3 کاتژمێر پێش ئێستا
116 جار خوێنراوەتەوە
باخچەلی لەبارەی ئۆجەلان وەڵامی قەرەیلان دەداتەوە
سەرۆکی مەهەپە دەڵێت دەبێت هەلومەرجی گونجاو بڕەخسێنرێت بۆ ئەوەی ئۆجەلان بتوانێت بەردەوام بێت لە بەشداریکردن لە پرۆسەکەدا، ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنێ موراد قەرەیلان ئەندامی فەرماندەیی نەپەگە چەکدانانی گەریلای بەستەوە بە ئازادبوونی عەبدوڵا ئۆجەلان
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە دەڵێت دەبێت هەلومەرجی گونجاو بڕەخسێنرێت بۆ ئەوەی ئۆجەلان بتوانێت بەردەوام بێت لە بەشداریکردن لە پرۆسەکەدا، ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنێ موراد قەرەیلان ئەندامی فەرماندەیی نەپەگە چەکدانانی گەریلای بەستەوە بە ئازادبوونی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی تورکگون دەڵێت، زۆرینەی هەرە زۆری گەلەكەمان دەیانەوێت تیرۆر بە تەواوی لە کارنامەی وڵات كۆتایبێت و پڕۆسەکە بەهێزی دانایی ئەنادۆڵ و ژیریی دەوڵەت کۆتایی پێدێت.
باخچەلی ئاماژە بەوەدەكات، لە تەواوی ئەم پڕۆسەیەدا هیچ دانوستانێکی نهێنی یان هیچ کارێک بەبێ ئاگاداری هاوڵاتیانمان نەکراوە، پڕۆسەکە بە شێوازێک ئەنجامدراوە کە شایستەی هەستیارییەکەی بێت، بە ئارامی، عەقڵانییەت، خۆشەویستی بۆ نیشتمان و نەتەوەو بە بڕوایەکی بەهێز و ئیرادەیەک بۆ بەهێزکردنی برایەتی.

پەڕینەوەیەکی گرنگ کراوە لە دامەزراندنی چوارچێوەیەکی بەهێز بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر، وەک بەردەوام وتوومە، ئەمە بابەتێکە لە سەرووی سیاستەوەیە و بەم یاسایە 86ملیۆن هاووڵاتیمان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، سەرەڕای گەلانی ناوچەكانی دراوسێمان، ئەم هەوڵە ئیرادەیەکە بۆ پاراستنی بڕایەتی هەزار ساڵەمان و لە هەزار ساڵی داهاتوودا و هەنگاوێکیشە بەرەو دیموکراسی و گەشەپێدان.
باخچەلی هۆشداریدا لە تێکدان و ئاژاوەگێڕی و جەختی کردەوە، رێکاری پێویست دەگیرێتە بەر دژی هەموو جۆرەکانی دەستکاریكردن.
وتیشی، بێگومان هێزی نهێنی ناوخۆیی و دەرەکی هەن کە هەوڵی چاندنی ئاژاوەو شێواندنی راستییەکان دەدەن، داوا لە نەتەوە سەربەرزەکەمان دەکەم بە تەواوی هۆشیار ببنەوە دژی ئاژاوەگێڕییەکان، دەرفەت نادەینە ئەوانەی دەیانەوێت پڕۆسەکە بەلارێدا ببەن و بشێوێنن و رێگە نادەین هەوڵەکانی ئاژاوەگێڕی لەلایەن بریکارەکانی ئیمپریالیزم و وتەبێژەکانیان لە ناوخۆی وڵاتدا سەربکەوێت.

