×

2024-04-23 80 جار خوێنراوەتەوە

هێندەی نەماوە بەهۆی باڵەخانە بەرزەکانەوە هەولێر بخنکێت

دۆسیەی تایبەت


تادێت ژمارەی باڵەخانە، شوقە، پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و شاری هەولێر بە تایبەتی لە زیادبووندان، ئەوەش بە بڕوای چالاکوانانی بواری ژینگە هەرەشەیەکی مەترسیداری کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوییە لەو شارەدا.

بەپێی بەدواداچوونەکان، ئێستا لەنێو شاری هەولێر بیرێک  لە ٧٢٠ مەتردا دەگاتە ئاو، ئەوەش بەهۆی ئەوەی باڵەخانە و شوقەکان زۆر بەرز دروست دەکرێن و ترومپای زۆر بەهێز بۆ گەیاندنی ئاو بە نهۆمە بەرزەکان بەکاردەهێنرێت.

هەندێک لە دانیشتوانی ناوچەی هەرێمی کوردستان بەتایبەت بەشێکی شاری هەولێر و قەزای چەمچەماڵ لە هاوینێکی وشک و بێ ئاودا ژیان بەڕێدەکەن.

پەیوەست بەو گرفتە، عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان دەڵێت، لەنێو پرۆژەکانی شاری هەولێر دەیان بیر لێدەدرێن، دەریاچەی دەستکرد دروست دەکرێت، نافورەی گەورە دوو ملیۆن مەتر سەوزایی بەئاوی بیر بۆ یاریگای گۆڵف دروستدەکرێت، بۆئەوەی ڤێلایەک شەش بۆ ١٠ ملیۆن دۆلار بکات، پارێزگار و هیچ کەس قسەی لەسەر ناکات.

زەردەشت عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر رایگەیاند؛ لە شاری هەولێر هەزار و ٢٤٠ بیری ئاوی خواردنەوە هەیە کە ئاوی سەنتەری شار و دەشتی هەولێر وەک ناحیەکانی کەسنەزان، دارەتوو، کۆمەڵگەی شاوێس و پیرزین دابین دەکات.

تەنها لەمساڵدا لە شاری هەولێر ٥٥ بیر وشک بوون و لە نزیک ئەوانە بیری نوێ هەڵکەندراوەتەوە و لە پلانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێریش دا هەیە کە ٦٠ بیری دیکەی نوێ لێ بدرێت.

ئاستی ئاوی ژێرزەویی لە ڕۆژهەڵاتی شارەکە دابەزیووە و ٪٥٠ی شارەکەش سوود لە ئاوی ژێرزەویی دەبینێت ئەوەی دیکەش سوود لە ئاوی سەرزەویی وەک پڕۆژەکانی ئاوی ئیفراز وەردەگرن.

دارەوان نەجم، چالاکوانی بواری ژینگە بە ئیرادە میدیای راگەیاند، لە یەکە نیشتەجێبوونەکاندا کە ئێستا دروستدەکرێن، مەرجێکی کەمی پاراستنی ژینگەیان تێدایە و بیر لە پەیداکردنی پارە دەکرێتەوە لەسەر حسابی ژینگە.

دەشڵێت، لەم چەند ساڵەی دواییدا گۆڕانکارییەکی زۆر لە شاری هەولێردا روویداوە، ئێستا بیرێک لە ٧٢٠ مەتر ئینجا دەگاتە ئاو ئەوەش بەهۆی دروستکردنی ئەو ژمارە زۆرەی بینا و باڵەخانەکان و پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و بەفیڕۆدانی بڕێکی زۆری ئاو.

بەبڕوای ئەو چالاکوانەی بواری ژینگە، بەهۆی بەرزی شووقەکان و هەبوونی خواستی خەڵک بۆ ئەوەی ئاویان بە خێرایی پێ بگات تورومپای زۆر بەهێز بەکار دەهێندرێت، ئەوەش زۆر مەترسیدارە و دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی بڕێکی زۆری ئاو، ئەو بابەتەش لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە پشتگوێ خراوە. 

ئاماژە بە ئەوەش دەکات، لای خەڵک وا باوە کە سەوزایی زۆر بوو واتە پاراستنی ژینگە، بەڵام لە راستیدا ئەوە هەڵەیە، پارستنی ژینگە بەوە دەبێت کە باڵەخانەکان بەجۆرێک دروست بکرێن کەمترین کارەبایان بۆ فێنککەرەوە لە هاویندا و گەرمکەرەوە لە زستاندا هەبێت و زۆرترین رووناکی هەبێت، پێویستە ئەو ئاوەی بەکاردەهێنرێت جارێکی دیکە پاک بکرێتەوە و بەکار بهێنرێتەوە، بەڵام لەنێو پرۆژە نیشتەجێبوونەکاندا نەتوانراوە ئەوە بکرێت و ئەو ئاوەی بەکاردەهێنرێت بەو پیسییە تێکەڵی ئاوەڕۆ دەکرێتەوە.

