22 کاتژمێر پێش ئێستا
6041 جار خوێنراوەتەوە
سەدان ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی دەنگ لەبەغدا خەرجدەکرێت
پوختە
لە دوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوەوە تاوەكو ئێستا لە سەرجەم هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكانى عێراق دا پارەی سیاسی وەک یەکێک لە دیارترین هۆکارەکانی کاریگەریی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراقدا مامەڵەى كڕینى دەنگ و پروپاگەندەى لیست و كاندیدەكانى لێكەوتۆتەوە، هاوكات لەگەڵ نەبونی چاودێریی رون و میکانیزمی شەفافیەت، ئەم دیاردەیە بەبێدەنگیى تێدەپەڕێت و لێپرسینەوەش لە هیچ بەرپرسێكى باڵاى پشت ئەو كارانەوە ناكرێت.
ئەوەى تێبینى كراوە ئەوەیە؛ هەمان سیناریۆ لە هەمو هەڵبژاردنێکدا دوبارە دەبێتەوە، بڕە پارەیەکی زۆر دەخرێتە ناو پڕوپاگەندە و بەیعەتەکانەوە، دواتر دوای کۆتایی هاتنی کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان چالاکیی ئابوری دەست بە دابەزین دەكات.
لەگەڵ نەبونی یاسای توندوتۆڵ بۆ ڕێکخستنی خەرجییەکانی هەڵبژاردن، بەغدا لە هەر وەرزێکی هەڵبژاردن دا؛ لەبەردەم شەپۆلێکی دارایی گەورەدا دەمێنێتەوە، ئەگەرچى کاریگەرییەكى ڕوکەشی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دەبێت، بەڵام خەزێنەى دەوڵەت توشى خوێنبەربون دەكات و هیچ كەسێكیش لە خەمى ئەو بەهەدەردانەدا نییە.
پارەكان چۆن بۆ لیست و كاندیدە مەبەستدارەكان بەهەدەر دەدرێت؟
ئەحمەد عەبد ڕەبۆ، شارەزای بواری ئابوری لە لێدوانێكى دا بۆ میدیاكانى ناوخۆى عێراق ئاشكرایكرد؛ بە تەنها هەندێک لە لیستە سیاسییە گەورەکان دەیان ملیۆن دۆلار لە پایتەخت خەرج دەکەن، ئەمەش وایکردوە تەنها بەغدا گۆڕەپانێکی چارەنوسساز بێت بۆ هەر لایەنێک کە هەوڵی بەدەستهێنانی ئەنجامی کاریگەر بدات.
عەبد ڕەبۆ ئەوەشى رونكردەوە كە بەگشتی هەڵبژاردنەکان کاریگەرییان لەسەر چەند کەرتێک هەیە، وەکو کۆمپانیاکانی ڕیکلام، چاپکردن، لۆجستی، و میدیا و تەنانەت كڕینى دەنگ و میوانداریی، جەختیشی لەوەکردەوە کە ئەم بوژانەوەیە بۆ ئەو كەرتانە بەشێوەیەکی کاتی دەمێنێتەوە و تەنها پەیوەندی بە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە.
بە وتەی عەبد ڕەبۆ، ئەم چالاکییە لەسەر بنەمای بەرنامە ئابورییە درێژخایەنەکان نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای "پەمپدانى پارەیە بە خێرایى" کە دوای هەڵبژاردنەکان ئەو هەوڵانە دەوەستێن، ئەمەش وایکردوە بازاڕەکان بگەڕێنەوە باری ئاسایی خۆیان و ئەگەری هەیە بچنە پاشەکشەی ڕێژەیی بەهۆی وەستانی کتوپڕی داهاتى نەختینەیی ئەو كەرتانە؛ بەو هەدەردانە بێ مانایە.
لەئێستادا دۆخى پارە بە هەدەردان لە بەغدا گەیشتوە بە كوێ؟
لەگەڵ نزیکبونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەغدا خەریکە دەبێتە گۆڕەپانێکی سەرەکی بۆ چالاکییە داراییە بەرفراوانەکان بە سەرۆکایەتی لیست و لایەنە سیاسییەکان لە ڕێگەی خەرجکردنی پارەى بێ وێنە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.
شارەزایان ئاماژە بەوەدەکەن؛ ئەم شەپۆلە داراییە گەورەیە کە دەتوانێت بگاتە سەدان ملیۆن دۆلار، کاریگەریی کاتی لەسەر ئابوری بەغدا هەیە، چونكە فۆڕمولەى ئەو گەشەسەندنە بەردەوامەى ئابوریى ناوخۆ ناکات كە بەردەوام لە رێى كەناڵەكانى راگەیاندنەوە حكومەت و بەرپرسانى لێ ئاگاداردەكرێتەوە، بەڵكو تەنها دواى ڕۆژی هەڵبژاردن کۆتایی دێت.
