2026-03-02 339 جار خوێنراوەتەوە

ئاماری سێ رۆژی جەنگ لە ئێران لەنێوان خەڵكی سڤیل و هێزەكانی حكومەت

هاوكات لەگەڵ  سێیەم ڕۆژی شەڕی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئیسرائیل و كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەدواداچوون و بەڵگەنامە مەیدانییەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاماژە بە زیانی زۆری هێزە حكومەتییەكان و هەروەها بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی سڤیل دەكەن.
 بەپێی ئامارە پشتڕاستكراوەكانی رێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ، تا ئێستا لانی كەم ١٥٠٠ كەس گیانیان لەدەستداوە كە ٢٠٠ هاووڵاتیی سڤیل و ١٣٠٠ كەسی سەربازیی ئێران لەخۆ دەگرێت.. ئەم ئامارانە لە كاتێكدایە كە ئینتەرنێت لە ئێراندا تووشی گرفت بووە و دەستڕاگەیشتن بە شارە جیاوازەكان لە شەو و ڕۆژدا پەكیكەوتووە.

جیاكردنەوەی زیانەكان و پانتایی جوگرافیی هێرشەكان
بە پشتبەستن بە ئامارەكانی بەشی بەڵگەنامە و ئاماری هەنگاو، تا ئێستا ناوەندە سەربازی و حكومەتییەكان لە ١٥٠ شاری ٢٢ پارێزگای ئێران كراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانی و مووشەكییەكان. ئەم ئامانجانە بریتین لە: بنكەكانی سوپای پاسداران، ناوەندەكانی بەسیج، فڕۆكەخانە سەربازییەكان، سەكۆ مووشەكییەكان، ناوەندەكانی پۆلیس، ناوەندە دادوەرییەكان، ناوەندەكانی ئیدارەی ئیتڵاعات، بارەگاكانی سوپا و بارەگاكانی یەكەی تایبەت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زۆرترین زیانی هێزە سەربازییەكان لەم پارێزگایانەدا تۆمار كراوە:
تاران، كرماشان، ئورمیە، سنە.
 كردنە ئامانجی هاووڵاتییانی سڤیل

 هەنگاو بە دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ لە زیادبوونی كوژراوانی سڤیل، پشتڕاستی دەكاتەوە كە زۆرترین ئاماری گیانلەدەستدانی مەدەنی پەیوەندی بە پارێزگای هورمزگانەوە هەیە. بەپێی بەڵگەنامەكان، بەشێكی زۆری كوژراوەكان، خوێندكارانی كچن لە قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی شەجەرەی تەیبە. جگە لە هورمزگان، گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی سڤیل لەوانە چەندین منداڵ لە پارێزگاكانی تاران، خۆراسانی ڕەزەوی، قەزوین، ئەلبۆرز، كرماشان، كوردستان، ئورمیە و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتیش تۆمار كراوە.

هەروەها ناوەندە كارگێڕی و نیشتەجێبوونەكانی هاوتەریبی ناوەندە ئەمنی و سەربازییەكان، لە هێرشە ئاسمانییەكاندا تووشی زیانی توند و پەككەوتنی خزمەتگوزاری بوونەتەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە كۆماری ئیسلامی ئێران، سەرەڕای بارودۆخی جەنگی، تا ئێستا دەستی نەكردووە بە چۆڵكردنی ناوچە نیشتەجێبوونەكانی نزیك لە ناوەند و پادگانە سەربازی و ئەمنییەكان، و خەڵك بە شێوەیەكی خۆرسك و ناڕێكخراو لە هەوڵی ڕزگاركردنی گیانی خۆیان و چۆڵكردن و گواستنەوەدان بۆ شوێنە تا ڕادەیەك ئارامەكان.

شاردنەوەی ئامار و دژایەتی لە ڕاپۆرتە فەرمییەكاندا
لە كاتێكدا كۆمەڵەی مانگی سووری كۆماری ئیسلامیی ئێران هاوكات لەگەڵ سێیەم ڕۆژی شەڕدا، لە ئامارە فەرمییەكانیدا، كۆی گشتیی زیانەكانی (بەبێ جیاكردنەوەی سەربازی و سڤیل) تەنیا ٥٥٥ كەس ڕاگەیاندووە، زانیارییە تۆماركراوەكانی هەنگاو ئەم ژمارەیە وەك بەشێك لە سیاسەتی بەكەمزانیی ئەنقەست و شاردنەوەی حكومەت دەبینن.
بەسەركردنەوە مەیدانییەكان نیشانی دەدەن كە ناوەندە ئەمنییەكان لە ڕاگەیاندنی ئاماری وردی زیانە سەربازییەكان، بەتایبەت لە شارەكانی كوردستان، خۆ دەپارێزن و لە هەندێك حاڵەتی سنوورداریشدا ئامارێكی زۆر كەمتر لە ڕاستی بڵاو دەكەنەوە.

  • ژیانی ساڵح موسلیم؛ ئەو سەركردە كوردەی لە سەرەمەرگیشدا ژیانی كەسێكی دیكەی نەخستە مەترسییەوە

  • ​ بۆچی ئەمریكا و ئیسرائیل دوورگە گرنگەكەی ئێران بە ئامانج ناگرن؟

  • ​ جەنگی ئێران سەری لە سەرۆك و بەرپرسانی ئەمریكا شێواندووە

  • عێراق بۆ قەرەبووی راگرتنی نەوت لە رێگەی هورمزەوە دەیەوێت لە هەرێمەوە نەوت هەناردە بكات

  • ​مەتەڵی دەسەڵات لە بەغداد؛ كێ یەكەمجار دەكشێتەوە مالیكی یان چوارچێوە؟

  • ئەگەر جەنگ بوەستێت كێ براوەیە و ئەگەرەكان چین؟

  • ئیسرائیل تاوتوێی كۆتایی هێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران بە بێ گۆڕینی رژێمەكەی دەكات

  • ئێران چۆن شانازی عەرەبەكانی كەنداوی كرد بە خەون

  • سی پی تی ئەمریکی: تا ئێستا (196) جار هێرشكراوەتەوە سەر هەرێم

سەرەکی