2025-08-17
7580 جار خوێنراوەتەوە
ئیرادە داتاى قەرزى عێراق لەشەڕى ئێرانەوە تا ئەمڕۆ دەخاتەڕو
پوختە
لە ساڵی 1980ەوە عێراق لە ئەنجامی شەڕ و ململانێ و گۆڕانکارییە ئابورییەکان؛ شایەتی کەڵەکەبونی بەرفراوانی جۆرە جیاوازەکانی قەرز بوە. وڵاتەکە لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوەوە کە نزیکبو لە بێ قەرزییەوە، تا سەرەتای ساڵانی 2000 بو بۆ یەکێک لە قەرزدارترین وڵاتانی جیهان.
هاوكات، تا کۆتایی ساڵی 2024، قەرزی دەرەکی عێراق گەیشتبوە زیاتر لە 14 ملیار دۆلار، لەکاتێکدا زیاتر لە 63 ملیار دۆلار قەرزی ناوخۆیی ولاتەكەى لەسەر بو.
قەرزەکان دابەش دەکرێن بەسەر قەرزی سەروەری (گشتی)، لەوانە قەرزی دولایەنە و فرەلایەنە، لەگەڵ قەرزی سەربازی و قەرەبوکردنەوەی جەنگ، کە بە بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان سەپێنراوە.
قەرز لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردودا.. شەڕی ئێران و عێراق 1980- 1988
لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی ئێران و عێراق لە ئەیلولی ساڵی 1980، عێراق ناچاربو بۆ ماوەی هەشت ساڵ پارەی بەردەوامبونى جەنگەکە دابینبکات، عێراق لە وڵاتێکەوە کە یەدەگی دارایی بەرچاوی هەبو، بۆ وڵاتێک کە بارگرانی قەرزدارى خنكاندى، گۆڕا.
پێش جەنگ عێراق زیاتر لە 35 ملیار دۆلاری یەدەگی دەرەکی هەبو و هیچ قەرزێکی بەرچاوی نەبو، بەڵام بەهۆى شەڕی لەگەڵ ئێران (1980- 1988) خەزێنەی عێراق بەتاڵكرایەوەو وڵاتەكەى ناچار کرد قەرزی بەرفراوان بکات، بەمەش تا کۆتایی جەنگ بڕی نزیکەی 80 ملیار دۆلار قەرزدار بو.
بەغدا لە ڕێگەی کەمکردنەوەی یەدەگی دارایی و پاشان پشت بەستن بە قەرز و یارمەتییەکانی وڵاتانی دۆست، شەڕی دارایى لە دژی ئێران دەستپێكرد. دیارترینی ئەو دەوڵەتانەی یارمەتى عێراقیان دەدا، وڵاتانى ئەنجومەنی هاریكاریى کەنداو بون، کە لە کاتی شەڕدا پاڵپشتی دارایی بەرچاویان پێشکەش بە عێراق کرد.
دەوڵەتانی کەنداو (بەتایبەت سعودیە، کوەیت و ئیمارات) نزیکەی 40-50 ملیار دۆلاریان لە بواری داراییدا بە عێراق بەخشی، کە لەوکاتەدا بە هاوکاری جەنگ دادەنرا، بەڵام دواتر خۆیان بە قەرزدەر دەزانی و دوای شەڕ داوای ئەو پارانەیان دەکردەوە.
ئەم بڕە پارانە هیچ چوارچێوەیەکی گرێبەستی ڕونیان نەبو؛ زۆربەیان لە ڕێگەی ڕێککەوتنی زارەکی یان ڕێکخستنی سیاسییەوە گواستراونەتەوە و بە تەواوی لە تۆمارە فەرمییەکاندا بەڵگەدار نەبون، ئەمەش دواتر بوە هۆی ناکۆکی لەسەر سروشتی یاساییان، لە کاتێکدا سعودیە داوای سودی لەسەر ئەو قەرزانە دەکرد، عێراق قەرزە ئەسڵیيەکەی ڕەتکردەوە و ئیدیعای کرد کە ئەو قەرزە یارمەتی نەگەڕاوەى جەنگە.
