12   کاتژمێر پێش ئێستا 122 جار خوێنراوەتەوە

ناڕەزایەتیەکانی ئەوروپا لە چییەوە و بۆچی سەریانهەڵدا؟

ژمارەیەك لە حكومەتەكانی ئەوروپا ڕوبەڕووی فشارێكی زۆر بوونەتەوە بۆ كۆتایی هێنان بە توڕەیی دانیشتوانەكەیان، لەوانەش فەڕەنسا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا،پرتوگال و ئەلبانیا، بەشێك لەو ناڕەزایەتیانە لەلایەن خوێندكاران و گەنجانی توڕەوە ئەنجام دەدرێت كە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەكان و كێشەی نیشتەجێبوون و دابەزینی ئاستی خوێندن و نەبوونی سەرچاوەی بژێوییە.

لە دەوڵەتێك بۆ دەوڵەتێكی تر هۆكاری خۆپیشاندانەكان دەگۆڕێت، بەڵام هۆكاری هاوبەش زیادبوونی فشارە لەسەر گەنجان و خێزانەكان، ئەوان داوای ڕێوشوێنی پێویست دەكەن بۆ باشتركردنی ئاستی بژێوی و خزمەتگوزارییە گشتییەكان،دامركاندنەوەی ئەو توڕەییەش پەیوەستە بە توانای حكومەتەكان لە گۆڕینی بەڵێنەكان بۆ چارەسەری داخوازی ناڕازییەكان.

سەرەتای خۆپیشاندانەكان لە فەڕەنساوە لەلایەن خوێندكارانەوە سەریهەڵدا، كە بەشێكیان خوێندكاری دواناوەندی بوون و لەگەڵ پۆلیس پێكدا هەڵپژان، ئەوان بێزاربوون لە زۆریی سەعاتەكانی خوێندن و كەمیی مامۆستا، لەگەڵ كەموكوڕی پۆلەكانی خوێندن و سیستمی وەرگرتنی زانكۆیی.بەشێك لە خوێندكارانیش هۆكاری ناڕەزایەتیەكەیان بەرزبوونەوەی تێچووی ژیانكردنە، داوا دەكەن نرخەكان دابەزێنرێن، بەشێكی تری خۆپیشاندەرانیش كە تێكەڵ بە خوێندكاران بوون داواكاری تریان هەیە، لەوانەش هەندێكیان داوا دەكەن مووچەی خانەنشینی زیاد بكرێت.

لە ئیسپانیا و پرتوگال دۆخەكە شتێكی ترە، زۆربەی خۆپیشاندەران بەهۆی قەیرانی نیشتەجێبوونەوە ڕژاونەتە سەر شەقامەكان، ئەوەی بەنزینی كرد بە ئاگری ناڕەزایەتییەكاندا دەركردنی ژنێكی تەمەن 87 ساڵ بوو لە ماڵەكەی بەهۆی زیادكردنی كرێكەیەوە لەلایەن سندوقی وەبەرهێنانی وڵاتەكەوە، بەشێوەیەك نرخی كرێكەی 230% بەرزكرایەوە، ئەو ژنە دوای دوو هەفتە لە دەركردنی لە ماڵەكەی و لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

ڕووداوی گیانلەدەستدانی ماریكارمن ئیباسكاڵی 87 ساڵ ئەوەندەی تر توڕەیی لێكەوتەوە، خۆپیشاندەران داوای كەمكردنەوەی كرێ و ڕاگرتنی پڕۆسەی بەزۆر چۆڵكردنی ماڵەكانیان دەكرد بۆ ئەو كەسانەی كرێیان نەداوە یان دواخستووە، لەگەڵ قەدەغەكردنی كڕین و فرۆشتنی یەكەی نیشتەجێبوون لەلایەن سندوقەكانی وەبەرهێنانەوە.

لە پرتوگالی دراوسێی ئیسپانیا،ڕۆژی شەممەی ڕابردوو سەرەتای خۆپیشاندانەكان بە كۆبوونەوەی سەدان كەس لە لشبۆنە دەستیپێكرد، ئەوانیش وەكو ئیسپانیەكان داوای كەمكردنەوەی كرێی نیشتەجێبوون و چارەسەری بەرزبوونەوەی نرخەكانیان دەكرد.

بەپێی ئامارێك لە پرتوگال لەنێوان ساڵانی 2015 بۆ 2024، كرێی نیشتەجێبوون بە رێژەی 124% بەرزبووەتەوە، ئەم خێراییەش دوو هێندە زیاترە لە زیادبوونی نرخی نیشتەجێبوون لە وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا.

لە ئیتاڵیا و بەلجیكا و ئەلبانیاش خۆپیشاندەران ناڕازین لە بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی ژیان، بەوهۆیەشەوە لە میلانۆ و چەند شارێكی تری ئیتاڵیا و تیرانای پایتەختی ئەلبانیا پێكدادانی توند لەگەڵ پۆلیس ڕوویدا.

