10   کاتژمێر پێش ئێستا 142 جار خوێنراوەتەوە

سودانى وه‌ڵامى ته‌یف سامى ده‌داته‌وه‌و باسى موچه‌خۆرانى هه‌رێم ده‌كات

ناوەندی هەواڵ

به‌گوێره‌ى چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك، له‌كۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق، سودانى وه‌ڵامى ته‌یف سامى وه‌زیرى دارایی عێراقى داوه‌ته‌وه‌و باسى موچه‌خۆرانى هه‌رێمى كردوه‌، سودانى وتویه‌تى:"ئێمەو حكومەتی هەرێم، حكومەتین‌و دەتوانین چاوەڕوان بین، بەڵام خەڵك ناتوانێت لەوە زیاتر چاوەڕێی موچە بكات".

له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق كه‌ به‌سه‌رپه‌رشتى محەممەد شیاع سودانی به‌ڕێوه‌چوه‌، باس لەڕێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغداو پرسی موچە كراوه‌و بەزۆرینەی دەنگى به‌شداربوانى كۆبونه‌وه‌كه‌، بڕیار لەناردنی موچەی موچه‌خۆرانى هەرێم دراوه‌.

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ باس له‌وه‌ده‌كرێت، تەیف سامی وەزیری دارایی له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "بۆ خەرجكردنی موچەی مانگی شەش، پێویستم بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە".

ده‌وترێت، ڕاسته‌وخۆ محەممەد شیاع سودانی وه‌ڵامیداوه‌ته‌وه‌و وتویەتی، "ئێمەو حكومەتی هەرێم، حكومەتین‌و دەتوانین چاوەڕوان بین، بەڵام خەڵك ناتوانێت لەوە زیاتر چاوەڕێی موچە بكات‌و پێویستە بڕیار لەخەرجكردنی موچەی مانگی شەش بدەین پاشان بڕیارەكە خراوەتە دەنگدانەوەو بەزۆرینەی دەنگ بڕیارەكە دراوە".

پێشتریش باسم عه‌وادى مه‌رجه‌كانى عێراقى بۆ ناردنى موچه‌ى مانگى شه‌ش بۆ هه‌رێم ئاشكراكرد، یەكێك لەمەرجەكان ئەوەیە كە هەرێم 120 ملیار دینارەكەی داهاتی نانەوتی بنێرێت.

چه‌ند زانیاریه‌كیش له‌به‌رده‌ستدان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ یان پێنجشه‌ممه‌ حكومه‌تى هه‌رێم پارەكە ده‌خاته‌سه‌ر هه‌ژمارى وه‌زاره‌تى دارایى عێراق له‌لقی هەولێری بانكی ناوەندیی.

یه‌كێكى دیكه‌ش له‌مەرجەكانى به‌غدا بریتییه‌ له‌وه‌ى، دەبێت وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان به‌لیست پۆلێنی بوارەكانی داهاتی نانەوتی بكات‌و بوارەكان جیابكاتەوەو لەماوەی دوو ڕۆژی دیكەدا ئه‌و لیستانه‌ بۆ بەغدا ڕه‌وانه‌ بكات.

هه‌ر له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "هیچ گرفتێك لەنێوان هەولێرو بەغدا سەبارەت بەدۆسیەی نەوت نەماوەو ئێستا هەرێم ڕۆژانه‌ 180 هەزار بەرمیل نەوتی ئامادەیە، به‌ڵام دەبێت هەرێم كۆمپانیاكان ڕابسپێرێت بۆ ئەوەی نەوتەكە لەڕێگەی سۆمۆوە هەناردە بكرێت".

زانیارییه‌كان ده‌ڵێن، "تاوەكو ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو پارەی مانگی شەش خەرجدەكرێت، تائەوكاتیش ئەو مەرجانەی كە دانراون جێبەجێدەكرێن".

سه‌باره‌ت به‌ته‌وتینى موچه‌خۆرانیش، وه‌زیرى دارایی داوایكردوە كە تاوەكو دوو مانگی دیكە سەرجەمی فەرمانبەران بەشداربن لەهەژماری من، به‌ڵام هه‌رێمى كوردستان پێشنیازیكردوه‌ كۆتایی ساڵ دیاریبكرێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.

  • سودانى وه‌ڵامى ته‌یف سامى ده‌داته‌وه‌و باسى موچه‌خۆرانى هه‌رێم ده‌كات

  • كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كه‌ى ئه‌مریكا ڕوو له‌عێراق ده‌كات.. سودانى چى وت؟

  • حكومه‌تى عێراق بۆ موچه‌ى مانگى شه‌ش باره‌ قورسه‌كه‌ى خسته‌ كۆڵى حكومه‌تى هه‌رێم

  • سەدان ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی دەنگ لەبەغدا خەرجدەکرێت

  • شارەزایەکی ئابوری ئاستەنگەکانی نەوتی هەرێم ئاشکرادەکات

  • ئیرادە داتاى قەرزى عێراق لەشەڕى ئێرانەوە تا ئەمڕۆ دەخاتەڕو

  • پێنج ترلیۆن دیناره‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان چى به‌سه‌رهات؟

  • نەبیل مەرسومی: رێككەوتنی بەغدا و هەولێر لەسەر نەوت دەرزی سڕكەرە بەفەرمانبەرانی هەرێم دەدرێت

  • هەرێم 120 ملیارەكە رەوانە دەكات و بەغداش موچە دەنێرێت

سەرەکی