قەرزی دوقۆڵی لە بلۆکی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات لە کاتی شەڕی ئێران و عێراقدا، بەهۆی کەمبونەوەی پشتیوانییەکانی کەنداو، عێراقى هاندا پەنا بۆ قەرزکردن لە زلهێزە گەورەکان و دامەزراوە بازرگانییەکان ببات.
عێراق قەرزی دوقۆڵی و قەرزێكى ترى بە گەرەنتی قەرزی هەناردەکردنى نەوت بەدەستهێنا، کە بۆ دابینکردنی دارایی گرێبەستی چەک و کەرەستەی سەربازی بەکاردەهێنران، کۆی قەرزە فەرمییەکانی عێراق بە نزیکەیی بە 40 ملیار دۆلار مەزەندە کرابو، لەگەڵ سودی کۆکراوەی بەرچاو، ئەمە جگە لەوەی تا ساڵی 1990 نزیكەى 15 ملیار دۆلار قەرزی بازرگانی لەئەستۆدابو، یەکێتی سۆڤیەتى ئەوكاتەش بەبڕى 12.9 ملیار دۆلار چەکی دابینکردبو بۆ عێراق.
تا ساڵی 1988 کۆی قەرزی دەرەکی عێراق بە نزیکەی 80 ملیار دۆلار (بەبێ سودی داهاتو) خەمڵێندرا، کە یەکسانە بە زیاتر لە 1000%ی بەرهەمی ناوخۆیی ئەوکاتە، كە ئەوەش رێژەیەكى قەرزداریى خنكێنەرەو هاوشێوەى نەبوە لە جیهاندا.
لە ڕاستیدا عێراق لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردودا بەهۆی فشارە داراییەکانەوە دەستی کرد بە نەدانی بەشێک لە قەرزەکانی.
جەنگی دوەمی کەنداو و ئابڵوقەى ئابورى 1990-2003
شەڕ لەگەڵ ئێران لە ساڵی 1988 کۆتایی هات و عێراقیش بارگرانی قەرز و ئاوەدانکردنەوە بو. سەرکردایەتی عێراق لەوکاتەدا هەوڵیدا کەنداو لە قەرزەکانی خۆش بێت و بانگەشەی ئەوەی کردبو کە لەکاتی شەڕدا پشتگیریى وڵاتانى كەنداوى كردوە، بەڵام ئەمە بە ڕەتکردنەوە بە تایبەتی لەلایەن کوێت و سعودیەوە روبەڕوى بونەوە، ئەم هەنگاوەش قەیرانەکەی گەورەتر کرد؛ کاتێک عێراق لە مانگى ئابی 1990دا كوەیت-ى داگیرکرد و شەڕی دوەمی کەنداوی لێکەوتەوە و لە ئەنجامدا رۆژئاوا و نەتەوە یەكگرتوەكان ئابڵوقەى ئابورى خستە سەر عێراق و وڵاتەكە بە تەواوى لە روى داراییەوە لە پەلوپۆ كەوت.
لەشکرکێشی بۆ سەر کوەیت بوە هۆی بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتوەکان کە بارگرانییەکی زۆری دارایی بەسەر عێراقدا سەپاند، دیارترینیان قەرەبوکردنەوەی جەنگ بو.
سەبارەت قەرەبوکردنەوەی لەشکرکێشی بۆ سەر کوەیت، ئەنجومەنی ئاسایش بڕیارنامەی 687ی لە مانگی نیسانی 1991دا دەرکرد، ئەو بڕیارنامەیە عێراقی پابەند کرد بە قەرەبوکردنەوەی ئەو زیانانەى کە لە ئەنجامی لەشکرکێشییەکەی عێراق بەسەر ئەو وڵاتە داگیركراوەدا هاتوە.
