×

2024-04-23 78 جار خوێنراوەتەوە

مانگی ئاب؛ لە 15 هێرشی ئاسمانیی تورکیادا 22 هاوڵاتی بوونەتە قووربانی

دۆسیەی تایبەت


لە ماوەی مانگێکدا، تورکیا بە فرۆکەی بێفڕۆکەوان لانیکەم 15 جار بۆردوومانی ناوچەکانی باشوری کوردستانی کردووە و لە ئەنجامدا 19 کەس شەهید بوون و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.

لەماوەی مانگی ئابی ساڵی 2023، تورکیا بە فرۆکەی بێفڕۆکەوان لانی کەم 15 جار بۆردومانی ناوچەکانی باشوری کوردستانی کردووە، لە بۆردوومانەکاندا چەندین زیانی گیانی و مادیی هەبوون.

جاری وا هەبووە تورکیا لە رۆژێکدا زیاتر لە سێ جار بۆردوومانی جێگەیەک یان چەند جێگایەکی جیاواز کراوە، کۆی ئەو شوێنانەی بۆردومان کراون شوێنی نیشتەجێبوونی مەدەنی بوون.

بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە چەندین هاوڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی، شەهید بوون یان بە سەختی بریندار بوون، جگە لە زیانە ماددییەکانیش کە بەر گوندنشینان و چیا و دارستان و دەشتاییەکان کەوتووە.

بیانووی تورکیا بۆ هێرشەکانی سەر باشووری کوردستان بوونی گەریلاکانی پەکەکەیە، بەڵام بەپێچەوانەوە زۆربەی بۆردومانەکان خەڵکانی مەدەنیی دەکەنە ئامانج، بەو هۆیەوەشەوە وێڕای زیانە گیانییەکان، زیانێکی زۆری ماددیشی بەر ناوچە کشتوکاڵی و گەشتیارییەکانی ئەو ناوچانە کەوتووە‌.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق بێدەنگن لە هێرشەکان و تائێستا کاردانەوەیەکی ئەوتۆ لە دژی هێرشەکان بەدینەکراوە، بەتایبەتی کە هێرشەکان خەڵکانی مەدەنی دەکەنە ئامانج.

دەزگای میدیایی ئیرادە لەچوارچێوەی کار و بەدواداچوونە میدیاییەکانیدا هەستاوە بە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی ئاماری راستەقینەی ئەو هێرشانەی ئەنجامدراون بە دەستنیشانکردنی شوێنی هێرشەکان، زیانە گیانیی و مادییەکانی.

رۆژی 2\8\2023 تورکیا تۆپبارانی چیای سۆرک و تارستان-یان لە سنووری برادۆست کرد، بەوهۆیەوە ئاگر لە ژینگە و دارستانەکانی ناوچەکە کەوتووەتەوە و ڕووبەرێکی زۆری پوش و پاوانی ناوچەکە سووتا. هەمان رۆژ، فڕۆکە جەنگییەکانی  تورکیا چیاى گارەى لە سنوورى پارێزگاى دهۆک بۆردوومان کرد.

ئێوارەی رۆژی 6\8\2023 لە شارەدێی چەمانکێی سەر بە پارێزگای دهۆک، فڕۆکەی بێفرۆکەوانی  تورکیا، ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییەکی مەدەنییان کردە ئامانج و دوو کەسی تێدا بوون کە هەردووکیان شەهید بوون.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ناوچەییەکان، ئەو هاوڵاتییانەی بوونەتە قوربانی بە مەبەستی ئاودانی باخەکەیان ویستوویانە بچنەوە بۆ گوندی بلنبازا و لە ڕێگادا لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکەوە بۆردوومان کراون.

رۆژی 9\8\2023 لە کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا لە نزیک گوندی گەڵاڵەی سەر بە قەزای ماوەت ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیی کرایە ئامانج و کەسێکی تێدا شەهید بوو و دوانی دیکەش برینداربوون.

