1     کاتژمێر پێش ئێستا 44 جار خوێنراوەتەوە

سێ هێڵی سوور؛ پەیامی سەرۆكی چین لە دڵی واشنتۆنەوە

سەرەڕای ئەو پێشوازییە شاهانەیەی لە كۆشكی سپی لێی كرا، شی جین بینگ سەرۆكی چین بۆ هاوتا ئەمریكیەكەی واتە دۆناڵد ترەمپی دووپات كردەوە، پەكین و واشنتۆن دوو هێزی گەورەن و بە ڕێگای ئاشتیانە ڕكابەری دەكەن.

هەرچەندە سەرۆكی ئەمریكا پەیوەندییەكانی لەگەڵ سەرۆكی چین بە هاوڕێیەتییەكی گەورە ناوبرد، بەڵام شی كۆبوونەوە و میواندارییەكەی قۆستەوە تا هێڵە سوورەكانی وڵاتەكەی بۆ ئەمریكا دیاری بكات، ئەوانیش ژیریی دەستكرد و تایوان و جەنگی ئێران بوو.

لە پشتەوەی دیمەنە ڕۆتینیەكان و ڕێوڕەسمە جوانەكاندا، وەك یاوەریكردنی سەرۆكی چین لەلایەن سەرۆكی ئەمریكاوە بۆ هێلیكۆپتەری سەرۆكایەتی ئەمریكا، گفتوگۆكان لەسەر ئاڵۆزییەكان تائێستاش دووری نێوان دوو گەورە زلهێزی ئابوری و دواتریش سەربازیی جیهان نیشان دەدەن.

پێش دەستپێكردنی گفتوگۆكان لەگەڵ ترەمپ لە كۆشكی سپی، شی لە وتەیەكدا ئێوارەی پێنجشەممە ڕایگەیاند پێویستە هەردوو وڵات گرەنتی ئەوە بكەن نەكەونە ململانێ یاخود بەرەنگاربوونەوەی یەكتر.

ترەمپیش چەند جارێك ترسی خۆی نیشاندا، كە ژیری دەستكرد ببێتە هەڕەشەیەك بۆ مرۆڤایەتی، بەڵام شی تۆنێكی قسەكردنی تاڕادەیەك پێوانەكراوتری بەكارهێنا، سەرۆكی چین وتی دەتوانین و توانای ئەوەمان هەیە گەشە بە ژیری دەستكرد بدەین و وا ئیدارەی بدەین كە لە خزمەت بەرژەوەندی گشتییدا بێت، گرەنتی ئەوەش بكەین هەموو كات لەژێر چاودێری مرۆڤدا بێت.

لەمیانی كۆبوونەوەی دواتریان، شی داوای لە ترەمپ كرد زیاتر وریا بێت سەبارەت بە سەربەخۆیی دوورگەی تایوان كە ئێستا حوكمی خۆبەڕێوەبەری هەیە و چین وەك بەشێك لە خاكەكەی تەماشای دەكات و بووەتە سەرچاوەی ئاڵۆزییش.

سەرۆكی چین داوای لە هاوتا ئەمریكیەكەی كرد، لە زووترین كاتدا لە ڕێگەی گفتوگۆوە كۆتایی بە ململانێ لەگەڵ ئێران بهێنێت، لەكاتێكدا وڵاتەكەی لەلایەن بەشێك لە میدیا و ناوەندە ئەمریكیەكانەوە بە هاوكاریكردنی هەواڵگریی ئێران تۆمەتبار دەكرێت.

لە سەردانەكەی سەرۆكی چین بۆ ئەمریكا، وتە و هەڵسوكەوتی ترەمپ دۆستانەتر دەركەوت، ئەمەش تیشك دەخاتەسەر هەوڵەكانی سەرۆكی ئەمریكا بۆ ڕاكێشانی هەست و سۆزی شی جین بینگ.

چاوەڕێی دەستكەوتی گەورە لە سەردانەكەی سەرۆكی چین بۆ ئەمریكا ناكرێت كە ڕۆژی هەینی كۆتایی دێت، هەردوو هێزە گەورە ئابوورییە ڕكابەرەكەی جیهان بەردەوام دەبن لە كێبڕكێكانیان.

ڕۆژی چوارشەممە ترەمپ پێشوازی لە سەرۆكی چین كرد لە بنكەی ئەندرۆن لە نزیك واشنتۆن، ئەمەش دوای زیاتر لە شەش دەیە یەكەمجارە سەرۆكێكی ئەمریكا بەشێوەیەكی كەسیی بچێتە فڕۆكەخانە و پێشوازی لە سەرۆكێك بكات.

ڕێوڕەسمی پێشوازییەكە زیاتر ڕەسمی بوو، لە باخچەكەی باشوری كۆشكی سپی ڕوویدا، نمایشێكی سەربازییش پێشكەشكرا، فڕۆكە سەربازییەكانی ئەمریكا لەوانەش فڕۆكەی بی توو لەو جۆرەی بۆردومانی وێستگە ئەتۆمیەكانی ئێرانی كرد لەنێو ئەو فرۆكانەدا بوون، لە بەشی ڕۆژئاوای كۆشكی سپیش ئاڵای ئەمریكا و چین هەڵكرابوون.

  • لە فڕۆكەخانەكانی هەولێر و جەلال تاڵەبانی گەشتەكان لەگەڵ ئێران ڕاگیران

  • سێ هێڵی سوور؛ پەیامی سەرۆكی چین لە دڵی واشنتۆنەوە

  • عەلی زەیدی لە ئەمریكاوە: عێراق قۆناغێكی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت

  • ئێران پلانێكی حەوت رۆژی داوە بە ئەمریکا بۆ جێبەجێكردنی مەرجەكانی

  • كۆبوونەوەی وەفدی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق پێنج كاتژمێری خایاند

  • ڕۆیتەرز: ئەمریكا و ئێران تاوتوێی ڕێككەوتنێكی پلەبەندی دەكەن

  • دەقی وتەكانی؛ نەتەنیاهۆ لە نەتەوەیەكگرتووەكان سوپرایزەکەی كرد

  • لە ساڵیادی ڕیفراندۆمدا؛ چۆن بڕیارێکی بێپلان پێگەی هەرێمی لە عێراقدا لاواز کرد؟

  • له‌ کاتێکدا پزیشکیان بانگەشەی قوربانیبوونی تیرۆر دەکات؛ درۆنەکانی ئێران ماڵێکیان لە سۆران کردە ئامانج

سەرەکی