×

2024-04-23 87 جار خوێنراوەتەوە

شەڕی ژمارەکان؛ گرێ کوێرەی نێوان هەرێم و بەغداد دەکرێتەوە؟

دۆسیەی تایبەت


 

دوای تێپەڕینی پێنج مانگ بەسەر واژۆکردنی رێککەوتنی هەرێم و بەغداد هێشتا ئەو رێککەوتنە وەکو خۆی جێبەجێ نەکراوە و دیاریش نییە داهاتووەکەی بەکوێ دەگات. پرسە داراییەکان و ناردنی پشکی هەرێم بەپێی یاسای بودجە، گەورەترین ئاستەنگی بەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و جێبەجێکردنی یاسای بودجەن، تائێستا نە هەرێم و نە عێراق زانیاریی تەواویان لەبارەی ئەنجامی گفتوگۆکان ئاشکرا نەکردوە، دەزگای میدیایی ئیرادە لە بەدواداچوونێکی ورددا دەستی بە هەندێک لەو ژمارانە گەیشتووە کە لەسەر مێزی گفتوگۆی نێوان شاندەکانی هەولێر و بەغداد بوون.

داواکاریی بەغداد

حکومەتی فیدراڵی عێراق داوای پاکتاوکردنی ژمێرەیی شەش مانگی کردووە، بەم شیوەیەی خوارەوە:

کۆی ئەو پارەیەی کە دەبوو لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە هەرێمەوە رادەستی بەغداد کرابان (بەپێی داواکارییەکانی بەغداد)

  • دوو ترلیۆن ٤٠٠ ملیار دینار کە لەماوەی نزیکەی ساڵێکی رابردوودا وەکو قەرز بۆ دابەشکردنی مووچە بۆ هەرێم نێردراوە دەبێت بدرێتەوە.
  • ٩٠٠ ملیار دیناری قەرز لەچوارچیوەی دانەوەی قەرزی ٤.٢ ملیار دۆلاردا کە بەپێی یاسای بودجە دەبێت لەماوەی حەوت ساڵدا بدرێتەوە بەغداد.
  • ترلیۆنێک و ٩٢٠ ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی شەش مانگی هەرێمی کوردستان کە داهاتی دەروازە سنورییەکان و وەزارەتەکان و باج و رسومات لەخۆدەگرێت و بەغداد داوای سەرجەمی دەکات.
  • سێ ترلیۆن و ٢٥٠ ملیار دینار داهاتی ئەو نەوتەی کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ٢٥ی ئازار لەرێگەی بۆرییەوە فرۆشراوە و بەغداد داوای پاکتاوکردنی دەکات.

کۆی گشتی ئەو بڕە پارانە بریتییە لە پێنج ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دینار کە عێراق داوای ئەوە دەکات لەگەڵ هەرێم پاکتاوی بکات پێش ئەوەی مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت بنێرێت.

داواکاریی و شایستەی هەرێم

تەنها ئەو بڕە پارەیەی کە لە چوارچێوەی پشکی ١٢.٧دا دەبێت بۆ هەرێم بنێردرێت بریتییە لە ١٤.٢ ترلیۆن دینار، واتە شایستەی هەرێم بۆ شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بریتییە لە حەوت ترلیۆن و ١٠٠ ملیار دۆلار.

بێجگە لەو بڕەش چەندین بڕە پارەی دیکە لە بەغداوە بۆ هەرێم دەنێرێت، بەڵام کۆی ئەو بڕانە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادی و خەرجییەکانی حاکیمەدایە و بەشێوەی نەختینەیی ناگاتە دەستی حکومەتی هەرێم.

ئێستا کێشەکە چییە؟

بێجگە لەو داهاتەی هەرێمی کوردستان کە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا هەبووە، بەغداد داوا دەکات داهاتی هەردوو مانگی حەوت و هەشتیش رادەست بکرێت، بەڵام حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکردوە کە داهاتەکە لە پڕکردنەوەی کورتهێنانی موچەی مانگەکانی رابردوودا خەرجکراوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بەردەوام دابەشکردنی مووچە لە هەرێم مانگێک تا دوو مانگ لەدوای حکومەتی عێراقەوەیە.

