×

2024-04-23 101 جار خوێنراوەتەوە

سێی ئاب بۆ ئێزدییەکان؛ تارمایی ترس، کۆمەڵکوژی و خیانەت

دۆسیەی تایبەت


ئەمڕۆ سێی ئاب، نۆ ساڵ بەسەر داگیرکردنی شنگال لەلایەن چەکدارانی داعش تێدەپەڕێت، سەرەرای نەبوونی ئامارێکی ورد؛ لەو تاوانەدا سەدان هەزار کوردی ئێزدی ئاوارەبوون، بەڵام بەدروستی شەش هەزار و  417 کەس رفێنران، ژمارەیەکی زۆریش زیندەبەچاڵکران، دوای نۆ ساڵ، تاوەکو ئێستاش دوو هەزار و 713 کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن کە هەزار و 270 کەسیان ژن و هەزار و 443 کەسیان پیاون.

دەست بەسەرداگرتنی شنگال لەلایەن داعشەوە

دوو مانگ دوای داگیرکردن شاری موسڵ لەلایەن داعشەوە، دروست لە سێی ئابی 2014 چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیانکردە سەر شنگال و دوای روبەروبونەوەیەکی کەم؛ لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا قەزاکە بەتەواوی کەوتە دەستی داعشەوە.

لێرەوە چیرۆکی ئاوارەبوون و رفاندن و زیندەبەچاكڵکردن دەستیپێکرد، بشێک لە دانیشتوانی قەزای شنگال و ناحیەکانی، بەرەو شاری دهۆک و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هەڵهاتن و ئاوەرە بوون، هەندێکیشیان روویان لە چیای شنگال کرد، ماوەی 10 رۆژ لەلایەن داعشەوە بە تووندی گەمارۆدران.

دوای ئۆپەراسیۆنێکی چڕ، بە هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئاسمەنەوە، لەسەر زەویشەوە هێزی پێشمەرگە و یەکینەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە گەمارۆکە شکێندرا، تواندرا رێڕەوێک بۆ دەربازکردنی ئەو هاوڵاتییەنە بکرێتەوە کەلەسەر چیای شنگال گیریان خواردبوو، هەندێکیان بەرەو رۆژئاوای کوردستان گوازرانەوە و دواتر لە رێگای درەوازی سێمێلکاوە گەڕێندرانەوە باشووری کوردستان و لە چەند کەمپێکی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێ کران.

هەر ئەوکات ژمارەیەک لە کوردانی ئێزدی بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداو؛ نزیکەی 10 هەزار کەسیشیان کە ئەوکات چوونە رۆژئاوای کوردستان لە کامپی نەورۆز لە نزیک شاری دێرکی سەر بە کانتۆنی جزیرە نیشتەجێبون و کە هەندێکیان تا ئێستاش نەگەڕاونەتەوە.

سەرەڕای ئاوارەبوونی سەدان هەزار ئێزدی، زیاتر لە شەش هەزار ئێزدی لەلایەن داعشەوە رفێندران و ژمارەیەکی زۆریش زیندەبەچاڵکران، لەو ژمارەیەی رفیندران بەشێکیان رزگارکران و نزیکەی دوو هەزار و 713 کەسیان تائێستا بێسەروشوێنن کە هەزار و 270 کەسیان ژن و هەزار و 1443 کەسیان پیاون.

کشانەوەی پارتی

پارتی دیموکراتی کوردستان شنگالی بە ناوچەی جێهەژموونی خۆی دەزانیی، ئەو هێزانەی پێشمەرگە کە شنگالیان دەپاراست سەر بە پارتیبوون، کشانەوەی هێزەکە بەخێرایی و رادەستکردنی قەزاکە بە داعش، بوو بە پەڵەیەکی رەش بەناوچەوانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە.

ئەوکات باس لەوە دەکرا کە پارتی لە سەفقەیەکی هەواڵگریی و سەربازییدا ناچار بووە لە شنگال بکشێتەوە و قەزاکە رادەستی داعش بکات، لەدوای ئەو رووداوەشەوە پارتی بە شێواز و رێگەی جۆراوجۆر دژایەتی بۆ شنگال و ئەو سیستمە دەربڕی کە دوای رزگارکردنی قەزاکە دامەزرا.

چەند هەفتەیەک پێش ئێستا، ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاوارەکانی شنگالی بە بارمتە گرتووە و رێگە نادا بگەڕێنەوە شنگال و دەیەوێت لە کەمپەکاندا بمێننەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە حکومەتی عێراق بڕیاری داخستنی سەرجەم کەمپەکانی داوە و هەموو کەمپەکانی سەرتاسەری عێراق داخراون بێجگە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان.

چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، پارتی نایەوێت ئاوارەکانی شنگال بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان چونکە ئەوە بە واتای شەرعیەتدانە بەو ئیدارەیەی لەوێ کاردەکات و دەوترێت نزیکە لە پەکەکەوە.

