×

2024-04-23 84 جار خوێنراوەتەوە

ئاشبەتاڵی سێیەم و شکستی مەسرور بارزانی

دۆسیەی تایبەت


دوای تێپەڕینی زیاتر لە چوار ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتدا، دۆخی سیاسیی و ئابوریی هەرێم لە خراپترین قۆناغیدایە، لەڕووی سیاسییەوە هیچ کارتێکی ئەوتۆی بەدەستەوە نەماوە و لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەشەوە جۆرەها فشار دەخرێتە سەر هەرێم، لەڕوی ئابووریشەوە، سێکتەری نەوت و داهاتەکانی ناوخۆ و سەرجەم سەرچاوەکانی دیکەی لێ وەرگیراوەتەوە.

لەو دۆخەدا مەسرور بارزانی هانای بۆ ئەمریکا بردووە و نامەیەکی ئاراستەی جۆ بایدن کردوە، ئاشرابوونی ناوەڕۆکی ئەو نامەیەش کاردانەوەی یاوازی بەدوای خۆیدا هێنا و زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە نامەیەکە زەنگێکی پێشوەختەی راگەیاندنی ئاشبەتاڵە.

پێگەی ئەلمۆنیتەر بڵاویکردوەتەوە کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکی ئەمریکا کردوە و داوایلێکردووە بەهانایانەوە بێت.

بارزانی لەو نامەیەدا جەختیکردوەتەوە؛ ئەگەر ئەمریکا دەستوەردان نەکات هەرێمی کوردستان دوچاری هەرەسهێنان و داڕوخان دەبێتەوە.

ئەو نامەیەی مەسرور بارزانی وەکو جاڕدانێکی پێشوەختەی ئاشبەتاڵێکی دیکە لێکدرایەوە، لەوبارەیەوە دکتۆر فایەق گوڵپی، سیاسەتمەدار رایگەیاند؛ ئاشبەتاڵی سێیەم لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەیە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە؛ ئاشبەتاڵی یەکەم ساڵی ١٩٧٥ بەهۆی فشارە سیاسییەکانەوە بوو، ئاشبەتاڵی دووەم ساڵی ١٩٨٨ بەهۆی فشارە سەربازییەکانەوە بوو، بەڵام ئەو ئاشبەتاڵەی ئەم جارە بەڕێوەیە بەهۆی فشارە ئابورییەکانەوەیە و هێندەی نەماوە بەتەاوەتی رووبدات.

شنیار ئەنوەر لەبارەی نامەکەی مەسرور بارزانییەوە ئەوەی ئاشکراکردوە؛ نزیکەی دە رۆژە بارزانی نامەکەی بەنهێنیی ناردووە، بەڵام بایدن ئامادە نەبووە وەڵامی بداتەوە. جەختیش دەکاتەوە؛ هۆکاری ئاشکرابوونی نامەکەی بارزانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شەفافیەتەی کە لە ئەمریکا هەیە.

ئەو چالاکوانە سیاسییە دەشڵێت: ئەگەر مەسرور بارزانی سیستەمێکی دیموکراسی خەڵک سەروەری دابمەزراندایە هاوشێوەی ئیسرائیل بەهەمو جۆرێک ئەمەریکا بەرگری لێدەکرد.

کەمال رەئوف، رۆژنامەنووس، لەبارەی نامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە نووسیویەتی: باشتر بوو سەرۆكی حكومەت پێش ئەوەی نامە بۆ جۆبایدن و هەركەسی تر بنێرێت و داوایی هاوكاری و دەستگیرۆی بكات، دەبوو روو لەخەڵكی هەرێم قسەیەكی نوێ، جوڵەیەكی نوێی بكردایە.

بەرهەم خالید مامۆستای زانکۆ لەبارەی نامەکەوە دەڵێت: پێدەچێت ئەم نامەیە لێدانی زەنگی ئاشبەتاڵی حەتمی بێت و کۆتا هەنگاوەکان بن بەرەو کۆتایی. گەر پێشتر بارزانی عینادی نەکردایە و گوێی بۆ نامەکەی تیلرسن بگرتایە رەنگە ئەمڕۆ ئەم نامەی پاڕانەوەیە پێویست نەبوایە…

ناردنی ئەو نامەیە لەلایەن مەسرور بارزانییەوە بۆ جۆ بایدن لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێم مووچەی نزیکەی سێ مانگی مووچەخۆرانی نەداوە، زیاتر لە ٣٠ ملیار دۆلاری کۆمپانیاکان و مووچەخۆران قەرزدارە و نزیکەی ١٠ ملیار دۆلار قەرزی حکومەتی عێراقی لەلایەن کە پاکتاوی نەکردووە…

بۆیە زۆرێک لە شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن؛ وەک چۆن لە ساڵی ١٩٧٥دا رێککەوتنی ئێران و عێراق لە جەزائیر بووە هۆی ئاشبەتاڵی یەکەم و ساڵی ١٩٨٨ ئەنفال و کیمیارابار بونە هۆی ئاشبەتاڵی دووە، ئەم جارەیان قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر حکومەت و فشارە ئابورییەکان، ئاشبەتاڵی سێیەم دەهێننەئاراوە.