كۆمیسیۆنی قەرەبوکردنەوەی نەتەوە یەکگرتوەکان بە بڕیاری ژمارە 692 لە ساڵى 1991 بۆ بەڕێوەبردنی داواکارییەکانی قەرەبوکردنەوە دامەزراوە. بڕیاردرا 30%ی داهاتی نەوتی عێراق بۆ دابینکردنی بودجەی ئەو سندوقە ببڕدرێت، کە دواتر لەدوای ساڵی 2003 بۆ 5% کەمکرایەوە.
لەوكاتەدا؛ کۆمیسیۆن 2.7 ملیۆن داواکاری وەرگرتوە و 52.4 ملیار دۆلاری وەک قەرەبوی پەسەندکردوە، کە گەورەترینیان 14.7 ملیار دۆلار بوە بۆ کۆمپانیای نەوتی کوەیت.
عێراق پابەند بو بە گەڕاندنەوەی ئەو قەرەبوە بە دانانی ڕێژەیەک لە داهاتی نەوتی خۆی بۆ سندوقێکی نەتەوە یەکگرتوەکان تاوەکو به سەرکەوتویی تەواوکردنی پارەدانەکە لە مانگی یەکی ساڵی 2022، دواجار دۆسیەی قەرەبوکردنەوەکە داخرا دوای ئەوەی بڕیارنامەی 2621 لە شوباتی هەمان ساڵدا دەرچو.
چەقبەستویی ئابوری و سودی کەڵەکەبو
لە ماوەی سزاکان دا (1990-2003)، ئابوری عێراق بەهۆی گەمارۆی بازرگانی و داراییەوە توشی داڕمانێكی سەخت بو، ئەمەش بوە هۆی کەڵەکەبونی قەرزی دەرەکی عێراق بۆ نزیکەی 120-130 ملیار دۆلار، ئەم بارگرانییە داراییە گەورەیە بوە هۆی ڕێگریی لە بوژانەوەی ئابوری، بە تایبەت بە زیادکردنی قەرەبوی کوێت.
کاتێکیش ڕژێمی سەددام روخا، بارگرانییەکە بە نادادپەروەرانە وەسف کرا و پێویستی بە لێخۆشبونی بەرفراوان هەبو.
خۆشبون لە قەرزەكان و سەرلەنوێ رێكخستنەوەى هەیكەلیەت لە ساڵى 2003دا
دوای گۆڕینی ڕژێمى سەددام لە ساڵی 2003، کەمکردنەوەی قەرزەکان بۆ عێراق بوە ئەولەویەتی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی لە ئاوەدانکردنەوە، ئەمریکا و شانشینی یەکگرتو سەرکردایەتی هەوڵەکانیان کرد بۆ کەمکردنەوەی قەرزەکانی عێراق، لە ئەنجامدا کەمکردنەوەی بەرچاو لە قەرزە سەروەرییەکان، هاتە جێبەجێكردن.
ڕێککەوتنی یانەی پاریس 2004
- عێراق لەگەڵ یانەی پاریس گەیشتە ڕێککەوتن بۆ دوبارە داڕشتنەوەی قەرزە فەرمییەکانی.
- قەرزى سەرەکی بڕی 38.9 ملیار دۆلار بوە، 80%ی بە قۆناغ لێيخۆشبون، بەڵام بە مەرجی چاکسازی ئابوری عێراق و چاودێری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی.
- قۆناغی یەکەم: لە 30%ی قەرزەکە خۆش بون.
- قۆناغی دوەم: 30%ی زیادە لێخۆشبونى بۆ كرا.
- قۆناغی سێیەم: لە 20%ی ماوەتەوە دوای تەواوبونی بەرنامەی چاکسازیی ئابوری بۆ ماوەی سێ ساڵ لێخۆشبونى بۆ دەكرێت.
ئەنجامی ڕێککەوتنەکە:
- ڕێککەوتنەکە قەرزی فەرمی دولایەنەی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە.
- بەشداری کرد لە گەڕانەوەی عێراق بۆ سیستەمی دارایی جیهانی.
