1     کاتژمێر پێش ئێستا 28 جار خوێنراوەتەوە

چەک ڕادەستی وەزارەتی بەرگری ناکرێت؛ وردەکاریی ڕێککەوتنی نوێ لەسەر دۆسیەی چەکداماڵینی گرووپەکان

ڕۆژنامەی (عەرەبي جەديد)ی قەتەری لە زاری سەرچاوە عێراقییەکانەوە وردەکاریی نوێی لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان عەلی زەیدی، سەرۆک وه‌زیرانی عێراق، و سەرکردەکانی (چوارچێوەی هەماهەنگی) و لایەنە شیعییەکان ئاشکرا کرد، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، وادەی چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان بۆ ۳۰ـی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو درێژ دەکرێتەوە و ئەمەش هەڵوەشاندنەوەی ئەو وادەیە بوو کە پێشتر بڕیار بوو لە کۆتایی ئەم مانگەدا کۆتایی بێت.

سەردان و هەنگاوەکانی زەیدی بۆ ئەمریکا دوای ئەوە هات کە شەوی یەکشەممەی ڕابردوو ڕێککەوتنێکی لەگەڵ سەرکردەکانی شیعە ئەنجام دا بۆ دواخستنی دۆسیەی چەکداماڵینی گرووپەکان بۆ ساڵی 2027. بەپێی نەخشەی ڕێککەوتنەکە، لە ماوەی ئایندەدا بەڕێوەبەرییەکی نوێ لە ناو (حەشدی شەعبی) دروست دەکرێت کە تایبەت دەبێت بە دۆسیەی ڕادەستکردنی چەکی ئەو گرووپانە لە ژێر سەرپەرشتیی حکوومەتی عێراقدا.

سەرەتای کانونی دووەمی 2027 دەست بە جێبەجێکردنی ئەم پلانە دەکرێت، بە جۆرێک کە دەستەی حەشدی شەعبی چەک و تەقەمەنی و کەلوپەلی ئەو گرووپانە جەرد دەکات و شوێنی کۆگاكردن و میکانیزمی بەکارهێنانیان دیاری دەکات، لەبری ئەوەی ئەو چەکانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕادەستی وەزارەتی بەرگری یاخود وەزارەتی ناوخۆ بکرێن.

هەروەها نەخشەی ڕێککەوتنەکە پێدانی پارێزبەندی (حصانة) بە فەرماندە و ئەندامانی گرووپەکان لە هەر لێپێچینەوەیەک لەخۆ دەگرێت، مافی ئەوەیان پێدەدات بێنە ناو پرۆسەی سیاسی و خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کاندید بکەن، ئەمەش دوای ئەوەی بەڵێننامە پڕدەکەنەوە سەبارەت بەوەی ناگەڕێنەوە سەر هیچ چالاکییەکی سەربازی و چەکدارانە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت یاخود هەوڵی دروستکردنی هیچ گرووپێکی چەکداری نادەن.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، عەلی زەیدی بە شێوەیەکی ڕه‌ها دژی بنەمای قۆناغبەندی نەبووە، بەڵام تێبینیی هەبووە لەبارەی هەندێک لە بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی، و هۆشداریی ئەمریکای گەیاندووە بە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی ئەوەی پرۆسەی چەکداماڵین تەنیا بە شێوەیەکی شکڵی بمێنێتەوە. درێژکردنەوەی وادەی چەکداماڵینەکەش بژاردە نەبووە، بەڵکو پێویستی بووە بەهۆی ئەوەی کات نەماوە و مەترسی هەبووە لەبارەی پێکدادانی چەکداری لەنێوان ئەو گرووپانە و سوپای عێراقدا.

زەیدی بە سەرکردەکانی شیعەی وتووە کە ئەمریکا هەنگاوی کردەیی دەوێت لەم پرۆسەیەدا، نەک تەنیا ڕاگەیاندنی سیاسی لەبارەی ڕێکخستنی چەکەوە، پێشنیازی کردووە پەیوەندیی زیاتر لەگەڵ واشنتون بکرێت بەر لە چەسپاندنی ڕەشنووسی کۆتایی ڕێککەوتنەکە، تاوەکو لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ترەمپ لە نیویۆرک لەبارەی ئەم پرسە گفتوگۆ بكات و دواتر لەسەر ئاستی ناوخۆ بڕیاری کۆتایی بدرێت، ئەمەش بۆ ڕێگریکردن لە کاردانەوەی ئەمریکا کە ڕەنگە سەر بکێشێت بۆ سەپاندنی سزای دارایی و ئابووری بەسەر بەغدادا.

 

  • چەک ڕادەستی وەزارەتی بەرگری ناکرێت؛ وردەکاریی ڕێککەوتنی نوێ لەسەر دۆسیەی چەکداماڵینی گرووپەکان

  • کۆبوونەوەی سێ کاتژمێری واشنتون و تاران؛ ترەمپ پێشبینی ڕێککەوتن دەکات و ئێرانش مەرجەکانی ڕادەگەیەنێت

  • لە هەرێمی کوردستان؛ 843 هەزار ئاوارە و پەنابەر هەن و نیگەرانیی دیمۆگرافیش هەڵکشاوە

  • ڕەتکردنەوەی پڕۆژەی ڕووناکی لە پێنجوێن؛ هێزێک خێمەی سوتاند و دەیان خۆپیشاندەری دەستگیرکرد

  • دوای دابەزینی بۆ 1.5%؛ سوپای عێراق دەرگا بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان دەكاتەوە

  • لە نیویۆرکەوە بۆ بەغداد؛ عەلی زەیدی خشتەی کاتیی ڕادەستکردنی چەک بە دەوڵەت ئاشکرا دەکات

  • بۆ پشکنینی DNA و ناسینەوەی هۆکارەکان؛ دەستکرا بە هەڵدانەوەی گۆڕێکی تری بە کۆمەڵی قوربانیانی شنگال

  • خۆشەویستی و هاوڕێیەتی و خولیای ڕۆشنبیری؛ئەڵمانەکان خۆیان فێری کوردی دەکەن

  • وردەکاری یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان

سەرەکی