 

شکست لە سەرجەم بوارەکاندا

مەسرور بارزانی و کابینەکەی لەماوەی حوکمڕانییدا بەهۆی ئەو هەڵە سیاسییە گەورانەی ئەنجامیانداوە، دوچاری دۆخێکی سەختی سیاسیی بوونەتەوە، لەو ڕووەشەوە، چەند کێشەیەکی سەرەکیی هاتوەتەئاراوە کە بەتەواوەتی تەنگیان بە قەوارەی هەرێم هەڵچنیوە.

کێشەی مووچە و بودجە

لەماوەی چوار ساڵی کابینەی نۆیەمدا، حکومەتی هەرێم چەندین جار دەستی  بۆ لێبڕینی مووچە و دواخستنی مووچە بردووە و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی کوردستانی کردووەتەوە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی خۆی.

جاری وا هەبووە بەهۆی بە دوو یان سێ مانگ جارێک مووچە دابەش کراوە، چەندین مانگی لەسەریەک دابەشکردنی مووچە بە لێبڕینەوە بووە و مافی مووچەخۆران زەوت کراوە.

کێشەکانی لەگەڵ بەغداد

لەماوەی چوار ساڵدا، کێشەکانی هەرێم و بەغداد گەیشتنە بنبەست، پەیوەندییەکی ئەوتۆ لەنێوان ئەو دوو حکومەتە نەما و بەتەواوەتی لەیەکدی دابڕان.

تائەوکاتەی بە بڕیاری دادگا و بە زەبری یاسای نێودەوڵەتی، هەناردەی نەوتی هەرێم راگیرا و حکومەتەکەی مەسرور بارزانی ناچار بە زاسشکردن کرا.

ئەو پیاوەی دروشمی خۆنەچەماندنی بەرزکردبووەوە، بەپێیەکانی خۆی چووە بەغداد و رێککەوتنی رادەستکردنی نەوت و داهاتی ناوخۆ و هەموو دەستکەوتەکانی هەرێمی واژۆکرد.

بەهۆی رێککەوتنەکەوە ئابوریی سەربەخۆ و فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت و کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد کۆتاییان هات و بەوەش گەورەترین پاساو بۆ دواخستنی مووچەی مووچەخۆران دەست حکومەت کەوت.

کێشەکانی مەسرور بارزانی و حزبەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان

لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا، مەسرور بارزانی دەستی بە دژایەتیکردنی حزبەکانی باکور و رۆژئاوا و رۆژهەڵات کرد.

لەژێر فشاری تورکیادا رێککەوتنی شنگالی واژۆکرد و هاوکاری جۆراوجۆری پێشکەش بە ئەردۆغان کرد لە دژایەتیکردنی حزبەکانی رۆژئاوادا، دەیان جار سنوری بەڕویاندا داخست و گەلی رۆژئاوای کوردستان برسیکرد.

لەگەڵ حکومەتی ئێران بۆ رادەستکردنی حزبەکانی رۆژهەڵات رێککەوت و ئێستا ئێران داوای جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەکات.

هەموو ئەم سیاسەتە هەڵانەی مەسرور بارزانی، وایانکرد هەرێمی کوردستان لە ماوەیەکی کەمدا لە لوتکەی هێزەوە بۆ دامێنی شکستەکان گلۆربێتەوە.

ئێستا بەغداد فشارە ئابوریی و داراییەکانی لەسەر هەرێم گەیاندووەتە لوتکە، تورکیا رازی نییە نەوتی هەرێم هەناردە بکات، ئێرانیش داوای چەککردنی حزبە کوردییەکان دەکات.

ئەم دۆخەش رێک ئەو قۆناغەیە کە لە یاری شەترەنجدا، پێش کشوماتی کۆتایی،،،، یاریکەرە نەزانەکان دووچاری دەبنەوە.

  • ساڵیادی کۆمەڵکوژیی دێرسیم

  • ڕێگای گەشەپێدانی تورکیا عێراق ئێران پرۆژەیەک کە کورد بۆ ١٠٠سالی ڕابردوو دەگێڕێتەوە

  • سێ مووچە دەفەوتێت؛ کێشە داراییەکانی هەولێر و بەغداد قوڵتر دەبنەوە

  • ئێن ئاڕ تی تێکەوت؛ وردەکاریی رێککەوتنی نێوان پارتی و نەوەی نوێ ئاشکرا بوو

  • زیندان و راوەدوونان؛ دوو دیارییەکەی دەستی کابینەی نۆیەم بۆ رۆژنامەنووسان

  • کۆتای ئێزدییەکان؛ 29 کاندید شەڕ لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەک دەکەن

  • سێ شار و سێ دیداری نێودەوڵەتیی؛ خەرجکردنی دەیان ملیار دینار بەبێ هیچ سوودێک

  • پاکتاوکردنی نەیارەکانی مالیکی؛ سەدر و حەلبووسی پاشان بارزانی

  • وردەکاری و هۆکاری دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا بوو

سەرەکی