- وڵاتانی وەک ڕوسیا و فەرەنسا بە پێی ڕێژەی ڕێککەوتن، ئەو فریاگوزارییەیان جێبەجێ کرد.
سەبارەت بە قەرزەکانی وڵاتانی دەرەوەى یانەی پاریس، دیپلۆماسیەتی عێراق بە هاوکاری ئەمریکا کاریانکرد بۆ گەیشتن بە یەکلاییکردنەوەی دولایەنە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەی یانەکانی پاریس.
ئەم هەوڵانە سەرکەوتو بون لە بەدەستهێنانی کەمکردنەوەی بەرچاو لە قەرزەکان، بەم شێوەیەی خوارەوە:
- سلۆڤاکیا و قوبرس و ماڵتا 100%ی قەرزەکانیان لەسەر عێراق هەڵوەشاندەوە.
- چین لە 80%ی قەرزەکانی (نزیکەی 8.8 ملیار دۆلار) خۆشبو.
- ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم قەرزەکانی بە عێراق (نزیکەی 4.2 ملیار دۆلار) ڕاگەیاند.
- میسر گەیشتە ڕێککەوتنێک بۆ یەکلاکردنەوەی قەرزەکانی (نزیکەی 800 ملیۆن دۆلار) لە ڕێگەی ڕێکخستنێکەوە کە هاوردەکردنی نەوت و هاوکاری ئابوری لەخۆگرتبو.
- تا ساڵی 2014 لە کۆی 73 وڵاتی قەرزدەر لە دەرەوەی یانەی پاریس، 65 وڵاتیان ڕێککەوتنی یەکلاکردنەوەیان لەگەڵ عێراق ئەنجامدابو، بەمەش تەنها چەند قەرزدەرێکی سەروەری مانەوە کە ڕەزامەندییان لەسەر کەمکردنەوەی قەرزەکان یان داڕشتنەوەی قەرزەکان نەبو، دیارترینیان دەوڵەتانی کەنداو بون.
یەکلاکردنەوەی قەرزە بازرگانییەکان (یانەى لەندەن):
عێراق بە مەزەندەکردنى 20 ملیار دۆلار قەرزارى قەرزدەرە بازرگانییەكان بو.
- لە ساڵی 2005 حکومەتی عێراق ئۆفەرێکی پێشکەش بە قەرزدەرە بازرگانییەكان کرد بۆ سڕینەوەی 89.75%ی قەرزەکان.
- قەرزدەرە بازرگانییە گەورەكان بە بۆندە سەروەرییە نوێیەکان قەرەبو کرانەوە کە لە ساڵی 2028 سودی 5.8% یان پێدەگات.
- قەرزدەرە بچوكەكان بژاردەیان پێدرا لە نێوان قبوڵکردنی کەمکردنەوەی پارەی نەختینەیی یان بەشداریکردن لە بۆندە نوێیەکان.
- ئەم پڕۆسەیە بوە هۆی کەمکردنەوەی 19 ملیار دۆلار قەرزی بازرگانی لە بەرامبەر دەرکردنی 2.7 ملیار دۆلار بۆندی نوێ.
ڕۆڵی بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان لە کەمکردنەوەی قەرزەکان دا
ئەنجومەنی ئاسایش لە ڕێگەی بڕیارنامەکانییەوە ئاسانکاریی بۆ هەوڵەکانی کەمکردنەوەی قەرزەکانى سەر عێراق کرد، بڕیارنامەی 1483 لە ئایاری 2003دا داوای لە وڵاتانی قەرزدەر کردبو کە بارگرانی قەرزەکانی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبکەنەوە، لە بڕیارنامەکەدا پارێزبەندی کاتی بۆ ئەو پارانەی عێراق لە سندوقی گەشەپێدان دانرابون؛ كە تا کۆتایی ساڵی 2007 ڕێگریى لە هەوڵدانى قەرزدەرەكان بكات بەمەبەستى وەرگرتنی قەرزەکانيان لە ڕێگەی دادگاوە.