بەپێی داتا فەرمییەکان، داهاتی نانەوتیی هەردوو مانگی حەوت و هەشتی هەرێم بریتیبووە لە ٦١٦ ملیار دینار، حکومەتی فیدراڵ داوای رادەستکردنی ئەو بڕەش دەکات، بەڵام حکومەتی هەرێم ئامادەی ئەو هەنگاوە نییە.

حکومەتی هەرێم داوای لە بەغداد کردوە وەکو پیشاندانی نیازپاکیی شایستەی دوو مانگی حەوت و هەشتی هەرێم بنێرێت بۆئەوەی حکومەتی هەرێم بتوانێت مووچە دابەش بکات، پاشان پاکتاوی سەرجەم مانگەکان دەکەن، بەڵام تائێستا بەغداد ئامادەی ئەم دەستپێشخەرییە نییە.

یاسا و پێوەرەکان چی دەڵێن؟  

 ئەوەی پرسی بودجە و پەیوەندییە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد رێکدەخات، هەردوو یاسای بودجە و یاسای ئیدارەی دارایی دەوڵەتن کە ئەوەی یەکەمیان چەند مانگێک پێش ئێستا و ئەوەی دوەمیان لە ساڵی ٢٠١٩ دەرچوون.

لە یاسای بودجەدا، پێشمەرجی ناردنی پشکی هەرێم بەوە دانراوە کە دەبێت پاکتاوی ژمێرەیی ساڵانی رابردوو بکات، مانگانە (میزانی مراجەعە) پێشکەش بە بەغداد بکات، پرۆسە داراییەکانی هەرێم لەژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵیدا بێت.

هەرچی لە یاسای ئیدارەدانی دارایی دەوڵەتە، بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم دەڵێت “نیوەی داهاتە فیدراڵییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەرێم و پارێزگایەی کە داهاتەکەی تێدا کۆدەکرێتەوە”.

داهاتە فيدراڵییەکانیشی بەم شێوەیە دەستنیشانکردوە: داهاتی دەروازە سنورییەکان، داهاتی فڕۆکەخانەکان، داهاتی ئەو بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگانەی فیدراڵین.

کەلێنی ناو یاساکان

یاسای ئیدارەدانی دەوڵەت کاتێک پەسەندکرا کە پەیوەندی دارایی و سیاسیی نێوان هەرێم و بەغداد لە خراپترین دۆخیدا بوو، هەرێم و نوێنەرەکانی هیچ دەستێکیان لە ئامادەکردنی یاساکەدا نەبوو، ئەمەش بوە هۆی ئەوەی خواستەکانی هەرێمی کوردستان لە یاساکەدا حسابیان بۆ نەکرێت.

هەرچی لە یاسای بودجەیە سەرەڕای ئەوەی رێککەوتنی سیاسیی پێشوەختە واژۆکرا، بەڵام لەسەروبەندی پەسەنکردنیدا لە پەرلەمان، دۆخێک دروستبوو کە بەشێک لە داواکارییەکانی پێشووی هەرێم لە یاساکەدا لابرا و هەندێک بڕگە جێگیرکرا کە لە بەرژەوەندی هەرێم نەبوو.

بۆ نموونە؛ لە یاسای بودجەدا باسی پاکتاوکردنی ژمێرە کراوە وەکو پێشمەرجی ناردنی پشکی هەرێم، بەڵام باس لەوە نەکراوە ئایا ئەگەر پاکتاوەکە نەکرا یان بە دڵی لایەنێکیان نەبوو، چی روودەدات؟ ئایا رەوایە لەبەرامبەر پاکتاونەکردنەکەدا ناردنی شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم رابگیرێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە وەڵام نەدراوەتەوە، بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت دادگای فیدراڵیی بێتەگۆ، بەڵام هەرێم ترسی لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی هەیە.

