارم گەلی عێراق لەوە تێبگات کە چۆن پرۆسەی سیاسی بەڕێوەدەبرێت، و چۆن بڕیار و هەڵوێستە سەروەرییە گرنگەکان لە ڕێگەی ڕێککەوتنە سیاسییەکانی پێشوەختەوە تێدەپەڕێنرێن، دواتر لە چوارچێوەی دانیشتنەکەدا بە هەر نرخێک بێت دەسەپێنرێن.
لەکۆتاییدا ئەلخەفاجى دەڵێت: ئەوان بە توندی پەسەندکردنی دەنگدانی ئەلیکترۆنی یان ژماردنەوەی دەنگە ئەلیکترۆنییەکان ڕەتدەکەنەوە، چونکە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانیان ناکات و بڕیارەکە پێشوەختە لە ڕێگەی ڕێککەوتنی سیاسی نێوان سەرۆکی لیستەكانەوە ئامادە دەکرێت، پاشان لەناو ئەنجومەندا دەسەپێندرێت هەر کە داوای دەنگدان کرا، دەستبەجێ ڕەزامەندی ڕاگەیەندرا.
تا چەندە كەلتورى نابەرپرسیارێتى و خۆسەپێنى حزبەكان پەرلەمانى كردوە بە گاڵتەجاڕیى؟
لای خۆیەوە موجاشع ئەلتەمیمی شرۆڤەکاری سیاسی لە لێدوانێكى رۆژنامەوانیى دا رایگەیاند، دەنگدانی پەرلەمان لەسەر لیستی باڵیۆزەکان کە زۆربەیان ناوی بێ ئەزمونی دیپلۆماسی لەخۆدەگرێت و زۆربەیان سەر بە حزبە کاریگەرەکان یان خێزانە سیاسییەکانن، بەڕونی ڕادەی کەموکوڕییەکانی میکانیزمی هەڵبژاردن و نوێنەرایەتیکردن ئاشکرا دەکات، ئەم هەنگاوە لە ڕوی یاساییەوە بنەمای دەرفەتی یەکسان و ڕۆحی دەستور پێشێل دەکات، کە پێویستی بە لێهاتویی و دەستپاکی هەیە لە وەرگرتنی پۆستە باڵاکاندا، هاوکات دڵسۆزی بۆ حزب و خێزان لە وەرگرتنى ئەو پۆستە هەستیارانەدا پێمان دەڵێت كە پەرلەمان لە گاڵتەجاڕییەك زیاتر هیچى تر نییە.
هاوكات، لە ڕوانگەی سیاسییەوە، ئەلتەمیمی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم بڕیارە ڕەنگدانەوەی بەردەوامی سیستمی پشک پشكێنەو گۆڕینی دیپلۆماسیەتی عێراقە بۆ ئامرازێک كە کاریگەریی حزبی و بنەماڵەیی بەسەرەوەبێت، نەک پردێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت بکات و بونی دەرەکی وڵات بەهێزتر بکات.
ئەلتەمیمی جەختیشی لەوەکردەوە کە ئەو ناڕەزایەتیانەی لەلایەن هەندێک لە نوێنەرانەوە وروژێنراون بەس نەبون لە بەرامبەر زۆرینەى پەرلەمانتارانى فشارلێكراوى ئامادەبودا، ئەمەش وایکردوە دەنگدانەکە کەمیی جددییەتی ئەخلاقی و شەرعیەتی سیاسی هەبێت.
ئەلتەمیمی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا وتی: ئەوەی ئەمڕۆ ڕویدا نەک تەنها وێنەی عێراق لە دەرەوەی وڵات لاواز دەکات، بەڵکو کەلتوری نابەرپرسیارێتی سیاسی لە ناوخۆدا بەهێزتر دەکات، ناوبراو ئەوەش پشتڕاستدەکاتەوە کە چینی دەسەڵاتدار هێشتا دورە لە گرتنەبەری ڕێبازێکی ڕاستەقینەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت.
لەلایەكى ترەوە، دوێنێ پەرلەمانتار ئەرشەد ساڵحی ئەوەى خستەڕو كە ئەنجومەنی نوێنەران سەرەڕای نەبونی نیسابی یاسایی؛ دەنگی لەسەر لیستی باڵیۆزەکان داوە، کە ناوبراو ئەوەشى بە "شەرمەزاریی" وێناكردوە.
دواجار، ئاماژەی بەوەشکرد؛ لیستی باڵیۆز کە نوێنەرایەتی وێنەی عێراق دەکات، بۆ یەکەمجارە لە مێژوی وڵاتدا بەم شێوەیە تێپەڕێندرێت، ئەویش بە بەکارهێنانی ئەم میکانیزم و شێوازە تەواو قبوڵنەکراوە.
-
هەرێم چاوى لە واشنتۆنە بۆ پاراستنى كێڵگە نەوتییەكانى
|
-
دەوڵەتی یاسا: دواخستنی هەڵبژاردن بە ڕەنگی ئیسرائیل نوسراوە
|
-
داتاى وشكەساڵیى؛ كۆچى عەرەب بۆ كوردستان زیاددەكات
|
-
کۆمەڵکوژیی و تەوریسى باڵیۆز لە فەیلەقی دیپلۆماسیى دا
|
-
فۆرن پۆڵسی: ئێران چەقی ململانێی چینو ئەمریکا لەجەنگی ساردی نوێدا
|
-
عێراق لهكهوتن ئاگاداردهكرێتهوه.. لاریجانى سیناریۆكانى بهبهغدا گهیاند
|
-
عێراق.. ئەزمونى حەشدى شەعبى هەناردەى بەیروت دەكرێت
|
-
حكومەت پێكنایەت و پەیوەندییەكانى یەكێتى و پارتيش سڕ دەبن
|
-
تەیف سامى توڕەیە لە پرسى ناردنى موچەى هەرێم
|
|
|