دەوڵەت باخچەلی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشكرد، لە پڕۆسەی داهاتوودا، زۆر گرنگ دەبێت کە هەنگاوی تر بنرێن کە لە راپۆرتی هاوبەشی لیژنەی نیشتمانی بۆ پێکەوەژیان، برایەتی و دیموکراسیدا تیشکیان خراوەتە سەر، ئەمەش بۆ ئەنجامدانی رێکخستنە یاسایی و کارگێڕییە پێویستەکان و جێبەجێکردنیان لە رێگەی هاوکاری و هەماهەنگی کاریگەرەوە.
دەشڵێت، دەبێت ئەو دەرفەت و مەرجانە بڕەخسێندرێن کە رێگە بە عەبدوڵا ئۆجەلان بدات، کە رۆڵێکی سەرەکی بینی لە بڕیاری پارتی کەکرێکارانی کوردستان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی و دانانی چەک، لەگەڵ داواکارییەکەی بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک وەک رێبەری دامەزرێنەری پارتەکە، تاکو لە قۆناغی داهاتوودا بەردەوام بێت لە بەشداریپێکردنی لەم پڕۆسەیەدا، تورکیا بە وردییەوە هەڵسەنگاندن بۆ هەموو هەوڵە پیسەکان دەکات کە ئامانجیان تێکدانی ئەم پڕۆسەیەیە و رێکاری پێویست دەگرێتە بەر بۆ روبەڕوبوونەوەیان.
وتەکانی باخچەلی وەک وەڵامدانەوەیە بۆ موراد قەرەیلان ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە): کە دوێنێ ڕایگەیاند، یاسای چوارچێوە کە لە پەرلەمانی تورکیا دەرچوو، هەنگاوێکی نوێ و بەنرخە لە مێژووی کۆماردا، چونکە کۆمار پێشتر دانی بە ئیرادەی کورددا نەناوە و ویستوویەتی لەناوی ببات.
وتیشی، ئەم یاسایە کەموکوڕی و هەڵەی یاسایی زۆری تێدایە، پێگەی ئەندازیاری پرۆسەکە (ڕێبەر ئاپۆ)، وشەی کورد و پرسی دیموکراسی فەرامۆش کردووە، لەجیاتی چارەسەری ڕیشەیی بۆ پرسێکی سەد ساڵە، تەنیا بە چەکدانانی گەریلاوە بەستراوەتەوە.
"پرۆسەکە دەبێت بە تەواوی لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە بەڕێوە بچێت و ئازادیی جەستەیی بەدی بێت، چونکە بەبێ ئەو ئاشتی دروست نابێت، تەڤگەری ئازادی (پهكهكه لهدوای خۆههڵوهشاندنهوه ئێستا بهم ناوهوه كاردهكات) ئامادەیی نیشان داوە شەڕ و تێکۆشانی چەکداری بباتە گۆڕەپانی سیاسەت و یاسا، بەو مەرجەی ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵی خۆی وەربگرێت و قەناعەت بە هاوڕێیانی بکات". قەرەیلان وای وت.

قەرەیلان وتی، شەڕی 33 ساڵەی ڕابردوو نەبوونی چارەسەر بوو بەرامبەر سیاسەتی لەناوبردن، ئێستا کاتی ئەوەیە لە سێدارەدانەوە بپەڕینەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، ئامانجی سەرەکی تەڤگەر ڕێککەوتن و بەشداریکردنە لە کۆماری دیموکراتیکدا، پێویستە دەوڵەتی تورک دەست لە تۆمەتی تیرۆر هەڵبگرێت و بنەمای دادپەروەری ڕەچاو بکات، هەرچەندە یاسای چوارچێوە لەسەر ڕەنجی ڕێبەرێتی و خوێنی شەهیدان هاتووەتە ئاراوە، بەڵام دەبێت کەموکوڕییەکانی چاک بکرێن تا ئاشتییەکی هەمیشەیی بێتە دی، کە سودی بۆ تەواوی گەلانی تورکیا دەبێت.
-
لەنێوان هێڵی گەرمی نێوەندگیری و ئاگری درۆنەکاندا؛ هەولێر لە ناوەڕاستی هاوکێشە ئاڵۆزەکەی واشنتن و تاراندایە
|
-
باخچەلی لەبارەی ئۆجەلان وەڵامی قەرەیلان دەداتەوە
|
-
لە دەسەڵاتی سەربەخۆوە بۆ کارکردن لە ناو دەوڵەتدا؛ گۆڕینی چەمکی ئیدارەی خۆسەر و هەسەدە بۆ پارتێکی سیاسیی نیشتمانی
|
-
چۆن نێچیرڤان بارزانی بووە کەناڵی نهێنیی کۆشکی سپی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سوپای پاسداران؟
|
-
لە سیدنایاوە بۆ زیندانی شەرع، چۆن کورد و دروز و عەلەویەکان دەکوژرێن و نیوە مردوو دەکرێن؟
|
-
لە سێدارەوە بۆ گفتوگۆ؛ پرۆسەی ئاشتی لەنێوان هەنگاوەکانی دەوڵەت و مەرجەکانی کورددا
|
-
نەخشەی جبەخانەی گرووپەکان لە بەسرەوە تا نەینەوا؛ چەک ڕادەست دەکرێت یان دابەش دەکرێتەوە؟"
|
-
گرێكوێرهی لایهنهكان دهكاتهوه؟نوێترین زانیاریی لەبارەی پێکهێنانی ئهنجومهنی باڵای سیاسی كوردستان
|
-
٤٢ ساڵ دوای یەکەم گوللە؛ کورد و تورکیا لە ڕێگەی ئاشتی و ئازادکردنی زیندانییان نزیک دەبنەوە؟
|
|
|
|