لە ئەنجامی ئەم هەنگاوانەدا، قەرزە دەرەکییەکانی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکرد، زیاتر لە 100 ملیار دۆلار قەرزی عێراق لە نێوان ساڵانی 2003 بۆ 2010 سڕدرایەوە یان ڕێکخرایەوە.
داواکارییە یەکلانەکراوەكان.. قەرزەکانی کەنداو و ئەوانی تر
هەرچەندە عێراق لە دوای ساڵی 2003ەوە زۆربەی قەرزە سەروەرییەکانی بە سەرکەوتویی یەکلایی کردەوە، بەڵام هەندێک قەرز و داواکارییەکان بە نایەکسانی مانەوە، دیارترینیان ئەو قەرزانە بون کە دەوڵەتانی کەنداو داوایاندەكردەوەو بە 40-50 ملیار دۆلار مەزەندە دەكران.
گەورەترین قەرزدەری کەنداویش سعودیە بو، کە بە مەزەندەکردنی 30-40 ملیار دۆلار قەرزی دابو بە عێراق، لە دوای ئەویش کوێت دێت کە قەرزەكانى بە 8-14 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
ئەم قەرزانە بەهۆی ناکۆکی لەسەر بەها و مەرجەکانیان یەکلایی نەکراونەتەوە، عێراق هەندێکیان بە یارمەتییە ناگەڕێندراوەکان دەزانێت، لەکاتێکدا وڵاتانی قەرزدەر پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەن کە پارەكانیان لە کاتی خۆیدا وەك قەرز دراون بە عێراق.
سەرەڕای بەڵێنەکانی کەنداو بۆ لێخۆشبون لە قەرزەکانی عێراق، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی فەرمی بۆ لێخۆشبونی قەرزەکان واژۆ نەکراوە، ئەگەرچى تێگەیشتنێکی ناڕاستەوخۆ هەیە کە ئەم وڵاتانە عێراق ناچار ناکەن پارەیان بداتەوە و لەوانەیە وەک بەشێک لە ڕێککەوتنەکانی داهاتو كاریان لەسەر بكرێت. زۆرێک لە شارەزایان ئەگەری داوای خەرجکردنی ئەو قەرزانەی عێراق بە کەم دەزانن، بەتایبەتی کە هەندێکیان بەڵگەنامەی یاسایی تەواویان نییە.
بانگەشەى چارەسەرنەکراوی چەند قەرزێكى تر
جگە لە وڵاتانی کەنداو، چەند قەرزدەرێکی دیکەش هەبون کە دواکەوتون لە یەکلاییکردنەوەی فەرمی لەگەڵ عێراق، وەک بەرازیل، پۆڵەندا، کۆریا، ئەسیوپیا و یۆنان. هەندێک لەو کەیسانە لە درەنگانی پرۆسەکەدا یەکلایی کرانەوە، هەندێکی دیکەشیان بە بێ ڕاگەیەندراو مانەوە؛ بەڵام کاریگەرییەکی کەمیان هەبو، بۆ نمونە بەرازیل قەرزەکانی لە گرێبەستە بازرگانییەکاندا نەدرانەوە و ئامادەیی دەربڕی زۆربەیان بسڕێتەوە، بەڵام تا ساڵی 2019 هیچ بەڵگەنامەیەکی گشتی لەسەر ئەمە لەبەردەستدا نەبو.
پۆڵەندا کە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردودا چەکی بۆ عێراق دابیندەکرد، یەکلاکردنەوەی قەرزەکانی دواخست، لەوانەیە ئەوەش بەهۆی کێشەی ڕێکارەکانەوە بوبێت. زۆربەی ئەم حاڵەتە بچوکانە تەنانەت ئەمڕۆش وەک بانگەشەى ڕاستەقینە باس ناکرێت و زۆرجار بە هێمنی چارەسەر دەکرێن یان لەگەڵ تێپەڕبونی کاتدا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەسڕدرانەوە.
