×

2024-04-23 148 جار خوێنراوەتەوە

غازی کۆرمۆر بۆ کەرکوک؛ یەکێتی دەیەوێت دەرچەی نوێ بدۆزێتەوە

دۆسیەی تایبەت


وەزارەتی نەوتی عێراق بە راگەیەنراوێک لەبارەی پێکەوەبەستنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر و وێستگەی کارەبای کەرکوک، پەردەی لەسەر چەندین زانیاریی و پلانی نهێنیی لادا، تائێستا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، بێئاگایی خۆیان لەو هەنگاوە راگەیاندووە و دانە غازیش بێدەنگی هەڵبژاردووە. بەڵام ئەوەی روودەدا پلانێکی دوورمەودای یەکێتییە، بۆ بەکارهێنانی غازی کۆرمۆر لەدژی پارتی.

کۆدی ناو راگەیەنراوەکەی وەزارەتی نەوت

وەزارەتی نەوتی عێراق دوێنێ دووشەممە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد “تیمی تەکنیکیی کۆمپانیای راکێشانی بۆریی سەر بە وەزارەت، پرۆژەی بۆری بەیەکەوە بەستنی کێڵگەی کۆرمۆر و وێستگەی کارەبای کەرکوک جێبەجێ بکەن”.

“درێژی بۆرییەکە هەزار و 50 مەترە و بە دوو قۆناغ بنیات نراوە و رۆژانە توانای گواستنەوەی 100 ملیۆن پێ سێجا غازی هەیە” ئەمە بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی نەوت.

راگەیەنراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق هەرزوو کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رەتیکردەوە هیچ زانیارییەکی لەبارەی ئەو هەنگاوەوە هەبێت و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستانیش لەرێگەی راوێژکارێکییەوە بێبەریبوونی خۆی لەو پرسە راگەیاند.

سێبەری یەکێتی لەسەر سێکتەری غازی هەرێم و عێراق

ئەو غازەی لە هەرێمی کوردستان هەیە و ئێستا وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت، سەرجەمی لە سنووری ژێر دەسەڵاتی یەکێتییدایە، هاوکات یەکێتی پۆستی بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراقی بۆ کاروباری غاز و بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی بۆ کاروباری غاز، هەیە.

بوونی ئەو دوو پۆستە، وا دەکات بەبێ بڕیاری یەکێتی و بەبێ ئاگاداریی یەکێتی، هیچ هەنگاوێک لە سێکتەری غازی عێراق و هەرێمی کوردستان نەنرێت، ئەوەش گوومان لەسەر خۆبێبەرییکردنەکەی یەکێتی لە راکێشانی بۆرییەکە درووست دەکات.

پێشتر پارتی و یەکێتی ناکۆکیی گەورەیان لەبارەی سێکتەری غازەوە هەبوو، ئەو ناکۆکییانە کاریگەرییان لەسەر گرێبەستەکەی کۆمپانیای دانە غازیش دروستکرد، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە یەکێتی توانیویەتی بە تەواوەتیی دەستی بگەیەنێتە قوڵایی سێکتەری غاز و رێگە بە دەستوەردانی پارتی لەو بوارەدا نەدات.

دانە غاز دەتوانێت تاکلایەنانە بۆری بۆ کەرکوک رابکێشێت؟

لە ساڵی 2007ەوە کۆمپانیای دانە غاز وەکو یەکەمین کۆمپانیای تایبەت بە وەبەرهێنان لە سێکتەری غاز، رووی لە هەرێمی کوردستان کرد، ئەو کات تەنها دوو ساڵ بوو کۆمپانیاکە دامەزرابوو.

دواتر و لە ساڵی 2008 گرێبەستێکی 25 ساڵیی لەگەڵ کۆمپانیای دانە غاز و چەند کۆمپانیایەکی دیکە واژۆکرد، وەبەرهێنان لە غازی کۆرمۆردا بەردەوام بوو تا ساڵانی 2013 و 2014 ئەوکات نێوانی کۆمپانیای دانەغاز و حکومەتی هەرێم ئاڵۆزیی تێکەوت، دانە غاز سکاڵایەکی لەدژی هەرێم تۆمارکرد و نزیکەی دوو ملیار دۆلاری لێبردەوە، دواتریش سکاڵایەکی دیکەی تۆمارکرد و داوای 16 ملیار دۆلار قەرەبووی دەکرد.

دواتر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی خستەڕوو؛ کێشەکانیان لەگەڵ دانە غاز لەرێگەی گفوگۆوە چارەسەر کردووە و کەیسەکەیان لە دادگا کۆتایی هاتووە.

خاوەندارێتی کێڵگەی کۆرمۆر لە ئێستادا بەم شێوەیە؛ هەریەک لە دانەغاز و هیلال یەکی %35ی پشکەکان، ئێم ئۆ ڤی، روێست و ئێم ئۆ ئێڵ یەکی %10ی پشکەکان.