هەمان رۆژ لە کاتژمێر 3:30ی  پاشنیوەڕۆ، درۆنێکی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی دیکەی مەدەنیی لە ناحیەی خەلەکان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا کەسێک شەهید بوو و دوانی دیکەش برینداربوون.

هەر هەمان رۆژ، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، چیای مەتینایان لە سنوری ئامێدی بۆردوومان کرد، زیانەکانی نەزانران.

رۆژی 11/8/2023، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیا لە ڕێگەی ملەی نەڵمە لە نزیك ناحیەی ناڵپارێزی قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی، بۆردومانی کرد، لە ئەنجامدا  سێ ئەندامی یەک خێزان شەهید بوون کە پێكهاتبوون لە حەسەن ئەحمەد كە دانیشتوی دهۆكە و كارمەندی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ‌ بووە لەگەڵ هاوسەرەكەی بەناوی زیاب مستەفا و كچەكەیان بەناوی ڕیام، كە خوێندكار بوە لە زانكۆی پزیشكی كوردستان لە سنە و بەرەو سنور ڕەوانەیان كردووە.

رۆژی 20\8\2023، دوو گوللـە تۆپ لە گوندی گوهەرزێ لە سنوری ناحییەی دێرەلوکی قەزای ئامێدی له‌ شاری دهۆك کەوتەخوارەوە و تەنیا زیانی ماددی لێکەوتەوە.

رۆژی  22/8/2023،  تورکیا تۆپبارانى ناوەندى گوندى ترڤانیش-ى لە سنوورى شارەدێى دێرەلووکی سەر بە پارێزگاى دهۆک کرد و لە ئەنجامدا زیانێکى زۆرى ماددیی، بەر ڕەز و باخ و ماڵى هاوڵاتییان کەوت .

رۆژی دواتر سێ جار لە سێ کاتی جیاوازدا، بۆردوومانی سنووری سیدەکانی سەر بە ناوچەی برادۆستی سەر بە پارێزگای هەولێری کردووە، سەرەتا دووجار لە سنووری ڕێگای سنین بۆردوومانیان كردووە و ئێوارەی هەمان رۆژ لە کوێستانی مێرگەمیر ڕەشماڵێکی کۆچەرییەكانیان بۆردوومان کردووە  تێیدا سێ کەس بونە قوربانیی.

رۆژی 24/8/2023 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیی لەسەر ڕێگای سنینێ لە قەزای سیدەکانی پارێزگای هەولێر کردە ئامانج و بەهۆیەوە سێ کەس شەهید بوون.

رۆژی 27/8/2023، كاتژمێر 1:30ی پاشنیوەڕۆ، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیا ئۆتۆمبێلێكی مەدەنیی لە نزیك گوندی زەنگیدەر لە ناحیەی گەرمكی سەر بە قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی كردە ئامانج و بەهۆیەوە سێ کەس شەهید بوون.

  • ساڵیادی کۆمەڵکوژیی دێرسیم

  • ڕێگای گەشەپێدانی تورکیا عێراق ئێران پرۆژەیەک کە کورد بۆ ١٠٠سالی ڕابردوو دەگێڕێتەوە

  • سێ مووچە دەفەوتێت؛ کێشە داراییەکانی هەولێر و بەغداد قوڵتر دەبنەوە

  • ئێن ئاڕ تی تێکەوت؛ وردەکاریی رێککەوتنی نێوان پارتی و نەوەی نوێ ئاشکرا بوو

  • زیندان و راوەدوونان؛ دوو دیارییەکەی دەستی کابینەی نۆیەم بۆ رۆژنامەنووسان

  • کۆتای ئێزدییەکان؛ 29 کاندید شەڕ لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەک دەکەن

  • سێ شار و سێ دیداری نێودەوڵەتیی؛ خەرجکردنی دەیان ملیار دینار بەبێ هیچ سوودێک

  • پاکتاوکردنی نەیارەکانی مالیکی؛ سەدر و حەلبووسی پاشان بارزانی

  • وردەکاری و هۆکاری دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا بوو

سەرەکی