×

2024-04-23 79 جار خوێنراوەتەوە

ژمارە دژبەیەکەکان پەیوەندی هەولێر و بەغداد ئاڵۆزتر دەکەن

دۆسیەی تایبەت


دوای ئەوەی گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە شکستیهێنا، هەریەک لەو دوو لایەنە بە داتا و ژمارەی جیاواز دەیەوێت ئۆباڵی شکستهێنانی گفتوگۆکان بخاتە ئەستیۆی ئەوی دیکە.

گفتوگۆکان پەیوەندییان بەو بڕگانەی یاسای بودجەوە هەبوو کە پرسەکانی؛ داهات نەوتی هەرێم، داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم و دەستنیشانکردنی پشکی هەرێمی رێکدەخست، لە ٢٠ کۆبوونەوەی جیاوازی نوێنەرانی هەرێم و بەغداد لەماوەی حەوت مانگدا نەتوانرا ئەو سێ پرسە بەتەواوەتیی یەکلایی بکرێتەوە.

دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە ١١ کەس لە وەزیر و بەرپرسانی حکومەت تێیدا ئامادەبوون و پێنج لەوانە قسەیانکرد شکستهێنانی گفتوگۆکانی راگەیاند، ئیدی هیوایەکی ئەوتۆ بۆ ناردنی تەواوی بەشەبودجەی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە نەما.

هەرچەندە لە کۆنگرەکەدا بەشێک لە وەزیرەکان بە داتا و ژمارە هەندێک بابەتیان روونکردەوە، بەڵام لەلای هاوڵاتیان هێشتا هەندێک پرس نە ناڕوونی ماوەتەوە و گوومان و پرسیاری لەبارەوە دەوروژێنرێت.

موعین کازمیی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و کەسایەتی نزیک لە هادی عامریی، لەبارەی کێشەکانی هەرێم لەناو یاسای بودجەدا دەڵێت؛ هەرێمی کوردستان لە پرسی داهاتی ناوخۆدا بۆچونی جیاوازە لەگەڵ حکومەتی عێراق، ئەو دەیەوێت داهاتی ناوخۆی تەنها وەکو ژمارە بمێنێتەوە و (مقاسە) بکرێت لەگەڵ پشکەکەی، بەڵام حکومەتی عێراق داوای داهاتەکە بەشێوەی نەختینەیی دەکات وەکو هەر پارێزگایەکی دیکەی عێراق.

لەبارەی پرسی نەوتەوە، موعین کازمیی رایگەیاند؛ وەزارەتی نەوت دەتوانێت کۆی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتەکەی هەرێم لە بەکارهێنانی ناوخۆییدا بەکاربهێنێت، بەڵام تائیستا بەشێکی کەمی بەکارهێنراوە، داوا لە هەرێم کراوە نەوتەکەی بداتە پاڵاوگەکانی عێراق وەکو پاڵاوگەی بێجی و حەدیسە و ئەوانی دیکە، کەی هەرێم ئەم کارەی کرد ئەوا پشکەکەی بۆ دەنێردرێت.

پەرلەمانتارەکە ئەوەشی باسکردوە “وەزارەتی دارایی عێراق ئێستا کورتهێنانی لە بودجەدا هەیە، پارەی وەزارەت و پارێزگاکانی نەداوە کە بۆیان دیاریکراوە. لەم کاتەدا وەزارەتی دارایی عێراق ناتوانێت مانگانە تریلیۆنێک و 340 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، بەهۆی پاکتاونەکردنی حساباتی رابردوو”.

قسەکانی کازمیی هەندێک وردەکاریی زیاتری لەبارەی کێشەکانەوە تێدایە، بەگشتی ئەوەی لێێ دەخوێنرێتەوە ئەوەیە؛ کێشە بنەڕەتییەکان لەنێوان هەرێم و بەغداد رۆڵێکی ئەوتۆیان نەماوە و تێپەڕێنراون، بەڵام ئەوەی بووەتە بەربەست هەندێک کێشەی دارایین کە لە وردەکارییەکاندا هەستیان پێ دەکرێت.

باسم عەوادی، وتەبێژی رەسمی حكومەتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە؛ بەغدا تەواوی پابەندییە داراییەكانی خۆی بەرامبەر بە هەرێم جێبەجێكردون، بەڵام هەرێم پابەند نەبووە بە رادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتی بەو شێوەیەی کە لە بودجەدا جێگیرکراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە؛ تا كۆتایی مانگی حوزەیران، ئەو پارانەی كەوتونەتە ئەستۆی هەرێم گەیشتۆتە زیاتر لە سێ ئەوەندەی بەرکەوتەی هەرێم لە بودجەی عێراق.