رزگارکردنەوەی شنگال

سەرەڕای ئەو تاوانە مرۆییانەی ئەنجامیاندا، رێکخراوە تیرۆرستییەکە دەستیکرد بە رووخاندن و لەناوبردنی پەرستگا و ناوەندە ئاینییەکان، لەو چوارچێوەیەدا 68 مەزاری ئاینی ئیزیدیەکان تەقێنرانەوە و خاپور کران.

بەڵام داعش ئەو دۆخەی بۆ نەچووەسەر و دوای زیاتر لە 15 مانگ، لە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2015، لە ئۆپەرسیۆنێکی چڕ و یەکلاکەرەوەدا، لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و بە هاوکاری فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان و بەشداریی کارای شەڕڤانانی یەبەشە، یەپەگە و گەریلاکانی هەپەگە، دوای دوو رۆژ و درووست لە 13ی تشرینی دووەم ناوەندی قەزاکە کۆنترۆڵکرایەوە و کۆتای بە حوکمی داعش لە قەزای شنگال هێندرا.

بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی شنگال

دوای پێنج ساڵ له‌ هێرشی داعش و كۆمه‌ڵكوژی ئه‌و پێكهاته‌یه‌، په‌رله‌مانی كوردستان، پرۆژه‌ بڕیارێکی په‌سه‌ند كرد بۆ دیاریكردنی 3ی ئابی 2014 وه‌ك رۆژی جینۆسایدی ئێزیدییه‌كان.

له‌و بڕیاره‌دا جگه‌ له‌ دیاریكردنی سێی ئابی 2014 وه‌ك رۆژی جینۆسایدی ئێزدییەکان، داوای قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتوانی ئێزیدی جێگیركرا؛ له‌گه‌ڵ هه‌وڵ و هه‌ماهه‌نگی هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ندی به‌غدا له‌ پرسی دۆكۆمێنتكردنی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه ‌و هه‌وڵه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی زێدی ئێزیدییه‌كان.

 هاوکات لەبەرامبەر ئەو تاوانە نێودەوڵەتییەدا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ژمارە 2379 لە ساڵی 2017 سەبارەت بە جینۆساید ناساندنی تاوانی شەنگال و دەوروبەری دەرکرد. ئەم بڕیارە گرنگیەکی نێودەوڵەتی ھەیە، بەڵام ھێشتا کاری پێ نەکراوە، بەبەڵگەی ئەوەی ھێشتا ئەم پێکھاتەیە نە قەرەبووکراونەتەوە نە ناوچەکەیان ئارامی بۆ گەڕاوەتەوە.

دوای نۆساڵ لە داگیرکردنی شنگال

 ئێستا نۆساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا شارەکە ئاوەداننەکراوەتەوە، هیچ سیمایەکی شارستانییەت و ژیانی پێوە دیار نییە و بەشێکی دانیشتوانەکەی هێشتا لە کامپەکاندا ژیان دەکەن.

سەڕای هەموو ئەوانەش ململانێ سیاسییەکان و بوونی چەندین هێزی جیاواز لە قەزاکەدا بووەتە هۆی نائارامی و پشێوی و هەر ئەوەش وایکردووە هێشتا بەشێک لە دانیشتوانەکەی نەگەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان و ژمارەیەکی زۆریشیان رویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە.

داعش نەک تەنها لە شەنگال، لە ناوچەکانی کەرکوک و گەرمەسێر و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم و لە رۆژئاوای کوردستانیش کوشتار و تاوانی زۆری دژی گەلی کوردستان ئەنجامدا.

بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی تاوان، ئەوەی لەشەنگال و دەرھەق بە ئیزیدیەکان کراوە دەچێتە خانەی تاوانی ( کۆمەڵکوژی- جینۆساید) و ( تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی) و ( تاوانی دژ بەمافەکانی مرۆڤ).

  • ساڵیادی کۆمەڵکوژیی دێرسیم

  • ڕێگای گەشەپێدانی تورکیا عێراق ئێران پرۆژەیەک کە کورد بۆ ١٠٠سالی ڕابردوو دەگێڕێتەوە

  • سێ مووچە دەفەوتێت؛ کێشە داراییەکانی هەولێر و بەغداد قوڵتر دەبنەوە

  • ئێن ئاڕ تی تێکەوت؛ وردەکاریی رێککەوتنی نێوان پارتی و نەوەی نوێ ئاشکرا بوو

  • زیندان و راوەدوونان؛ دوو دیارییەکەی دەستی کابینەی نۆیەم بۆ رۆژنامەنووسان

  • کۆتای ئێزدییەکان؛ 29 کاندید شەڕ لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەک دەکەن

  • سێ شار و سێ دیداری نێودەوڵەتیی؛ خەرجکردنی دەیان ملیار دینار بەبێ هیچ سوودێک

  • پاکتاوکردنی نەیارەکانی مالیکی؛ سەدر و حەلبووسی پاشان بارزانی

  • وردەکاری و هۆکاری دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا بوو

سەرەکی