1     کاتژمێر پێش ئێستا 50 جار خوێنراوەتەوە

لەنێوان هێڵی گەرمی نێوەندگیری و ئاگری درۆنەکاندا؛ هەولێر لە ناوەڕاستی هاوکێشە ئاڵۆزەکەی واشنتن و تاراندایە

لە کاتێکدا ئیدارەی ترەمپ بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی دانوستانەکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی وەک نێوەندگیرێکی باوەڕپێکراو ئەرکدار کردبوو تا پەیامەکانی واشنتن بگەیەنێتە فەرماندەیی سوپای پاسداران، سنوورەکانی هەرێم تووشی پەرەسەندنێکی مەترسیداری سەربازی بوونەوە؛ بە جۆرێک هاوكات لەگەڵ ئاشکرابوونی هێڵی پەیوەندییە نهێنییەکان و شکستی پلانە هەواڵگرییەکانی پێشووی مۆساد، بارەگاکانی سەرکردایەتیی هەرێم لە پیرمام ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی بوونەوە و ئەمریکاش بژاردەی نوێی ئەمنی لە عەممان داڕشتەوە.

دوێنێ پێگەی "ئاکسیۆس"ی ئەمریکی ئاشکرای کرد، لە ئایاری ڕابردوودا، توڵسی گابارد بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا بە ڕەزامەندیی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ و جەی دی ڤانس، پەیوەندیی بە نێچیرڤان بارزانییەوە کردووە تا لەگەڵ سوپای پاسداران نێوەندگیری بکات. ئەم هەنگاوەی کۆشکی سپی دوای ئەوە هات کە واشنتن لە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی و دیارنەمانی تەندروستیی موجتەبا خامنەیی، گومانی لە دەسەڵاتی نوێنەرە مەدەنییەکانی تاران هەیبوو و دڵنیابوو کە بڕیاری کۆتایی لە دەستی سوپای پاسداراندایە. لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکی هەرێم لە ١٤ی ئایاردا ڕاستەوخۆ بە مۆبایلێکی کۆدکراوەوە لەگەڵ جەنەڕاڵ ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی سوپای پاسداران قسەی کردووە و بەرپرسانی ئەمریکاش پێشنیازیان کرد هەولێر بێتە میوانداریی کۆبوونەوەی نهێنیی هەردوولا، بەڵام تاران بەهۆی ترسی لە ئیسرائیل داواکەی ڕەتکردەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هەواڵی کۆبوونەوەی نهێنی ئێران و ئەمریکا لە هەولێر درۆیەکی بێ بنەمایە و ساختەیە.

دوێنێ ماڵپەڕی ئاکسیۆس لە راپۆرتێکدا باسی لە نێوەندگیری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد لە مانگی پێنجی ئەمساڵ، بۆ ئەوەی ئەمریکا ڕای ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی سوپای پاسداران لەبارەی تیمی دانوستانەوە بزانێت

ماڵپەرەکە نەیوتووە ئێران و ئەمریکا لە هەولێر کۆبوونەتەوە، بەڵام باسی هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی کردووە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەک لە هەولێر لە نێوان ئەمریکا و ئێران بکرێت، بەڵام وەک ئاکسیۆس باسی کردووە ئێرانییەکان متمانەیان بەوە نەبووە ئیسرائیل بە ئامانجیان نەگرێت.

ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییە نهێنییەی هەولێر لە کاتێکدایە، ئاڵۆزییە سەربازییەکان لەسەر زەوی بە توندی تەقیونەتەوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ دژەتیرۆری کوردستان ئاشکرای کرد کە بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوی جۆری (حەدید-١١٠) لە سنووری ئێرانەوە هێرشکرایە سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام. مەسرور بارزانی هێرشەکەی بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی هەرێم ناوبرد، لە کاتێکدا پێشتریش ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک و بارەگاکانی مەسعود بارزانی کرابوونە ئامانج.

لە گەڵ ئەم ئاڵۆزییانە و بەنزیكبوونەوەی وادەی چەکدانانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە کۆتایی ئەیلولدا، هەفتەی پێشوو شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە لە عەممانی پایتەختی ئوردن بەشدارییان لە کۆبوونەوەیەکی سەربازیی هەستیاردا کرد. کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) و بە ئامادەبوونی فەرماندەی سەربازیی عێراق، ئوردن و سوریا بەڕێوەچوو، تاوەکو ئاسایشی سنوورەکان توندتر بپاریزرێت و ئاڵوگۆڕ لە فەرماندەیی هێزەکانی هاوپەیماناندا بکرێت.

شیکارییە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم کێشمەکێشە لە کاتێکدایە پێشتر پلانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی کارت و هێزە کوردییەکان لە جەنگی شوباتی ٢٠٢٦ دژ بە تاران شکستی هێنابوو. ئەو پلانەی پێشوو کە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنە هەڵەکانی مۆساد داڕێژرابوو، بەهۆی باڵادەستیی ئەمنیی تاران لە ناوخۆ، ڕەتکردنەوەی پڕۆژەکە لەلایەن سەرکردایەتیی کورد و ڕێگرییە توندەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پووچەڵ بووەوە، ئەوەش وایکرد واشنتن بگەڕێتەوە سەر ڕێگەی دیپلۆماسییە نەرمەکەی هەولێر، بەڵام هاوکات تاران لە ڕێگەی فشاری مووشەکی و درۆنییەوە پەیامی هۆشداریدان ئاراستەی سەرکردایەتیی هەرێم دەکات.

 

  • لەنێوان هێڵی گەرمی نێوەندگیری و ئاگری درۆنەکاندا؛ هەولێر لە ناوەڕاستی هاوکێشە ئاڵۆزەکەی واشنتن و تاراندایە

  • باخچەلی لەبارەی ئۆجەلان وەڵامی قەرەیلان دەداتەوە

  • لە دەسەڵاتی سەربەخۆوە بۆ کارکردن لە ناو دەوڵەتدا؛ گۆڕینی چەمکی ئیدارەی خۆسەر و هەسەدە بۆ پارتێکی سیاسیی نیشتمانی

  • چۆن نێچیرڤان بارزانی بووە کەناڵی نهێنیی کۆشکی سپی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سوپای پاسداران؟

  • لە سیدنایاوە بۆ زیندانی شەرع، چۆن کورد و دروز و عەلەویەکان دەکوژرێن و نیوە مردوو دەکرێن؟

  • لە سێدارەوە بۆ گفتوگۆ؛ پرۆسەی ئاشتی لەنێوان هەنگاوەکانی دەوڵەت و مەرجەکانی کورددا

  • نەخشەی جبەخانەی گرووپەکان لە بەسرەوە تا نەینەوا؛ چەک ڕادەست دەکرێت یان دابەش دەکرێتەوە؟"

  • گرێكوێره‌ی لایه‌نه‌كان ده‌كاته‌وه‌؟نوێترین زانیاریی لەبارەی پێکهێنانی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی كوردستان

  • ٤٢ ساڵ دوای یەکەم گوللە؛ کورد و تورکیا لە ڕێگەی ئاشتی و ئازادکردنی زیندانییان نزیک دەبنەوە؟

سەرەکی