ئەو شارەزایەى بوارى ئابورى رونیشیكردەوە، کە بڕی پارەی تەرخانکراو دو هێندە زیاد دەبێت کاتێک خەرجی لیستە مامناوەند و بچوکەکان شانبەشانی خەرجی لیستە گەورەکان بخرێتە نێو ئەو رێژە زۆرەى بەهەردانەكانەوە، ئەوەشى خستەڕو؛ کۆی گشتییەکەی دەتوانێت بگاتە سەدان ملیۆن دۆلار کە تەنها لە بەغدا خەرجکراوە، جا چ لە ڕێگەی بانگەشەی ڕاستەوخۆ بێت یان لە ڕێگەی کەناڵە ئاشکرانەکراوەکانەوە بێت.
پێوەرەكانى پارە هەدەردانەكە چۆن پۆلێن دەكرێن؟
عەبد ڕەبۆ پێیوایە؛ بەشێکی زۆری ئەم خەرجییە لەڕێگەی نێوەندگران و کەسایەتییە ناوخۆییەکانەوە بەڕێوەدەچێت، دور لە چاوی چاودێریی و كامێراكان؛ یان ئاشکراکردنی فەرمی.
ناوبراو خەرجییەکان بۆ سێ پۆلێنى سەرەکی دابەشدەكات:
پۆلێنى یەكەم: ڕیکلام و ڕاگەیاندن
ئەمەش هەڵمەتی تەلەفزیۆنی و ڕیکلامەکانی کەناری ڕێگاو شەقامەكان و بەڕێوەبردنی کەمپەینی سۆشیال میدیا دەگرێتەوە، جگە لە فێستیڤاڵ و بۆنە گشتییەکان.
پۆلێنى دوەم: یارمەتی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان
هەندێک لایەن پەنا دەبەن بۆ دابینکردنی سەبەتەی خۆراک یان دابینکردنی پێداویستییەکانی هەژاران و قۆستنەوەى دۆخى خراپى ئابورى كەمئەندامان؛ بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی دەنگدەران.
پۆلێنى سێهەم: کڕینی دڵسۆزیی
ئەمە هەستیارترین لایەنە، بەوپێیەی لە ڕێگەی پێشکەشکردنی پارە، دیاری، یان بەڵێنی پۆست لە بەرامبەر دەستەبەرکردنی دەنگەکاندا ڕودەدات، بەتایبەتی لەو بازنانەى کە ڕکابەرییەکی زۆریان لەسەرە.
هاوكات، بەپێى بیروڕاى چاودێرانى سیاسى ناوخۆیى، نەبونی شەفافیەت وا دەکات دیاریکردنی ڕێژەی پارەى ڕاستەقینەی تەرخانکراو بۆ هەدەردان كارێكى زۆر قورس بێت، بەڵام کڕینی دەنگ لە هەڵبژاردنەكان دا بەشێکی زۆری ئەو پارانە دەگرێتەوە كە كاربەدەستە باڵاكان بێ گوێدانە خەزێنەى گشتى سەرفى دەكەن، و ڕەنگە لە خەرجییەکانی ڕیکلام زیاتر بێت لە هەندێک بواردا.
شارەزایان پێیانوایە ئەم خەرجییە گەورەیەی هەڵبژاردن، سەرەڕای ئەوەى بەشێك لە بازاڕەكانى پروپاگەندەى كاندیدەكان بۆ ماوەیەکی کورت؛ گەرم دەكات، بەڵام بە هیچ جۆرێك بەشداری ناکات لە بەهێزکردنی ئابوری ڕاستەقینە یان بنیاتنانی بنکەیەکی بەرهەمهێنانی درێژخایەن.
هەربۆیە، چاودێران جەخت لەوەدەکەنەوە کە ئەم شێوازە ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی پێکهاتەیی لە پەیوەندی نێوان پارە و سیاسەتدایە، کە ئابوری خەریکە دەبێتە ئامرازێک بۆ کاریگەریی هەڵبژاردن نەک ئامرازێک بۆ گەشەپێدان.
-
سودانى وهڵامى تهیف سامى دهداتهوهو باسى موچهخۆرانى ههرێم دهكات
|
-
كۆمپانیا زهبهلاحهكهى ئهمریكا ڕوو لهعێراق دهكات.. سودانى چى وت؟
|
-
حكومهتى عێراق بۆ موچهى مانگى شهش باره قورسهكهى خسته كۆڵى حكومهتى ههرێم
|
-
سەدان ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی دەنگ لەبەغدا خەرجدەکرێت
|
-
شارەزایەکی ئابوری ئاستەنگەکانی نەوتی هەرێم ئاشکرادەکات
|
-
ئیرادە داتاى قەرزى عێراق لەشەڕى ئێرانەوە تا ئەمڕۆ دەخاتەڕو
|
-
پێنج ترلیۆن دینارهكهى ههرێمى كوردستان چى بهسهرهات؟
|
-
نەبیل مەرسومی: رێككەوتنی بەغدا و هەولێر لەسەر نەوت دەرزی سڕكەرە بەفەرمانبەرانی هەرێم دەدرێت
|
-
هەرێم 120 ملیارەكە رەوانە دەكات و بەغداش موچە دەنێرێت
|
|
|