جێى ئاماژەیە، عێراق لە ساڵی 2011 ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر یەکلاییکردنەوەی داواکارییەکانی ئەو هاوڵاتییە ئەمریکییانەی کە لەکاتی شەڕی ساڵی1990دا بە بارمتە گیرابون، لە بەرامبەردا ئەمریكا بەڵێنى یەکلاکردنەوەی دارایی پێدا، بەمەش ئەو داوایانە یەکلایی بوەوە کە لە دادگاکانی ئەمریکا تۆمارکرابون.
ئەمڕۆ، مانەوەی داواکارییە یەکلانەکراوەکانی عێراق، لەسەر ئەو قەرزانەیە کە دەوڵەتانی کەنداو داوایدەكەنەوە و بەبێ ڕێککەوتنی یەکلاکردنەوە ماونەتەوە. ئەم قەرزانە لە بەیاننامەکانی حکومەتی عێراقدا وەک بەشێک لە قەرزە گشتییە نەدراوەکان دانپێدانانیان پێناکرێت، چاوەڕوان دەکرێت لە چوارچێوەی باشترکردنی پەیوەندییە ناوچەییەکان چارەسەرێک بدۆزنەوە.
قەرزەكان لە دوای ساڵی 2010 و پێشهاتەکانی ئێستا
دوای ئەوەی عێراق لە كێشەو گرفتى قەرزە كۆنەكانى؛ لە کۆتایی دەیەی یەکەمی ساڵى 2000دا رزگاریبو، وڵاتەكە بە کورتهێنانی دارایی کەمتر بەرچاو هاتە نێو دەیەی دوەم و ئابوریش بۆ چەند ساڵێک سودی لە بەرزبونەوەی داهاتی نەوت وەرگرت، بەمەش ڕێژەی قەرزەکانی تاڕادەیەک بە نزمی هێشتەوە، بەڵام زنجیرەیەک قەیرانی دواتر بوە هۆی بەرزبونەوەی نوێی قەرزەکان (بەتایبەت ناوخۆیی) كه ئەوەش بۆ دابینکردنی دارایی کورتهێنانی بودجە بو. لەبەرئەوە دەتوانرێت دۆخى ئێستا بەسەر چەند بوارێکی سەرەکیدا دابەشبکرێت:
یەكەم: قەرزی فرەلایەنی نوێ (سندوقى دراوى نێودەوڵەتى و بانکی نێودەوڵەتی)
لە دوای ساڵی 2003 عێراق قەرزی نوێی لە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکانی وەک سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی وەرگرت. لە ساڵی 2004 قەرزێکی بەپەلەی لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی وەرگرتوە بە بەهای 436 ملیۆن دۆلار، دواتر لە ساڵی 2016 ڕێککەوتنی ئامادەباشی لەگەڵ سندوقەکەدا بە بڕی 5.34 ملیار دۆلار واژۆ کردوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نەوت و دابینکردنی دارایی شەڕی داعش، هاوكات لە ساڵى 2005دا قەرزی لە بانکی نێودەوڵەتی وەرگرتوە بۆ دابینکردنی بودجەی ژێرخان و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە بە بەهای 500 ملیۆن دۆلار، هەر لەو ساڵەدا یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلارى ترى وەرگرتوە، و لەساڵى 2017یشدا 400 ملیۆن دۆلارى ترى وەرگرتوە.
ئەم قەرزە فرەلایەنانە ڕێژەی سودی کەمیان هەیە و ماوەی ئیمتیازێکی درێژخایەنیان تێدایە و بەشێکی بەرچاویش لە قەرزە دەرەکییە مۆدێرنەکانی عێراق پێکدەهێنن.
دوەم: قەرزی نوێی دو قۆڵی و بۆندە سەروەرییەکان
لە دوای ساڵی 2003 عێراق قەرزی دولایەنەی بۆ دابینکردنی پێداویستییە تایبەتەکان مسۆگەر کرد، وەک قەرزی ژاپۆنی بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژەکانی ئاو و کارەبا و قەرزی چینی بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژەکانی وزە و ژێرخانی ئابوری.