سەرەتای خۆپیشاندانەكانی ئەوروپا هەموویان ئاشتیخوازانە بوون، بەڵام لە پڕێكدا گۆڕدران بۆ توندوتیژی و تاڵانكاری، بە وتەی پۆلیسی هەریەك لە فەڕەنسا و ئیتاڵیا، گەنجانی دەمامكدار كە بەشێكی زۆریان بەرگی ڕەشیان پۆشیوە، دەستیان كردووە بە ئاگرتێپەردان و تاڵانكردنی كۆگا و بازاڕ و شوێنە گشتییەكان، پۆلیسیش بە گازی فرمێسكڕێژ و گوللەی پلاستیكی و ئاو ڕوبەڕوویان دەبێتەوە.

بەڵام لە ئەلبانیا خۆپیشاندان تەنها بۆ بەرزبوونەوەی تێچووی ژیانكردن نییە، بەڵكو بۆ دژایەتی گەندەڵی و هەلیكارە، جگە لەوەی دروشم دژی ئیدی ڕاما سەرۆكوەزیران دەوترێتەوە.

لە بنەڕەتدا ئەوەی ئەلبانیەكانی توڕەكردووە، پرۆژەی گەشەپێدانی كەناراوەكانی ئەو وڵاتەیە بە پشتیوانی دارایی جارید كۆشنەری زاوای دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، كە هەر ئەوكات ناڕەزایی توندی ئەلبانیەكانی لێكەوتەوە، كەچی ئێستا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەریەك لە فەڕەنسا و وڵاتانی تری ئەوروپا تۆمەتبار دەكات بەوەی بەهۆی سیاسەتی هەڵەی كۆچبەری و بوونی موسوڵمانێكی زۆر تێیاندا دۆخەكەیان بەم ڕۆژە گەیشتووە، هەر سەرۆكی ئەمریكا نییە ئەم خۆپیشاندانانەی قۆستووەتەوە بۆ ڕەخنەگرتن لە وڵاتانی ئەوروپا، عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت ئەو دۆخەی ڕوبەڕووی ئەوروپا بووەتەوە دەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەی خۆیانە.

هۆكاری ناڕەزایەتییەكان و ڕەخنەكان هەرچییەك بن، هێشتا خۆپیشاندانەكان بەردەوامن، لە فەڕەنسا هەرچەندە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی ئەو وڵاتە بەڵێنی چارەسەری كێشەكانی دا، لە هەمانكاتدا هەڕەشەی لەوانەش كرد كە هێرش دەكەنەسەر شوێنە گشتیەكان و تاڵانی دەكەن، حكومەتی فەڕەنساش بڕیاریدا بۆ دامركاندنەوەی ناڕەزایەتیەكان خوێندكاران لە بڕیاردان بەشدارییان پێبكرێت، مامۆستاش بۆ پڕكردنەوەی كەموكوڕیەكان دابمەزرێنرێت، جگە لەوەی حكومەت پەشیمان بوەوە لە زیادكردنی تێچووی تۆماركردن لە زانكۆكان.

یەكێكی تر لە هۆكارەكانی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیەكان، ڕەگەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای مانگی ئەیلول كاتێك نرخی بەنزین بەرزبوەوە، ئەمەش وایكرد كۆشكی ئیلیزیە پشتیوانی بۆ بەنزین لە كەرتی پیشەسازی زیاتر بكات.

لە ئیسپانیاش پێدرۆ سانچێز سەرۆكی ئەو وڵاتە، هەوڵدەدات بەپەلە یاسایەك لەبارەی كێشەی نیشتەجێبوون تێپەڕێنێت، تا ناڕەزایەتی خەڵك كەم بكاتەوە.

  • چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیار لەسەر چەک و یاساکان دەدات؛ لیژنەی دارایییش دژی قەرزکردن دەوەستێتەوە

  • گرژییە سنوورییەکان؛ تاران و بەغداد لەسەر دۆسیەی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵات ڕێککەوتن

  • هەرێمی کوردستان؛ قەوارەیەک لەنێوان قوربانیدانی مێژوویی و مەترسیی لەدەستدانی شەرعییەتدا

  • نەخشە نوێیەکەی نەتەنیاهۆ؛ خوێندنەوەیەکی ستراتیژی بۆ هاوپەیمانییەکان و داهاتووی ناوچەکە

  • ناڕەزایەتیەکانی ئەوروپا لە چییەوە و بۆچی سەریانهەڵدا؟

  • ترەمپ: لەبارەی ئێران و ئۆکرانیا لەگەڵ ڕووسیا کۆدەبینەوە

  • جەنگی ژمارەکان لە بودجەدا؛ بەغدا و هەولێر لەسەر پشکی هەرێم و مووچە وەڵامی یەکتر دەدەنەوە

  • دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری دارایی؛ مەسرور بارزانی بڕیارەکەی ڕەتکردەوە و ئاوات شێخ جەناب لەسەر هەڵوێستەکەی بەردەوامە

  • جیهان بەرەو پشێوییەکی گەورە دەڕوات؛ کۆتایی ئەم هەموو شەڕ و ئاژاوەیە چی دەبێت؟

سەرەکی