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی ماوەی پێشوودا رایگەیاند: ئێمە نامانەوێت هیچ کەیسێک ببەینە بەردەم دادگای فیدراڵیی، چونکە پێشوەختە بڕیاری دژ بەهەرێم لەبارەی هەموو پرسەکانەوە ئامادەیە.

هەرچی لە یاسای ئیدارەدانی دەوڵەتە، لەناو داهاتە نانەوتییەکاندا تەنها چارەنووسی داهاتە فیدراڵییەکانی یەکلاییکردوەتەوە، بەڵام کێشەکە لە داهاتە نانەوتییە نافیدراڵییەکاندایە، بەشێوەیەک کە بەهۆی ئەوەی لە یاساکەدا جێگیر نەکراوە، بەغداد داوا دەکات وەکو هەر پارێزگایەکی دیکە داهاتە نانەوتییە نافیدراڵییەکان سەرجەمیان بگەڕێنەوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، بەڵام هەرێمیش دەڵێت دەبێت سەرجەمیان ببنەوە داهاتی حکومەتی هەرێم، ئەمە ئەو کێشەیە کە پەیوەندی بە تێگەیشتن لە سیستمی فیدراڵییەوە هەیە و تائێستا لە عێراق نەتوانراوە جێگير بکرێت.

چی روودەدات؟

بەشێک لە فاکتەرەکانی دواکەوتنی ناردنی پشکی هەرێم، پەیوەندی بە پرسی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە هەیە، وا دەردەکەوێت هەردوولا خواستی یاریکردن بە کاتیان هەبێت، ئەوەش لەپێناو ئەوەی بە تێپەڕینی کاتی زیاتر بۆیان روونبێتەوە کە ئایا تورکیا رێگە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەدات یاخود نەخێر.

وا دەردەکەوێت بەغداد کەمتر بۆی گرنگبێت دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێم بکرێتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەرێم کارتی فشاری نەوتی بەدەستەوە نەمێنێت و ئەوکات هەر مەرجێک کە بیەوێت بەسەریدا دەیسەپێنێت، بەڵام بەپێچەوانەوە هەرێم دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێت بۆئەوەی هەرکات بیەوێت وەکو کارتی فشار لەسەر بەغداد بەکاریبهێنێت.

ئەم دۆخەش ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە، کێشەکان هەروا بە هەڵپەسێردراوی بمێننەوە، بەغداد و هەرێم بەردەوام بن لە گفتوگۆ تا یەکلاییبوونەوەی پرسی هەناردەی نەوت، بەو شێوەیەش بەغداد ناوە ناوە بڕێک پارە وەکو قەرز بۆ هەرێم بنێرێت بۆ دابەشکردنی مووچە، ئەوەش بە واتای بەردەوامیی دانە بەم دۆخەی کە ئێستا لە ئارادایە.

  • ساڵیادی کۆمەڵکوژیی دێرسیم

  • ڕێگای گەشەپێدانی تورکیا عێراق ئێران پرۆژەیەک کە کورد بۆ ١٠٠سالی ڕابردوو دەگێڕێتەوە

  • سێ مووچە دەفەوتێت؛ کێشە داراییەکانی هەولێر و بەغداد قوڵتر دەبنەوە

  • ئێن ئاڕ تی تێکەوت؛ وردەکاریی رێککەوتنی نێوان پارتی و نەوەی نوێ ئاشکرا بوو

  • زیندان و راوەدوونان؛ دوو دیارییەکەی دەستی کابینەی نۆیەم بۆ رۆژنامەنووسان

  • کۆتای ئێزدییەکان؛ 29 کاندید شەڕ لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەک دەکەن

  • سێ شار و سێ دیداری نێودەوڵەتیی؛ خەرجکردنی دەیان ملیار دینار بەبێ هیچ سوودێک

  • پاکتاوکردنی نەیارەکانی مالیکی؛ سەدر و حەلبووسی پاشان بارزانی

  • وردەکاری و هۆکاری دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا بوو

سەرەکی