لەلایەكى ترەوە، عێراق بۆندە سەروەرییەکانی لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا دەرکرد، وەک "یۆرۆ بۆند"ى یەک ملیار دۆلاریی لە ساڵی 2017 و بۆندێکی نێودەوڵەتی بە بڕی دو ملیار و 700 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2015دا. ئەم دەرکردنانە قەرزی دەرەکی عێراقیان زیاد کرد، بەڵام لە چوارچێوەی سنورێکدا کە بە وردی لەبەرچاو گیرابون.
سێهەم: بەرزبونەوەی قەرزی ناوخۆ
لەم ساڵانەی دواییدا حکومەتەکانی عێراق پەنایان بردە بەر قەرزی ناوخۆ بۆ دابینکردنی کورتهێنانەکانیان، ئەمەش بۆتە هۆی بەرزبونەوەی بێ وێنەی قەرزی گشتی ناوخۆ.
لە ساڵی 2020 قەرزی ناوخۆ لە 38 ترلیۆن دینارەوە بۆ 64 ترلیۆن دینار بەرزبۆتەوە، دواتر لە ساڵی 2023دا نزیكەى 70 ترلیۆن دیناری تێپەڕاندوە، کە دەکاتە 50 ملیار دۆلار، هەرچەندە ڕێژەی قەرز بەرامبەر بە بەرهەمی ناوخۆیی لە مەودای بەردەوامدا دەمێنێتەوە، بەڵام بەردەوامی پشتبەستن بە قەرزی ناوخۆیی نیگەرانی ئابوری دەوروژێنێت، چونكە زۆربەی قەرزە ناوخۆییەکان خاوەندارێتی بانکە حکومییەکانن و ساڵانە سودی لە ڕێگەی بودجەوە دەدرێت، ئەمەش وایکردوە کەمتر مەترسیدار بێت لە چاو قەرزی دەرەکی.
چوارەم: بارودۆخی ئێستا (2025)
بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت لە ساڵی 2022-2023، عێراق توانی خەرجی وەبەرهێنان زیادبکات و بەشێک لە قەرزە ناوخۆییەکانی بداتەوە، بەمەش گەشەی قەرزەکانی کەمکردەوە. داتا فەرمییەکان ئەوە مەزەندە دەکەن کە کۆی قەرزی گشتی عێراق نزیکەی 70-75 ملیار دۆلارە، کە زۆربەی قەرزەکانی ناوخۆییە، لەکاتێکدا قەرزی دەرەکی ڕاستەقینەی نەدراو نزیکەی 20 ملیار دۆلارە.
-
عێراق.. داهاتى وڵات لە دەریاى موچەدا دەتوێتەوە
|
-
سودانى وهڵامى تهیف سامى دهداتهوهو باسى موچهخۆرانى ههرێم دهكات
|
-
كۆمپانیا زهبهلاحهكهى ئهمریكا ڕوو لهعێراق دهكات.. سودانى چى وت؟
|
-
حكومهتى عێراق بۆ موچهى مانگى شهش باره قورسهكهى خسته كۆڵى حكومهتى ههرێم
|
-
سەدان ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی دەنگ لەبەغدا خەرجدەکرێت
|
-
شارەزایەکی ئابوری ئاستەنگەکانی نەوتی هەرێم ئاشکرادەکات
|
-
ئیرادە داتاى قەرزى عێراق لەشەڕى ئێرانەوە تا ئەمڕۆ دەخاتەڕو
|
-
پێنج ترلیۆن دینارهكهى ههرێمى كوردستان چى بهسهرهات؟
|
-
نەبیل مەرسومی: رێككەوتنی بەغدا و هەولێر لەسەر نەوت دەرزی سڕكەرە بەفەرمانبەرانی هەرێم دەدرێت
|
|
|