2025-08-16 138 جار خوێنراوەتەوە

پێنج ترلیۆن دیناره‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان چى به‌سه‌رهات؟

ناوەندی هەواڵ

به‌گوێره‌ى ئەو بەڵگەنامە فەرمییانەی بڵاوبونه‌ته‌وه‌، حکومەتی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی 2024، سەرەڕای تەرخانکردنی پێنج ترلیۆن دینار بۆ بودجەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كى خەرجنەکردووە، ئەمەش بەڕونی ستەمێکی ئاشکرا لەپڕۆژە خزمەتگوزاریی‌و ستراتیژییەکانی هەرێم نیشاندەدات.

بەگوێرەی بەڵگەنامەکان کە لەلایەن دەستەی گشتیی چاودێریکردنی داهاتە فیدڕاڵییەکانەوە ئامادەکراون، بەوردی داهات‌و خەرجییەکانی دەوڵەتی عێراق بۆ ساڵی 2024 شیدەکەنەوەو جیاوازییەکی زۆر لەنێوان پارەی تەرخانکراوو پارەی خەرجکراوی ڕاستەقینە بۆ هەرێمی کوردستان دەردەخەن.

به‌گوێره‌ى بەشی تەرخانکراوەکان، کۆی گشتیی بودجەی پەسەندکراوی عێراق بۆ ساڵی 2024 نزیکەی 204 ترلیۆن دینار بوە کە تێیدا بودجەی وەبەرهێنان 46 ترلیۆن دینار بوە.

پشکی هەرێمی کوردستان لەوەبەرهێنان پێنج ترلیۆن دینار بوە، بەڵام لەبەشی خەرجییەکاندا، کە باس لەپارەی خەرجکراوی ڕاستەقینە دەکات، شتى نامۆ ده‌بینرێت کە بەمشێوەیەی خوارەوەیە:

ـ کۆی خەرجیی وەبەرهێنان لەعێراق 25 ترلیۆن دینار بوە، خەرجیی وەبەرهێنان بۆ هەرێم، هیچ بڕە پارەیەک تۆمارنەکراوەو ناوی هەرێمییش لەلیستی خەرجییەکانی وەبەرهێناندا بەتەواوی سڕاوەتەوە، ئەمەش بەواتای ئەوەدێت کە 100%ی بودجەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە.

شرۆڤه‌كاران پێیانوایه‌، ستەمکارییەکە تەنها بودجەی وەبەرهێنانی نەگرتوەتەوە، بەڵکو لەبودجەی بەکارخستنیشدا کە تایبەتە بەموچەو خەرجیی ڕۆژانە، جیاوازیی گەورە هەیە، نمونه‌ ده‌هێننه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌ڵگه‌كان‌و ده‌ڵێن:

ـ پارەی تەرخانکراو بۆ هەرێم 16 ترلیۆن دینارە، پارەی خەرجکراو بۆ هەرێم (بەکارخستن) تەنها 11 ترلیۆن دینارە، ئەمەش ده‌رخه‌رى ئه‌وه‌یه‌ کە تەنانەت لەبودجەی بەکارخستنیشدا بڕی پێنج ترلیۆن دینار کەمتر بۆ هەرێم خەرجکراوە.

به‌بۆچونى چاودێرانى دۆخه‌كه‌، ئەم ژمارانە بەڕونی دەریدەخەن کە حکومەتی فیدراڵی، بەشێوەیەکی سیستماتیک، پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەو وەبەرهێنانی لەهەرێمی کوردستاندا بەتەواوی پەکخستوەو تەنانەت بودجەی بەکارخستنیشی به‌گوێره‌ى ڕێککەوتنەکان خەرجنەکردوە، ئەمەش زیانێکی گەورەی بەژێرخانی ئابوریی‌و ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان گەیاندوە.

هه‌ر بەپێی ڕاپۆرتی فەرمیی وەزارەتی دارایی عێراق سەبارەت بەداهات‌و خەرجییەکانی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025، کۆی داهاتەکانی دەوڵەت گەیشتوەتە 62 ترلیۆن دینارو 92%ی ئەم داهاتە لەسەر نەوت بوە، لەهەمان ماوەدا تەنها پێنج ترلیۆن دینار بۆ هەرێم خەرجکراوە.

  • عێراق.. داهاتى وڵات لە دەریاى موچەدا دەتوێتەوە

  • سودانى وه‌ڵامى ته‌یف سامى ده‌داته‌وه‌و باسى موچه‌خۆرانى هه‌رێم ده‌كات

  • كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كه‌ى ئه‌مریكا ڕوو له‌عێراق ده‌كات.. سودانى چى وت؟

  • حكومه‌تى عێراق بۆ موچه‌ى مانگى شه‌ش باره‌ قورسه‌كه‌ى خسته‌ كۆڵى حكومه‌تى هه‌رێم

  • سەدان ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی دەنگ لەبەغدا خەرجدەکرێت

  • شارەزایەکی ئابوری ئاستەنگەکانی نەوتی هەرێم ئاشکرادەکات

  • ئیرادە داتاى قەرزى عێراق لەشەڕى ئێرانەوە تا ئەمڕۆ دەخاتەڕو

  • پێنج ترلیۆن دیناره‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان چى به‌سه‌رهات؟

  • نەبیل مەرسومی: رێككەوتنی بەغدا و هەولێر لەسەر نەوت دەرزی سڕكەرە بەفەرمانبەرانی هەرێم دەدرێت

سەرەکی