وتەبێژەکەی حکومەتی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕوو؛ وێڕای پابەندنەبونی حكومەتی هەرێم، حكومەتی فیدرال بڕیاریداوە خەتای ئەم پابەندنەبونە بەسەر هاوڵاتیانی عێراقیدا لە هەرێم نەسەپێرێت و بەپێی ئەوەی كە یاسا رێگەی پێدەدات هەڵساین بە دەركردنی بڕیارێك لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێدانی قەرز بە هەرێم تا ئەو كاتەی كێشە داراییەكانی بەپێی رێساكان، چارەسەر دەكرێن.

لەدوای ئەو راگەیەنراوەش، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێموی کوردستان بە روونکردنەوەیەکی پڕ لە ژمارە و داتا وەڵامی وتەبێژەکەی حکومەتی عێراقی دایەوە.

هەورامانی ئاماژەی بەوەکردووە؛ لە ٢٠٢٣/١/١ تا ئێستا وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنها بڕی (٢) ترلیۆن و (٥٩٨) ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کردووە، کە (٤٠٠ ) ملیاری ئەم پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی یانزە و دوانزەی ساڵی ٢٠٢٢، لە کاتێکدا بە پێی خشتەکانی یاسای بودجە تا مانگی هەشتی ساڵی ٢٠٢٣ بڕی (١١) ترلیۆن تەرخانکراوی هەرێمی کوردستانە.

ئەوەشی خستوەتەڕوو؛ لە ٢٠٢٣/١/١ مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بە پێی ژمارەکانی هاتوو لە خشتەکانی یاسای بودجە، لە کاتی خۆیدا دابەش کراوە، کەچی تەنها بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێوەری ئینفاقی فیعلی پەیڕەو کراوە کە لەمەشدا کار لەسەر ڕێکارێکی جیاواز کراوە ئەویش میکانیزمی قەرزە، کە لە هیچ شوێنێکی دیکەی عێراق ئەمە ڕووی نەداوە بە قەرز ‏‎‏‎ماف و مووچە بدرێتە فەرمانبەر، بەڵكوو مووچەی مووچەخۆران بە پێی شایستەیی خۆیان دابەش کراوە.

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە؛ وەزارەتی نەوتی عێراق خۆیان لە ٢٥\٦\٢٠٢٣ تا ئێستا ڕۆژانە تێکڕا بڕی ٨٥ هەزار بەرمیل نەوتیان وەرگرتووە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی و حکومەتی هەرێم ئامادەش بووە هەر بڕێک کە ئەوان بیانەوێت پێیان بدات، بەو ڕێژەیەی کە وەزارەتی نەوت داوای کردووە و لە توانای پاڵاوگە ناوخۆییەکاندایە، لە بەرانبەردا حکومەتی عێراقی فیدراڵ پابەندی سەرشانی بۆ خەرجکردنی تێچوونی ئەم نەوتە لە ئەستۆ نەگرتووەو یەک دیناری نەناردووە بۆ خەرجی دەرهێنان و بەرهەمهێنان ‏‎‏‎و گواستنەوەی نەوتەکە.

دۆخەکە بە هەرشێوەیەک بێت و سیاسەت و ئامانجی پشت ئەو ژمارانە هەرچی بێت، هیچ لە ژیانی هاوڵاتیان ناگۆڕێت کە ئێستا نزیکەی دوو مانگ بەسەر دابەشکردنی مووچەدا تێپەڕێوە و هێشتاش نازانن کەی مووچەی مانگی ئەوت وەردەگرن، کە ئەوەش کاریگەری گەورەی لەسەر ژیان و گوزەرانیان هەبووە.

  • ساڵیادی کۆمەڵکوژیی دێرسیم

  • ڕێگای گەشەپێدانی تورکیا عێراق ئێران پرۆژەیەک کە کورد بۆ ١٠٠سالی ڕابردوو دەگێڕێتەوە

  • سێ مووچە دەفەوتێت؛ کێشە داراییەکانی هەولێر و بەغداد قوڵتر دەبنەوە

  • ئێن ئاڕ تی تێکەوت؛ وردەکاریی رێککەوتنی نێوان پارتی و نەوەی نوێ ئاشکرا بوو

  • زیندان و راوەدوونان؛ دوو دیارییەکەی دەستی کابینەی نۆیەم بۆ رۆژنامەنووسان

  • کۆتای ئێزدییەکان؛ 29 کاندید شەڕ لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەک دەکەن

  • سێ شار و سێ دیداری نێودەوڵەتیی؛ خەرجکردنی دەیان ملیار دینار بەبێ هیچ سوودێک

  • پاکتاوکردنی نەیارەکانی مالیکی؛ سەدر و حەلبووسی پاشان بارزانی

  • وردەکاری و هۆکاری دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا بوو

سەرەکی