ئەمەش بەو واتایە دێت کە تا کۆتاییهاتنی گرێبەستی نێوان حکومەتی هەرێم و ئەو چەند کۆمپانیایە، کێڵگەی کۆرمۆر هیچ مافێکی خاوەندارێتیی بۆ حکومەتی هەرێم ناگەڕێتەوە.

بەڵام بەپێی گرێبەستی نێوانیان، تا ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان پێویستی بە غاز هەبێت، کۆمپانیاکان بۆیان نییە غاز بە هیچ لایەنێکی دیکە بفرۆشن، پێویستی هەرێمیش بۆ غاز تائێستا پڕ نەبووەتەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان قسەی دیکەی هەیە

ئەحمەد موفتی بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، لە پشکی یەکێتی، پێشتر رایگەیاندبوو “بەردەوامین لە پەرەپێدانی کێڵگەکان ئێستا رۆژانە 500 ملیۆن پێ سێجا بەرهەمدەهێنرێت چاوەڕوان دەکەین تاوەکو ساڵێکی دیکە بگەینە نزیکەی 700 ملیۆن پێ سێجا، ئەو زیادکردنەش 100٪ بۆ کەرتی کارەبا دەبێت.

سەبارەت بەوەی ئایا چ کاتێک دەست بە هەناردەی غازی هەرێم بۆ دەرەوە دەکرێت، ئەحمەد موفتی دەڵێت “هەناردەکردنی غازی هەرێمی کوردستان بۆ ئێستا دوورە لە  واقع، ئێستا کارەبا 24 کاژێری نییە، بۆ ئەوەی کارەبا بکرێتە 24 کاژێری، دەبێت نزیکەی ملیارێک و 500 ملیۆن پێ سێجا بەرهەم بهێنرێت، کە ئەوەش سێهێندەی ئاستی بەرهەمهێنانی ئێستایە”.

یەکێتی پلانێکی دوورمەودای هەیە

هەرچەندە یەکێتی بێئاگایی خۆی لە راکێشانی بۆری نێوان کۆرمۆر و کەرکوک راگەیاند، بەڵام هیچ کەسێکی هۆشمەند باوەڕ بەوە ناکات شتێکی وا لە سنووری سەوز و لە سێکتەرێکی گرنگی وەکو غاز، رووبدات و یەکێتی لێی بێئاگا بێت.

یەکێتیش رەتکردنەوەکەی لە ئاستێکی زۆر لاوازدا بوو، سەرەڕای چەندین بەرپرسی باڵای حکومیی و حزبیی، ئەوەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقی رەتکردەوە راوێژکاری مەکتەبی راگەیاندن بوو.

ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی یەکێتی ژێر بەژێڕ سەرقاڵی پلانێکی دیکەیە، ئەویش رێککەوتنە لەگەڵ حکومەتی عێراق، ئەوەی ئەم ئەگەرە بەهێز دەکات ئەوەیە کە بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری وزە عزەت سابیرە، کە لە پشکی یەکێتییە.

بەپێی ئەو زانییارییانەی لەبەردەستدان، یەکێتی دەیەوێت ئەو بۆرییە بە بنیاتنراوی بمێنێتەوە، بۆئەوەی هەرکات لەگەڵ پارتیدا گەیشتنە بنبەست، بتوانێت ئەوەندە غاز رادەستی حکومەتی عێراق بکات کە لە بەرامبەردا دەستی بە پشکی پاریزگای نارازی بگات کە بەپێی یاسای بودجە جێگیرکراوە.

SHARE

  • ساڵیادی کۆمەڵکوژیی دێرسیم

  • ڕێگای گەشەپێدانی تورکیا عێراق ئێران پرۆژەیەک کە کورد بۆ ١٠٠سالی ڕابردوو دەگێڕێتەوە

  • سێ مووچە دەفەوتێت؛ کێشە داراییەکانی هەولێر و بەغداد قوڵتر دەبنەوە

  • ئێن ئاڕ تی تێکەوت؛ وردەکاریی رێککەوتنی نێوان پارتی و نەوەی نوێ ئاشکرا بوو

  • زیندان و راوەدوونان؛ دوو دیارییەکەی دەستی کابینەی نۆیەم بۆ رۆژنامەنووسان

  • کۆتای ئێزدییەکان؛ 29 کاندید شەڕ لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەک دەکەن

  • سێ شار و سێ دیداری نێودەوڵەتیی؛ خەرجکردنی دەیان ملیار دینار بەبێ هیچ سوودێک

  • پاکتاوکردنی نەیارەکانی مالیکی؛ سەدر و حەلبووسی پاشان بارزانی

  • وردەکاری و هۆکاری دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا بوو

سەرەکی