بازدان بۆ ناوەڕۆک
  • هەولێر: 12°C (هەوری)
  • سلێمانی: 5°C (کەمێک هەوری)
  • دهۆک: 14°C (باران)
  • هەڵەبجە: 9°C (کەمێک هەوری)
  • کەرکووک: 11°C (هەوری)
  • زاخۆ: 12°C (باران)
  • گەرمیان: 11°C (کەمێک هەوری)
AD • ڕیکلام بۆ ڕیکلام پەیوەندی بکە
ڕاپۆرتی سەرەکی ڕاپۆرتە هەواڵ

لە پەکخستنی پەرلەمانەوە بۆ کۆبوونەوەی بەپەلەی سلێمانی؛ پارتی و یەکێتی چۆن لەبەردەم بڕیارەکانی بەغدا یەکیانگرتەوە؟

دوای بڕیارەکانی بەغدا سەبارەت بە نەوت و دەروازە سنوورییەکان، وەفدی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوە و بڕیاریان دا ڕۆژی سێشەممە بە یەکهەڵوێستی بەشداریی کۆبوونەوەی بەغدا بکەن.

ئیرادە میدیا (فەرمی)

2 خولەک خوێندنەوە

لە پەکخستنی پەرلەمانەوە بۆ کۆبوونەوەی بەپەلەی سلێمانی؛ پارتی و یەکێتی چۆن لەبەردەم بڕیارەکانی بەغدا یەکیانگرتەوە؟

پوختەی گرنگترین خاڵەکان:

  • لە پەکخستنی پەرلەمانەوە بۆ کۆبوونەوەی بەپەلەی سلێمانی
  • پارتی و یەکێتی چۆن لەبەردەم بڕیارەکانی بەغدا یەکیانگرتەوە؟
  • دوای بڕیارەکانی بەغدا سەبارەت بە نەوت و دەروازە سنوورییەکان
  • وەفدی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوە
  • بڕیاریان دا ڕۆژی سێشەممە بە یەکهەڵوێستی بەشداریی کۆبوونەوەی بەغدا بکەن
  • پشتپەردەی کۆبوونەوە بەپەلەکە؛ مەترسیی سەر داهات و سنوورەکان

دوای بڕیارەکانی بەغدا سەبارەت بە نەوت و دەروازە سنوورییەکان، وەفدی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوە و بڕیاریان دا ڕۆژی سێشەممە بە یەکهەڵوێستی بەشداریی کۆبوونەوەی بەغدا بکەن.

رۆژی شەممە، ٢٨ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی، کۆبوونەوەی باڵای نێوان هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی بەڕێوەچوو. بەپێی ڕاگەیەندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەکە، تەوەری سەرەکی تایبەت بووە بە پێشهاتە نوێیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و دامەزراوە فیدراڵییەکان و یەکخستنی هەڵوێستەکان بەرامبەر پرسە هەنووکەییەکان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: «هەردوولا کۆک بوون لەسەر گرتنەبەری دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، و بە یەکهەڵوێستی بەشداری لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە (٢٠٢٦/١٢/١) لە بەغدا دەکەن، بۆ داکۆکیکردن لە چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم».

«پشتپەردەی کۆبوونەوە بەپەلەکە؛ مەترسیی سەر داهات و سنوورەکان»

سەردانی بەپەلەی هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، دوای بڕیارە نوێیەکانی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دێت، کە تایبەتن بە کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە.

چاودێرانی دۆخی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن، لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵی ڕابردوودا و سەرەڕای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان ڕێگر بووە لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت. لەو ماوەیەدا هیچ یەکێک لە قەیرانەکانی پەیوەست بە ژیان و بژێویی هاوڵاتییان نەیتوانی ئەو دوو هێزە لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆبکاتەوە، بەڵام دەستبردنی بەغدا بۆ سەرچاوە داراییەکان و داهاتی سنوور و نەوت، بەخێرایی هەردوو لایەنی ناچار بە کۆبوونەوە و یەکخستنی هەڵوێست کرد.

«سێ دەیە لە حوکمڕانیی هاوبەش و قەیرانی بەردەوام»

مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لە سێ دەیەی ڕابردوودا بە چەندین قۆناغی ئاڵۆزدا تێپەڕیوە؛ لە شەڕی ناوخۆوە بەرەو ڕێککەوتنی ستراتیژی و پێکهێنانی کابینەی یەکگرتوو لە ساڵی ٢٠٠٥. هەرچەندە لە ڕووکەشدا حکومەتێکی یەکگرتوو ڕاگەیەندرا، بەڵام دابەشکردنی پۆست و جومگەکان بە سیستەمی «پەنجا بە پەنجا»، درێژەی بە واقعی دوو ئیدارەیی دا و بووە هۆی کێشمەکێشی بەردەوامی سیاسی کە پەکخستنی پەرلەمانی لێکەوتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٣ـشەوە، بڕیاری هەناردەکردنی نەوت بە شێوەی سەربەخۆ، هەرێمی کوردستانی خستە ناو قۆناغێکی نوێی ململانێ لەگەڵ بەغدا. ئەم هەنگاوە بڕینی بودجە و مووچەی لە ساڵی ٢٠١٤ بەدوادا هات و دواجار لە ساڵی ٢٠٢٣ بە بڕیاری دادگای نێوبژیوانیی پاریس، هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیرا. بەدرێژایی ئەم ساڵانە و بەهۆی نەبوونی شەفافییەت لە دۆسیەی نەوت و داهاتی ناوخۆ و ڕێکنەکەوتن لەگەڵ بەغدا، قەیرانە دارایی و سیاسییەکان بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و هاوڵاتییانی هەرێم باجی قەیران لە دوای قەیرانیان داوە.

ئەم بابەتە بەسوودە؟ لەگەڵ هاوڕێکانت هاوبەشی بکە:

بابەتە پەیوەندیدارەکان

هەمووی لە ڕاپۆرتە هەواڵ
AD • ڕیکلام بۆ ڕیکلام پەیوەندی بکە