بەپێی داتاکانی حکومەتی هەرێم، ڕۆژانە بڕی ۲ ملیۆن و ٦٨۰ هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دابین دەکرێت. بەو پێیەی دەستەی ئاماری هەرێم دانیشتوانی هەرێمی بە نزیکەی ٦ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس خەمڵاندووە.

بەرکەوتەی تاک، لە ئاوی دابین کراو ٤۱۰ لیتر زیاترە بۆ هەر تاکێک. کە ئەمەش لە سەرووی ستانداردی جیهانیەوەیە کە نزیکەی ۲۰۰ لیترە لە ڕۆژێکدا.

هەر بەپێی داتاکانی حکومەتی هەرێم، تێچووی مانگانەی دابینکردنی ئاو ٤٦ ملیار دینارە، کە بۆ هەر ڕۆژێک خەرجی حکومەت بۆ دابینکردنی ئاو یەک ملیار و ٥۳۳ ملیۆن دینارە، کە تێچووی دابین کردنی هەر مەترێک سێجا ئاو ٥۷۰ دینار زیاترە کە ئەم تێچووە بۆ ساڵێک دەگاتە نیو تریلیۆن دینار.

سەرچاوەی دابین کردنی ئاو لەهەرێم ٨۱ پڕۆژە و ٥ هەزار و ۷٨۷ بیری ئاوە. ئەمە بیری هاوڵاتیان و سەرچاوەکانی تری ئاو ناگرێتەوە.

بێجگە لەو کێشە گەورەیەی کە بەهۆی دروستکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و ئامرازەکانی دیکەوە بۆ سێکتەری ئاو دروستبوون، کێشەیەکی بنەڕەتیش دوچاری هەرێمی کوردستان بووەتەوە ئەویش پەیوەندی بە وشکەساڵیی و کێشەی کەمبوونەوەی بڕی دابارینەوە هەیە.

کاروان سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم رایگەیاند: ساڵی رابردوو تەنها ٪٣٠ بڕی ئاوی پێویستمان دەستکەوتووە، ئەمساڵ ٪٥٠ بووە، نازانرێت ساڵی داهاتوو چۆن دەبێت، ئەو بڕە ئاوەی دەستدەکەوێت زۆر کەمە و کێشەی گەورەی بۆ دروستکردوین.

ئێستا کە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی هەولێر لە بەردەم گەورەترین مەترسیی کەمئاویدایە و بەپێی پێشبینیی شارەزایان لە ساڵانی داهاتودا کارەساتی گەورە روو لەو شارە دەکات، حکومەت و دەسەڵاتی ئیداریی شارەکە بێباکانە درێژە بەکارەکانیان دەدەن و بەردەوامن لەسەر دروستکردنی دەیان پڕۆژەی نیشتەجێبوون و هەڵکەندنی دەیان بیری دیکە کە گەورەترین مەترسیین بۆسەر ئاوی ژێر زەوی.

  • ساڵیادی کۆمەڵکوژیی دێرسیم

  • ڕێگای گەشەپێدانی تورکیا عێراق ئێران پرۆژەیەک کە کورد بۆ ١٠٠سالی ڕابردوو دەگێڕێتەوە

  • سێ مووچە دەفەوتێت؛ کێشە داراییەکانی هەولێر و بەغداد قوڵتر دەبنەوە

  • ئێن ئاڕ تی تێکەوت؛ وردەکاریی رێککەوتنی نێوان پارتی و نەوەی نوێ ئاشکرا بوو

  • زیندان و راوەدوونان؛ دوو دیارییەکەی دەستی کابینەی نۆیەم بۆ رۆژنامەنووسان

  • کۆتای ئێزدییەکان؛ 29 کاندید شەڕ لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەک دەکەن

  • سێ شار و سێ دیداری نێودەوڵەتیی؛ خەرجکردنی دەیان ملیار دینار بەبێ هیچ سوودێک

  • پاکتاوکردنی نەیارەکانی مالیکی؛ سەدر و حەلبووسی پاشان بارزانی

  • وردەکاری و هۆکاری دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا بوو

سەرەکی